• کورتەی پێکهاتنی مێژوویی ڕاستینەی کورد

    14 تشرینی یه‌كه‌م, 2023

    رێبەر ئاپۆ

    لە بەرگەکانی پێشووتری بەرگرینامەکانمدا گەشتێکی مێژوویی له‌مه‌ڕ ڕاستینەی کورد كرابوو. هەربۆیە لەجیاتی دووبارەکردنەوە، شیکردنەوەی دیاردەکانی یەکتربڕین و دووڕیانە گرنگەکان ڕۆشنکەرەوەتر دەبێت. چونکە کوردبوون واقیعێک نییە کە لە مێژوودا بەردەوام بە جێگیری وەستابێت. بەڵکو وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی، وەرده‌چەرخێت و پەرە بە بوونی خۆی دەدات. بەڵام وەرچەرخانی بە دۆخی ئێستای بەرفراوانتر و خێرایە. چونکە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا دیاردەی کورد پرۆسەیەکی هەمەلایەنی زەلالبوون و ڕوونکردنەوە بە خۆیەوە دەبینێت. شێوازی گوزارشتی هونەری شێوازێکی دەربڕینە کە زیاتر بە شێوەیەکی نەریتی و باو پەنای بۆ دەبرێت. لەو لایەنەوە، کوردبوون تۆزێک لە ڕێگه‌ی هونەر و مۆسیقاوە هەوڵی پێناسەکردنی خۆی دەدات. واتە مۆسیقا یەکێک لە گرنگترین شێوازەکانی دەربڕینی حەقیقەتی کوردە. هەروەها لە شێوازی زانستیی سەلمێنراویشدا پەرەسەندنێکی گرنگ له‌ ئارادایه‌. لەمیانه‌ی دەستەواژە مێژوویی و سۆسیۆلۆژییەکان و ڕێبازە جیاوازەکانیشەوە هەوڵی ڕوونکردنەوە و سەلماندنی کوردبوون دەدرێت. هەوڵی ئەکادیمیەکانیش زیاتر بەو لایەنەوەیە. وێڕای ئەوەی هەڵوێستە بە بنەڕەت ئایدیۆلۆژییەکان زیاتر هەڵگری ئامانج و هزرە ڕزگاریخوازەکانن، بەشداریی و خزمەتی گرنگ پێشکەش دەکەن تا گوزارشت لە حەقیقەت بکرێت.

    بێگومان خەسڵەتی چینایەتیی هەر ئایدیۆلۆژیایەک بەگوێرەی خۆی هەڵگری پشکێکی حەقیقەتە. هەرچەندە هەر مۆدێلێک بە تەنها هەوڵی ڕوونکردنەوەی حەقیقەت بدات، بەڵام تەنها گوزارشت لە ڕێژەیەکی حەقیقەت دەکات. خودی دیاردەی کۆمەڵگە ناچاری ئەوەی دەکات. وەک چۆن ناتوانین لە ڕێگەی باسکردنی یەک ڕەنگەوە باس لە تابلۆیەکی سێ ڕەنگی بکەین، ئەو هەڵوێستانەی لە ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگەی مێژووییدا پشت بە یەک مۆدێل دەبەستن، لە نوێنەرایەتیکردنی حەقیقەت و ڕاستیدا بەردەوام ناتەواون و بە هەڵەدا دەچن. کاتێک ئاستەکانی شێوە و مانا ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگه‌ش بخرێتە سەر ئەمە، ئەوا بەکارهێنانی شێوەی یەکانگیری سەرجەم ئه‌و ڕێبازانه‌ی نوێنەرایەتیی ڕێژه‌و ڕاده‌ی حەقیقەت و ڕاستییەکان دەکەن، گرنگ و بایەخدارە.

    باڵابوونی ڕێبازی زانستی لەو سەردەمەماندا ئەو حوکم و داوەرییانەی لەگەڵ‌ خۆیدا زەق کردووه‌تەوە کە ڕێبازەکانی دیکە گوزارشت لە حەقیقەت ناکەن. بەڵام ئەو کائۆسە زانستییەی لە ئارادایە، سەرجەم کێماسیەکانی ئەو شێواز و ڕێبازانەی خستووه‌تە ڕوو کە پشتیان پێ دەبەستێت. چونکە خودی ڕێبازی زانستی کۆسپی جدیی لە پێش تێگەیشتنی حەقیقەت دروست دەکات. هەروەها ورده‌ورده‌ پەیوەندیی ڕێبازی زانستی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵاتی هەژموونگەرایی سیستەمی شارستانییەتی خۆرئاوادا ئاشکرا دەبێت. لەو سۆنگەیەوە، بەیەکەوە بەکارهێنانی هەڵوێستە تاکانە و گەردوونییەکان سەبارەت بە حەقیقەت، پێویستییەکی سروشتی بەدیهاتنی بوونە.



    کژار