• تاگەکان: ,

    پەردەی دوویەمی پیلانگێڕی

    25 ئایار, 2021

    ڕۆژەکانی ڕۆما و ڕۆڵی ئەڵمانیا

    ٦٦ ڕۆژی سەخت چاوەڕێی رێبەر ئاپۆی دەکرد کە ١٢ی تشرینی دووەم ی ١٩٩٨ لە مۆسکۆوە بەرەوە ڕۆما چووبوو. ڕەنگی قۆناغی ڕۆما ڕۆڵی ئەڵمانیای دیاری دەکرد.

    فڕۆکەیەکی ڕووسیا لە ١٢ی تشرینی دووەم ی ١٩٩٨ کاتژمێر ٢٢:٠٠ لە فڕۆکەخانەی Leonardo da Vinciی ڕۆما نیشتەوە. رێبەر ئاپۆ، دوای یونان جاری دووەم بوو کە دەچێتە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا. ئەو دۆخەش بۆ ئەوەی تێکۆشانی چەندین ساڵەی بە جیهانی ڕۆژئاوا ڕابگەیەنێت، دەرفەتێکی گەورە بوو، بەڵام هاوکاری دەوڵەتی تورک لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕەنگی ‘یەکەم بارەگای’ ناتۆ ئەو دەرفەتەی لەناو دەبرد.

    رێبەر ئاپۆ کە لە رێگەی پارتی کۆمۆنیست کە خۆی نوێکردبووەوە و بە هاوکاری دۆستانی کورد و دوو پەرلەمان گەیشتە ڕۆما، دوای ئەوەی لە فڕۆکەکە دابەزی، پاسپۆڕتەکەی لە گیرفانیدا دەرهێنا و پیشانی پۆلیسی ئیتاڵیادا و وتی:”من ئۆجالانم، دەمەوێت داوای مافی پەنابەری سیاسی لە وڵاتەکەتان بکەم.” لە جێگەی ئەوەی لێکۆلینەوە لە داواکاری مافی پەنابەری رێبەر ئاپۆ بکەن، دەستگیریان کرد، لەبەرئەوەی ئەڵمانیا چەند ساڵ پێشتر بڕیاری دەستگیرکردنی رێبەر ئاپۆی دابوو. دوای چەند کاتژمێرێک هەواڵەکە بە ئەڵمانیا ڕاگەیەنرا کە دەستگیرکراوە.

    هەمان شەو ١٣ی تشرینی دووەم ی ١٩٩٨، دادوەری هەرێمی کارلسروی فیدڕاڵ و یەکەی لێکۆلینەوەی ژمارە ٣ کە ئیشکگری شەو بوو، دۆسیەکەیان لەناو ڕەفەکاندا دەرهێنا کە لەمێژ بوو لەناو ڕەفەکاندا هەڵگیرابوو و دەستیان بە کاری گەڕاندنەوەی رێبەر ئاپۆ بۆ تورکیا کرد. گەشەدانەکانی وابەستەی ئەو جووڵەیە، بناغەیەکی گرنگی شێوەی پیلانگێڕیەکەیان ئاشکرا دەکرد. خاڵێکی تری سەرنجڕاکێشیش ئەوە بوو کە نەجاتی بلیجان بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی دەوڵەتی تورک لەوکاتەدا لە ئەڵمانیا بوو. بیلیجان کە لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەڵمانیاوە بانگهێشتکرابوو و لە Wiesbaden بوو و شاندێکی لەگەڵ بوو، لەگەڵ دەزگای هاوکاری دادی نێودەوڵەتی و دەزگای گەڕانی کەسی، کاری پەروەردەی هاوکاری هەبوو.

    ئەڵمانیا بە فەرمی بە تورکیای ڕاگەیاند

    لە هەمان رۆژدا کاتێک پەروەردە بەردەوام بوو بەرپرسێکی هەواڵگری ئاڵمانیا زانیاری دەستگیرکردنی رێبەر ئاپۆی بە بلیجان دا. بلیجانیش لە لێدوانێکی راگەیاندنی‌دا وەها باسی لە رووداوەکە کرد:

    “سەیری مانۆوری پرۆڤامان دەکرد. بەرپرسێکی ئەڵمانی هاتو و وتی:’لە ڕۆما دەستگیرکراوە و ئێستاش لە نەخۆشخانەیە، بەڵام نازانین کام نەخۆشخانەیە، هەوڵ دەدەین بزانین کام نەخۆشخانەیە’. منیش پرسیارم کرد و وتم:’ بریندارە یان نەخۆشیەکی هەیە؟’ ئەویش وڵامی دایەوە و وتی:’ لەو بارەیەوە هیچ زانیاریەکمان نییە. دوای دەستگیرکردن پێدەچێت بۆ پشکنین بۆ نەخۆشخانە برابێت. ئێمەش لێرەوە چاودێری دەکەین’.”

    رێبەر ئاپۆ هەمان ڕۆژ بەهۆی نەخۆشی دڵەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی Cello شارەکە گواسترایەوە، دواتر بەهۆی پاراستنی ئاسایشی، بۆ نەخۆشخانەی Palestrina کە ٤٠ کیلۆمەتر لە ڕۆما دوورە گواسترایەوە. ئەو ڕۆژانەی کە رێبەر ئاپۆ لە نەخۆشخانەدا بوو، پایتەختەکانی ئەوروپا دەستیان بە جموجووڵ کردبوو، ڕۆژنامەکان بە مانشێتی “لیدەری کورد (ئۆجالان) لە ڕۆمایە” هەواڵیان بڵاوکردەوە. لەو نێوەندەدا کوردستانیانی ئەوروپا ڕوویان لە ڕۆما کرد، هەر وەک چۆن یەکەم گروپ لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ لەبەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی کە رێبەر ئاپۆی تێدابوو دەستیان بە خۆپیشاندان کردبوو.

    یەکەم لێدوانی ڕۆما: ئارام بن

    رێبەر ئاپۆ ئەو ڕۆژە لە رێگەی MED TV قسەی کرد و وتی:

    “بە ئاگاداری حکومەتی ئیتاڵیا لە ئیتاڵیام. من لە هەستیاری گەلەکەمان تێدەگەم، بەڵام لە ئێستادا شیکردنەوەیەکی باش یان خراپ، ڕاست نابێت. بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن هێشتا زووە. بۆ ئەوەی بە ناسنامەی سیاسی خۆم لە ئیتاڵیا بمێنمەوە، دەست بە کارکردن کراوە. من داوا لە گەلەکەمان دەکەم کە چاودێری ڕووداوەکان بکەن و ئارام بن.”

    هەمان ڕۆژ ئیتاڵیا داواکاری ڕژێمی ئەنقەرەی بۆ گەڕاندنەوە کە بە زوودترین کات ئاڕاستەی حکومەتی ڕۆمای کردبوو، بەهۆی ئەوەی “لە تورکیا یاسای لەسێدارەدان هەیە” ڕەت کردەوە. باشە، بەلام ئەڵمانیا چی کرد؟ میدیاکانی ئەڵمانیاش هەمان پرسیاریان دەکرد و مانشێتی رێبەر ئاپۆ لە ڕۆمایەیان بڵاو دەکردەوە. داواکاری فیدڕاڵ کە ١٣ی تشرینی دووەم داواکاری گەڕاندنەوەی ئامادە کردبوو، بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکە، دۆسیەکەی بۆ دادگای فیدڕاڵی ڕەوانە کرد. ١٦ی تشرینی دووەمیش ئۆتۆ شیلی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیاش وەک ڕەشەبا خۆی گەیاندە ڕۆما و لەگەڵ رۆسا رۆسسۆ لێرڤۆلینۆ وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا کۆبووە و پرسی کۆبوونەوەکەشیان، چۆنییەتی گەڕاندنەوەی رێبەر ئاپۆ بوو.

    لایەنەکی دەوڵەتی ئەڵمان داوایان دەکرد کە رێبەر ئاپۆ لە ئەڵمانیا دادگایی بکرێت. یەکێک لەو سیاسەتمەدارانەش ئۆتۆ شیلی ئەندامی سۆسیال دیموکراتەکان بوو. ئۆتۆ شیلی پارێزەری ئەندامانی فراکسیۆنی سوپای سووری ئەڵمانیا (RAF)ی دەکرد کە لە ناوەڕاستی ساڵەکانی ١٩٧٠وە دادگایی دەکران. شیلی دواتر بووە یەکێک لە پارێزەرە سەرسەختەکانی دەولەت. شیلی ساڵی ١٩٩٦ لە ڕیپۆرتاژێکدا کە ڕۆژنامەی Zeit لەگەڵی ئەنجامی‌دابوو وتبووی، پێویستە ئەڵمانیا لەبارەی رێبەر ئاپۆەوە بڕیاری دەستگیرکردنێکی نێودەوڵەتی بدات و وتی:”ئەگەر بڕیارەکە لە دەستی مندا بووایە، ئەڵمانیام سەرەوژێر دەکرد” و هەڕەشەی لە کوردانی ئەڵمانیا کردبوو.

    شیلی لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٨ – ٢٠٠٥ دا کە وەزیری ناوخۆ بوو، سیاسەتی کریمینالیزاسیۆنی ئەڵمانیا لەسەر کورد زیادی کردبوو، ژمارەیەکی زۆر لە دەزگا کوردیەکان داخرابوون. شیلی هێشتا یەکەم مانگی دانیشتنی لەسەر کورسی وەزیری تەواو نەببوو، بەدوای رێبەر ئاپۆ دەگەڕا.

    هەروەها جیمس رۆبین وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش کە لە قۆناغەکانی پیلانگێڕی دژی رێبەر ئاپۆ هەنگاوی گەورەی نابوو و هەوڵی دەدا شێوەی پیلانگێڕیەکە دیاری بکات، ئەو ڕۆژەی کە شیلی وەزیری ئەڵمایا لە ڕۆما بوو، ١٦ی تشرینی دووەم ی ١٩٩٨ ئەم لێدوانەیدا:

    “ئێمە دەستگیرکردنی ئۆجالان رێبەری پەکەکە، لە تێکۆشانی دژی تیرۆردا لە جیهان، وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینین. ئێمە بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە هەڵوێستی حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین. بڕوامان وایە کە پێویستە ئۆجالان بگەڕێنرێتەوە و دادگایی بکرێت. ئێمە دەمانەوێت، ئەڵمانیا، تورکیا و ئیتاڵیا لەبارەی ئەم پرسەوە پێکەوە کار بکەن.”

    بڕیارەکەی ئەڵمانیا کە جێبەجێنەکرا

    ئەمریکا بە سەرۆکایەتی بیل کڵینتۆن بە شێوەیەک بە ئەڵمانیا، تورکیا و ئیتاڵیای دەوت:”ئەم پرسە لەناو خۆتاندا بە شێوەیەکی گونجاو چارەسەر بکەن.” کۆشکەکانی ڕۆما بە ئەندازەیەک قەڵەبالغ ببوون کە لە مێژوویەکی نزیکدا هیچ کاتێک لەو دۆخەدا نەبوون. لە لایەک چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئەڵمانیا ئەنجام دەدران، لە لایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆ داواکاری مافی پەنابەری رێبەر ئاپۆی تاوتوێ دەکرد. ماسیمۆ دالێما سەرۆکوەزیری ئیتاڵیا لێدوانێکی گرنگیدا. سەرۆک‌وەزیر وتی: ئەگەر پەکەکە لە توندوتیژی دوور بکەوێتەوە، ئەوان داواکاری پەنابەری رێبەر ئاپۆ پەسەند دەکەن.

    لێدوانەکەی ماسیمۆ دالێما وەک بۆمبێک لە ئەنقەرە تەقییەوە، سەرەتا لە شارە گەورەکانی تورکیا خۆپیشاندانی نەژادپەرستەکان دەستیپێکرد و کەلوپەلی تورکی بایکۆت کران. سەرەنجڕاکێشە، داواکاری بۆ بایکۆت لە لایەن یەکێتی ژوورەکان و بوورسەی تورکیا و ژووری بازرگانی ئەستەنبوڵەوە ڕاگەیەندرا. هەمان ڕۆژ وەک ئەوەی دوکمەکە داگیرابێت، لە زۆر شار لەدژی کوردان هێرشی نەژادپەرستی ئەنجامدران. سەرەتا هێرش لەبەرانبەر گروپێک ئەنجامدرا کە لە ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ بۆ رێبەر ئاپۆ چالاکیان ئەنجامدابوو.

    ئەو ڕۆژە عیسمەت سەزگین وەزیری بەرگری تورک بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپای ڕۆژئاوا سەردانی ڕۆمای کردبوو. کاری سەرەکی سەزگین ئەوە بوو کە لەگەڵ رۆدۆڵف شارپینگ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کۆببێتەوە. لێدوانەکانی سەرەتای کۆبوونەوەی وەزیرانی ئەوروپا، قۆناغی دواتری ئاشکرا دەکرد. Joschka Fischer وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی:” بۆ تورکیا بنێرن و نەینێرن بۆ لای ئێمە.” ئێریک دریک وەزیری دەرەوەی بەلجیکاش وتی:”ئێمە نامانەوێت کە لە وڵاتەکەمان بمێنێتەوە، لە وڵاتەکەمان کورد و تورک کێشەی زۆریان هەیە، ئێمە کێشەی ترمان ناوێ.”

    ئەوروپا کە خۆی بە دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادیەکەی خۆی هەڵدەکێشا، ڕێبەر ئاپۆی نەدەویست. حکومەتی دیموکراتەکانی سۆسیال – سەوزی ئەڵمانیا ڕێک لە ناوەندی ڕووداوەکاندا جێ خۆی گرتبوو. دادگای فیدڕاڵی ئەڵمانیا لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ لێکۆلینەوەی لەسەر دۆسیەکە کرد کە داواکاری فیدڕاڵ ئامادەی کردبوو دواتر بڕیاری دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەی رێبەر ئاپۆ بۆ تورکیای دەرکرد. ئەوەش نوێکردنەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی رێبەر ئاپۆ بوو کە یەکەمجار ئەڵمانیا لە ١٢ی کانونی دووەمی ١٩٩٠دا دەریکردبوو.

    لە بڕیارە نوێکەدا کە لە ساڵی ١٩٩٣دا ڕاگەیەنرابوو، رێبەر ئاپۆ بەرپرسی توندوتیژیەکان لە خۆپیشاندانەکانی دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی پەکەکە و چالاکیەکانی ئۆتۆبان لە ١٩٩٥دا دەبینرا. ئێدی نەک بەهۆی گوایە تاوانی کوشتن بەڵکو بە تۆمەتی ‘بەڕێوەبەری ڕێکخراوێکی تیرۆریستی’ دوای ڕادەستکردنەوەی لە ئیتاڵیا دەکرد.

    بڕیارە ڕاستەکە لە ١٩٩٦ درابوو

    Klaus Grunewald سەرۆکی دەزگای ‘ڕێکخستنەکانی ڕادیکاڵی بیانی’ سەر بە تەشکیلاتی پاراستنی دەستووری ئەڵمانیا ٢٢ی کانونی دووەمی ١٩٩٥ و دواتریش لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ هاینریچ لومێر سیناتوری پێشووی ناوخۆی ویلایەتی بەرلین و پەرلەمانتاری CDU کە ئەو کات دەسەڵاتداربوو لەگەڵ رێبەر ئاپۆ کۆببوونەوە و ئالۆزیەکانی نێوان پەکەکە و ئەڵمانیایان ‘ بەخۆشی’ چارەسەر کردبوو. لە ساڵێ ١٩٩٨دا داواکاری فیدڕاڵ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە لە وڵاتەکەیان ئێدی دادگاییکردنێک بە ناوی ‘دۆزی پەکەکە’ نییە و لە جێگەی ڕێکخستنی تیرۆر ‘ڕووداوە کریمیناڵەکان’ بەکاردەهێنرا. ئەو بڕیارەش ڕاستی دادگاییکردنی نەدەگۆڕی، بە تەنیا ڕووکەش بوو و ساڵی ٢٠١٠ وەزارەتی داد ئەو بڕیارەی گوڕی و دادگاییکردنی کوردەکانی لە چوارچێوەی ‘ڕێکخستنی بیانی تیرۆر’ بەڕێوە دەبرد.

    پەیوەندیەکانی نێوان ئەڵمانیا و بزوتنەوەی ئازادی کورد، لە چاوپێکەوتنەکانی ١٩٩٥ – ١٩٩٦ـەوە بە هاوسەنگی بەرێوەدەچوون، تا ئەو ڕۆژەی رێبەر ئاپۆ گەیشتە ڕۆما. ئەڵمانیا دوو ڕێگەی لە بەردەمدا بوو، دادوەری ئەڵمانیا داوای ڕێبەر ئاپۆی دەکرد، بەڵام حکومەت کاروبارەکانی بە قوڕسی بەڕێوەدەبرد. بڕیارەکەی دادگای ئەڵمانیا کە داوای ناردنی رێبەر ئاپۆی لە ئیتاڵیا بۆ ئەڵمانیا دەکرد کە وەزارەتی داد بوو.

    لەو کاتەدا ماسیمۆ دالێما سەرۆک‌وەزیری ئیتاڵیا ٢٧ی تشرینی دووەم سەردانی بۆنی کرد. دالێما هیوادار بوو کە ئەڵمانیا رێبەر ئاپۆ قبووڵ بکات و باری سەر شانی سووک ببێت و لە فشاری تورک و ئەمریکا ڕزگار ببێت. نزیکەی ٥٠ هەزار کوردستانی و دۆستەکانیشیان لە نزیک باڵەخانەی سەرۆک‌وەزیری بۆن کۆببوونەوە و بە وڵاتانی ئەوروپایان دەگوت: “رێبەر ئاپۆ بە تەنیا نییە.”

    دوای کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری سەرۆکوەزیر ماسیمۆ دالێما لەگەڵ گێرهارد شرۆدر کە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) بوو کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و زۆری دانیشتووانی کورد و تورکی لە وڵاتەکەی کردە بیانوو و وتی:” ئێمە ئۆجالانمان ناوێ.” شرۆدر وتی:

    “بۆئەوەی کێشەی کورد بە چارەسەریەکی نێودەوڵەتیدا تێپەڕێت، وەزارەتەکانی دەرەوەی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا کۆدەبنەوە و بۆ چارەسەری پرسەکە بەرنامەیەک ئامادە دەکەن. ئۆجالانیش پێویستە لە دادگای ئەوروپا دادگایی بکرێت”

    دواتر شرۆدر خۆی لە پرسەکە کشاندەوە. ئەو هەوڵەی کە شرۆدر باسی کرد  کە پرسی کورد چارەسەر ببێت و رێبەر ئاپۆ لە ئەوروپا دادگایی بکرێت هیچ کاتێک نەهاتەدی.

    لە هەمان کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسیدا سەرۆکوەزیری ئیتاڵیا دالێما وتی:”لەبەرئەوەی لە وڵاتەکەمان هیچ تاوانێکی نەکردووە، دادوەری هیچ سکاڵایەک لەدژی تۆمار ناکات. هیوادارم لەبارەی دادگاییکردنیشی چارەسەریەکی نێودەوڵەتی بدۆزرێتەوە.”

    دوای ئاشکراکردنی هەڵوێستی ئەڵمانیا کە دەوڵەتی ئەڵمانیای بە تەنیا هێشتەوە، ڕۆژانی سەخت چاوەڕێی رێبەر ئاپۆی دەکرد.

    بڕیارەکە رێبەر ئاپۆی تووشی شۆک نەکرد

    رێبەر ئاپۆ لە ڕیپۆرتاژێکدا لەگەڵ گۆڤاری ستیرن کە لە ١٥ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٩٩دا دەرچوو کە پرسیارەکە بەم شێوەیە بوو”ئەڵمانیا گەڕاندنەوەی ئێوەی قبووڵ کرد، ئێوە تووشی شۆک نەبوون؟”وەها وڵامی دایەوە:

    “نا تووشی شۆکی نەکردم، نەک لەبەر ئەوەی نایەوێت ئاپۆ دادگایی بکات، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەگەر دادگایی‌کردنی پرسەکە قوڕس بوو، لە دەڤەرێکی ئەڵمانیا دەبووە زیان. لە ڕاستیدا بناغەی دادگایی‌کردنەکە نییە، بناغەی یاسایی ئەو بڕیارە نییە. ئەوە بۆ من هنێک سەیرە و هەڵەیە. ئەڵمانیا بەرپرسی ئەو دۆخەیە. ئەڵمانیا پرسەکەی بۆ ئیتاڵیا بەجێ هێشت، ئیاڵیاش بینی کە هێزی چارەسەری نییە و پرسەکە قوڕستر دەبێت، بە قوڕسی دادوەریەکەی بەکارهێنا و لە ڕووی پراکتیکیەوە نەیویست بە دەستپێشخەری هەستێت. ئەڵمانیا بۆچی نایەوێت ئەم چەندە قوڕسبوونی پرسەکە و بەشی خۆی تێدا بهێلێتەوە؟ لە ڕاستیدا گرنگتر، بۆ چارەسەری ئەرێنی، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی کە کێشەکە بە خۆشی چارەسەر ببێت بۆچی لەگەڵ ئێمەدا دانانیشێت؟ وەک ئەوە زۆر قوڕس بێت و هاتووتە ئاستێک کە وەک هەڕەشەیەک لە یاسا و دیموکراسی ئەڵمانیا دادەنێت، بۆچی لە دیالۆگ هەڵدێت، بۆچی بە قەدەغەی پەکەکە، پرسەکە دوادەخات؟ نەرێنیبوون و ناحەقبوونی ئەڵمانیا لێرەدایە.

    هەموو جۆرە هاوکاریەکی، ئابووردی، ئامیری سەربازی دەداتە تورکیا. لە ڕووی سیاسیەوە بۆ چارەسەریەکی بچووکیش هیچ فشارێک درووست ناکات. هەموو کاتێک پەکەکە دەچەوسێنێتەوە. بە کورتی هیچ بەهایەکی ئەو لێدوانانەی کە دەدرێن نییە و من بەمە بڕوا ناکەم کە بیەوێت بەرپرسیارییەکی جددی بگرێتە ئەستوی خۆی. ئەگەر داواکاریەکی بەو شێوەیە هەبێت، هاتنم بۆ ئێرە وەک دەرفەتێک بەکارنەدەهێنرا، ئەڵمانیا نەیدەتوانی پێشەنگایەتی بکات کە کێشە درووست نەبێت و نەیتوانی لەسەر ئاستی ئەوروپا پێشەنگایەتی قۆناغێکی سیاسی بکات. ئەم هێزەی ئەڵمانیا هەیە، دەیتوانی سەری لەبەرانبەر فشارەکانی تورکیا دانەنەوێنێت، بەڵام تاقینەکردەوە.”

    رۆژەکانی مانەوە لە رۆما و چوونەدەرەوە بە ناچاری

    گەلی کورد لە ماوەی ٦٦ رۆژی پلانگێریەکەدا، لە بەشی رۆمادا بە دەوری رێبەر ئاپۆدا بوو بە بازنەیەک و بە دروشمی ‘ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن’ چەندین شەهیدیدا. رێبەر ئاپۆ تیشکی دەخستە سەر ئەوەی: ” من پاسپۆرتم نییە. چونکە من لەناو نەچووم، لەناونەچوونی من وەکووو تاوان تەماشا دەکرێت.” ئەو کاتەی رێبەر ئاپۆ لە ئیتالیا بوو، رووی هەموو کوردێک لەو وڵاتە بوو. لە ئەوروپاوە کورد و دۆستانیان دەچوون بۆ ئیتالیا و بۆ ئەوەی بە تەنیا نەمێنێتەوە، دەچوون بۆ نەخۆشخانەیەک لە گۆڕەپانی Cello کە ئەوی لێبوو. بڕیار بوو ناوی ئەو گۆڕەپانە بگۆڕێت بۆ ‘Piazza Kurdistan’. گەل، بەیانی هەموو رۆژێک دەچووە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیە و دەیانوت ‘رۆژ باش سەرۆکێ من’.

    ئەو پلانگێریە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردبوو، تووڕەییەکی گەورەی لە دڵی شۆڕشگێران و وڵاتپارێزاندا درووست کردبوو، بە تایبەت لە ناو بەندیخانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان و چەندین ناوەندی تر لە سەرتاسەری جیهان، گەلی کورد دەیوت ‘ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن’ و ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردەدا. یەکەم کەس کە لە ٩ی تشریندا وەکوو بازنەیەک بە دەوری رێبەر ئاپۆدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، محەمەد خالید ئۆرال بوو لە بەندیخانەی مەرەش. ئەو شۆڕشگێرە کوردە کە لە ساڵی ١٩٧١ لە ناوچەی مەحسەرتێی مێردین لە دایک بوو و تەمەنی منداڵی لە چوکورجە بەڕێکرد، لە تەمەنی لاویدا کاتێک خۆی ئامادە کردبوو بەشداری ریزەکانی گەریلادا بکات، لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە دیل گیرابوو.

    محەمەد خالید ئۆرال نامەیەکی بۆ رێبەر ئاپۆ نووسیبوو. لە نامەکەیدا وتبووی:

    “بێگومان ئەم چالاکیەی من نابێتە هۆی وەستانی دەوڵەتی تورک، بەڵام ئەوان لەوە بە باشی تێدەگەن کە ئەگەر شتێکتان بەسەر بێت، گەلی کورد ئەم جیهانەیان لێدەکات بە زیندان. چونکە ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهان باسی ئیمە دەکریت، ئەوا لە سایەی رەنج و هەوڵە گەورەکانی ئێوەدایە.”

    موردا کایا لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا لە بەندیخانەی بارتن و محمد گوڵیش لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دا لە بەندیخانەی ئاماسیا چالاکی خۆسووتاندنیان ئەنجامدا. ئەو کاتەی رێبەر ئاپۆ لە رۆما بوو، نەک تەنها کادیرانی پەکەکە، بەڵکو گەنج و پیر و وڵاتپارێزانی کوردیش چالاکی خۆسووتاندنیان ئەنجام دەدا.

    بانگەوازی ئەوەی “خۆتان نەسووتێنن”

      ئەو کاتەی رێبەر ئاپۆ لە رۆما لە ژێر چاودێریدا بوو، هەر یەک لە شۆڕشگێرانی پەکەکەیی، رەمزی ئاککوژ (ژێهات) و ئەحمەد یلدرم (تایهان) لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دا لە مۆسکۆی پایتەخی روسیا لە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە کەشێکی سارددا، بە دروشمی ‘بژی سەرۆک ئاپۆ’ ئاگریان لە جەستەیان بەردا و خۆیان سووتاند. چالاکیەکانی خۆسووتاندن رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندا بوون، بەڵام رێبەر ئاپۆ دەستی لەو چالاکیانە وەردا. رێبەر ئاپۆ لە ١٩ی تشرینی دووهەمدا لێدوانێکی بڵاو کردەوەو لە لێدوانەدا دیار کرابوو:

    “ئەو وابەستەبوون و پشتیوانییە مەزنەی بۆ ئێمە خراوەتەڕوو، بێگومان تا ئاشکرابوونی بارودۆخەکە بەردەوام دەبێت. چونکە کێشەکە لە کەسایەتی ئێمەدا نییە، بەڵکو دواڕۆژی ئازاد و قەدەری نەتەوەکەمانە. تێکۆشانمان بە بێوەستان بەردەوام دەبێت و وەکووو گەلێک کە رووبەرووی تیرۆر بووەتەوە، لە دژی تیرۆر تێدەکۆشین. لە خۆڕاگریەکانماندا ناکەوینە ناو ئەو چالاکیانەی کە ئاستەنگمان دەکات.

    لەم رۆژانەدا چالاکیەکانی خۆسووتاندن بەردەوامن، دوایین جاریش لە بەندیخانەکان ٨ کەس، لە روسیا ٢ کەس، لە ئەلمانیا کەسێک و لە رۆماش هەڤاڵێکی هێژامان خۆی سووتاند. بە بۆنەی ئەم چالاکیانەوە، من جارێکی تر جەخت دەکەمەوە کە دەبێت چالاکیەکانی خۆسووتاندن کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان، کۆتاییان پێبێت.

    من ئەم وابەستەبوون و قارەمانێتیە بەرز دەنرخێنم، بەڵام دەبێت ئەو کەسانەی وابەستەی ئێمەن، بە هیچ شێوەیەک چالاکی خۆسووتاندن ئەنجام نەدەن، داواکارم کۆتاییهاتنی ئەم چالاکیانە وەکووو فەرمانێک ببینرێت. من لە زۆر رووەوە باشیش بم، بەڵام بڕیارداری ئێوە جۆشێکی ترم پێدەبەخشێت و مزگێنی نزیکبوونەوەی ئازادیمان دەداتێ. لەسەر ئەم بنەمایە هیوادارم کۆتایی بە چالاکی کۆتاییهێنان بە ژیان بێت و سڵاو و خۆشەویستیم بۆ هەمووتان دەنێرم.”

    چاوەڕوانی کۆنفڕانسی نەتەوەیی یان دادگاییکردن

      لەگەڵ ئەم بانگەوازییەی رێبەر ئاپۆ، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا چالاکی خۆسووتاندن لە ژێر دروشمی ‘ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن’ بەردەوام دەبوون. کورد بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گیانی رێبەرەکەیان و بۆ ئەوەی لە ئیتاڵیا قبووڵ بکرێت لە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان بوون. لە رۆما تا لەندەن، لە ئەمستردام تا ئەسینا، لە بەرلین تا ستوکهولم، لە سلێمانی تا تاران لە چەندین شار و پایتەخت خۆپێشاندان و چالاکی مانگرتن لە خواردن بەڕێوە دەچوون.

     قسەکانی رۆما

    رێبەر ئاپۆ کاتێک چووە ئیتاڵیا، لە یەکەمین لێدوانیدا وتی:”دەمانەوێت دەربازی قۆناغی ئاشتی ببین و چارەسەریەکی سیاسی بۆ ئەم پرسە زۆر پێویستە.”رێبەر ئاپۆ لە ١٢ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٨ و رۆژانی دوایی، بۆ چارەسەری دۆزی کورد، بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازییە مێژوویەکانی چەندین لێدوانی بڵاو کردەوە. ئەم قسانەی دواتر لە ژێر ناوی ‘قسەکانی رۆما’ بوون بە پەرتووک. ئەم قسانەی رێبەر ئاپۆ نەک تەنها لە تەلەفیزیۆنی مەد و رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکادا جێیان گرت، بەڵکو لە چەندین ناوەندی میدیایی جیهانیشدا وەکوو هەواڵ و راپۆرت بڵاو کرانەوە. هەر قسە و راپۆرتیکی رێبەر ئاپۆ دەبووە گەرمترین بابەتی رۆژ لە ئەوروپا.

    لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ١٩٩٨دا ئاژانسی رویتەرز ریپۆرتاژێکی تایبەتی رێبەر ئاپۆی بڵاو کردەوە. لە ریپۆرتاژەکەدا رێبەر ئاپۆ دەیوت:

    “من ئامادەم لە وڵاتێکی دادمەند و بێلایەن دادگایی بکرێم. لە نەمساوە بگرە تا دەگاتە وڵاتانی ئەوروپا. هەندێک دەڵێن هۆلەندا، هەندێک دەڵێن ئیسپانیا. ئەمانە بۆ من لە پلانی دووهەمدان.”

    لەو سەروبەندەدا بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی شەڕ لە کوردستان و کردنەوەی دەرگای چارەسەری بۆ دۆزی کورد و یەکلایی‌کردنەوەی بارودۆخی رێبەر ئاپۆ، لە پایتەختی وڵاتانی ئەوروپا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس یان دادگاییەکی نیودەوڵەتی دەکرا. دەسەڵاتی ئەمریکاش بۆ ئەوەی ‘سیمایەک’ ببەخشێت بە پلانگێڕییەکە، دیسان هاتەوە و کەوتەوە جووڵە.

      سەرۆکی ئەمریکاش کەوتە جووڵە

    مادلێین ئۆلبرایت وەزیر دەرەوەی ئەمریکا لەرێکەوتی ٢١ی تشرینی دووهەمی ١٩٩٨دا بۆ ئەوەی رێبەر ئاپۆ لە هیچ وڵاتێک قبووڵ نەکرێت و رێگە بە دادگایی ئەو نەدرێت، کەسێکی بە ناوی ستروب تالبۆت وەکووو نوێنەری تایبەتی خۆی نارد بۆ رۆما. دەسەڵاتی رۆما بە هۆی فشارەکانی ئەمریکا هەوڵیدا رێبەر ئاپۆ بنێرێت بۆ لیبیا. لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ئەو ساڵەدا سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئەلمانیا وتبووی، “ئێمە ئۆجالانمان ناوێت.”

    ماسیمۆ دالێما سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئیتالیا ساڵی ٢٠٠٣ لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، کۆشکی سپی کەوتبووە جموجوڵ و دەیوت:

    “تورکیاش بەردەوام فشاری بۆ دەهێناین، ئێمەش بە دوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕاین. بیل کلینتون سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکاش کەوتبووە جووڵە. تەلەفۆنی بۆ من کرد. وتی،’ تیرۆرستە، بینێرنەوە بۆ تورکیا’. منیش پێم راگەیاند کە ئەمە مەحاڵە، پێشووتریش کەسێک هەبوو کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، ئەمریکا داوای رادەستکردنەوەی کردبوو، بەڵام ئێمە قبووڵمان نەکرد.”

    ‘من لەناویش بچم، ئێوە سەرکەوتن’

    رێبەر ئاپۆ ئەوەی دەبینی کە فشاری زلهێزەکان بۆ سەر حکومەتەکەی دالێما سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا زیادی کردووە و ئەو رووداوانەش کە روویاندەدا وەکوو کۆتایی ٩ی تشرینی یەکەم دەیبینی. رێبەر ئاپۆ لە ٢٥ی کانونی یەکەمی ١٩٩٨ لە لێدوانێکدا دەستنیشانی کرد:

    “لە پلانگێرییەکەی ٩ی کانونی یەکەمدا تەلەفیزیونی مەد سڕایەوە. ئەو رۆژە من هێشتا لە فڕۆکەدا بووم کە سڕایەوە. ئەم سڕینەوەیە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەم کارە تا چی ئاستێک پلان بۆداڕێژراوە. لە ٩ی کانونی یەکەمدا ئینتەرپول بڕیاری گەڕانیدا بە دوای مندا. لە یەک رۆژدا ئەو ئاگاداریەیان بۆ هەموو جیهان نارد، ئەمەش دووڕوویی جیهان بەرامبەر بە ئێمە ئاشکرا دەکات. بۆ تێگەیشتن لەمە، ئەم بەڵگانە بەسن.

    ئەو بارودۆخەی پریماکۆڤ تێیکەوت، هەروەها هەڵوێستەکەی سیمیتیس، ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەم کارە لە ناوەندێکەوە بەڕێوە دەبرێت. لەوانەیە دالێما بە هۆی کەسایەتە دیمۆکراتەکەیەوە ویستوویەتی چەند هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت، بەڵام ئاشکرا بوو کە دەیەوێت بێدەنگ بکرێت. ئەوەی کە دەکرێت لەگەڵ هەڵوێستی من، پەیوەندییەکی گرنگی هەیە. ئەمە سەرنجی زۆرێک لە رۆژنامەنووسانی بە لای خۆیاندا راکێشاوە. بۆچی رێگای بۆ دەنگدانەوەیەکی وەها کردەوە؟ دەڵێن تۆ وەکوو بۆمبێکی ئاشتی دەبارێی. ئەم رووداوە لە بارەی تیرۆری پشت ئەوەوەیە.

    لە لایەکی‌تریشەوە ئەو مووشەک و بۆمبانە، دەبارێن و بەردەوامیش دەبن. ئەم هەنگاوەمان بۆ ئاشتی، هەنگاوێکی گونجاو بوو. لانیکەم گرنگیەکەی ئەوەیە کە ئەم مەبەستەمان بۆ ئەوروپا دەخەینەڕوو. ئەلمانیا دەڵێت: ‘دوای سەری ساڵ چارەسەری دەکەم’ مووشەک بەسەر مرۆڤەکاندا دەبارێنێت، ئەمە چ پەیوەندییەکی بە سەری ساڵەوە هەیە؟ دەبێت ئەمە بە بڕیارێکی سەربەرزانەوە ئەنجام بدرێت. دەبێت مرۆڤ هاوسەنگییەکە تا ئەو ئاستە تێک نەدات. ئەگەر من بمێنم لەوانەیە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی ببم بە هاوکارێک. بۆیە دەمویست لە ئەوروپا بمێنم، هەندێک لە دۆستەکانیشمان ئەمەیان دەویست.

    من سوورم لەسەر بەدیهاتنی ئاشتی. ئاشتی واتادارە. ئەمە لای هەموو کەسێک بوونی هەیە کە ئاشتی واتادارە و هەوڵێکیش هەیە بۆ بەدیهاتنی. لە تورکیا رەگەزپەرەستی پەرەی سەندووە، فەلسەفەی یامیامتی کەوتووەتە فەرمییەتەوە. هۆکاری ئەمەش ترسی کەسانی شەڕخوازە. لە تورکیا لە ئاستێکی بەرزدا رەگەزپەرەستی زەق دەکرێتەوە. هۆکاری ئەمەش ترسی جەهەنەمی ناو تورکیایە. هەندێک کەس دەیانەوێت لە تاریکیدا کارەکانیان ئەنجام بدەن. تورکیا چەتەی شەڕە، ئەمە بە ئاشکرا دەیکات و هیچ کارێکی تریان نییە؛ بیکەن. دەبێت تورکیا ئەمە باش بزانێت. بەم بۆنەیەوە دەمەوێت بە گەلی کورد بڵێم: ئەگەر من لەناویش بچم، ئێوە سەرکەوتن. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم سەرکەوتنە بگەیێننە واقع، دەبێت تۆزێک عاقل بن، دەبێت بتوانن بە درووستی کار بکەن.”

    رێگای بۆ سەرەتایەکی نوێ دەکردەوە

    لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەی رێبەر ئاپۆ، هێزە گلۆبالەکان کە پلانگێڕییەکەیان ئامادە کردبووە، نەیاندەویست واز لە ئامانجەکەیان بهێنن. لەو سەروبەندەدا رێبەر ئاپۆ لە ماڵی کەسێکی بێلایەن بە ناوی ‘ڤیلەتا کۆلور ئۆکرو’ دەمایەوە. خانووەکە لە کۆڵانی ‘Via Del Male لە نێوان Ostia و Casaltalocco٢٠ کیلۆمەتر لە شاری رۆما دوور بوو. ئەو کەسانەی سەردانی ماڵەکەیان دەکرد یان دەهاتنە دەرەوە بە هۆشیارانە کۆنتڕۆڵ دەکران و هێزەکانی پۆلیسیش دەوری ئەو کۆڵانەیان گرتبوو کە خاووەکەی لێیە، هەروەها لەسەر خانووەکانی دەوروبەری نیشانشکێن جێگیر کرابوون. رێبەر ئاپۆ لە ناو ماڵیش ئێلەگی گوللەنەبڕی لەبەر دەکرد. چونکە ماوەیەک ئیتاڵیا ناوەندی گلادیۆ بوو.

      بە هۆی تەنگەتاوبوونی حکومەتەکەی دالێما (سەرۆک‌وەزیرانی ئیتاڵیا) کە وڵاتانی ئەوروپا ئەویان بەتەنیا هێشتبووەوە و ئەو فشارە دەروونیانەش کە لە رۆژەکانی سەرەتای ساڵی نوێدا بەرجەستە ببوون، سەرەتایەکی نوێی بەسەر رێبەر ئاپۆدا دەسەپاند. رێبەر ئاپۆ دواتر بەم شێوەیە باسی لە هەڵوێستەکەی حکومەتی رۆما دەکرد:

    “هەڵوێستی ماسیمو دالێما سەرۆک‌وەزیرانی ئەو کاتەی ئیتاڵیا، هەڵوێستێکی راست بوو، بەڵام تێرکەر نەبوو. گەرەنتی سیاسی بە تەواوەتی نەدابوو. بارودۆخی ئێمەی رەوانەی لایەنەکانی دادگا کرد. بۆیە من زۆر تووڕە بووم. بڕیارم دابوو کە لە یەکەم دەرفەتدا ئیتاڵیا بەجێبێڵم. دالێما لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندبوو، تا کەی بمەوێت دەتوانم لە ئیتاڵیا بمێنمەوە، بەڵام ئەمە بۆ من وەکوو هەڵوێستێکی بەزۆرە مڵێ دەهاتە بەرچاو.”

      بۆ هەڵبژاردنی وڵاتێکی‌تر، هەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کورد و هەم هەوڵەکانی ئیتاڵیاش بێئەنجام دەمانەوە. فەرەنسا، فیلەندا، نەمسا، یونان، کۆماری چیک، ئەفریقای باشوور و نەرویج یەکە بە یەکە رایاندەگەیاند کە ئەوان رێبەر ئاپۆیان ناوێت. بەرپرسانی فیلەندا وتبوویان: “ئەگەر ئەلمانیا و فەرەنسا قبووڵیان بێت، ئۆجالان دەتوانێت بێت بۆ وڵاتی ئێمە”. دوای ئەوەی رێبەر ئاپۆ نامەیەکی بۆ نەلسون ماندێلا و دیسمون توتو نارد، ئەفریقای باشوور دەرگای وڵاتەکەی بە کراوەیی هێشتەوە.

    رێبەر ئاپۆ دوای ئەوەی بینی کە سنوورەکان و هێڵە ئاسمانییەکان یەک بە یەک بە روویدا دادەخرێن و وڵامی داواکاری مانەوەی نادرێتەوە، لە ٧ی کانونی یەکەمی ١٩٩٨ لە رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا لە چوارچێوەی ریپۆرتاژێکدا لەسەر ئەو بارودۆخە وتی:

    “تێکۆشانی دیمۆکراتیک و نەتەوەیی من بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرایە. مافی دانیشتن دەدرێت بەو کوردانەی دێن بۆ ئەوروپا، بەڵام کاتێک دێتە سەر من، گومانی سیاسی دێتە ئاراوە. ئەوەی رێگا بۆ ئەم گەشەسەندنانە دەکاتەوە و دەبێتە هۆکاری ئەوەی پێگەیەکی سیاسی وەربگرێت، ئەوا منم. لێرەدا پارادوکسێکی سەرنجڕاکێش دێتە ئاراوە. سەرۆکە کوردەکانی‌تر خاوەنی پاسپۆرتن، بەڵام من پاسپۆرتم نییە. چونکە من لەناو نەچووم، لەناونەچوونی من وەکوو تاوان تەماشا دەکرێت. هیوادارم مافی مرۆڤ ئەمە ببینێت و دوای ماوەیەکی کوت لەم هەڵومەرجەدا بڕیاری خۆی بدات. روانگەی، با سەر بڕوات و لاشەکەی لە ناو خۆماندا دابەشی دەکەین، روانگەیەکی دڕندانەیە. ئیتالیا ناچێتە یاریی لەناوبردن بە بێ دادگاییکردن، دەبێت نەچێتە ناو ئەو یاریەوە.”

    بە فڕۆکەى گلادیۆ بەرەو گەشتێکی نادیار

    بۆ وەرگرتنی رێبەر ئاپۆ لە ٢ی سباتی ١٩٩٩ فڕۆکەیەک هاتە فڕۆکەخانەی لەشکەری شاراوە. ئەو فڕۆکەیە مۆڵەت پێنەدراو بوو. فڕۆکە شاراوەکە کە لە سویسەوە هات، لە لایەن گلادیۆی ناتۆ و CIA ـیەوە ئامادە کرابوو بەرەو نایرۆبی فڕی. دەوڵەتی تورک بە شێوەی وڵاتێکی بێ حکومەت و کابینە دەستی بە ساڵی ١٩٩٩ کرد. لەبەر هەبوونی رێبەر ئاپۆ لە رۆما، لە نێوان ئەنقەرە و رۆمادا قەیران و ئاڵۆزی گەیشتبووە بەرزترین ئاست. دوای ئەوەى CHP پشتیوانی خۆی لە حکومەتی ANASOL-D پێکهاتوو لە حیزبی دایکی نیشتمان (ANAP حیزبی دیموکراتیکی چەپ (DSP) و حیزبی تورکیای دموکرات (BTP) کشاندەوە، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا لە پەرلەمان دەنگدان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ ئەنجامدرا. هەڵبژاردنەکەش بە هەڵوەشاندنەوەى ٥٥هەمین حکومەتی تورک بە سەرۆک وەزیرانی مەسعود یڵماز کۆتایی پێهات.

     لەبەر ئەوەش سولەیمان دەمیرڵ سەرۆک کۆماری تورک ئەرکی پێکهێنانی کابینەى حکومەتی بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بە بولەند ئەجەوید سەرۆکی گشتی حیزبی دیموکراتیکی چەپ (DSP) سپارد، کە حیزبەکەى چوارەم گەورە حیزبی پەرلەمان بوو. ئەجەوید لە دواین رۆژەکانی ١٩٩٨ نەیتوانی کابینەى حکومەت پێکبهێنێت و ئەرکەکەى رادەست کرد. لە هەفتەى سەرەتای ساڵی ١٩٩٩دا سەرلەنوێ ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی لە ئەستۆ گرتەوە. ئەجەوید بە پشتیوانی حیزبی دایکی نیشتمان (ANAP) و حیزبی رێگای راست (DYP)ی حکومەتی پێکهێنا و حکومەتەکە لە ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ لەلایەن سولەیمان دەمیرڵەوە پەسەند کرا. لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا لە پەرلەمانیشدا لە ئاستێکی پێوانەیی‌دا دەنگی متمانەى پێدرا.

    دوای ٤٥ رۆژ لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەجەوید کە لە ساڵانی ١٩٧٠ەوە لە ساتە قەیراناوییە مێژووییەکانی تورکیادا دەهاتە سەر تەختە وەک “کادێرێکی دەوڵەت” دەناسرا و سەرلەنوێ بۆ ئەرکەکەى بانگ کرایەوە. حکومەتى ٥٦هەمین تورکیا لەسەر پێشنیازی هێزە سەربازی و مەدەنییەکانی دەوڵەتی تورک دامەزرا و تاوەکوو ١٨ی نیسانی ١٩٩٩ لەسەر دەسەڵات مایەوە. لە پێکهێنانی حکومەت زیاتر، ئەو هەوڵە لە دژی کەسایەتی رێبەر ئاپۆ، وەک گرنگترین ئەرک و ئەندازیاری لە پیلانگێڕییەکەدا لە دژی گەلی کورد پێکهێنرابوو و بەو شێوەیە یادی دەکرێتەوە.

    رۆیشتن لە رۆما و واژۆکردنی بەڵگە

    لەو رۆژانەدا، کە حکومەتی نوێی ئەجەوید دەستبەکار بوو، دەوری حکومەتی ئیتالیا بە سەرۆک وەزیرانی ماسیمۆ دالێما تەنگ کرا، بوونی رێبەر ئاپۆ لە یەکێک لە کۆنترین پایتەختەکانی جیهان قورس کەوتبوو. رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەى بۆ دالێما نەبێت بە بار، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا بڕیارێکی مێژوویی دا و بە بەرپرسانی ئیتالیای راگەیاند، کە دەیەوێت لە ئیتالیا بڕوات. حکومەتى دالێماش وەک ئەوەى دەیزانی، یان مەزەندەیان کردبوو دواتر چی روودەدات داوایان لە رێبەر ئاپۆ کرد، کە بە بەڵگە بە نووسینی ئەوەى کە “بە حەزی خۆم لە ئیتالیا چوومەتە دەرەوە” واژۆ بکات. رێبەر ئاپۆ لە پارێزنامەکەیدا بەمشێوەیە باسی ئەو ساتە قەیراناوییانەى کردووە:

    “ماوەى ٦٦ رۆژ لە ئیتالیا مامەوە، گوشاری قورسی دەروونی خرایە سەرم. بە گروپی پۆلیس باش راهێنراو، کۆنتڕۆڵ‌کردنێکی قورسیان بەسەرمدا سەپاندبوو. نەیاندەهێشت لەوێش بڕۆم. پۆلیسەکان تاوەکوو شوێنی خەوتنەکەشم دەهاتن. ئەگەر من پێداگریم بکردایە، کە بمێنمەوە، ئەوەیان بەسەرمدا دەسەپاند، کە بە پاساوی ئەوەى ئەگەری رفاندنت هەیە، دەبێت کۆنترۆڵکردنی توند و بەرفراوان قبووڵ بکەم. لە ئەنجامدا بە ناوبژیوانی ئەحمەد یامان فڕۆکەیەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئیتالیاوە ئامادە کرا و سەرلەنوێ ناچار بووم بگەڕێمەوە بۆ رووسیا.

    دالێماش بە پێداگرییەوە ئەوەى وەک مەرج بۆ دانام، کە ئەگەر لە ئیتالیا دەڕۆم، دەبێت بەڵگەیەک کە نیشانی بدات من لەسەر داوای خۆم رۆیشتووم، واژۆ بکەم. باش دەیزانی کە رۆیشتنم بە هەر شێوەیەکى تر نایاساییە، بۆیە ئەو هەڵوێستەى نیشاندا. کاتێک بە فڕۆکە تایبەتەکەى دالێما لە ناوچەى ناتۆ دووردەکەوتمەوە، لە بیرمە کە وتم، ئۆخەی. بەڵام ئەو رۆیشتنەم هاوشێوەی ئەو کەسە بوو، کە کاتێک هەوڵ دەدات لە باران رزگاری بێت، بەڵام دەبێت بە ژێر رەهێڵەى تەرزەوە.

    دوای سەودا و مامەڵەیەکی قێزەون، کە مانگێک بەردەوام بوو، حکومەتی رۆما فەرمانی دەرکرد، کە لە ئیتالیا بڕۆمە دەرەوە و دەسەڵاتی پریماکۆڤیش بۆ جاری دووەم رێگای دا، کە بڕۆمەوە بۆ رووسیا. رۆژنامەى ئیل جیۆرناڵ رۆژی ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٨ بڵاویکردەوە، لامبێرتۆ دینی وەزیر دەرەوەی ئیتالیا پێشنیازی بۆ رووسیا کردووە و پێی وتون:”سەرلەنوێ ئئۆجالان قبووڵ بکەنەوە، ئێمەش کارئاسانی دەکەین بۆ وەرگرتنی بەشی یەکەمی هاوکارییەکانی ساڵی ١٩٩٨، کە لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە (IMF)ـەوە راگیراوە، یانی قەرزێکی ٨ ملیار دۆلاریتان پێشکەش دەکەن”.

    رووسیا لەو کاتەدا لە ناو قەیرانێکی قورسی ئابووریدا بوو، دوای ئەوەی ئەو “پێشنیازە بێ ئەخلاقانەیە”ی رۆمای قبووڵکرد، لامبێرتۆ دینی وەزیری دەرەوەى ئیتالیا و ئیگۆر ئیڤانۆڤ وەزیری دەرەوەى رووسیا، کردنەدەرەوەی رێبەر ئاپۆیان لە ئیتالیا کردە رۆژەڤ و خستیانە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەر رووسیا بیتوانیایە رێبەر ئاپۆ رەوانەى ئۆکرانیا، جۆرجیا، کازاخستان یان تاجیکستان بکات، ئەوا قەرزێکی‌تری گەورەتری لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) وەردەگرت. ئەو پلانە ئەو کاتە لەلایەن مۆسکۆوە بە درۆخرایەوە. میدیاکانی رووسیا شوێنێکی زۆریان بۆ ئەو بابەتە تەرخانکرد و لەوبارەیەوە نووسییان “مۆسکۆ جارێکیتر نایەوێت بە هیچ شێوەیەک ئۆجالان لە رووسیادا ببینێت”.

    ئەو نامەیەی کە بۆ دالێما نێردرا

    لە هەفتەکانی سەرەتای ساڵی ١٩٩٩ دا ئەو رووداوانەى روویاندا نیشانیاندا، کە بەڕێوەبەری رۆما – مۆسکۆ لە سەودا و مامەڵەدا لەگەڵ یەکتر رێککەوتون. لەو نێوانەدا رێبەر ئاپۆش خواستی سپاسی دالێما بکات و لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا و پێش ئەوەى لە ئیتالیا بڕواتە دەرەوە ئەم نامەیەی بۆ دالێما نووسیبوو:

    “بەڕێز سەرۆک وەزیر، ماسیمۆ دالێما، پێش هەموو شتێک بەهۆی میوانداریتانەوە، کە زیاتر لە ٢ مانگ لە وڵاتی ئیتالیا مامەوە، سپاستان دەکەم. بەهۆی گوشارە ناڕەواکان، نەک لەبەر ئێمە، بەڵکو بەهۆی تەنگاوبوونی ئێوەوە خەمبارم، بەڵام لەو بڕوایەدام و دڵنیام، کە بە مافداری ئامانجی بەها سیاسییە باڵا و مرۆییەکانی ئەم دۆخ و سەردەمە، ئەوە قەرەبوو دەکرێتەوە و ئێوەش بەوە دڵخۆش بن.

    بە ئیرادەی ئازادی خۆم لە وڵاتەکەتان دەڕۆم، دەزانم ئەو هەنگاوە، کە هەڵیدەگرم هێژایە، بۆ ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەى ئاشتی تەواو بکەم و هەلومەرجی بۆ ئامادە بکەم، هیوادارم کە بۆ کۆنفرانسی چارەسەری کێشەی کورد من بێم. ئەو هەنگاوەی من هەڵمگرتووە هەنگاونانی بۆ دواوەی تێیادا نییە. بۆ ئەوەى شانسێکی بەهێز بدەم بە چارەسەری سیاسی بەردەممان، من ئەو هەنگاوەم هەڵگرتووە.

    لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دۆخەکەى سات بە سات قورس دەبێت، ئێمە لە ئاستی کلیلی ئاشتیداین؛ لەو بڕوایەدام، کە بە کردەوە پێگەی پێشەنگی ئیتالیا بۆ سیاسەتی کورد، لە چوارچێوەی بەها و یەکگرتوویی و یەکێتی ئەوروپادا هاوکارییەکی بەهێز بکات و بۆ ئەوەى بتوانین پێکەوە کار بکەین، من هەموو کات ئامادە دەبم بە ئەرکەکانی خۆم هەستم. من لەو بڕوایەدام کە ئێوە دەزانن، ئێمە لە قۆناغێکی زۆر قورسداین و ئێوە هاوکارییەکانی خۆتان ناگەڕێننەوە. بەم بۆنەیەوە رێزی خۆم پێشکەشی رای گشتی دیموکراتیکی ئیتالیا دەکەم و بۆ حکومەتەکەتان سەرکەوتن دەخوازم و جارێکیتر سەرکەوتن و هیوای خۆم بۆ سەرکەوتنی ئێوە دووبارە دەکەمەوە”.

    ئەو رۆژەى کە رێبەر ئاپۆ لە رۆما رۆیشتە دەرەوە، لە کۆشکی سپی راگەیاندراوێکی تر بڵاوکرایەوە. بەوەش جارێکیتر ئەوە سەلمێندرایەوە، کە بەڕێوەبەری ئەمریکا لەو کاتەدا یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی پیلانگێڕییەکە بووە. سێندی برگر سەرۆکی دەستەى ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا رایگەیاند:

    “دەبێت ببرێتە بەردەم دادگا و باجەکەى بدات. ئێمە داوامان کرد لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکان و یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتە پەیوەندیدارەکاندا رادەستی تورکیا بکرێت، بەڵام لە یاساکانی ئیتالیادا ئەوە جێبەجێ نەکرا”.

      کۆرۆنۆلۆژیای ١٧ رۆژ

    ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: کاتێک رێبەر ئاپۆ گەیشتە مۆسکۆ، بەرپرسانی ئاسایشی رووس پێیان وت: “حکومەتەکەمان رێگا نادات ئێوە لێرە بن. دەبێت ئێوە بەبێ پاساو لە ماوەى ٣ رۆژدا رووسیا بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو شوێنەى کە ئێوەى بۆی دەڕۆن ئێمە دیاری دەکەین”.

    ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: ئالکساندر لێبیدیڤ باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە بەڵێنی بە حکومەتى تورک دا و وتی: “هەر کات دەستگیر بکرێت دەردەکرێت”. ئەجەوید هەمان رۆژ لەگەڵ راگەیاندنەکانی تورک دا قسەى کرد و وتی:”دیارە گەشتەکەی ئۆجالان بە رەزامەندیی بەرپرسانی رووس بووە. مەزەندە دەکرێت گەشتەکەى بە مەبەستی تێپەڕین لە ترانزێت بێت”.

    ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: ئاشکرا بوو، بۆ ئەوەی رێبەر ئاپۆ لە رووسیا بکرێتە دەرەوە، مادڵێین ئۆلبرایت وەزیری دەرەوەى ئەمریکا لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩دا سەردانی مۆسکۆ دەکات.

    ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: رێبەر ئاپۆ زۆر بە خێرایی لەو شوێنەى لە مۆسکۆدا تێیادا نیشتەجێ بوو برایە دەرەوە و بە زۆر خرایە ناو فڕۆکەیەکی کارگۆ و بردیان بۆ دەرەوەى سنووری رووسیا. دواتر ئەوە روون بوویەوە، ئەو شوێنە دووشەنبەی پایتەختی تاجیکستان بوو.

    ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: شەنگول ئاتاسانگیون راوێژکاری دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی تورک (MIT) و بولەند ئەجەوید سەرۆک وەزیرانی تورک و سولەیمان دەمیرەڵ سەرۆک‌کۆماری تورک کۆبوونەوە و رایانگەیاند: “ئێمە لەو بڕوایەداین شوێنەکەى ئۆجالان لە رووسیا دەستنیشان دەکرێت و دەستگیر دەکرێت”.

    ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: ئیگۆر ئیڤانۆڤ وەزیری دەرەوەى رووسیا رایگەیاند: “من دەتوانم ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان بە شێوەیەکى فەرمی رابگەیەنم و دەڵێم، لە خاکی رووسیادا نییە”.

    ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: مادڵێین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەى ئەمریکا رۆیشت بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و لەگەڵ پریماکۆڤ سەرۆک وەزیرانی رووس کۆبوویەوە. رۆژەڤی سەرەکی کۆبوونەوەکەیان رێبەر ئاپۆ بوو.

    ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: دوای ئەوەى ئۆڵبرایت مۆسکۆی بە جێهێشت، رێبەر ئاپۆ کە لە شاری دووشەنبەی پایتەختی تاجیکستان بوو و لەلایەن رووسەکانەوە بۆ ماوەى ٨ رۆژ گۆشەگیر کرابوو، سەرلەنوێ بردیانەوە بۆ مۆسکۆ.

    ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: بە ناوبژیوانی ناکاساکیس جەنەڕاڵی خانەنشینی یونان فڕۆکەیەکی تایبەت رەوانەى رووسیا کرا.رێبەر ئاپۆ بەو فڕۆکەیە بۆ جاری دووەم رووی لە ئەسینا کرد. رێبەر ئاپۆ چووە گوندی نیا مارکی، کە ٤٠ کلیۆمەتر لە ئەسینای پایتەختەوە دوور بوو و لە ماڵی ڤولای نووسەردا مایەوە.

    ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: ناکاساکیس لەگەڵ تیۆدۆرۆس پانگالۆس وەزیری دەرەوەى یونان بۆ مانەوەی رێبەر ئاپۆ لە یونان چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. پانگالۆس رایگەیاند: “من دەمەوێت رووبەڕوو چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەم” و ئەو پەیامە برا بۆ رێبەر ئاپۆ.رێبەر ئاپۆ لەگەڵ ناکاساکیس رۆیشت بۆ شوێنی چاوپێکەوتنەکە، بەڵام لە بریی پانگالۆس، ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی یونان بە ناوەکانی ستاڤار ئاکاکیس و کالەندەریدیس پێشوازییان لێکرد.

    ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩: بە فڕۆکەیەک کە لەلایەن یونانەوە ئامادە کرابوو، رێبەر ئاپۆ برا بۆ شاری مینسکی پایتەختی بیلاروس. گوایە دەبوایە رێبەری ئاپۆ بە فڕۆکەى دووەم لە شاری مینسکەوە بڕۆشتایە بۆ شاری لاهای هۆڵەندا.

    ١ی شوباتی ١٩٩٩: رادیۆی هۆڵەندا بڵاویکردەوە، رێبەر ئاپۆ خواستویەتی بێت بۆ هۆڵەندا، بەڵام داواکەى قبووڵ نەکراوە. ئەو شەوە نەک تەنها ئاسمانی هۆڵەندا، بەڵکو سەرتاسەری ئاسمانی ئەوروپا بەڕووی رێبەر ئاپۆ دا داخرابوو. لە مینسک بە بەردەوامی هەوڵیان دەدا رێبەر ئاپۆ لە فڕۆکەکە ببەنە دەرەوە، بەڵام رێبەر ئاپۆ ئەو گوشارانەى قبووڵ نەکرد و لە فڕۆکەکە نەچووە دەرەوە. لەبەر ئەوەش فڕۆکە یونانییەکە هەر هەمان شەو لە دەورووبەری کاتژمێر ٠٤:٠٠ دا سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ ئەسینا.

    گەڕایەوە بۆ ئەسینا و جارێکیتر لەلایەن ستاڤار ئاکاکیس کادێری ئەمریکا و ناتۆوە پێشوازی لێکرا و هەمان شەو زۆر بە خێرای رێبەر ئاپۆیان برد بۆ دوورگەی کۆرفو، کە بارەگای سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیای تێیادا بوو. بەرەبەیانی ١ی شوبات، پانگالۆس بە تەلەفۆن لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەسینا نیکۆلاس بورنس قسەی کرد و پێی راگەیاند، رێبەر ئاپۆ لە یونانە. بورنسیش فەرمانی بە پانگالۆس کرد ‘باشە ئێوەش لە یونان دەری بکەن، ئێمە کارەکانی تر دەکەین’.

    ٢ی شوباتی ١٩٩٩: رێبەر ئاپۆ ئەمجارە لە ماڵێکدا لە دوورگەی کۆرفو گۆشەگیر کرا و کاتژمێر ٢٠:٣٠ بۆ ئەوەى بە فڕۆکە بڕوات بۆ ئەفریقا، کەوتەڕێ. شەوی ١ لەسەر ٢ی شوبات لە کاتژمێر ٠٥:٣٠ دا فڕۆکەیەکی سەربازی شاراوە بۆ وەرگرتنی رێبەر ئاپۆ هات بۆ فڕۆکەخانە، بەڵام هیچ لۆگۆ و تۆمارێکی فەرمی نەبوو. نە ژمارە و هێما و کۆد، هیچی لەسەر نەبوو. هیچ ئاماژەیەکی پێوە نەبوو، کە بۆ کوێ دەچێت. فڕۆکە شاراوەکە، کە لە سویسراوە هاتبوو، لەلایەن گلادیۆ ناتۆ و CIAـیەوە ئامادە کرابوو و بەرەو شاری نایرۆبی پایتەختی کینیا بەڕێکەوت.



    کژار