• تاگەکان: ,

    بەشداری ژنان لە سیاسەتدا و لەمپەڕەکانی سەر ڕێگەیان

    2 ئه‌یلول, 2023

    سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژن و سیاسەت، لەمپەڕەکانی سەر ڕێگەی ژنان لە کاتی خەباتی سیاسی لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و دەستکەوتەکانی چەندین ساڵەی ژنانی کورد، لەگەڵ بەڕێز هەڤاڵ فاتمە ئادار- ئەندامی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ئافرەتانی کورد (ڕێپاک)، گوفتوگۆیەکمان ئەنجام داوە تا بتوانین لە ئەزموونی سی و چەند ساڵەی بەڕێزیان سوود وەربگرین و بۆ ژنانی ئازادیخوازیان بگوازینەوە.

    پەیوەندی نێوان ژن و سیاسەت:

    پێویستە لە سەرەتاوە کە ژن دەکەوێتە ناو کاری سیاسیدا، خۆی لە بواری ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی، فکری، لێکدانەوەی مێژوویی و هۆشمەندی پەروەردە بکات. چونکە تا گۆڕەپانی سیاسەتی پێنج هەزار ساڵە کە لە لایەن پیاوی دەسەڵاتخوازەوە دروست کراوە وەرچەرخانی بەسەردا نەیە، چوونە ناو سیاسەت؛ دۆخێک جگە لە خۆ لە پیاو چواندن و بەردەوام کردنی هەمان ڕی و ڕێباز بۆ کاروباری کۆمەڵگە بەڕێوە ناچێت. هەر بەم هۆیەوە دەبێت گۆڕەپانی سیاسەت کە بە دەستی پیاو ئاوا کراوە، لێ پرسینەوەی لێ بکرێت و ڕووبەڕووی ڕەخنەی جددی بێتەوە و هەروەها پێک هێنانی گۆڕەپانی سیاسەتێک کە کۆمەڵگە خۆی بڕیاری خۆی بدات دەبێت ببێتە ئامانجی سەرەکی ژنان. چوونی ژن بۆ ناو ئەم گۆرەپانە دەبێت لە سەر بنەمای، گۆڕین و تێپەڕ کردنی سیاسەتی پیاوسالارانە بێت کە بووەتە هۆی مەترسی بۆ ژینگە، کۆمەڵگە، مرۆڤایەتی و هەموو هەبوونێک. پێویستە ژن، لە بەرامبەر کار و خەباتی کۆمەڵایەتی کە داگیر کراوە و دزراوە هەڵوێست بگرێت و ئەمە بگۆڕێت و وەرچەرخان درووست بکات.

    لە ڕاستیدا ژن، وەک تێکۆشەرێک و کاراکتەری سەرەکەی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک بە بەردەوامی لە ناو تێکۆشان دا بووە. بەڵام نەیتوانیوە راستینەی سیاسەتێک کە پیاو لە سەر بنەمای سیاسەتی داگیرکردن و تاڵان کردن پێکی هێناوە، تێپەڕێنێت. ژنان کە لە مێژووی مرۆڤایەتی تا رۆژی ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت، لە ناو خۆڕاگری و تێکۆشان دا بوون و لەم دووسەد ساڵەی ڕابردوو دا، هەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی پیاوسالارانەدا تێکۆشانێکی ڕاستەوخۆیان کردووە تا بتوانن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیان ببن بە خاوەن دەنگ و بڕیار. لەم بوارەوە تێکۆشان و خۆڕاگریەکی جددیان نیشان داوە. مرۆڤ دەتوانێت باس لە پێشەنگانی گەورەی ژنان بکات کە بۆ ئەوەی بتواننن لە گۆرەپانی سیاسیدا هەبوونی خۆیان بەردەوام بکەن لە خۆبردوویەکی زۆریان نیشان داوە. یەک لەوانە ماریە ئۆلیپ گۆگسە، کە دایانە بەر گیۆتین. گۆگسە بەر لەوەی کە لە گیۆتین بدرێت ئەڵێت: «ئەگەر مافی لە گیۆتین دانی ژنان هەیە، دەبێ مافی هاتنە سەر کورسی و قسەکردنیشان هەبێت». لە رۆژی ئەمڕۆماندا ئەم داخوازە لە ئاستێکی بەرزتر لە سەر بنەمای ناڕازی بوون بەردەوامە و تێکۆشانی ژنان پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە. حەقیقەتی سیاسەتی ئالتەرناتیو کە تاک خۆی تێدا دەبینێتەوە، کۆمەڵایەتی بوون، کۆمیناڵیتە و بەشداریەکی راستەوخۆیە لە بەرامبەر سیاسەتی پیاوی سەردەست کە خۆی پەیوەست کردوە بە تاکگەرایی و وەکوو رەوتێکی عاقڵانە پێناسەی دەکات. پێویستە سیاسەت بە ئازادییەکی ڕادیکاڵ، یەکسان و پڕاوپڕ لە دیموکراسی دابڕێژرێتەوە؛ وەکوو گۆڕەپانێک کە هاوژیانی، جوانی، باشی و ڕاستی سەروەر بکرێت و لەگەڵ ژنان سەرلەنوێ سەرەڕاست بکرێتەوە. دیارە کە پێویستە پەیوەندی ژن و سیاسەت لە سەر بنەمای ئەم پێرسپێکتیڤە سەر لە نوێ دابڕژرێتەوە.

    ئەو ئاستەنگیانەی کە ژنان لە گۆرەپانی سیاسی لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان رووبەرووی دەبنەوە چین؟

    پاڕادایمی ئازادی کە ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان پێشی خستووە و رێبەرایەتی دەکات، لە سەر بنەمای  گەڕاندنەوەی گۆڕەپانی سیاسی بۆ ڕۆڵی کاریگەر و چالاکی ژنە. دیاردەی سیاسەت، کۆمەڵگە ساز دەکات، کاریگەری دادەنێت و لە سەر بناماکانی پێش خستنی یەکسانی، لە بەرامبەری هەر چەشنە داگیرکەری رەنج و بێ ئێرادە کردنە. هەبوونی ژن لە گۆڕەپانی سیاسەت بەشیوازێکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر ژیانی ژنان دەکات کە نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنن. بەشداری ژنی کورد، لە سەر بنەمای هەڵوێست، ڕوانگە، تێگەیشتن و هەڵسوکەوتی ئازادیخوازانەیە و یەکسانی پێش دەخات. دەبێت لە سەربنەمای تێگەیشتنێک بێت کە یەکسانی ئەوکەسانەی کە ژیانی ئازادیان کردووە لەخۆوە دەگرێت و بەم شێوازە سیاسەت کردن بە بنەما وەربگرێت. هاوژیانی ئازاد، نوێنرایەتی کردن و بەشداری کردنێک کە لە سەر بنەمای ئەم تێڕوانینە بێت، دابڕێژێت.

     پێناسەی ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیخوازی ژنی کورد سەبارەت بە لەدەست چوونی حەقیقەتی هاوژیانی ئازاد، بەم شێوەیە: « عەقڵی پیاوسالار، بۆ ڕەوا کردنی دەسەڵاتداری خۆی، پەیوەندی هاوژیانی وەکوو گۆرەپانێکی تایبەت پێناسە دەکات. بە تایبەت، مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری کە تاک و گشتی دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ئەم حەقیقەتە پارچە بکات و لە هەمان کاتدا بە رێگای مێتۆلۆژی، دین، فەلسەفە و زانست تێگەیشتنێک درووست بکات و شکڵی پێ بدات. بە تایبەتی ئەو قۆناخانەی کە ئێمە وەک شکاندنی یەکەمین و دووهەمین ناوی لێدەکەین، ئەو قۆناخانەن کە پەرە بە هاوژیانی دەدەن. بۆ نموونە لە میتۆلۆژی دا لەگەڵ شکاندنەکان، لە پاڵ خوداوەندان، سەرەتا باوک، برا، کوڕ و دوایی «هاوسەر» جێگر بوون و سەردەمی بێ کاریگەر کەردنی ژن دەستی پێ کرد. ئەوە تەنیا وەک پەیوەندیەک نییە کە لە نێوان دوو کەسدا پێناسە بکرێت، چوونکە لە هزری کۆمەڵگەدا بەرجستە بوونی خوداوەندەکان نیشان دەدات. لەم بوارەدا سەردەمی خوداوەندەکان، دەبێتە «سەرەتای» دورکەوتنەوە و لەناوچوونی هاوسەنگی نێوان ژن – پیاو، پەیوەندیەک کە مۆڵکایەتی ناسەپێنێت و یەکسانن و ئازادن.»

    پێویستە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، بۆ درووست کردنی کۆمەڵگەیەک لە سەر بنەمای گەیشتن بە ڕزگاری و یەکسانی، هەموو پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو سەر لە نوێ ڕێک بخرێنەوە. کاتێک ژیانی کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای ئازادی ژن-پیاو پەرە بسێنێت، ئەو کاتەیە دەکرێت واتا بە پەیوەندی هاوژیانی بدرێت. تێکۆشانێک لەسەر بنەمای یەکسانی لە هەموو رەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بناغەی سیاسەت پێک دێنێت. تێکۆشان، خوڵقاندن و پڕاکتیکێک لە سەر بنەمای سیاسەت و نوێنرایەتی یەکسان لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان پەرەی سەندووە. هەر چەند ناتوانین بڵێین کە تێگەیشتنی ئایدیۆلۆژیک و پێرسپێکتیوێک کە لە سەر بنەمای تێکۆشان و ئازادی ژن پێشبینی دەکرا، وەکوو خۆی چووبێتە بواری کرداریەوە. هەموو کار و خەباتی کۆمەڵایەتی بە رێگای نوێنەرایەتی یەکسان بەرێوە دەچێت. پێشکەوتنەکی گرینگ کە هەموو جیهان ئێرەیی پێ دەبات و بۆتە هۆی سەرسووڕمانیان، بە دەست هێنراوە. تێڕوانینی ژیانی کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای پاڕادایمی ئازادی بە پێشەنگایەتی ژن، لە گۆرەپانی سیاسەتدا بەڕێوە دەچێت و پێشکەوتنی گرینگی بە خۆیەوە بینیوە. لەم دۆخەی ئێستادا مۆدێلێکی گرینگ وەکوو نموونە درووست کراو و پێشکەوتنیش بێگومان هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە چاوەڕوان دەکرێت. هۆکاری سەرەکی ئەو کەموو کووڕیانە ئەوەیە کە بە شێوازێکی تێر و تەسەل پێرسپێکتیڤەکان شی نەکراونەتەوە و لە بواری خۆ پەروەردە کردن و گۆڕینی پیاودا هێز و ئاراستەی پێویست پێک نەهاتووە. چوونکە ئەو هزر و تێگەیشتنی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاری کە لە ناخی ژن و پیاواندا چێندراوە هەیە. خۆ رزگار نەکردنی ژن لەو دۆخەی ژیان کە هزری پیاوسالاری درووستی کردوە؛ یەک لەو بابەتانەیە کە لە پاڕادایمی ئازادی  بە شێوەیەکی تێر و تەسەل کاری لە سەر کراوە و وەکوو پێویست بێ لێکدانەوە و قووڵ بوونەوە و گۆڕانکاری بنگەیی ناتوانێت کاریگەری هەبێت. لە ئێستادا دۆخێکی چەواشەکارانەی هزری پیاوسالاری هەیە کە لە بەرامبەر گۆڕین و گۆڕانکاریدا درووستی کردووە بەڵام لە بەرامبەریشدا تێکۆشانێکی گرینگ هەیە. وەکوو پڕاکتیکیش لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی ژن لە گۆڕەپانی سیاسیدا خۆی لە بن کاریگەری هزری پیاو رەزگار بکات و کۆمەڵگە بە ئێرادە و بڕیاری خۆیەوە بە شێوەیێکی راستەوخۆ بەشداری کار و خەباتی خۆی ببێت، پێشکەوتنی گرینگیان بە دەست خستوون.

    لە ناو تەڤگەری ئازادی کورددا، عەقڵیەتی ڕەگەزگەرا تا چ ئاستێک توانیویە لە بەرامبەر تێکۆشانی ژنان ببێت بە ئاستەنگ؟

    ئەو پێرسپێکتیڤەی کە لە وەڵامی پرسی دووهەمدا ئاماژەی پێ کرا، بەڕێوەچوونی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی کوردە کە لە سەر بنەمای ئەسڵی خۆی سەری هەڵداوە و ئاستی ئەو پێشکەوتنانەی مێژوو دەخاتە ڕوو. لە نێوان خاڵی سەرەتا تا ئەو ئاستەی کە ئێستا پێی گەیشتووە زەحمەتی، قوربانی، هەوڵدان و تێکۆشانێکی زۆر گەورە هەیە. ئێمە باسی مێژووی تێکۆشانێک دەکەین کە هەزاران هەڤاڵی ژن لەو رێگایەدا گیانیان بەخت کردووە، فیداکاریان کردووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەردەوامی هەیە. ژنان لە  ڕێپێوانی تێکۆشانی ئازادیدا دوو جۆر بەرپرسیارتیان لە ئەستۆ گرتووە، واتا لە سەرەتادا بەشداربوون و پاشان پێشەنگایەتی کردن. لە دژوارترین ڕەهەندەکانی خۆپاراستنی تێکۆشانی ئازادی کە گەلی کورد وەکوو نەتەوە بەڕێوەی دەبات، بە شێوەی چەکداری بەشداری تێدا کردووە، بوو بە کۆڵەکەی تێکۆشان و بەرخۆدانی ئەو سەردەمە. بەشدار بوونی ژنان لە ناو هێزی خۆپاراستن و بەرخۆدانی گەریلا لە کوردستان، بە تەنیا بۆ خۆی تێکۆشانێک بوو. لە سەر ئەو بنەمایە کە ژیانی خۆی ببەخشێت، لە تێکۆشانی بەرخۆدان-خۆپاراستن کە سیاسەت کردن تیایدا زۆر زەحمەت و دژوارە، بە پراتیک و ئەزموونەوە بە سەرکەوتووانە بەشداری کرد. پیاو نەیدەویست ژن؛ لە ناو ئەرتەش، رێکخستن کردنی هێزی پاراستن و ئەو سازیانەی کە باڵادەستی خۆی تێدا درووست کردووە، جێگا بگرێت کە  تەک رەنگی خۆی تێدا ساز کردبوو. لە تێکۆشانی ئازادی کورد دۆخێکی بە هەمان شێواز خۆی نیشان دا. پیاو بەرخۆدان و هەڵوێستێکی گەورەی لە ژێر ناوی ئەوەیکە ژن لە بواری جەستەیی، بایۆلۆژی و دەروونی لاوازە، نیشان دا و پێشی لە بەشداری ژنان لە ناو گەریلادا دەگرت. بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت لە ئەیالەتی ئامەد، بایۆلۆژی ژنان کرا بە بیانوویەک بۆ ئەوەی لە دەرەوەی تێکۆشانی گەریلایی بمێنێتەوە. هەمان دۆخ بە شێواز و لە ئاستی جیاواز لە شوێن و کاتی جیاوازدا دووبارە بوونەوە. بەڵام لەو دۆخانەدا ژنان هەرگیز هەنگاویان بەروە دواوە هەڵنەگرت و بە بەدەست هێنانی سەرکەوتنان بوون بە فەرماندار و پێشەنگ. بە تێپەڕ بوونی زەمەن، بە ئێرادە، تێکۆشان و بەرخۆدانێک کە ژنان نیشانیان دا ئەو قۆناغانە  تێپەڕبوون. ژنان بە قووڵ بوونەو لە واتای ژیان ئەو تێگەیشتنەیان بە دەست هێنا کە کە بۆ ئەوەی لە ناو تێکۆشانی ئازادی کوردستان و لە هەموو کارە کۆمەڵایەتیکانیدا جێگە بگرن پێویستی بە بەرخۆدان، هەڵوێست و تێکۆشانێکی گەورە هەیە. بەشدار بوونی ژنان لە نێو گەریلا- ئەرتەش و خۆ پاراستن کە لە بن فەرمانڕەوی پیاودا بوو، بە تەنیا بۆ خۆی دۆخێکی شۆڕشگێڕانەیە و بوێریەکی زۆری پێویستە. ژنان لە هەموو ئەو قۆناغانەدا بە شێوەیەکی بەهێز سەرکەوتن، تەنانەت سیاسەتیشی لەگەڵ بێت، لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا ڕۆڵی پێشەنگایەتی وەرگرت. ئەو بەرخۆدانەی ژنانی پێشەنگ کە لە سەرئەساسی مانەوە و خەباتی چیا کە نزیکەی ٥٠ ساڵی خایاند، وە بوون بە پێشەنگ و فەرماندارانێک کە لە رۆژئاوا (باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا) و لە شەنگال لە بەرامبەر داعش تێکۆشانیان کرد و بوو بە رۆژەڤی هەموو جیهان لە بەردەوامی ئەو تێکۆشانانە بوو. ئە پێشکەوتنانەی کە لە نوێنەرایەتی یەکسان(هاوسەرۆکایەتی) لە سیاسەت و هاوژیانی ئازاد دا بە دەست خراوە، بەرخۆدان و فیداکاری هەزاران ژنی لە ئامێز گرتووە. ئاستی ئەو بەرخۆدانە سەرچاوە لە کولتووری ئەو ژنانە دەگرێت کە یەکەم هەنگاوەکانی بە کۆمەڵگەیی بوونی هەڵگرت و خۆلقێنەری کرد؛ سیاسەتیان لە بن کاریگەری و ئاراستە کردن و عەقڵیەتی پیاو رزگار کرد. هەر چەندە ئێستاش بۆشایێکی زۆر هەیە، بۆیە خەبات بەردەوام دەکات. ئاستی ژنان لە ناو تەڤگەری ئازادی کورد دا زۆر بەرزە. ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدارن. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە بەشداربوونێک کە پێشکەوتووانەیە و گۆرانکاری پێک دێنێت هەیە.

    تا ئەو کاتەی ئەو بابەتە شرۆڤە نەکرێت، پێویستە دۆخ و ئەنجامێکی وەک پیاو گۆڕاوەو، گۆڕانکاری دەکات و دەستی لە عەقڵیەت و دەسەلاتداری خۆسەپێنی پیاوانە بەرداوە، دەرنەخرێت. دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کە پیاو بۆئەوەی دەسەڵاتداری خۆی بپارێزێت و بەهێزتری بکات، بەر لە هەموو شتێ هەوڵدەدات دەسەڵاتداری خۆی لە سەر زانستی کۆمەڵایەتی، واتا ئە گۆڕەپانانەی کە لە سەر زانست و تەکنیک سەروەری هەیە، تا کۆتایی بەکار بێنێت. بەڵام ئەگەر کۆمەڵگە وەک ئێرادە ببێتە خاوەنکار و خۆی ڕۆڵ بگێڕیت، دەتوانێت هەموو گۆرەپانەکانی دەسەڵاتداری پیاودان بستێنێتەوە و هەموو دام و دەزگاکان سەرلەنوێ لە سەر بنەمای پێکەوە ئەنجام دان، رێک بخاتەوە. ئەگەر بەشداربوونی ژن لە سیاسەتدا لە سەر بنەمای ئەم عەقڵیەتە پێک بێت، هەروەکوو چۆن تا ئێستا ئەنجام دراوە و لەمەدواش دەتوانێت هەموو ئاستەنگیەک بە تێکۆشانێکی رێکخستن کراو تێپەڕ بکات. لە هەموو بەشەکانی کوردستان ژنان خەباتی گەورە و گرینگ بەڕێوە دەبەن. شۆڕشی ئێمە کۆمەڵایەتیە و بە پێشەنگایەتی ژنان بەرەوپێش دەڕوات و بە خوڵقاندنی نرخی بچووک و گەورە، قووڵتر دەبێتەوە و پەرە دەسێنێت. بەڵام دەبێ بزانین کە لە دەرئەنجامی تێکۆشانێکی زۆر دژواردا پەرە دەسێنێت. تێکۆشانی ئێمە کاراکتەرێکی زۆر بە هێزی ئافراندووە کە لە هەموو چرکەساتەکاندا بۆ تێپەڕکردنی رادیکاڵانەی عەقڵیەتی ژن و پیاوی کلاسیک تێدەکۆشێت. تەنیا ڕێگەیەک کە لە بەرامبەر عەقڵیەتی پیاوسالار کە دژی دیموکراسییە و ناهێڵێت تێکەڵاو بە ژیانمان بێت، ئەوەیە کە لە سەر بنەمای ڕێکخستن کردن، ئازادی و خۆسەری تێکۆشان بکەین. لە دژبەری ژنێکی کلاسیک کە لە سەر بنەمای هزری پیاو شێوەی گرتووە، دەبێت سەر لەنوێ لە سەر بنەمای نرخەکانی ئازادی و دیمۆکراسی بونیاد بنرێتەوە. بەشداری ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت لە سەر ئامانجی ئازادی و دیموکراسیە و دەیکات بە کولتوورێک.

    ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانەی کە ژن بە بیر و ئیرادەی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیدا پێکیان دێنێت، چ ئەنجامێکی دەبێت؟

    جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە کە ژن ڕۆڵی سەرەکە و هەوێنی گۆڕانکاری بۆ مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکە. ئەوە بە چ واتایەکە؟ ئەوە یانی ژن ببێت بە خاوەن مێژووی تێکۆشانێکی بێ پچڕانەوە. هەر بۆیە پێویستە هەم وەک مێژوو و هەم وەک تێکۆشانێکی بێ ڕاوەستان ببینرێت و لە هەر قۆناغێکدا لە بواری ئەرێنی و نەرێنی بە شێوەیەکی یەکپارچە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەگەر بۆ ژنان بەرگێکی مێژوو بەرخۆدان و تێکۆشانێکی بێ وچان بۆ هەبوونیان بێت، بەرگەکەی دی بێ ئیرادە کردن، نکۆڵی لێ کردن، بندەستی و کۆیلە کردنیانە. ئێمە دەتوانین بە تێگەیشتن لە هەموو ڕەهەندەکانی مێژوو ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژووییمان پێک بێنین. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە سیاسەت کۆمەڵایەتی ببێت و ئەوە ئەرکی سەرەکەی ئێمەیە. شێوازی سیاسەتێک کە لە سەر بنەمای چینی بژاردە، سەروو و ناوینە و لە ئازادی دوورە و نوێنرایەتی ژنان ناکات، دەبێت ئاڵوگۆڕی لەگەڵ ‌هێزی بزوێنەری کۆمەڵگە پێ بکرێت واتا هەر شوێنێک کە کۆمەڵگە هەیە، جێگەی سیاسەتە و دەبێت بەم شێوە هەڵسووکەوت بکرێت. هەموو ئەو شوێنانەی کە ئێمە کاری تێدا دەکەین، رێکخستن دەکەین و خەبات بەڕێوە دەبەین لە ماڵ و کۆڵانەوە بگرە تا هەموو ئەو شوێنانەی کە ژیان تیایدا بەڕێوە دەچێت، هەر هەمووی جێگەی سیاسەتە. چوونکە سیاسەتێک کە ئێمە رەخنەی دەکەین، بەرهەمی سیاسەتێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارییەکی ڕاستەقینەیە. بەردەوام کردنی ئەم شێوازە لە لایەن ژنانەوە بە واتای ئەوەیە کە لە ژنانیش دا عەقڵیەتی پیاوسالاری پەرەی سەندووە و بەردەوامی دەکات. دەبێت ئێمەی ژن سیاسەت لە بەرەی عەقڵیەتی دینگەرا، زانست پەرست، ڕەگەزپەرست و نەتەوەپەرست بگوازینەوە بۆ بەرەی گەلان، کۆمەڵگە، ژنان و سروشت. پێویستە سیاسەت دیموکراتیک بکرێت و ببێت بە گۆڕەپانێک کە هەموو لایەنێک و هەموو رەنگێک و بەتایبەتی ژنان بە ئیرادەی خۆیان بەشداری تێدا بکەن و دەنگی خۆیان هەبێت. گرینگە کە ژنان لەوە تێبگەن کە زانستی ژن و کۆمەڵگە پەیوەست بە ژنانە و دەبێت شێوازی هزری ڕەگەزگەرای ناو سیاسەتەوە بخەنە ژێر لێ پرسینەوە. لە سەر بنەمای حەقیقەتی هەبوونی ژن کە پەیوەست بە مێژووەکەی دەریخستووە و هاتووەتە گۆڕەپانەوە، لەمەودواش لە سەر ئەم بنەمایە بەرەو ئازادی هەنگاو بنێتەوە و لە بواری سیاسەتیشدا پەرەی پێ بدات. پێناسەی خۆسەر  بۆ ژن کە پەیوەستە بە هەبوونی، دابڕانە لە سیستەمی پیاوسالاری و تێگەیشتن لە زانستی خۆی [ژن]. هاوتەریب لەگەڵ ئەوانە ئەرکی گرینگی ئەوەیە کە تێکۆشانێکی ڕادیکاڵ بەڕێوە ببات و پیاو لەو ناسنامەی کە هەیەتی [دەسەڵاتداری] دادەبڕێنێت و بیگەیەنێت بە ناسنامەی پیاوی ئازاد. کاتێک بە سەرنجەوە سەیری ئەو ئەزموون و زانیاریانە کە لە مێژووی تێکۆشانمان بەدەستمان هێناوە بکەین، بەو ڕادەیە کە ئێمە خۆمان ئازاد کردووە، پیاو گۆڕاون. هەروەک رێبەر ئاپۆ دەڵێت: « ئێمە هێشتا لە سەرەتای رێگا داین» هێشتا رێگایەکی زۆرمان ماوە و لەمپەڕ و دژواریەکی زۆر هەیە کە دەبێت تێپەڕیان بکەین. تێکۆشانی ئازادی ژن لە درێژ مەودادا لە ناو شۆڕشدا پێویستی بە دەیان شۆڕشی تر هەیە کە لە گۆڕەپانی سیاسی، ئازادی و دمۆکراتیکدا بیکات، ئەمەش ڕێگە بۆ گوڕانکاری کۆمەڵایەتی دروست دەکات. بۆ سەرکەوتن و بونیادنانی کولتووری ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیک، پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی بیست و چوار ساعەتە و رادیکاڵ هەیە لە بەرامبەر هەموو ئەو کردەوانەی عەقڵیەتی پیاوسالار بەڕێوەی بردووە. ئێمە لە ئەزموونەکانمان ئەوەمان بە دەست خست؛ تەڤگەرێک کە پێشەنگ، تێکۆشەر، سازی، رێکخستن و ئامانجەکانی هەمیشەیی بن و بەردەوام بووبێت، تێکۆشانەکەشی سەردەکەوێت.



    کژار