• پیلانگێڕی ئەسینا بە پەراوێزکردنی یاسا پێک هات

    12 كانونی یه‌كه‌م, 2023

    رێبەر ئاپۆ

    بۆ ئەوەی لەهەموو رەهەندەکانی ئەو رووداوە تێبگەین، کە سەبارەت بە کەسێتی منەو داواکاری گشتی بە (دەرکردن) گوزارشتی لێ کردووە، پێویستە بەشێوەیەکی راست ئاستی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کۆماری هێلینیدا دەستنیشان بکەین. ئەوەی تا ئێستا لە رەهەندە سیاسی و فەلسەفی و مێژووییەکانی پیلانگێڕیەکە، بەهێڵە گشتیەکانی باسم کردووە، مەرجێکە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی یاسایی- حقوقی بەشێوەیەکی راست ئەنجام بدەین. چونکە یاسا بۆخۆی رووداوێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی ئاستی سیاسی و مێژوویی و رەوشتی بنەڕەتی دەوڵەت یان کۆمەڵگایەک پێک دەهێنێت. (دەرکردن)یش ئەنجامی کارێکی دوژمنانەیە؛ لەدۆخێکی بەم جۆرەشدا پێویستە داواکاری گشتی بیسەلمێنێت کە من دوژمنی کۆماری هێلینیم. هەروەها پێویستە بیانووە یاسایی- حقوقیەکانی کرداری دەرکردن روون بکاتەوە کە قورسترین سزایەو تەنانەت سەلمێنراوە کە هەزار هێندەی سزای لە سێدارەدان قورسترە. چونکە ئەوە کارێک بوو کە خۆسووتاندنی سەدان کەس و کوشتن و گرتنیانی لێ کەوتەوە. هەربۆیە ئەگەر دادگا دادوەرانە بێت، ناکرێت ئەم راستیانە پشتگوێ بخات. دەتوانین زۆر بە ئاسانی ئەو تاوانبارییە شی بکەینەوە کە دەڵێ:” خراپکردنی بارودۆخی ئاشتیانەی نێوان دۆستان و هاوپەیمانان” کە لە راستیدا هیچ بنەمایەکی نییە. ئەوەی دەمەوێت لێرەدا باسی لێوە بکەم ئەوەی ەکە ئەو رووداوە لەبواری ناوەڕۆکەوە هیچ پەیوەندیەکی بەو شێوازەوە نییە کە داواکاری گشتی شی کردۆتەوە. پێویستیش ناکات کە بەشێوەیەکی رووکەشی بەڵگە بۆ قسەکانی خۆی بهێنێتەوە. چونکە گەوهەر دیاریکەرە و ئەویش ناوەڕۆکی زۆر جیاوازتری هەیە.

    لێرەدا دەمەوێت باس لە نموونەی ئیتالێا بکەم، بە بەراورد لەگەڵ چوونم بۆ ئەسینا چوونم بۆ ئیتاڵیا بەبێ هیچ پەیوەندی و هەوڵێکی پێشەکی بوو، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بوێری ئەوەی پیشان نەدا کە من (دەربکات)، چونکە بینی کە دەسەڵاتەکەشی رێگەی پێنادات. هەربۆیە ئەوەی دەوڵەتی ئیتاڵیا پێی هەڵسا، ئەوە بوو کە بۆ ماوەی دە رۆژ لە نەخۆشخانەیەک خستیانمە ژێر چاودێرییەوە، بەم شێوەیە لە بواری یاساکاندا وەڵامی دەست پێشخەریەکەیان دامەوە. دەوڵەتی هێلینیش کە گرێدراوی هەمان نۆرم و پێوانەی یاسایی و نیشتمانی ئەوروپایە، دەسەڵاتی ئەوەی نەبوو شتێکی لەوە زیاتر ئەنجام بدات. ئەوەی دەیتوانی لەئاستی هەرە بڵنددا بیکات گرتنی من بوو، چونکە گوایە بێ مۆڵەت چووبوومە وڵاتەکەیان. ئەو کاتە هیچ مانایەک بۆ ئەو هەڕەشانەی تورکیاش نەدەما کەگوایە تۆقێنەر بوون و بە هۆیەوە پەشۆکابوون. کەچی وێڕای ئەوەی دەستگریان نەکردم، بردیانم بۆ جێگەیەکی (زۆر پارێزراوتر) و بە (شەڕەفی) کۆماری هێلینی سوێندیان خوارد. زۆر شایەت و بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەو راستیە هەیە. لەکاتێکدا ئەمە راستی مەسەلەکەیە، بەڵام کاتێک داواکاری گشتی بەڵاشیدا تێپەڕ نابێ، وەک ئەوەی کە رووی نەدابێت، جێگەی بیرکردنەوە و تێڕامانە. ئامانجیش لەوە پەردەپۆش کردندی تاوانێکی دژە مرۆڤانەی قورس و گرانە، ئەمەش کارێکی زۆر روون و ئاشكرایە. ئەگەر یاسا بریتی بێت لە کۆی ئەو رێسا بنەڕەتیانەی کە دەوڵەت خۆی پێوە گرێ دەدات، ئەوا پێویستە لەسەر ئەوانەی لەسەر ناوی دەوڵەت کار دەکەن، پێوەی گرێدراو بن و ئەوانیش دەبەستێتەوە. بەڵام چەمکی (ئێمە دەتوانین هەموو شتێک بکەین لە پێناوی بەرژەوەندی باڵای دەوڵەتەکەماندا)، کە لە ئەسینا پەیڕەو کرا، دەست لەوە بەردە کە لە دەوڵەتێکی یاساسیی هاوچەرخدا بوونی هەبێت، ئەوە چەمکێکە کە لە نزمترین داب و نەریت و یاسا خێڵەکیەکانیشدا بوونی نییە. لەتەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەبینین کە هانا بردن بۆ رەشماڵی کۆچەرێک، دەست بەردە لە هانا بردن بۆ دەوڵەت، وا لەسەر خاوەن ماڵ پێویست دەکات کە تا دوا دڵۆپی خوێنی خۆی، میوانەکەی بپارێزێت، نەک دەریبکات، بە تایبەتی ئەگەر مەترسیەک هەبێت و بەدوایەوە بێت.

    بەڵام کۆماری هێلینی ئەندامی پەیمانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە، پەیوەندی پتەویشی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، هەروەها گەلێکی بەشرەفیشی هەیە. هەربۆیە لە ژێر رۆشنایی ئەم راستیانەدا بانگەشەیەکی بابەتی نییە کە دەوڵەت بەهۆی مندوە دووچاری مەترسی بووبێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دەیانتوانی بۆ چەند مانگێک بوون و نەبوونم لەو وڵاتە بشارنەوە و مۆڵەتێکم بدەنێ و هاوکاریم بکەن تا بچمە وڵاتی سێیەم یان بگەڕێمەوە نیشتمانەکەم، ئەگەر هیچ چارەیەکیشیان نەما دەیانتوانی بمگرن. ئەمەش بەو مانایە دێت کە (دەرکردن) ی پشت بەستوو بە هەڕەشەکان، هەڵسەنگاندنێکە رۆحی بەرپرسیارێتی تێدا نییەو هیچ پەیوەندیەکی بە یاسا و سیاسەت و ئاکارەوەنییە، دەمامکێکە بۆ چەواشەکردنی راستیەکان. لەسۆنگەی پاراستنی ئەو برایەتیەی کە لە نێوان گەلەکەنماندا هەیە پیویستیەکی زۆر بە شیکردنەوەی قووڵی ئەو هەلومەرجە خۆیی و بابەتیانە هەیە کە رووداوەکەی تێدا پێک هات. ئەوەی لێرەدا گرنگە لەجیاتی پاراسستنی خۆم، یان پاڵنان بە بەرپرسیارەکانی دەوڵەتی هێلینی بۆ دۆخێکی نالەبار، پێش هەر شتێک رەچاوکردنی پەرەسەندنی راستی دۆستایەتی نێوان هەردوو گەل گرنگ و بایەخدارە.



    کژار