• تاگەکان: ,

    هه‌سته‌كانمان بۆ ژیانێكی ئازاد، مسۆگه‌ر ئە‌بێت سیاسی بكرێن

    24 تشرینی دووه‌م, 2023

     كۆمیته‌ی ژنۆلۆژی- روژهه‌ڵات

    ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست و ناره‌زاییه‌كانمان زه‌حمه‌تی ده‌كێشین، هۆكاره‌كه‌ی به‌ سیاسی نه‌كردنی هه‌سته‌كانمانه‌. چونكه‌ له‌ بڕیارداندا دوو دڵین، ئه‌م دوو دڵییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌سته‌كانمان. له‌وبواره‌وه‌ له‌ چوراچێوه‌ی به‌ سیاسی كردنی هه‌سته‌كانمان رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌م ته‌حلیلاته‌ پێشده‌خات.

    رێبه‌ر ئاپۆ‌: «هەر چ بەشێکی گەردوون لە دەرەوەی مرۆڤیش بێت ئەگەر لەمرۆڤدا وەرنەچەرخێتە هزر و هەست، ناکرێت باس لە یەکانگیری وزە و ماددەی تێدا بکرێت. ئەوەی کە پێی دەڵێین مێژووی گەردوون، مەبەستمان لەو ڕاستیەیە».

    ئەگەر بمانەوێ ڕیشەی هەست و هەبوونی هەستمان واتادار بکەین، ڕاستتر وایە بە پەیوەستکردنی بە مێژووی گەردوونەوە دەستپێبکەین. لەبەرئەوەی کە بوارەکانی هەستمان ( دەنگ، تام، بۆن، بینین، بەرکەوتن، بیستن) پابەند بەگەردوون،دونیای ناخمان، کۆمەڵگەبوونمانەوە، دونیای کارتێکەری زیندووێتیە. ئەو دونیای کارتێکەری زیندووێتیە و ڕیشەی هەستمان بەر لە بوونمان لەم گەردوونەدا لە زۆر زیندووی دیکەدا پەرەیسەندووە. ڕەمەک، هەست و نەست پەیوەست بەیەکەوە گەشەیانکرد. هەرچەند گوزارە بن لە ئاستێکی پێشکەوتووتری مرۆڤ، بەڵام ڕیشەکەی لە مێژووی گەردووندایە. هەست وەک وشە لە زۆر زمان دا، لە واتای گشتیدا تەنیا گوێدانە هەندێ دەنگ نیە بەڵکو هەستیاری، کۆی هێز و وزەی هەبوونێکی زیندووە لە پەیوەندیدا لەگەڵ جیهانی دەرەوەی. ئەگەر وەها بیری لێبکەینەوە ئەوە درک بەوە دەکەین کە هەست چ وزەیەکی بەرز و هێزێکی ناوازە، بێسنور، هەمەڕەنگ و ئازادبەخشە.

     هەنگاوی یەکەمی درککردن بەهەست بایەخێکی ژیانیی هەیە لە واتاکردنی هەبووندا. ئەگەر درک بەو بایەخە بکەین و ڕێکخستنی بکەین، لە کات و جێی ڕاستدا بیخەینە کار، ئەوە دەتوانین ببینە تاک و تێکۆشەرانی بەکاریگەر لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی کە لە سروشتی کۆمەڵایەتی و سروشتی یەکەم بەڕێوەدەبرێت. دەتوانین بێسنور لە بەرامبەر ئەو زوڵمە بەکاریگەر بین. ڕێبەر ئۆجالان بە درێژایی تێکۆشانی، هەمیشە بەوشیاری و زاناییەکی قووڵەوە وەک دیاردەیەکی بنەڕەتی مامەڵەی لەگەڵ هەست کرد، واتاداری کرد و لێی تێگەیشت، مەزنی کرد و پێناسەی کرد. هەروەها هەست بووە دیاردەگەلێکی بنەڕەتی واقیعی کۆمەڵایەتی. ئۆجالان هەتا قۆناغی ئیمرالی لە هەموو شیکردنەوە ئایدۆلۆژی-ڕێکخستنیەکاندا کە بواری کۆمەڵایەتی و دەروونی زۆر بەهێز و قوڵبوون، ڕاستی کادر و کۆمەڵگەی پەیوەست بەهێزی هەست و ئاستی هەستەوە خستەڕوو. لە فەلسەفەی ئازادی و تێکۆشانەکەماندا ڕاستی هەست لەگەل ڕاستی ڕایبەرایەتی گرێدراوەتەوە. هەمیشە ڕاستی هەست لە ناسینیدا، ڕێزگرتن لە هەست، شکۆدارکردنی هەست، بەدەستهێنانی هەستی جوان، فێربونی ، پێشخستنی، ئافراندنی بەڕێبازی تێکۆشانەوە بەستراوەتەوە.

     هەروەها درککردن بەهەستی ناشیرین و خراپ،لەپێناسەکردنیدا، پەروەردەکردنی، ناسینی سیاسەتی پوچەڵکردنەوەی هەست و وشکردنی بەڕاستی کەسایەتیەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بەپێشخستنی پارادایمی شارستانی دیموکراتی هەڵوێستی سەرەکیمان لە ڕاستی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی سیاسیدا هاوسەنگکردنی هێزی ژیری هەستیاری لەگەڵ ژیری شیکارییە. لەو ساڵانەی کە رێبه‌ر ئۆجالان لە سوریا مایەوە لە ڕاستی کادردا زیاترین شیکردنەوەی لەسەر هەست کرد. شیکردنەوەی لەسەر ئەو هەستانەی مرۆڤ کرد کە کاریگەری لەسەر شەڕ، سیاسەت، تێکۆشانی ئازادی و ژیان دەکات. لە بواری پەروەردەدا، بەڕێبازی گفتوگۆ، باڵابوون و دابەزینی هەستی وەک بابەتی پێشخستنی شۆڕش خستە ڕۆژەڤی کادرەوە و ئەوەشی لە هەموو کات و جێیەکدا لەگەڵ ڕێکخستن بەش کرد. زۆر بەکراوەیی باسی لە هەستی خۆی و ئەزمون و پەیوەندییەکانی کرد. چەندین جار ئەو ڕاستییەی نیشانداین کە بێ پێشخستنی هەستی باڵا، خۆشەویستی و ئەشق پەرە بە تێکۆشانی ئازادی نادرێت. پێوەرەکانی ڕاستگۆیی لە هەستدا ڕاگەیاند. لە هەموو دیالۆگێکیدا، لەهەر بوارێکیدا ڕووبەڕوومان بووبێتەوە دەیگووت؛ «هەستی نوێتان تێدا پێشدەکەوێت؟ دەی باسی بکەن، چ هەستێک گەشەیکردووە لە ئێوەدا؟» دەیویست جیهانی هەستمان تێبگات، وشیاری خۆی لە ئاست هەستدا نیشان دەدا: هەستی جوان پەیوەندی بەڕاستی کۆمەڵگەییەوەیە. هەستی جوان لە ئێمەدا ناکرێت دابڕاو لە ڕاستی کۆمەڵگە، تەنانەت لە ڕاستی خاک بێت. هەروەها ناکرێت ئازادی وەک چەمکێکی جیاواز ببینرێت، بێ ئەوانە هەست نابن.

    هەست پەیوەندی بەبواری کۆمەڵایەتیەوەیە. گەورەیی هەست، پێکەوەژیانی ئابڕومەند و شکۆدارانەی ئازادی، لە نزیکەوە پەیوەندی بەئاستی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوەیە . پێموایە کرانەوەیەک لە جۆش و هەستاندا سودمەند دەبێت. زۆر گرنگە کە هەست بەوریاییەوە پەروەردە بکرێت و پێشبخرێت. هەست و هزری ژێربەژێر زیانمەندن. کەی بڕیاری دەرخستن و ڕاست ئاراستەکردنی بدەین، سودی بۆ هەموو کەسێک دەبێت. دەبێ هەستتان پێشبخرێت، دەبێ بەهەستیارییەکانتان هەست بە هەندێ شت بکەن. ڕۆژێک ئەگەر تێدا هەست بەوە نەکەم کە جوانترین هەستم پێشخستووە یان ئیرادەیەکم لەخۆدا خوڵقاندووە کە هەموو ستەمکارییەک بڕوخێنیت، ئەوەی حسابی ئەوەی بۆ ناکەم کە ئەو ڕۆژە پڕاوپڕ ژیاوم. ناتوانم هەست بکەم، دەتانەوێت هەستی باشتان هەبێت بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر ناکەن، دەبێ بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەو بابەتە تێکۆشانێکی لێبڕاوانەتان هەبێت. مەگەر لەئەنجامی تێکۆشاندا بگەنە هەستی مەزن. شەڕ بۆ گەیشتن بە پێکهێنان و بەرجەستەکردنی هەستی جوانە. شەڕ لە پێناوی ژیانێکی نایاب و ڕێزداردایە. لەپێناوی بەرجەستەکردنی ژیانێکی ئابڕومەنددایە. هەستی مەزن و قوڵ لە سەر چ بنەمای گەشەدەکات. دیارە و ئەوەی ئێمە هێناومانەتەئاراوە، هەستێكی مەزنە، پێگەیشتووە، ناوەرۆکیان تژەیە و ئازادیخوازن.گرنگ بەرژەوەندی گەلە. لەئەنجامیشدا ئەزمون و پراکتیکێک لەئارادایە. ئەوەی بەرجەستە بووە هەستەکان باڵا دەکەن، ئەوەی بۆ گەل هەستی خۆی گەڵاڵە بکات، هەستی مەزن دێنێتەئاراوە، ئەشقی مەزنیش دێنێتەئاراوە»

     رێبه‌ر ئۆجالان ساڵانێکی درێژ بە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکانی لەسەر هەست، ئەو بابەتەی خستە رۆژەڤەوە، پێناسەی کرد، شیکردەوە و هەڵسەنگاندنی قووڵی لەسەرکرد. بە بایەخەوە لەسەریەک باسی هەستی کرد، باسی گەورەیی هەستی کرد، باسی ئەوەی کرد مرۆڤ چۆن دەرک بەهەستی خۆی بکات. پێناسەی هەستەکانی کرد، قسەی لەسەر ڕێکخستنکردنی هەست کرد، ئاماژەی بە گەمەنەکردن بە هەست و ئەو بوارانە کرد کە لە ئەنجامی گەمەکردن بەهەست، لەناوبراون. ئەو هەستەی کە چەندین ساڵ لە سوریا شیکردنەوەی لەسەرکرد و لە پرۆسەی ئیمرالیدا هەمیشە بە زیندوویی هێشتەوە، هەبوون و وزەی هەبوو. لەو بەرگرینامانەی کە لە ئیمرالی نوسی دەڵێت؛ « گەشەکردنی هەست خۆی لە خۆیدا پەرجوویەکە». هەست وەک ئەو هەبوونەیە کە تێکدەدات، دووچاری شكستت دەکات،ڕادەپەڕێنێت، بچوک و مەزن دەکات، دەخنکێنێت، باڵت پێدەگرێتەوە، دەخات، دەفڕێنێت و کوێر دەکات و هتد پێناسەکرد. بە زۆر دەستەواژە پێناسەی هەستی کرد. بۆ مەزنبوونی هەستەکانمان، تێگەیشتن و دەرککردنمان، هێزی هەستمان و بێهێزیان، ڕێکخستنکردنی هەستمان، دەرهاویشتە و ئەنجامەکانی هەستی ڕێکخستن نەکراو چ کارتێکەرییەکی هەیە لەسەرئاستی ئازادی، ئۆجالان لەهەموو بوارێکەوە شەنوکەوی کرد. لەو بارەیەشەوە ڕەنجێکی ناکۆتای دا. ماوەی زیاتر لە چڵ ساڵە ئەو ڕەنجبەرییە بەردەوامە و هەتا ئێستاش بۆ ڕاست مامەڵە کردن لەگەڵ هەست، ڕێنمایی دەخاتەڕوو. هەموو دەزانین کە پێکهێنانی سیستەمی سەرمایەداری بە لەناوبردنی هەستەکانی مرۆڤ و بەبەزاندنی ژیری هەستیاری پەرەیسەند و ئەگەر هەستی مرۆڤ زیندوویی و کاریگەری لەسەر ژیان بپاراستایە، ئەو سەرمایەدارییە پەرەینەدەسەند کە ژیانی لە مرۆڤەکان کردۆتە دۆزەخ و فاشیزم بەرەو پێشەوە نەدەچوو. هەر ئەو سیستەمی سەرمایەدارییە لە ماوەی ئەم بیست سی ساڵەی دواییەدا کۆنترین و ڕیشەدارترین پاڵنەری ژیان کە هێزی هەستە، بۆ بەرزکردنەوەی هەڵپەی قازانج و لۆژیکەکەی، خستە سەودا و مامەڵەوە. بەئاشکرا پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە « ئەگەر ژیانی هەستیاری مرۆڤ، هێزی هەستی بخەنە گەڕ و ڕێکخستنی بکەن، بێ ئەوەی هەستی پێبکەن دەتوانن داگیرکاری لەسەر کرێکاران بەڕێوەبەرن، نەک تاک بەتاک بەڵکو پۆل پۆل دەتوانن بیانخەنە خزمەتی سەرمایەدارییەوە». سیستەمی سەرمایەداری ئیتر ئەوانەی بەشێوەیەکی ئاشکرا دەردەبڕی. رێبه‌ر ئۆجالان بەئامانجی ڕێگرتن لەو داگیرکارییانەی سیستەمی سەرمایەداری و بۆ ئەوەی کە هێزی هەستی مرۆڤ بخاتە خزمەتی ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵگەوە، بە شیکردنەوەکانی لەسەر هەست ڕێ و شوێنە کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی دەگرتە بەر. رێبه‌ر ئۆجالان وەها درێژەی بە شیکردنەوەکانی دەدا؛ « پرەنسیپی هەست و وشیاری، دەبێ هەستەکانمان سروشتی بن. ئەوە ڕێوشوێنێکە، واتە لە ماهیەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی و هەستیارییەوە ڕێوشوێنێکە. تەنانەت دەبێ هەستمان پەروەردە بکەین، دەبێ ئەو هەستەشی کە نیمانە پێشبخەین».

    له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو جوره‌ هێرش و جوانییه‌كان ده‌بێت زۆر به‌ وریایی و زانستەوە خاوه‌ن هه‌ڵوێست بین. ئه‌گه‌ر وه‌كو ژن به‌ ئیراده‌ و هێزێكی له‌ سات و وه‌ختی خۆی خاوه‌ن بڕیار و هه‌ڵوێستی پێویست نه‌بین، وە ئێستا کە له‌ سه‌ر جه‌ستە، فكر، كلتور، ئه‌خلاق، كۆمه‌ڵگا و سروشت هێرشێك دژوار هه‌یه‌. ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌بن به‌ قوربانی ژنان، منداڵان و كه‌سانی هه‌ژارن، ته‌واوی نرخ و جوانیه‌كانی ئه‌م ژیانه‌ له‌ناو ده‌بردرێن. ئه‌گه‌ر خاوه‌نداری له‌ به‌رخودان و تێكۆشانی 25 نوامبه‌ر بكه‌ین، ده‌بێت به‌ زانستی ژنۆلۆژی، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی به‌ره‌وه‌ سه‌ركه‌وتن ببەین. هه‌ستی به‌ رێكخستنی ئێمه‌ ده‌توانێت ئازادی مسۆگه‌ر بكات.



    کژار