• تاگەکان: ,

    بۆ ڕای گشتی

    26 ئه‌یلول, 2023

    بۆ ڕای گشتی، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران! ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ!

    لە ١٠ی  گەلاوێژی ٢٧٢٣، یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان “کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار”، بە ناوی “وریشە مورادی” ناسراو بە “جوانا سنە”، کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کاروباری سیاسی و ڕێکخستنی پێوەندیدار بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕفێندراوەو بۆ شوێنێکی نادیار راگواستراوە.
    لەم ماوەیەدا سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی هاوڕێمان وریشە مورادی بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو دەست نەکەوتووە. ئەم بابەتە نیگەرانی ڕێکخراوەکەی ئێمە “کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار” و هەروەها بنەماڵەکەی، سەبارەت بە دۆخی نادیاری ناوبراوی زیاتر کردووە.
    سەبارەت بە بێ سەروشوێنکردنی ئەم هەڤاڵمان لە لایەن هێزەکانی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئێمە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی گیان و مافەکانی هەڤاڵ جوانا سنە.
    هەر بۆیە داوا لە ڕای گشتی و ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەکەین کە ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنکردنی هەڤاڵ جوانا سنەو هەروەها “سیناریۆ سازی دامەزراوە ئەمنییەکان” لەدژی ناوبراو بگرنەبەر.
    ٤ی رەزبەری ٢٧٢٣
    کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار



    کژار