• پرسی ژن لە کۆمەڵگه‌ی خۆرهەڵاتی ناویندا

    30 ئاب, 2023

    رێبەر ئاپۆ

    ئەو کێشانەی ژن لە ناو کۆمەڵگه‌دا بە دەستیانەوە دەناڵێنێت، بەر لە هەموو شتێک، هەڵسەنگاندنیان لە چوارچێوەی ڕەهەندەکانی کۆمەڵگه‌ی مێژووییدا گرنگ و بایەخدارە. چونکە پرسی ژن سەرچاوەی سەرجەم پرس و کێشەکانی دیکەیە. تەنانەت بەر لە گوزەرکردن بەرەو کۆمەڵگه‌ی دەوڵەتی و چینایەتی، دامەزراوەبوونی هیرارکییەکی نێرسالاری (باوکسالاری)توند لەسەر ژن دەبینرێت. لە پێناو پاساوهێنانەوە بۆ زاڵکردن و باڵادەستیی پیاو، پەنا براوەتە بەر چەندین چیرۆکی میتۆلۆژیی و ئایینییەوە. داستانی ئینانای مێخواوەندی ئورووکیش ڕەنگدانەوەی ئەو پرۆسە و قۆناغەیە. لە داستانی ئاماژەبۆکراودا تامەزرۆییەکی زۆر بۆ دایکەخواوەندی پیرۆزیی جاران و سروشت لە ئارادایە. هەر وەک لە داستانەکەشدا تێبینی دەکرێ، ژن بە دەست فێڵبازی و تەڵەکەبازی و ستەمکاریی نێرسالاریی سیستەمی دەوڵەت و هیرارکی باوکسالارییەوە دەناڵێنێت کە گیرۆدەی بووە. لە داستانی بابلدا ئەم جۆرە واقیعە (پێکدادانەکانی نێوان نێرخوداوەندە بەهێزەکەی بابل ماردۆک و دایکە خواوەند تیامات) زۆر ڕوون و سەرنجڕاکێشترە. لە میتۆلۆژیای سۆمەریدا باس لەوە دەکرێت کە ژن لە پەراسووی خواری پیاوەوە دروست کراوە. ئەمە گوزارشتێکی مەجازیی و سیمبۆلییە. لە ئایینە تاکخوداییەکانیشدا درێژە بەم تێڕوانین و هەڵوێستە دەدرێت. ئەو ژنەی وەک مێخواوەند دەکەوێتە ناو زەقوورەکانی سۆمەر، وەک سۆزانیی پەرستگا دەردەکەوێت. یەکەمین سۆزانیخانە لە شارەکانی سۆمەر دەکرێتەوە. پایەی ژن لە سۆزانیی پەرستگاوە بۆ کەنیزەکی کۆشکەکان بەرز دەکرێتەوە. هەروەها دەبێتە ئۆبجە (کۆیلە) بنەڕەتییەکەی بازاڕەکانی بازرگانی. لە شارستانییەتی گریک–ڕۆمانیشدا ژن تەنها کۆیلەی ئیش و کارەکانی ماڵە و لە سیاسەتدا جێگه‌ی نییە. لە شارستانییەتی ئەوروپاشدا ئۆبجەیەکی زایەندیی (سێکسی)یە کە لەمیانەی پەیمانێکەوە بە پیاوه‌وه‌ بەستراوەتەوە. لە شارستانییەتی سەرمایەدارییشدا سۆزانییەکی گشتیی جیهانییە. لێرەوە مێژوو، لە ڕێگه‌ی باڵادەستیی پیاوەوە، بە تەواوی بونیاد و مانایەکی نێرپەرستانه‌ی بە دەست هێناوە. ئیتر مێژوو بە سیفەتی نێر – پیاو بەردەوام دەبێت.

    بە کۆیلەکردنی ژن یەک بەدوای یەک ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر ئۆبجەکانی پیاویش دەبێت کە لە ناو کۆمەڵگه‌دا دەچەوسێنرێنەوە؛ ئەوانیش دەخرێنە ژێر قۆستنەوە و سەرکوت دەکرێن. لە کاتێکدا بەشی کاهین و سەربازیی و سیاسیی چینی سەرووی کۆمەڵگه‌ بە پێگەی ڕەگەزی باڵادەست دەگەیەنرێت، توێژە بەڕێوەبراوەکەی خوارەوەش ورده‌ورده‌ دەکرێت بە مێیینە. لە کۆمەڵگه‌ی گریک–ڕۆمانیدا تاکی نێر هەر لە سەردەمی لاوێتییەوە لەمیانەی هەڵوێستێکی تۆخی نێرگەراییەوە پەروەردە دەکرێت. بەمجۆرە بە درێژایی سەرجەم سەردەمەکانی شارستانییەتی، گومڕایی و لادانە زایەندییەکان وەک دەرەنجامێکی هەڵوێستی نێرسالاریی بەرامبەر بە ژن بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئارادا دەبن. ئیتر بەو ڕادەیەی ژن کۆیلەیە، بەو ئەندازەیەش پیاوی کۆیلە مێیینەیە یاخود کراوە بە ژن.

    کاتێک ئەو کێشانەی كه‌ لە ئامراز و دەزگاکانی قۆستنەوە و سەرکوتکاریی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرن لەسەر ئەم پرس و کێشە بنچینەییانەی خۆرهەڵاتی ناوین زیاد بێت، لە ڕاستیدا ژیانێکی مۆتەک و کارەساتاوی بۆ ژن دەسەپێنرێت و مسۆگەر دەکرێ. ژن ئەو مرۆڤەیە کە لە دژوارترین دۆخدا دەژی، واتە ژنبوون (مێیینەبوون) مانای بوونە بەو مرۆڤەی کە لە خراپترین و قورسترین ڕەوشدا دەژی. چونکە ئەو قۆستنەوە و سەرکوتکاریی و فشارە ڕەهایەی لەسەر کۆمەڵگه‌ بە ڕێوە دەبرێت، چەندین قاتی لەسەر جەستە و ڕەنجی ژن پەیڕەو دەکرێت. لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا تازە بە تازە هەست بە مرۆڤبوونی ژن دەکرێت. ئیتر هەڵوێستی بێشەرەفانەی نێرسالاریی ڕەها بە دۆخێک گەیشتووە جێگه‌ی خۆی بۆ ئەو تێڕوانینە بەجێ بهێڵێت کە هەبوونی ژن وەک دۆست و هاوڕێیەک به‌ پێویست دەبینێت. بە لا‌نی کەمه‌وه‌ گفتوگۆکردن لەم بارەیەوە دەستی پێکردووە. پێویستە بزانین تاوەکو لە ناو کۆمەڵگه‌دا ژیانێکی ڕاست لەگەڵ ژن بەدی نەیەت، ئەوا ژیانێکی مانادار فەراهەم نابێت. لەمیانەی دەرککردن بەو ڕاستییەی کە مانادارترین و جوانترین ڕۆڵی ژیان لەگەڵ ئەو ژنە بەدی دێت کە بە تەواوی سەرفرازیی و کەرامەتی خۆی بە دەست هێناوە، پێویستە پەرە بە گوتە و کرده‌وەکانمان بدەین.



    کژار