• بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانی کورد یان وەڵامدانەوەی پیلانگێڕی

    23 كانونی یه‌كه‌م, 2023

    رێبەر ئاپۆ

    ئەو پیلانگێڕیەی لە سەرەتای ١ی شوباتی ١٩٩٩ لەلایەن ئەسیناوە خرایە بواری کردارییەوە، لە کەسێتی مندا دیاردەی کوردو ئەو پرسانەی لێی دەکەوێتەوە خستنیە بەردەم دوالیزمێکەوە: یان خۆکوشتن (ئینتیحار) یان ئافراندنی هەلومەرجی ژیانێکی نوێ لەبواری ناوەڕۆک و شێوەشدا! هەروەک چۆن دەزگاکانی راگەیاندن گوزارەی لێدەکەن کاتێک وەک دیارییەکی پێچراو رادەستی دەسەڵاتی تۆلیگارشی ئەنقەرەیان کردم، سیستەمی هەژموونگەرایی ئەمریکا کە لە ئاستی جیهاندا بەکاریگەر بوو زۆر باش منی دەناسی و دەیزانی چی دەکات. لەناو سیستەمەکەی خۆیدا لێکدانەوەی بۆ ئەنجامەکان دەکرد، جا بەمردنم بێت یان بەمانەوەم لەژیاندا. ئەمریکا و ئۆلیگارشی یۆنانی شیمانەیەکی مەزنیان دانەدەنا بۆ مانەوەم، لەو باوەڕەدا بوون کە یان خۆم دەکوژم یاخود شێوەیەکی جیاوازتری مردن لە چاوەڕوانیمدایە. ئەو دۆخە رۆحیەی کە لەسەرەتاوە تێی کەوتبوون، کە بریتی بوو لە پۆزسیۆنێکی چاوەڕوانی کردن، بەڵگەیەکی بەرچاوە بۆ ئەمە.

    کاتی تەسلیم کردنم بە تورکیا هیچ گەرەنتیەکیان وەرنەگرتبوو، بەڵکو هەڵوێستیان بەگوێرەی ئەو وتە گەلێریە بوو کە دەڵێت (گۆشت و ئێسقانەکەی بۆ تۆ). هەستی دوژمنایەتی لەناو ریزەکانی رێکخستن و گەلدا گەیشتبووە بڵندترین ئاست، ئەم زەمینەش بۆ مەیلی خۆکوژی لەبار بوو. لەکاتێکدا PKK ئامادەکاری خۆی دەکرد بۆ ئەوەی نزیکەی پێنج هەزار ئەندامی خۆی بنێرێت بۆ چالاکی گیانبازی، رای گشتی تورکیا خرابووە رەوشێکەوە کە چاوەڕێی دەکرد لە زووترین کاتدا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکرێت. چالاکیەکانی خۆسووتاندنیش هەر بەردەوام بوو. بەڵام سەبارەت بە ئەمریکاو هەردوو هاوپەیمانە نزیکەکەی ئیسرائیل و یۆنان، لەو بڕوایەدابوون کە لەگەڵ بەرز بوونەوەی دوو لەیەنی شەپۆڵی چالاکی گیانبازی و کوشتن، تورکیا دەکەوێتە ناو گێژاوەوە؛ ئەوا لە قوناغێکی بەم جۆرەی پڕ لە رۆڵی تۆڵەو نەفرەت، پڕ لە ئاڵۆژی و قەیران و مایەپووچ بوونی ئابوری، کە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دەیان ساڵ درێژ دەبێتەوە، دەرفەتی زیاتر و چانسی زیاتر بۆ سەرکەوتنی سیاسەتەکانیان دەڕەخسێ. هەروەها زۆر باوەڕیان بەوە هەبوو کە هەردوولایەنی کوردی و تورکی لە دوای فوو تێکردن و ئاوساندنی هەستی شۆڤێنیزمی نەتەوەییان ئەوا هەلومەرجێکی نالەباری شەڕ و پێکدادانێکی کوێرانە دێتە ئاراوە، کە رێگاکەی داخراوە و ناتوانن لێی دەربکەون. لەدەرئەنجامدا هەردوو لایەنیش دەبنە پاشکۆی ئەوان و هیچ رێگایەکی دیکەیان لە بەردەمدا نابێت.

    ئەگەر چی بەهیچ شێوەیەک ئەوەیان بەبیردا نەدەهات لەم بارودۆخەدا سیاسەتە کلاسیکییەکەیان کە خۆی لە (پەرتکە و زاڵبە) یان (کەروێشک راکە، تانجی بیگرە) دەبینیەوە ژێر بکەوێت. بەڵام لەم ١٥ ساڵەی دواییدا سەرەداوەکانی سیاسەتەکانیان ئاشکرا ببوو. هیچ چارەیەکی تریان نەبوو، هەربۆیە هەوڵیان دەدا لەمیانەی ڤێرسیۆن (ڤێرژن)ی سیاسەتی ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردووەوە، مێژوو دووبارە بکەنەوە. بەو شێوەیە تورکیاو کوردان شەپۆل بە شەپۆل دەخرانە باوەشی سیستەمەوە. ئینگلتەراش لە رێگای ئەزموونی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردوویەوە، نەخشەکێش و جێبەجێکاری خاڵە هەستیارەکان بوو. هەوڵیدەدا لەژێر رێبەرایەتیەکی نوێدا PKK بە خۆیەوە گرێبدات، جارێکی تر ئەو سیاسەتانە لەسەر ئێراق پەیڕەو بکات کە لە بیستەکاندا پیادەی دەکرد، ئەویش لەڕێگەی بزووتنەوەیەکی کوردی نەتەوەپەرستی سەرەتایی و بەکرێگیراو و پاشکۆی خۆیەوە. ئەو رەوشەی لەساڵی ٢٠٠٣ ئێراق دووچاری هات ئاماژەیە بۆ پتەوی بناخەکانی ئەم سیاسەتە. دەیانویست لە کەسایەتی مندا رووداوی شێخ سەعید دووبارە ببێتەوە، کار گەیشتە ئاستێک کە رۆژی دەرچوونی بڕیاری لە سێدارەدانم کە ٢٩ی خوزەیرانی ١٩٩٩ بوو، هەمان ئەو رۆژەیە (٢٩- ٦-١٩٢٥) کە تیایدا شێخ سەعید لەسێدارە دراوە.

    لەبەرامبەر ئەم راستیانەدا نەمدەتوانی خۆکوشتن هەڵبژێرم، نکوڵی لەوەش ناکەم کە لەبەرامبەر ئەو رەوەشە قورسەی کەزۆر زەحمەت بوو بەرگەی بگرێت بە یادەوەری شەهید کەمال پیر و هەڤاڵەکانی بیرم لەمانگرتن لە خواردن هەتا مردن کردەوە، نکوڵی لەوەش ناکەم کە کاتێک لەناو فڕۆکەدا بووم، تەنانەت پێش ئەوەی یەک وشەش بەزمانمدا بێت، بیرم کردەوە کە ئەم رێگەیە بگرمە بەر. بەڵام لەبەر ئەوەی پیلانە ئامادەکراەکە چاوەڕوانی کۆتاییەکی بەو رەنگە بوو تاوەکو بگاتە ئامانج، بەم جۆرەش پیلانگێڕان لە تاریکیدا دەمانەوەو پەردەپۆش دەکران، هەروەها قۆناغێکی نەفرەت و تۆڵە سەندنەوە دەستی پێدەکرد، کە کارێگەری خۆی بۆ چەند سەدەیەک بەجێ دەهێشت و کوشتن و بڕینێک زاڵ دەکراو بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرا کە شایستەی ئەوە نین بەو جۆرە بمرن یان بکوژن، هەروەها ئەمە لە نێوان هەردوو گەلەکەمانیشدا روویدەدا کە بۆ ماوەیەکی درێژە لەگەڵ یەکتریدا لەناو کولتوورێکی ژیانی یەکگرتوودا بەیەکەوە دەژین. هەموو ئەم راستیانە ئەوەیان زۆر بەڕوونی دەردەخست کە مافی ئەوەم نییە بەهەستی ئازار و تۆڵەسەندنەوەی شەخسی، کۆتایی بە ژیانی خۆم بێنم. هەرچەندە تراژیدیاکەم بە ئازارە و شایانی ئەوە نیم کە دووچاری هاتووم، بەڵام پێویستە لەپێناو هەندێک بەهای باڵادا هێز و توانای پابەند بوون بەژیان بیشان بدەم. ئەوەی لێرەدا گرنگە شەرەف و کەرامەتی شەخسی نییە. بەڵکو پێشخستنی لێکدانەوەیەکی نزیک لەڕاستی یە لە پێناوی بەها پیرۆزەکاندا، ئەگەر بواریش بڕەخسێت بەهەموو هێزێکمەوە هەڵبدەم بۆ ئەوەی بخرێتە بواری کرداریەوە. بەم شێوەیە هێڵە گشتیەکانی پێداگرتنم بۆ ژیان لەلا چەسپا.

    ئەوە زۆر روون و ئاشکرایە کە لەسەرەوە هەتا خوارەوە پرۆسەیەکی بەخۆداچوونەوە و ئەنجامدانی وەرچەرخانی ریشەیی لەبواری شێوەو ناوەڕۆکدا وەک ئەرکێک چاوەڕێیان دەکردم. ژیانی منیش گرێدراوی سەرکەوتن بوو لەم ئەرکەدا. لەو قۆناغەدا بەرامبەر بە بارودۆخی قورسی زیندانەکان، زیندانییان تا مردن بەرخودانیان دەکرد. لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی من زۆر گرانتر بوو، بەڵام دەمزانی کە هەڵسان بە کارێکی بەو رەنگە نە راستە و نە ریالیستیانەیە و نە هیچ سوود و بەرهەمێکیشی هەیە. هەروەها بیرم لە ناڕاستی ئەو هەڵوێستەش دەکردەوە کە گەل و رێکخستن لەپێناوی مندا هەستنە سەرپێ. وەک پێویستیەکی پیلانە داڕێژراوەکەش هەڵوێستی بەو رەنگە هەر لەسەرەتاوە سەرکوت دەکراو تێدەشکێنرا. لەناوبردنی هەموو ئەندامە زیندووەکان مەرجێک بوولە مەرجەکانی سەرخستنی پیلانەکە. مەیلی نەتەوەپەرستی شۆڤێنیزمی دەرهەست (ئەبستراکت) دوودڵ نەبوو کە هەموو شتێک بکاتە قوربانی، مادام بوونی سیاسی خۆی بەردەوام دەبێت. هەروەها نەتەوەپەرستی سەرەتایی بەکرێگیراوی کورد و خائینەکانی ناو PKK ش چاوەڕێیان دەکرد ئەوە رووبدات. کاتێک هانام بۆ ئەم هەڵوێستە نەبرد و نەمگرتە بەر، ویستیان رەوشەکە بەکار بهێنن و گوتیان:( ئاپۆ بەرخودانی نەکرد، تەسلیمی دەوڵەتی شاراوە بوو). پێویست بوو نەبمە ئامرازی دەستی ئەوانەو بواریان پێ نەدەم. بەڵام پابەند بوونم بە بیرەوەری شەهیدانی مانگرتن تا مردنی ساڵی ١٩٨٢ وەکو کەمال پیر و محەمەد خەیری دورمش و هەروەها مەزڵوم دۆغان و فەرهاد قورتای و هەڤاڵانی دواتریان، فەرمانی پێ دەکردم کە لەجیاتی ئەوەی هانا ببەم بۆ لاسایی کردەنەوەیان، لەپێناو ژیانی ئازاددا هەڵسم بە ئەنجامدانی قەڵەمبازێکی نوێی شەڕەفمەند و راستەقینە. بەکورتی، لە ئەنجامدا کاتێک بڕیاری پێداگرتنی ژیانم مسۆگەر بوو، توانیم جەسارەت بکەم بە دەستپێکردنی قۆناغی وەرچەرخانی مەزن.

    بەگشتی مێژوو بەتایبەت یش کولتووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغی بەمجۆرەدا پڕە لە نموونەو رێبازی وەرچەرخانی بەم رەنگە. هیچ جیاوازییەکی گەوهەریانە لە نێوان ئەوەدا نییە کە لە ئەشکەوتێک دا وەکو (حەزرەتی ئەیوب) یاخود لە لوتکەی شاخێک وەکو (زەردەشت) چوونیتە خەڵوەتەوە یان لە ژوورێکی تاکەکەسی زیندانی ئیمڕالی بەندکرابیت. بەڵکو پرسەکە بریتییە لە پێشخستنی تایبەتمەندیەکانی چۆنیەتی وەرچەرخان. ئەگەر ئەم وەرچەرخانە خەسڵەتگەلێک بەدەست نەهێنێ کە هەموو ئەزموونەکانی پێشووتری بواری گۆڕان و پەرەسەندن دەرباخ بکات، هیچ ماندیەکی نەدەبوو. شایستە بوون بەو بەها پیرۆز و هیوا بەرزانەی کە بارگاوی کراون بە ئێش و ئازاری مەزن و لەژێر بەرپرسیارێتیم دا پێکهاتووە، لە نزیکەوە گرێدراوی ئەنجامدانی ئەو هەنگاوە بوو. ئەوەی باسی لێوەدەکەین؛ لەسەر بنەمای کەسایەتی خۆم، تاک و دامەزراوەو ئەو سیستەمە ببینم و شی بکەمەوە کە لەبواری زهنیەتدا ئیفلاسی کردووە. تەنیا بەمەش سنووردار نەمێنم، بەڵکو ئەوە دەرباز بکرێت و سیستەمی نوێ لە جێگەی ئەو ئاوابکرێت.



    کژار