• کێشە خۆجێیی و هەرێمییەکان و ڕێگەچارەی نەتەوەی دیموکراتی

    3 ئازار, 2024

    رێبەر ئاپۆ

    لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا ڕژێمێکی دەوڵەت لە ئارادا نەبووە کە بە قەدەر دەوڵەت–نەتەوە کولتووری خۆجێیی و هەرێمەکان وێران بکات. دەوڵەت–نەتەوە تەنها وەک دژێکی دیموکراسی و دەوڵەتشار و سیستەمی ئیمپراتۆرییەت په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووە، بەڵکو سەرجەم تایبەتمەندییەکانی ناسنامەی خۆجێیی و هەرێمیی قەدەغە کرد، لەناوی بردن و هەوڵی دا لە کۆمەڵگه‌ی مێژوویی بیانسڕێتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنانەت ناوەندیگەراترین ئیمپراتۆریەتەکانیش بەردەوام ڕەچاوی یاسا خۆجێیی و هەرێمییەکانیان کردووە. شتگەلی خۆجێیی و هەرێمییان بە دەوڵەمەندیی داناوە و بایەخێکی تایبەتیان بە بێبەشنەکردنی کۆمەڵگه‌کان لەو دەوڵەمەندییە داوە. وەک دەزانرێت تەنانەت ناوەندیگەراترین سیستەم و قەوارەکانیش کاتێک دەسەڵاتەکەیان ڕەت نەکراوەتەوە، دژایەتیی ئۆتۆنۆمیی بەرفراوانی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی و هەرێمەکانیان نەکردووە. لەم واتایەدا تا سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، مێژووی شارستانییەت بە جۆرێک لە جۆرەکان دیرۆکێکە ناسنامە خۆجێیی و هەرێمییەکانی تێدا بە بنەما گیراوە. تەنانەت هەر شارستانییەت و ئیمپراتۆریەتێک لەمیانەی هێزی خۆجێیی و هەرێمەکانیه‌وه‌ دەستنیشان کراوە.

    سەرەڕای ئەوەی مێژوو بریتییە لە کۆی ئەو ناسنامانە، بەڵام دەوڵەت–نەتەوە نکۆڵییان لێ دەکات و هەوڵ دەدات خۆی وەک تاکە دەسەڵات و هۆمۆژین بونیاد بنێت؛ هەڵبەتە ئەمەش گرێدراوی سیستەمی قۆستنەوەیە کە خزمەتی دەکات. چونکە ئەو هێزانەی بەدوای بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج کەوتوون و بەردەوام بەگوێرەی مەیلی کەڵەکەکردنی سەرمایە ڕەفتار دەکەن، ئاگادارن کە چەندە ناسنامەی خۆجێیی و هەرێمی لەناو ببەن، بەو ڕادەیە خۆیان زامن دەکەن. دەوڵەت–نەتەوەی هۆمۆژین لەو بڕوایەدایە چەندە هێزی خۆجێیی و هەرێمی تێک بشکێنێت و کولتوورەکەیان لەناو ببات، نەتەوە بەهێز دەکات و یەکێتیی کولتووری نەتەوەیی به‌دی دێنێت؛ بەڵام ئەوەی دێتە ئاراوە، قۆرغکاریی چەوساندنەوە و هێزی دەستەیەکی ئۆلیگارشییە. سەرباری ئەوەی یەکێتیی کولتووری و یاسا وەک ئامرازی ڕەواکردنی ئەو قۆرغکارییەی هێز و قۆستنەوە ڕۆڵ دەبینن، بە یەکێکیش لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەوڵەت و نەتەوە دادەنرێن. لەوەش مەترسیدارتر، ئەو بانگەشەیەیه‌ کە هۆمۆژینیی لەم جۆرە بە مەرجێکی نموونەیی دیموکراسی دادەنێت. لە ڕاستیدا دەشێت وەک هەلومەرجی گشتیی کۆیلایەتی مانای پێ بدرێت. ئەگەر دیموکراسی خۆگوزارشتکردنی تایبەتمەندییە خۆجێیی و هەرێمییەکان و خۆبەڕێوەبردنیان نەبێت، ئەی چۆن پێناسە دەکرێت؟ ڕوون و ئاشکرایە کە دیموکراسی لەمیانەی بەبنەماگرتنی هەلومەرجەکانی نەتەوەی هۆمۆژینه‌وه‌ ئاوا ناکرێت؛ چونکە ئەگەر تایبەتمەندیی تاک و خۆجێیەتی و هەرێمی گوزارشت لە خۆی نەکات و بەرگریی لە بەرژەوەندییە کولتوورییەکانی نەکات، دیموکراسی فەراهەم نابێت. واتە نەتەوەپەرستی دەستی دەوڵەت چەندە نکۆڵیکردنی دیموکراتیزەکردنی خۆجێیی، هەرێمی و تاک بێت، نەتەوەی دیموکراتیش، بە پێچەوانەوە، بەو ڕادەیە دیموکراتیزەبوونی خۆجێیی، هەرێمی و تاکە.

    ناسنامە خۆجێیی و هەرێمییەکانی کولتووری خۆرهەڵاتی ناوین لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا بە شێوەیەکی بەهێز ناسنامە و ڕێسای خۆیان پاراستووە. لە سەرجەم سیستەمەکانی شارستانییەتدا ڕێز لە ناسنامە خۆجێیی و هەرێمییەکان گیراوە و جێگه‌ بە یاسا و ڕێساکانیان دراوە. لەناوبردنی کولتووری ناسنامەکان و نکۆڵی لێکردنیان تەنانەت لە لایەن سته‌مكارترین دەسەڵاتەکانیشەوە تا دوایی وەک سیاسەتێک پەیڕەو نەکراوە. بەڵکو کردەوە و پراکتیکی لەم جۆرە هێندە ئاستی لەناوبردنی تاکەکەس و بنەماڵەی تێ نه‌په‌ڕاندووە. لەمیانەی لەناوبردنی سیستەماتیکانەی ناسنامە و کولتووری خۆجێیی و هەرێمییه‌وه‌، جارێکی دیکە ماهییەتی فاشیستیانەی دەوڵەت–نەتەوە خۆی پیشاندەدات. لەناوبردنی ناسنامەی خۆجێیی و هەرێمی بە شێوەیەکی تێکەڵ لەگەڵ بەهێزبوونی دەوڵەت–نەتەوە لە مێژووی ئەو دوو سەدەیەی دوایی خۆرهەڵاتی ناویندا ئەو واقیعە ئاماژەبۆکراوە ئاشکرا دەکات. تەنها ئەو شەڕ و پێکدادانانەی لەپێناو ئاواکردنی دەوڵەت–نەتەوەی ئێراق به‌رپا كراون، بەڵگەی سەلمێنەری بێڕەحمی و قڕکەرانەی سیستەمن؛ بەڵام ئەگەر دەرفەت بە خۆجێیی و هەرێمەکان درابوایە بە شێوەیەکی دیموکراتییانە گوزارشت لە خۆیان بکەن، لەوانەیە دەوڵەمەندییەکی کولتووری ماددیی و مەعنەوی فەراهەم بوایە کە سویسراش تێ بپه‌ڕێنێت. ئەو شەڕەی تا ئێستاکەش ئێراق بە دەستیەوە دەناڵێنێت، لە بواری کاولکاریی، خراپەکاریی و بێچارەیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا تا دواڕادە وانەبەخش و فێرکەرە.

    فاکتەرەکانی مۆدێرنیتەی(تازەگەریی) دیموکراتی سیستەمێک بە بنەما دەگرن کە بایەخێکی زۆر بە تایبەتمەندییە خۆجێیی و هەرێمییەکان دەدات. چونکە فاکتەری کۆمەڵگه‌ی سیاسی و ئەخلاقی دیاردەیەکە لە خۆجێییدا دەژی. فاکتەری کۆمەڵگه‌ی دیموکراتیش زیاتر خۆجێیی و هەرێمییە. هەرچەندە پێگەیەکی نیشتیمانی و نێونەتەوەییشی هەبێت، بەڵام لەسەر بنەمای خۆبەهێزکردنە. هەرچی کۆمەڵگه‌ی ئیکۆلۆژییە فاکتەرێکە کە بەردەوام لە هەر کات و شوێنێکدا، لە شوێنە خۆجێییەکاندا مانابەخش دەبێت. کۆمەڵگه‌ی دیموکراتی لە سەرووی ئەو فاکتەرانەوە دێت کە لەسەر بنەمای یەکە و پێکهاتە خۆجێییەکان ئاوا دەبێت. تاکێکی دابڕاو لە خۆجێیی و هەرێمییش بەو ڕادەیەی لە بواری ناسنامەدا لاواز بێت، لە حەقیقەتیش بێبەشە. بە پێچەوانەوە، چەندە نوێنەرایەتیی کولتووری خۆجێیی و هەرێمی بکات، بەو ڕادەیە ئاستی بەهای حەقیقەتەکەی بەرزە. نەتەوەی دیموکراتی تەنها لەمیانەی گوزارشتکردنی ئازادانەی ناسنامە خۆجێیی، هەرێمی و تاکەکەسییەکانه‌وه‌ پێکدێت.

    ئەو نەتەوانەی خاوەن ناسنامەی کولتووریی جیاواز و فرەڕەنگن، بە ڕادەی گونجاوبوونیان بۆ دیموکراسی، بۆ دەوڵەمەندیی و ئاشتەواییش لەبارترن. ئەگەر لە کۆمەڵگه‌ی خۆرهەڵاتی ناویندا دەرفەتی خۆدەربڕینی دیموکراتییانە بە ناسنامە و کولتوورە خۆجێیی و هەرێمییەکان بدرێت، زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە بەشێکی زۆری کێشەکانی زۆر بە ئاسانی تێده‌په‌رێنرێن. سەرەڕای ئەوەی نەریتی مێژوویی بەردەوام جەخت لەسەر ئەم حەقیقەتە دەکاتەوە، بەڵام نەهامەتیی دەوڵەت–نەتەوە کەڕە و نابیسێت. تاوەکو بە چاویلكه‌ هۆمۆژینەکەیان تەماشای مێژوو بکەن، ئەو دەوڵەمەندییە وەک یەک ڕەنگ دەبینێت یاخود وەها پیشان دەدات، ئەنجامەکەشی نکۆڵیکردنی واقیعی کۆمەڵگه‌ و گەیشتنە بە فاشیزم.

    تازەگەریی دیموکراتی لە ئاستی تیۆریی و کرداردا ڕێگەچارە و چارەسەری هەمیشەیی بۆ ئەو کێشانەی کۆمەڵگه‌ی خۆرهەڵاتی ناوین دەخاته‌ ڕوو کە بە شێوەیەکی چڕ و تێکەڵ فاکتەرەکانی کولتووری خۆجێیی و هەرێمی تێیدا دەژین. بەو ڕادەیەی لەمیانەی ئازادیی ڕادەربڕینەوە واقیعەکەی خۆیان بکەن بە حەقیقەت، ئەوا وەک تاک و کۆمەڵگه‌ لە ناو هەلومەرجی ئاشتیدا، دەرفەتی گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و یەکسانیان زیاتر دەبێت.



    کژار