• تاگەکان: , ,

    بۆ گەیشتن بە داخوازی ڕەوای گەلان ، خاوەنداری لە گەلی ئەحواز بکەین

    22 ته‌مموز, 2021

     بە درێژایی مێژووی بە کۆمەڵگە بوون، هیچ کاتێک هێزی گەل سەری بۆ سەرکوت وناعەداڵەتی دەسەڵات داران دانەنەواندووە و هەر جارە و بە شێوازێک ناڕەزایەتی گەلانی ئازادی خواز و خاوەن ماف سەری هەڵداوە. هاوکات بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران بە بۆنەی سەرکوت و ناعەداڵەتییەکانی لە سەر گەلانی ناوچەکە دەنگی ناڕەزایەتی هەمیشە بڵیند بووە و لە ئێستا دا دیسانەوە بینەری سەر هەڵدانەوەی دەنگی ناڕەزایەتی گەلانین لە بەرامبەر نادادییەکانی ئەم ڕژێمەدا. وەک دیارە ماوەی ٧ ڕۆژە گەلی خوزستان لە بەر نەبوونی ئاو کە سەرچاوەی ژیانە ڕژاونەتە شەقامەکان و داوای مافی خۆیان کە ژیانە دەکەن. بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین، ڕژێمی سەرکوتکەری ئێران وەک هەمیشە بە زەخت و گوشار و کوشتن و ئەشکەنجە و گرتن وڵامی داخوازییەکانی گەل دەداتەوە، بەڵام ناڕەزایەتییەکانی گەلی چاو نەترسی خوزستان تا دەچێت بەرفەراوان تر دەبیت .

     ئەو دۆخە قەیراناوییەی کە لە سایەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕژێمی ئێران لە ئارادایە بەرۆکی تەواوی گەلانی گرتووە ، هەر لە بێ ئاوی ، بێکاری ، نەبوونی ئەمنییەتی ژیانی ، نەبوونی خزمەتگوزاری بگرە هەتا سەرەتایی ترین مافەکانی ژیان. وەک دەزانین ماوەیەک لەمەو پێش گەلی بەلووچستان بۆ دابین کردنی قوتی خۆیان پەنایان بردە بەر سوخت بەری و کەوتنە بەر دەسڕێژی گولەی چەکدارانی ڕژێمی ئێران و وەک بینیمان ناڕەزایەتییەکی بەرفەراوان لە لایەن گەلی بەلووچەوە بەرێوە چوو و هاوکات ئەم مەترسییەش ڕۆژانە ڕووبەڕووی جەوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتەوە ،کە ئەوانیش لە بەر بێ دەرەتانی و نەبوونی هەلی کار، بۆ دابین کردنی ژیانی ڕۆژانەیان پەنایان بردووەتە بەر کوڵبەری کە بەداخەوە لەم چەن ساڵەی ڕابردوودا بە دەیان کەنج گیانی خۆیان لە دەستداوە. لە ئێستاش دا بارودۆخی نالەباری گەلی خوزستان لە بەر کەم ئاویەکی  کە ڕژێمی ئێران خوڵقاندوویەتی، ئێمە ڕۆژانە بینەری ئەو ئێش و ئازارەین کە خەڵک پێوە دەناڵێنێت و وەک شێرپەنجە کەوتوەتە گیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە و بە بێ جیاوازی خوێنیان دەمژێت .

    ناڕەزایەتییەکانی گەلان نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو ژەهرە فکرییەی کە بەساڵانە ڕژێمی ئێران هەر جارە و بە دروشمێکی جیاواز دەرخواردی کۆمەڵگەی داوە ، ئیدی کۆمەڵگە پێی دەڕشێتەوە و ئەوەی کە نوقمی ئەم ڕشانەوەیە دەبێت خودی دەوڵەت و دەسەڵاتی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە .

    لێرەدا ئێمە وەکوو کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو شێوازێک پشتیوانی و هاودەنگی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی گەلان ، بەتایبەت ئەم داخوازی و ناڕەزایەتییە دوایانەی گەلی ئەحواز دەردەبڕین و دەڵێن ئەو ئێشەی کە ڕووبەڕووی تاکێکی عەرەبی ئەحواز دەبێتەوە هەمان ئێش و ئازاری تاکێکی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلووچستان و هەرێمەکانی دیکە. هەر بۆیەش پێویستە کە هاودەنگ و هاوئاهەنگ بین لە بەرامبەر ئەم زوڵم و نادادییانەدا بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی یەک بین ، و دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کە ڕۆڵی ژنان، ڕۆڵی هەرە سەرەکی و چارەنووس سازە لە خۆپیشاندانەکان و بەرز کردنەوەی ناڕەزایەتییەکان دا و لە ئێستادا بینەری ئەم ڕۆڵە گرینگەی ژنانین چە لە ناو خۆپیشاندانەکەن و هاوکات هاتنە دەنگی سەدان ژن لە ناو میترۆکانی گەورە شاری تاران لە بەرامبەر ناعەداڵەتیەکانی ڕژێمی ئێران لە خوزستان و پاڵپشتیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی گەلی ئەحواز سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە و پێویستە کە ژنانی خاوەن قەڵەم بە نووسینەکانیان ، هونەرمەند بە نواندنەکانیان و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و… بۆ گەیشتن بە داخوازییە ڕەواکانی گەلان ڕۆڵی پێشەنگایەتی بەهێزتر بکەن و بە بێ جیاوازی تەواوی گۆڕەپانەکان بکەن بە گۆڕەپانی بەرخۆدان و تێکۆشان لە بەرامبەر عەقڵییەتی چەوسێنەر و داپلۆسێنەری ڕژێمی ئێران .

    کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار

    ٢٠٢١،٧،٢٢



    کژار