• تاگەکان: ,

    بەرخۆدانی زەردەشت: تێکۆشانی ئەخلاقی دژی شارستانیەت

    19 كانونی دووه‌م, 2024

    رێبەر ئاپۆ

    لە ناو ئایدیۆلۆژییەکانی دژ بەشارستانییەتدا، زەردەشتایەتی جێگه‌ و مانایەکی تایبەتی خۆی هەیە. ڕوخسارە ڕۆشن و بریقەدارەکەی زنجیرەچیای زاگرۆس و دەنگە شکۆدارەکەیەتی. لە ڕێگه‌ی بەرخودانی کۆمەڵگه‌ی ئەخلاقییەوە هەوڵیداوە وەڵامی هەژموونگەرایی ئایدیۆلۆژیی چەپەڵی سیستەمی شارستانییەت بداتەوە. بەرامبەر بە درۆ، بریتی بوو لە ڕاستی. سەرەڕای ئەوەی کولتووری سەرەکیی ناسنامەی ئێرانی (ئاریانی) بوو، بەڵام لە بەرامبەر کریستیانی و ئیسلامییەتدا خۆی نوێ نەکردەوە.

    بزووتنەوەی زەردەشتی کە دەرکەوتنەکەی بۆ ساڵانی 1000 پ.ز ده‌گه‌ڕێنرێتەوە، لە بزووتنەوەیەکی ڕەسەن زیاتر، ڕیفۆرمێک بوو. هەروەها دەشێ بوترێ کە ڕیفۆرمی لە نەریتی ئاهورامەزدادا کردووە کە لەو کۆنترە. ئاهورامەزدا کۆنترین باوەڕیی ئاریانییە و یەکێک لە خوداوەندە هاوبەشەکانی قەبیلە ئاریانەکانە. لەوانەیە پێویستیی ڕیفۆرم لە سیستەمی ئەو باوەڕییە بەرامبەر پەلامارەکانی ئاشوور سەریهەڵدابێت کە لە ساڵانی 1000 پ.ز دەستیان پێکردووە؛ چونکە قەڵەمبازێکی ئایدیۆلۆژی بەرامبەر هەژموونگەرایی ئایدیۆلۆژیی ئاشوور پێویست بوو. هەرچی هەڵکشان و پەرەسەندنێتی لەمیانەی کارەکتەرێکی ئەخلاقییەوە، پەیوەسته‌ بە ڕاستگۆیی و دروستییەوە. چونکە ژیانی ڕاست پرەنسیپێکی زەردەشتی بووە. کاتێک دۆخه‌كه‌ بەم شێوەیە بێت، ئەوا وەک زەرورەتێک پێویستە وەڵامی ئایدیۆلۆژییەکان ئەخلاقی بن. هەروەها تۆڕێکی ئایدیۆلۆژیی جیاوازی هەیە. چونکە پشت بە دوالیزمی ڕیشەیی لە جۆری ڕوناکی–تاریکی، چاکە–خراپە و ڕاست–چەوت دەبەستێت. لەم لایەنەوە، زایینێکی پێشوەختی دیالیکتیکی بە خۆوە دەبینێت. هەروەها مێژووش بە شێوەیەکی دیالیکتیکی تاوتوێی دەکات. کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەرسێ پەرتووکی پیرۆزیش هەیە. دەشێت لێبوردنی کۆرش سەبارەت بە یەهودییەکان (لە قۆناغی نەفیکردنیان بۆ بابل 596 540 پ.ز) و ناردنەوەیان بۆ زێدی خۆیان ئەم کاریگەرییەی زیاد کردبێت. بە بایەخەوە باسی کاریگەرییەکەیان لەسەر بودیزمیش دەکرێت. هەرچەندە باس لەوە بکرێت کە زەردەشت لە سەدەی شەشەمی پێش زایینی ژیاوە، بەڵام زیاتر وەک خەیاڵێکی هاوبەشی موغەکان (کاهینەکانی زاگرۆس) دێتە بەر چاو. دەشێت یەکێک لە ماغ (مووغ)ـە پێشەنگەکان بووبێت.

     لەگەڵ ئەوەی ناسنامەی ئەتنیکی زەردەشت کێشەیەکی گرنگ نییە، بەڵام گشت شیمانەکان ئاماژە بۆ بنەچە میدیاییەکەی دەکەن. لە زمانی کوردیدا وشەی ماغ (موغ) گوزارشت لە تۆپەڵەی ئەو پشکۆیانە دەکات کە لەناو ئاگرداندا کۆ بووه‌تەوە. وەک دەزانرێت، قەبیلە میدیاییەکان بەشی زۆری ژیانی وەرزی سەختی زستانی زاگرۆسیان لە دەوروبەری ئەو ئاگردان و ئۆجاخانە بەسەر دەبرد. بەهێزترین گفتوگۆ و وەعزەکانیشیان لە دەوروبەری ئەو ئاگردانانە بە ڕێوە دەچوون. هەر بۆیەش واعیزەکان بە ماغی ناو دەبرێن. پیرۆزیی ئاگر لە زەردەشتیدا زانراوە؛ چونکە لە سایەی ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەوە خێڵەکان زۆر باش ئاگادارن کە ژیان بەبێ ئاگر نابێت. بەگوێرەی بیڕوڕای بەربڵاو، کۆڕاییەک هەیە کە زه‌رده‌شت لە باکووری خۆرئاوای ئێرانی ئەمڕۆ، واتە لە وڵاتی میدیا ژیاوە. پرەنسیپی ڕوون و زەلالی سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە. هەروەها گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکی تەندروستی هاوسەرێتیی دەدات. چونکە لەجیاتیی هیرارکی ڕیشەدار، ڕایەڵەیەکی نزیک لە یەکسانی و ئازادیی نێوان هاوسەران لە ئارادابوو. وەک چۆن درۆکردن گەورەترین بێئەخلاقییە، ژیانێکی کۆمەڵایەتیی دوور لە پەیوەندییەکانی کۆیلایەتی گرنگ و بایەخدارە. کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش دوو چالاکیی ئابووری بەرچاو بوون. هەڵوێست و مامەڵەیەکی ئیکۆلۆژیانە بەرامبەر ئاژەڵان هەبوو، بۆیە تا ڕادەیەک دوورەپەرێزی لە گۆشتخواردن دەکرا. کاروباری کشتوکاڵیش هەمان بەهای پەرستن و سرووتی هەبوو.

    دەکرێ بگوترێت لە ڕێگه‌ی میدییەکانەوە کاریگەریی کردووه‌تە سەر کولتووری گریکییش. لە پەرتووکی مێژووی هیرۆدۆتدا وەک گەل میدییەکان گەورەترین پانتاییان گرتووه‌تەوە، بەڵام وەک گەل هێندە باسی پارسەکان ناکرێت. مەزندە دەکرێت کە کەسایەتیی میدیی لە بەرزترین ئاستدا کاریگەریی کردبێتە سەر گریکەکان. لەبەر ئەوەی کەسایەتی پەیوەندیی بەئەخلاقەوە هەیە، ئەوا کاریگەریی زەردەشتایەتی مایەی تێگەیشتنە. لێرەدا شیمانەکردنی ڕایەڵەی بوێری و ڕاستی لەگەڵ ئەم کولتوورەدا هێندە زەحمەت نییە. هەروەها بینینی ڕۆڵە مەزنەکەی ئەو کولتوورە لە پشت ئیمپراتۆرییەتی میدیا–پارسەوە هێندە زەحمەت نییە.

    سەرسامبوونی نیچە بە زەردەشت گرنگ و فێرکەرە. چونکە نیچە فەیلەسوفێکە کە بە ئاسانی داوەریی نەکردووە و حوکمی خۆی دەرنەبڕیوە. هەر بابەتێک لێپرسینەوەی لەبارەوە کردبێت، وه‌ك حیكمه‌ت و په‌ندی پێشینان وایه‌. خۆی وەک “شاگردی زەردەشت” پێناسە دەکات. بێتوانایی ئەم کولتوورە له‌ خۆنوێکردنەوەدا و ڕەنگدانەوە لاوازەکەی (لەوانەیە تۆزێک لای زەردەشتییەکان مابێت) لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا، خەسارەت و زیانێکە بەر مرۆڤایەتی کەوتووە. بە دڵنیاییەوە دەکرێ بگوترێت کە مۆنارشیی ئێرانی ناوەڕۆکی ئەم کولتوورەی خاڵی کردووەته‌وه‌. دەشێت خاوەنێتیی میدییەکان لەم کولتوورە کاریگەریی لەسەر ئەو هەڵوێستەیانەدا هەبووبێت. هەروەها کریستیانی و ئیسلامیش لە گەمارۆدانی ئەو کولتوورەدا ڕۆڵی خۆیان هەبووە. هەڵوێستێکی بەم جۆرەی هەردوو ئایینی هۆمۆژین و دۆگماتیک چاوەڕوانکراوە. چونکە وەک بەربەستێکی ئایدیۆلۆژیی جدیی لەپێشیان قیت دەبێتەوە. لەم سۆنگەیەوە، دەتوانین بڵێین لە ڕێگه‌ی ڕێکاری زۆر توند و دژوارەوە سەرکوت (بە تایبەت لە لایەن ئیسلامییەتەوە) کراون. شیمانە دەکرێت کوشندەترین گورزی لە لایەن داگیرکەریی ئیسلامییەوە بەرکەوتبێت. ئەو بەڵگانەی لە بەردەستدا ماون، تەڵەزم و پاشماوەیەکی کەمن. هێندە ڕاستییەکەی پیشان نادەن. بەهۆی هەڵومەرجی ناوچەو خەسڵەتەکەی، لەوانەیە یاخیبوون و بەرخودانەکانی کۆمۆنالیستە بەناوبانگەکانی وەک مەزدەک و بابەک دوایین نوێنەرانی زەردەشتیزم بووبن. هەردووکیشیان بە بەرخودانیان بەرامبەر مۆنارشییە ڕزیوەکەی ئێران–ساسانی و سوڵتانە عەباسییەکان (کە لەناو بەزم و ڕەزمی ڕابواردندا نقوم ببوون) بوونەتە ڕەمز و هێمای قارەمانێتی. هەر وەک ئاماژەشمان بۆ کرد، کاریگەرییەکی زۆریشیان لەسەر میتراییزم و مانیگەراییش هەبووە.

    دژەشارستانیگەرایی لەسەر بنەمای ئەخلاقی و بوون بە خاوەن کەسایەتی (مرۆڤی باڵای نیچە) لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بەها و پرەنسیپێکی ژیانی ژیاری دیموکراتییە. یەکێک لەو شادەمارانەی پێویستە ژیاری دیموکراتی لە ناو کولتووری خۆرهەڵاتی ناویندا خاوەنێتیی بکات و تێرخۆراکی بکات، نەریتی زەردەشت و زەردەشتایەتییە.

    پرسێکی سەرەکی دەرهەق بە زەردەشتایەتی، پەیوەندییەکەیەتی بە ئایینە ئیبراهیمییەکانەوە. تا چەند دەکرێ سەربەخۆ و بە تەنها بە قوتابخانە و ڕەوتێکی پێغەمبەرایەتی لە قەڵەم بدرێت؟ لە کام لایەنەوە دەتوانرێت بخرێتە سەر ئەڵقەکانی زنجیرەی پێغەمبەرە ئیبراهیمییەکانەوە؟ ئەو وەڵامەی بەم دوو پرسیارە بدرێتەوە، ئه‌مه‌یه‌: تا ڕادەیەکی مەزن زەردەشت لە ناو ئایینە ئیبراهیمییەکاندا قبوڵ و کۆپی کراوە. چونکە ڕۆڵ و کاریگەرییەکەی لەسەر ڕێکخستنی تەورات، لەم سۆنگەیەوە لەسەر ئینجیل و قورئانیش مسۆگەر و بەرفراوانە. مێژوونووسەکان باس لەوە دەکەن لە کاتی نەفیکردنیان و مانەوەیان لە بابلدا، یەهودییەکان زۆر بە فیکر و بیروباوەڕی زەردەشت کاریگەر بوون کە لەو سەردەمەدا ڕۆڵی هەژموونگەرایی ئایدیۆلۆژیی دەبینی. هەڵبەتە ئەم کاریگەرییە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەسەر ئەو نوسخانەی پەرتووکی پیرۆز دەبینرێت کە لەو مێژووە بەدواوە ئاماده‌ كراون و نووسراون. هەروەها یەهودییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە گۆڕەپانی حکومڕانیی پارس–ساسانییەکاندا چەندین ئەرکی گرنگیان ئەنجام داوە و بە سیفەتی بازرگانی، چالاکییان هەبووە. هەروەها لە ناو کوردەکانیشدا نفوزێکی شایستەی ئاماژەیان هەبوو. تا ئێستاش کوردە یەهودییەکان وەک کەمایەتییەکی گرنگ لە ئیسرائیل دەژین. هەر بۆیە کارلەیەککردنی دوولایەنە درێژخایه‌نە.

    کاتێک دەپرسین بۆچی شوێنپەنجەیەکی ئەوتۆی زەردەشت نەماوەتەوە؟ مسۆگەر پێویستە ئەو خاڵە ڕەچاو بکرێت. ڕاستتر دەبێت ئەگەر بڵێین زەردەشتایەتی لەناو نەچووە، بەڵکو لە لایەن هەرسێ ئایینی ئیبراهیمییه‌وه‌ هەرس کراوە و بەم جۆرەش، هێشتا دەژی. هەروەها ئاماده‌كه‌ران و ڕێکخەرانی پەرتووکی پیرۆز، حەزرەتی محەمەد و مووساشی لە ناویاندا، لە ئادەم و نوحەوە تا دەگاتە ئیدریس، تەنانەت سەرجەم پێغەمبەرەکانی بەر لە حەزرەتی ئیبراهیمیشیان خستە ناو چوارچێوەی ئایینی ئیبراهیمییەوە. بگرە ئەسکەندەری مەکه‌دۆنیشیان بە ناوی ئەسکەندەری زولقه‌رنەینه‌وه‌ خستە ناو لیستەوە. نموونەی لەم جۆرە زۆرن. کاتێک بەم جۆرە دەرک بە نەریتی ڕێکخستنی پەرتووکە پیرۆزەکان بکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەکرێ بوترێت زەردەشت بە سیفەتی پێغەمبەرێکی ئیبراهیمی بەردەوامی بە هەبوونی خۆی دەدات.



    کژار