• تاگەکان: , ,

    لە دژی کوشتنی ژنان و کاولکاری ژینگە تێبکۆشین

    5 كانونی دووه‌م, 2022

    بۆ ڕای گشتی

    ساڵی ٢٠٢١ یەک لە دژوارترین ساڵەکان بۆ ژن و ژینگە بوو، لە بەر ئەوەی هەم ژن و هەم ژینگە کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵات و داگیرکەرانی خاک و ئاو و هەوا. ئەم هێرشانە لە هەندێ وڵات تەنیا لە سەر ئاستی سیستەمی  دەسەڵاتدارییەوە بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت لە کوردستان هەم لە سەر ئاستی دەسەڵات و هەم لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە شێوازێکی چڕوپڕ بەڕێوە دەچوو. ئەم هێرشانە بە شێوازی جۆراوجۆر وەک سووتاندن و بڕینەوەی دارستانەکان، بەستنەوەی ئاوی ڕووبارەکان و هاوکات بەکارهێنانی چەکی قەدەغە کراو لە سەر ژینگە ئەنجام دران. هەروەها لە سەر ژنانیش بەکار هێنانی عەقڵییەتی کۆنەپارێزی بۆ کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی نامووس ، سەپاندنی داب و نەریتی دەوڵەتانی بێگانە کە لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواری ناگونجیت، شەڕ و داگیرکاری، فەقیری و هتد بە ڕێوەچوون. ئەمانە هەموو هۆکارە سەرەکییەکان بوون بۆ قەتلووعامی ژن و ژینگە لە بەر ئەوەی ژن و ژینگە دوانەیەکی لە یەک دانەبڕوان و هەر ئەم دووانەن کە لە ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لەم گێژاوەی کە سیستەمی نئۆلیبەرالی و سەرمایەداری خوڵقاندوویانە ئەتوانن دەورێکی کارا و کاریگەریان هەبێت. هەر بۆیە دەسەڵاتیش هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ژنان و ژینگە بخاتە ژێر کونترۆڵی خۆی زیاتر کەردووە، هەر چەندە دەسەڵات غافڵە لەوەی کە لەناو چوونی ئەو دوو ڕاستییە لە ناو چوونی ئەوانیشە.

    ئەم دۆخە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا دەبیندرێ و بەداخەوە رۆژانە شاهیدی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان، سووتاندنی دارستانەکان و بەستنەوەی ئاوی ڕووبارەکان لە لایەن دەسەڵاتی خۆسەپێنی رژێمی ئێران هەین. ئەم عەقڵییەتە دژە مرۆڤایەتییە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە هۆکاری دروس بوونی کارەسانەی گەورەی ژینگەیی ، ژیانی و مرۆڤایەتی.هەر وەک  لە ساڵی ڕابردووشدا بینیمان کوشتنی ژنان و لەناو بردنی ژینگە هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم بەلووچستان و لوڕستان و هەروەها زۆرێک لە ناوچە جیاوازەکانی جوگرافیای ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە .

    جێگای دڵخۆشییە هەر چەندە دەسەڵات هەوڵەکانی بۆ چەوساندنەوە و لەناو بردن زیاتر بێت، ئەوەندەش خەڵک بە هۆشیاریەوە و بە کار و هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆرەوە پیلانەکانی رژێمی ئێران پووچەڵ دەکەنەوە. لە پاڵ هەموو ئەو هێرشانە دا ڕۆژانە لە لایەن ژینگە پارێزانەوە لە شوێنی دارێکی سووتاو یان خود بڕاو بە چندین داری بەڕوو دەچێندرێن کە داری بەڕوو بۆ خۆی هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدانە. هاوکات ژنانیش لەم بوارەدا بەشێک لەم ئەرکەیان خستووەەتە سەر شانی خۆیان و لە بەرامبەری ئەم عەقڵییەتە داپلۆسێنەرەدا دایم لە ناو دەست و پەنجە نەرم کردن دان و هەر چەندە سەختییەکانی ئەم ڕێگایە زۆر بێت کۆڵ نادەن و هەموو سەختییەکان بە گیان دەستێنن. بێگومان ئەمانە هەمووی ئەو واتایە دەگەینێت کە ژن و ژینگە چەندە لە یەک نزیکن. هەر بۆیە ئەم هەوڵانە بۆ پاراستنی ژن و ژینگە ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکە و زۆر پیرۆز و بەنرخن .

     لە چوارچێوەی پاراستنی نرخەکانی کۆمەڵگە  لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەڵمەتێکمان لە ژێر دروشمی ” لە دژی سێدارە و قڕ کردنی ژنان کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە ” ڕاگەیاند و لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا چەندین کەمپەینی جیاواز لە “دژی سیاسەتی قڕکردنی زیندانیانی سیاسی “و هەروەها “هاوسەرگیری مناڵان ، ژینۆسایدی ژنانە ” بەڕێوە چوو. ئەم کەمپەینانە کاریگەری و ڕەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوەی وڵات هەبوو. هاوکات پشتیوانی و خاوەن دەرکەوتنێکی ناوخۆیی و دەرەکی لە لایان کەسایەتی ئازادیخواز و چالاکانی کۆمەڵایەتی هەبوو و بێگومان ئێمەش بۆ بە ئامانج گەیاندنی ویست و داخوازییەکانی ژنان و گەلەکەمان بەردەوامی بە کار و چالاکییەکانمان دەدەین. ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار، بۆ خاون دەرکەوتن لە ژن و ژینگە کەمپەینێک بە دروشمی ” لە دژی کوشتنی ژنان و کاولکاری ژینگە تێبکۆشین” ڕادەگەیێنین و لەو چوارچێوەیەدا چ ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان درێغی ناکەین و ئامادەین بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانمان. هاوکات بانگ لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت ژنان دەکەین کە بە بەشداری کارایان لەم کەمپەینەدا جێگە بگرن و هەوڵەکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجی ئەم کەمپەینە کە پاکتاو کردنی ئەو عەقڵیەتەیە کە هەوڵی لە ناو بردنی ژن و ژینگە دەدات .

    کۆمەڵگای ژنانی ئازای ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار

    2022/01/05



    کژار