• تاگەکان: ,

    قەیرانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ڕێگەچارەی شیمانەکراو

    21 كانونی دووه‌م, 2024

    رێبەر ئاپۆ

    تێزی سەرەکیی بەرگرینامەکەم لەو بارە‌وەیە کە سیستەمی شارستانییەتی ئەوروپا بەردە‌وامیی سیستەمی هەژموونگەرا نەریتییەکانە کە لەسەر بنەمای سەرمایەداریی دووچاری گۆڕان هاتووە. ئەو پێنج سەدەیەی دوایی سیستەمی شارستانییەتی ناوەندیی پێنجهەزار ساڵە کە ڕەگەکەی بۆ میزۆپۆتامیا دەگەڕێتە‌وە، لە لایەن هەندێ هێزی پێشەنگی پشتبەستوو بە ئەوروپا لەسەر بنەمای ستراتیژی ڕزگاری و هێرشکردنە‌وە بۆ سیستەمێکی جیهانیی نوێ وەرچەرخێنراوە. ئەو خەسڵەتە سەرەکییانەی بۆ سەرجەم سیستەمەکانی شارستانییەت لە ئارادان، بۆ مۆدێرنیتەی ئەوروپاش لە جێگه‌ی خۆیاندان. یەکەمیان؛ کێبڕکێ و هەژموونگەرایی، دووەمیان؛ ناوەند–کەنار، سێیەمیان؛ ماوەکانی قەیرانی بونیادیی و قەیرانی خولی. هەروەها وەک لە هەر سیستەمێکی شارستانیەتدا دەبینرێت، هەبوونی هێزە هەژموونگەراکان و هێزە یەکسانیخواز–دیموکراسیخوازەکان لە ناو مۆدێرنیتەی ئەوروپاشدا هەیە. تەوەرەی ململانێ و ناکۆکیی سەرەکی لە نێوان ئەو دوو هێزەدایە و بە درێژایی مێژ‌ووش ناکۆکیی لاوەکی لە ناو هەریەک لەم دوو هێزەدا هەبووە. هەروەها هێزە هەژموونگەراکان بە گشتی سەرکە‌وتنیان لەو ململانێیانەدا بە دەست هێناوە.

    بۆ یەکەمین جار لە شارستانییەتی ئەوروپا (مۆدێرنیتەی ئەوروپا)دا سەرمایەداریی بوو بە سیستەمێكی جیهانی. لەمیانەی ئاواکردنی قۆرغکاریی لەسەر بازرگانی و فینانس و پیشەسازیی، ڕێکخستنی شێوازی دەوڵەت–نەتەوە و پەرەپێدانی بەردە‌وامی ئیندوستریالیزمه‌وه‌ بەو هێزە گەیشتووە. بەڵام گۆڕانی بۆ شارستانییەکی ناوەندی لە سایەی جێگیربوونی لە خۆرهەڵاتی ناوین و بە پلەی دووەمیش داگیرکردنی چین، هیندستان، ئەمریکا و ئەفریقا و کردنیان بە پاشکۆی خۆی بەدی هاتووە. کۆڵەکە سێیینەکەی مۆدێرنیتەی ئەوروپا پشتیان پێ دەبەستێت، توانای چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان لە دەست داوە کە لە بنەڕەتدا هه‌ر خۆیان هۆکاری دەرکەوتنیانن.

     سەرمایەداریی کە کۆڵەکەی سەرەکی مۆدێرنیتەیە خۆی هۆکاری قەیرانە. هەروەها لەبەر ئە‌وەی یاسای بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج بە بنەما دەگرێت و پێداویستییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگه‌‌ و ژینگەش فەرامۆش دەکات، هیچ کاتێک لە قەیران ڕزگاری نابێت. چونکە بەرهەمهێنانی زێدەڕۆیانە و هەژاری، بەردە‌وام لە ناو یەکتردان. هەرچی دەسەڵاتە کە لە مۆدێرنیتەدا سەرلەنوێ بە سیفەتی دەوڵەت–نەتەوە شێوەی گرتووە، لەسەر حیسابی کۆمەڵگه‌ تا ئاستی فاشیزم هەڵدەکشێ و سیستەم بۆ ڕژێمێکی شەڕی ناوخۆ‌ و دەرەکیی بەردە‌وام دەگۆڕێت.

    تەنها لە ڕێگه‌ی دۆخی شەڕی بەردە‌وامە‌وە دەشێت درێژە بە دۆخی قەیرانی بەردە‌وام بدرێت. چونکە شۆڕشی پیشەسازی کە لە هەناوی مۆدێرنیتەی ئەوروپاوە پەرەی پێدراوە، لەمیانەی خۆراکپێدانی هەردوو کۆڵەکەی یەکەم و دووەمه‌وه‌ قەیرانەکە قووڵتر و چڕتر دەکاتە‌وە. ئەو سیستەمەی بە شێوەی سێ ئەسپسوارەکەی مەحشەر کار دەکات، ڕێگه‌ی لە پێش حوکمی “مرۆڤ گورگی مرۆڤە” کردە‌وە کە هۆبزی فەیلەسوف بۆ کاتی لەدایکبوونی ئاماژەی بۆ کردبوو؛ بەڵام لە قۆناغی هەرەسهێناندا لە دۆخی گورگی یەکتر دەرچوون، بەڵکو بوون بە گورگێک كه‌ جگە لە خواردنی بەچکەکانی خۆیان، هیچ چارەیەکی دیکەیان نەمابوو. دەشێت تەنها بەم جۆرە ڕاڤەی لەناوچوونی ژینگە و کۆمەڵگه‌ی ئەخلاقی و سیاسی بکرێت. ئەو قەیرانەی سەرمایەی فینانسی ڕۆژی ئەمڕۆمان، دۆخی دیار و ئاشکرای قەیرانی بونیادیی مۆدێرنیتەیە. هەرچی سەرچاوەگرتنیه‌تی لە ئەمریکا، جیهانگیربوونی خێرای لە هەموو ناوچەکان بە پلەی یەکەمیش لە یەکێتیی ئەوروپا؛ بەڵگەی سەلمێنەری تە‌واوبوونی وەرچەرخانی مۆدێرنیتەیە بۆ سیستەمێکی جیهانی.

    ئە‌وەی لە سیستەمی جیهانیدا لە ئارادایە، تەنها قەیرانی دارایی و فینانس نییە؛ بەڵکو گوزارشت لە شتگەلێکی زیاتر لە قەیرانی بونیادیی سەرمایەداریی دەکات؛ چونکە ئە‌وەی لە ئارادایە، قەیرانی شارستانییەتی پێنجهەزار ساڵەیه‌. هەرچی ڕەنگدانە‌وەیەتی لە بواری فینانسدا، هێمایەکە بۆ چۆنێتیی پێکهاتنی جیهانێکی گریمانەیی کە لە حەقیقەت و ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و ماناکەیان دابڕاوە. لە هیچ قۆناغێکی مێژ‌وودا سیستەمێکی تاڵان و دزی گریمانەیی هێندە زەبەلاح (بە بڕی 600 ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت) ئاوا نەکراوە. ئەم واقیعەش تەنها لە هەلومەرجەکانی زەبەلاحیی مێژ‌وویی و هەنووکەیی سیستەمی شارستانیەتدا پێکدێت؛ بەڵام ئە‌وەی لە قەیرانی ڕۆژی ئەمڕۆماندا تایبەتە، بونیادە سێ نهۆمییەکەیەتی؛ چونکە بە شێوەیەکی تێکەڵ و بونیادیی و بەرجەستە لە ناو شارستانییەتی ناوەندیی پێنجهەزار ساڵە، بە تایبەتییش شارستانییەتی سەرمایەداریی پێنجسەد ساڵه‌ لە دۆخی بەرجەستەی قەیرانی فینانسی هەنووکەییدا دەژی کە بە شێوەیەکی تێکەڵ و خولی لە ئارادایە.



    کژار