• تاگەکان: ,

    باندۆڕی گه‌ردوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ئاستی جیهانیدا:

    6 ئه‌یلول, 2023

    رۆژین موکریان- چالاکوانی سیاسی

    به‌ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌مین ساڵیادی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی «ژن، ژیان، ئازادی» له‌ ئێران و ڕۆژهه‌ڵات، به‌ كه‌ڵك ده‌بێت كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر کاریگەری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ جیهاندا بكه‌ین. له‌ ئه‌م نووسینه‌دا، هه‌وڵ ده‌درێت كه‌ كاریگه‌ری ئه‌م ته‌ڤگه‌ره‌ له‌ دوو ئاست دا تێڕوانینی بۆ بكرێت. كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ له‌ سه‌ر سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت-ناوه‌ندی و كاریگه‌ریه‌‌كانی له‌ سه‌ر ڕێكخستنی سیاسی فێمینیسته‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان (grassroots feminists). ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه، سەلمێنەری ئەوه‌یه‌ كه ‌هزری سیاسی‌ پشت «ژن، ژیان، ئازادی» توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ژنان له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا بكات.

     ‌

    بیرۆکە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە چیاكانی قەندیل لەدایک بوون، بیرۆكه‌ی ئه‌م درووشمه‌ به‌رهه‌می مێژوویەکی دوور و درێژی بەرخۆدان و خەباتی ژنانی کورده‌ لە دژی هەردوو کۆلۆنیالیسمی پیاوسالاری ناوخۆیی و دەرەکی. ئه‌م درووشمه‌ له‌ زیندانی ئیمرالی له‌ لایان ڕێبەری به‌ندكراو و بیردۆزی سیاسی كورد، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان دارێژراوه‌. له‌ شاخه‌كانی قه‌ندیله‌وه‌ ژنانی كورد هاوده‌نگی جه‌ماوه‌ری (grassroot solidarity) خۆیان له‌گه‌ڵ ژنانی دیكه‌ له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و ده‌ره‌وی كوردستان بنیادنا. بەو شێوەیە «ژن، ژیان، ئازادی» ژنانی کوردی لە باکور و تورکیا ڕێك خست. پاشان شۆڕشی ژنانی لە ڕۆژئاوا و سوریا پێشه‌نگایه‌تی كرد و ئێستا بۆتە پاڵنەرێکی یەکگرتوو بۆ بزووتنەوەیێكی شۆڕشگێڕانه‌ لە ڕۆژهەڵات و ئێران. هەروەها بووه‌ته‌ کۆکەرەوەیەکی دیار بۆ بزووتنەوە فێمینیسته‌كان لە سەرانسەری جیهاندا.

    باندۆڕی جیهانی «ژن، ژیان، ئازادی» لەسەر سیاسەتی جیهانی دەوڵەت-ناوه‌ند:

    لە 16ی ئەیلوولی 2022 لە کاتی ناشتنی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز، زێدی ژینا، «ژن، ژیان، ئازادی» لەلایەن ژنێکی گەنجی کوردەوە کە حیجابی ناچاری فڕێدا، وترایەوە.  ژینا ئەمینی، ژنێكی گه‌نجی كورد بوو كه‌ لەلایەن بەناو “پۆلیسی ئەخلاقی” ده‌وڵه‌تی ئێرانەوە بەهۆی لەبەرکردنی حیجابێکی ”نادروست“ کوژرا. لەو کاتەوە «ژن، ژیان، ئازادی» بووه‌ دروشمێکی سه‌ره‌كی بۆ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە كه‌ لە ڕۆژهەڵات و ئێران سەری هەڵدا.

    بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ڕۆژهەڵات و ئێران کاردانەوەی هەمەچەشنی لە ئاستی جیهانیدا بەدوای خۆیدا هێنا. لەگەڵ داگیرکردنی شەقامەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران له‌ لایەن شۆڕشگێڕان‌، زلهێزەکانی ڕۆژئاوا دەستیان کرد بە پشتیوانی لەو بزووتنەوەیە. بۆ نموونە میلانیا جۆلی (Melania Joly) وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە تویتێکدا نووسیویەتی ”ژنانی ئێران بە ڕوونی قسە دەکەن. چیتر تەحەمولی ئه‌م دیدگای ڕژێم ناکەن بۆ ژنان لە کۆمەڵگادا.“ ئیمانوێل ماکرۆن، (Emmanuel Macron) سەرۆک كۆماری فەرەنسا، ئه‌وی بە شۆڕش ناو برد. دوابەدوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێژیمی ئێران به‌ دڕه‌نده‌یی رووبه‌روی شۆڕشگێڕان بۆوه‌، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریان دا کە نوێنەرایەتییەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ بۆ دۆزینەوەی ڕاستیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە کاتی ده‌ستپكی ناڕەزایەتییەکان، واتا لە ١٦ی ئه‌یلوولی٢٠٢٢ دابمەزرێنن كه‌  لێکۆڵینەوە بكات.  ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌روه‌ها له‌ کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی ژنان ده‌ركرا. هاوته‌ریب له‌گه‌ل ئه‌مانه‌،  پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠٢٣دا دەنگی ئه‌رێنی بۆ دەستنیشانکردنی سپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دا.

    به‌ڵام زۆرێك له‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌لپه‌ره‌ستانه‌ درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی»یان ده‌وته‌وه، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یان ‌كه‌ «ژن، ژیان، ئازادی» لێیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، به‌ تاوانبار و”تێرۆریست” ده‌زانن، و له‌ڕێگای دابین كردن چه‌ك بۆ توركیا، ئه‌ندامێكی ناتۆ، هه‌ول ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ و ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ خوولقێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م درووشمه‌ن، پاكتاو بكه‌ن. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە سێنتیمێنتالیسمێكی (sentimentalism) ڕووکەشی  هه‌روه‌ها وروژاند. ئێمه‌ بینیمان كه‌ کەسایەتییە ناودارەکان و سیاسەتمەدارەکان بۆ ده‌ربڕینی پاڵپشتی بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، لە سۆشیال میدیا و لە کاتی ناڕەزایەتی گشتیدا قژیان دەبڕی. لەوانەیە ئەم کردەوانە کاریگەری زیانبەخشیان لەسەر بزووتنەوەکە هەبووبێت. هه‌لوێستی له‌م شێوازه‌ بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ بزووتنەوەیێكی شۆڕشگێڕانە به‌  ناڕەزایەتییەکی “خۆداپۆشین” یان”خۆدانه‌پۆشین” ده‌به‌زێت. بێگوومان، مەسەلەکە تەنها لەسەر حیجابی ئیجباری نەبوو. بەم شێوەیە هه‌ول درا بزووتنەوەکە بۆ بزووتنەوەیەکی فێمینیستی لیبڕاڵ دابه‌زێنن کە له‌ پلەی یەکەم خەمی جلوبەرگ بوو. ئه‌م پالپشتیانه‌،  یارمەتیدەرێکی ترسناک بوو. زۆرێک لە سیاسەتمەداران و تەنانەت لایەنە ڕاستڕەوەکان ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانیان شەرمەزار کرد و پشتیوانیان لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەكه‌ کرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، لە لایەکی دیکەوە، دەتوانرێت بزانرێت کە ئیدانەکردنەکانیان تەنها بۆ ئەوە بوو کە خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندییە ژئۆپۆلەتیکه‌ تایبەتەکانی دەوڵەتەکەیاندا ڕێکبخەن.

     ده‌توانین به‌ڵگاندن بكه‌ین كه‌ مەبەستەکانی پشت پشتیوانی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لە بزووتنەوەکە زیاتر دوو لایەنە بوون. یەکەم: هەوڵێک هەبوو بۆ فه‌رمانكردن و تەنانەت کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەكه‌، و ده‌به‌زاندنی بۆ ناڕەزایەتییەكی ”گۆڕینی دەسەڵات“. ئەوان بە سەپاندنی سەرکردەیەکی یەکپارچە بەسەر بزووتنەوەکەدا بەدوای ئەمەدا ڕۆیشتن. بۆئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌ ده‌وڵه‌تكانیان به‌ كار هێنا بۆدروستكردنی سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تیه‌ سێلێبرێتییه‌كان، و تاكپه‌ره‌سته‌كان بۆ گه‌لانی ئێران. هه‌وڵیان دا پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌زا په‌هله‌وی، كوری محه‌ممه‌د ره‌زا شا، شای پێشووی ئێران به‌ره‌و پێش ببه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئۆپۆزسیونی راستڕه‌وی ئێران له‌ ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣ له‌ بات رژێمی ئێران بانگهێشتی كۆنفرانسی ئاسایشی مونیخ كرا.

    ئەمە کردەوەیەک بوو کە کاریگەری زیانبەخشی لەسەر بزووتنەوەی جه‌ماوه‌ری ناوخۆی ڕۆژهەڵات و ئێران هەبوو. دووەم: زۆرێک لە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا ئەو بزووتنەوەیەیان وەک ئه‌هرۆمێكی سیاسی لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێرانبه‌كار هێنا و سەبارەت بە ئەگەری بورژانەوەی ڕێککەوتنە هەڵوەشێنراوەکەی ئێران کەڵکیان لێوەرگرت. واتا، هەڵسوکەوتی ئاڵۆزی ڕێژیمی ئێران لە به‌رامبه‌ربه‌  شۆڕشگێران وەک تاکتیکێکی دانوستان لە لایەن ڕۆژئاواوە کەڵکی لێوەرگیرا. سەرەتای بزووتنەوەکە هاوکات بوو لەگەڵ زنجیره‌یه‌ك قەیران كه‌ لە ئاستی جیهانی سه‌ریهه‌ڵدا. قه‌یرانگه‌لێك  وەک وەستانی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا، چڕبوونەوەی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، قەیرانی دوای کۆڤید، هەڵاوسان (inflation) و هتد… . هەموو ئەمانە لەلایەن هەندێک کەسەوە بە “فرە قەیران” ناوزەد کرابوون.

    به‌ واتایەکی تر، زلهێزە جیهانییەکان ئەو بزووتنەوەیەیان وەک دەرفەتێک زانی کە پێویستە دەستی بەسەردا بگیرێت. ئەوان بزووتنەوەکەیان بۆ فشارخستنە سەر ڕێژیمی ئێران لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان کەڵکیان لێوەرگرت. بۆ نموونە ده‌وڵه‌تی چین، به‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ كه‌ رێژیمی ئێرانی ناسه‌قمگیركرد،  توانێ بە سەرکەوتوویی سعودیە و ئێران بگەیەنێتە ڕێککەوتنێک. چین هه‌روه‌گا توانی له‌ ئه‌م ماوه‌یه‌دا، ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای (Shanghai Cooperation Organization) و بریکس(BRICS) به‌رفراوانتر بكات. ئەمریکا هه‌روه‌ها سەرکەوتووانە گرژییەکانی لەگەڵ ئێران فریز كرد. توانێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا، ئازادی بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە بارمتە گیراون، دەستەبەر بکات، هەروەها توانێ کەپڵێک لە سه‌ر چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دابنێت. لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣، دیپلۆماتکارانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا كه‌ تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌ به‌ر له‌ دژی رژێمی ئێران وه‌ستابوون و پشتیوانی بزووتنەوەکەیان دەکرد، سەردانی هاوتا ئێرانیەکەیان کرد لە ئۆسلۆ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی دانوستانەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی، ”ئێمە ئامرازمان هەیە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئێران و گەیاندنی پەیامەکانمان، لەکاتێکدا كه‌ ئه‌م كاره‌ لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە“.

    دانووستاندنی نێوان زلهێزە جیهانییەکان لە وەڵامی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی» نیشانیدا کە دەوڵەت-نەتەوە تەنیا سازییێكی بەرژەوەندی په‌ره‌ست و دامەزراوەیەکی پیاوسالارییە. دامەزراوەیەکی دەسەڵاتخوازی  کە پیاوسالاری‌ لە ڕێگەی دەستکاریکردنی و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی بزووتنەوە جه‌ماوه‌رییه‌كان بەرز و به‌رده‌وامی دەکات. ئامانجی دامەزراوەیەکی لەم جۆرە تەنیا زیادکردنی دەسەڵاتی خۆیەتی بە بارمتەگرتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. بە دڵنیاییەوە ئامانجی ڕزگارکردنی گروپە ستەملێکراوەکان نییە. دەتوانرێت ئیدیعای ئەوە بکرێت کە زۆربەی پشتیوانییەکانی دەوڵەته‌كان بۆ ئەم بزووتنەوەیه‌ شۆڕشگێڕانە لەسەر بنەمای هاوپشتی پیاوسالاری ناڕاستەوخۆ بووە، هاودەنگییەکی پێچەوانە کە سه‌رده‌ستی و ستەم لە ماڵەکانەوە بە سیاسەتی جیهانییەوە دەبەستێتەوە.

    باندۆری گه‌ردوونی «ژن، ژیان، ئازادی» له‌ سه‌ر هاوده‌نگی جه‌ماوه‌ری (grassroot solidarity) فێمینیسته‌كانی جیهان:

    ژنان هەمیشە چالاکانە بەشدارییان لە خەباتەکانی یەکسانی و ئازادی لە ناو کۆمەڵگاکانیاندا کردووە. ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیسم و کۆلۆنیالیسم و ئاپارتاید، بۆ سەروەری و ڕزگاری نەتەوەیی لە بەشە جیاجیاکانی جیهان، بە بزووتنەوە بەرخۆدان و ڕزگاریخوازەکانەوە پەیوەست بوون. نموونەیەکی ئەم دواییە بۆ ئەمە، بەشدارییەکی مه‌زنی ژنانە لە ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبیدا. سەرەڕای بەشداریکردنیان، زۆرێک لە ژنان لەناو کۆمەڵگا عەرەبییەکاندا له‌ ژێردەستییدا مانەوە. بۆ نموونە ژمارەی یاسادانەرانی (legislator) ژن لە وڵاتانی بەهاری عەرەبی لە ڕاستیدا دابەزی. بۆ نموونە لە میسر ژمارەی ژنان لە مەجلیسی گەل لە ٦٤ (لە کۆی ٥١٨، ١٢.٤%) لە سەردەمی سەرۆک حوسنی موبارەک بۆ ١٠ (لە کۆی ٥٠٨، ٢.٠%) لە سەردەمی محەمەد مورسی دابەزیوە.

    له‌ سەدەی نۆزدەهەمەوە چەندین شەپۆلی جیاوازی فێمینیسم هه‌روه‌ها سەریان هەڵداوە و هەریەکەیان تا ڕادەیەک ئازادیی جێندەری و یەکسانییان بەدەستهێناوە. بەڵام هێشتا سروشتی پیاوسالاری ده‌ستی به‌ سه‌ر کۆمەڵگادا گرتووە، چونکە دەسەڵاتی سیاسی بەردەوامە لە هاوتەریبکردن لەگەڵ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی پیاودا. هۆکارێک بۆ ئەمەش ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوە فێمینیستانە یان تەنیا ڕێبازێکی دەوڵەت-ناوه‌ندیان پێشکەش کردوه‌ کە ئاوێنەیەکی تەواوی پرۆسەی شارستانییەتی پیاوسالارییە، یان نەیانتوانیوه‌ بەدیلێکی جێبەجێکراو بۆ سیستەمی هەنووكی پێشنیار بکەن.

    ده‌توانرێت بڵێین ئێمە هێشتا لە جیهانێکدا دەژین کە بیرکردنەوەیەکی پیاوسالاری و ژنکوژیمان هەیە. بۆ نموونە، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ هەر سێ ژن یەکێکیان تووشی توندوتیژی خێزانی دەبێت. توندوتیژی خێزانی خۆی پەیوەندی بە توندوتیژی دەوڵەتەوە هەیە بەرامبەر بە ژنان. هەروەها ژنان هێشتا لە سیاسەتدا ژێرده‌ستن. هێشتا کەلێنێکی گەورە لە گەیشتن بە یەکسانی سیاسی بۆ ژنان هەیە. تەنها ٣١ وڵات هەیە کە ژنان وەک سەرۆکی دەوڵەت یان حکومەت خزمەت دەکەن. لە ئاستی جیهانیدا ژنان تەنها ٢٦.٥% ی پەرلەمانتاران لە ئەنجومەنی تاک یان خوارەوە پێکدەهێنن. تەنها ٦ وڵات گەیشتووەتە ئاستی ٥٠% یان زیاتر له‌ پارله‌مان. لەسەر ئاستی جیهانی، ژنان تەنها ٢٢.٨%ی وەزیرانی کابینە پێکدەهێنن. زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین ژنان لە سەرانسەری جیهاندا هێشتا له‌ بنده‌ستی دان و کەم نوێنەرایەتی دەکرێن. جگە لەوەش یەکسانی جێندەری لەناو سیستەمی دەوڵەت-ناوه‌ندی هەنووکەییدا، کە سیستەمێکە لەسەر بنەمای پلەبەندی و سه‌رده‌ستی، ناتەواو و ناگشتگیره‌. تەنها دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر سنووردار لە ژنانی لەخۆبگرێت. واتا، ته‌نیا ژووماره‌یه‌كی سنووردار له‌ ژنان له‌وه‌ها سیستمێك، كه‌ ئه‌گر ته‌نانه‌ت یه‌كسانی جێنده‌ری پێك بنێت، ده‌توانێت له‌ سیستمی سه‌رده‌ستی رزگار بكات.  بۆیە بۆ گەیشتن بە ئازادیی ڕاستەقینە کە تێکەڵەیەک لە دیاری كردنی چارەنووسی بەکۆمەڵ و ئازادی وەک نا-سه‌رده‌ستی (non-domination)، پێویستە چاره‌سه‌ری له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیستەمی هەنووكی بدۆزینه‌وه‌.

    ئەزموونی هاوبەشی چەوسانه‌وه‌ لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە پاوانخوازەکانی پیاوسالار و کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا، بزووتنەوەی ژنانی کورد و دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»یان بە خەباتی ژنانی دیکەی ناوچەکە و جیهانەوە دەبەستێتەوە. وەک ئەزرا ڕەشید (Azra Rashid) دەڵێت، مردنی ژینا هەناسەی ڕۆحی داوەتەوە ناو بزووتنەوە فێمینیستەکان لە سەرانسەری جیهان، بوو بە ئیلهامبەخشێک بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان. هیوایەکە بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بە هەمان شێوە ئازار دەچێژن. ئەم دروشمە لە زۆرێک لە شارەکانی ئەمریکای لاتین و ئەوروپا و ئەمریکا وتراوە. ٧٠٠ ژنی لە ٤١ وڵاتەوە لە کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژەدا لە بەرلین لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ کۆکردەوە، کە تێیدا چەمکەکانی وەک کۆنفیدرالیزمی ژنانی جیهانی لە ژێر چەتری «ژن، ژیان، ئازادی»دا گفتوگۆیان لەسەر کرا.

    به‌ڵام گرنگە لە خۆمان بپرسین بۆچی لە ساڵی ڕابردوودا «ژن، ژیان، ئازادی» بووە دروشمێکی جیهانی؟ هۆکارێک بۆ ئەمە ئەوەیە کە تیئۆری سیاسی پشت دروشمەکە نەک هەر شیکردنەوە و ڕەخنەیەکی هەمەلایەنە لە سەرچاوەی قەیرانه‌كانی ئێستا پێشکەش دەکات، بەڵکو بەدیلێکی جێبەجێکراو بۆ سیستەمی هەنووكی پێشکەش دەکات، بەدیلێک کە تەنها شۆڕشێکی ژنان دەتوانێت مسۆگەری بکات. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستە لە بیرۆکەکانی پشت دروشمەکە تێبگەین. بیرکردنەوەی ڕەسەنی پشت دەستەواژەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە تیئۆری سیاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بیردۆز و ڕێبه‌ری سیاسی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان و لقە جۆراوجۆرەکانییەوە سه‌رچاو‌ه‌ی گرتوو‌ە.

    بە دڵنیاییەوە تێئۆرییه‌كانی ئۆجەلان لە خەبات و بەرخۆدانی ژنانی کورد لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کورددا ئیلهامی وەرگرتووە.به‌ واتایێكی كه،‌ ئه‌وه‌ پره‌كتیك، خۆڕاگری و شۆڕشگێری ژنانی كورد بوو كه‌ له‌ چیاكانی قه‌ندیل تێئۆری «شۆڕشی ژن»یان پێش خست. ژنانی كورد هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ شه‌ڕ له‌ دژی كۆلۆنیالسیمی ده‌ره‌كی كوردستان، له‌گه‌ڵ كۆلۆنیالیستی ژووره‌كی، واتا زێهنیه‌تی پیاوساڵاری هه‌م له‌ ناو كۆمه‌ڵگای كوردی و هه‌م له‌ناو ته‌ڤگه‌ری ئازادی كورد داخۆڕاگریان كرد. ئه‌م خۆڕاگریه‌ بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆجه‌لان زیاتر له‌ دۆخه‌كه‌دا قوول ببته‌وه‌.  له‌م ڕاستایه‌دا، ئۆجه‌لان ده‌ڵێت، مێژووی پێنج هەزار ساڵەی شارستانییەت، پێش هەموو شتێک مێژووی کۆیلەکردنی ژنانە. دەتوانرێت بڵێین شارستانیەت لای ئۆجەلان زنجیرەیەکه‌ له‌ فۆڕمی سەریەک کەوتووی باڵادەستی و کۆیلەکردن، کە ته‌یدا ژنان وەک کۆلۆنی یەکەمی شارستانیەت خزمەت دەکەن. ژن وەک یەکەمین و بەم پێیەش وه‌كوو کۆیلەترین گروپی شارستانیەت سەیر دەکات. بە واتایەکی تر هەژموونی و سه‌رده‌ستی به‌سه‌ر ژن هەوێنی هەموو جۆرەکانی تری زاڵبوون و سه‌رده‌ستیه‌. بۆیە ئۆجه‌لان پێی وایە شۆڕشی جێندەری پێویستە. هیچ جۆرە ڕزگارییەکی تر لە کۆیلەبوون، هەژموون وسه‌ر‌ده‌ستی، بارودۆخی مرۆڤ بە تەواوی باشتر ناکات تا ژن بە تەواوی ڕزگار نەبێ. بەم پێیە ئۆجەلان دەڵێت کۆمەڵگا بەبێ ڕزگاری ژن ئازاد نابێت چونکە ژنان نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ئەو کۆمەڵگا ئۆرگانیك و سروشتی و یەکسانیخوازانە دەکەن کە پێش هاتنی شارستانیەت تایبەتمەندی ژیانی نێئۆلۆتیكی مرۆڤەکان بوون. دەستەواژەی «ژن، ژیان، ئازادی» ئەم مەبەستە ڕزگاریخوازانەی تێگەیشتنی ئۆجەلان لە سەرچاوەی پیاوسالاری دەرئەبڕێت.

    بۆ ئۆجالان، پیاوسالاری سیستەمێکی بنیات نراوە لانیکەم ٥٠٠٠ ساڵە (سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و سیاسی) کە دەتوانرێت و دەبێت نەک لە ڕێگەی چاکسازییەوە، بەڵکو پرۆسەیەکی ’شۆڕشی ژنان‘ هەڵبوەشێنرێتەوە. بێگومان پیاوسالاری لە چوارچێوەی جیاوازدا جیاوازە. به ڵام له سیستێمێکی جیهانی ده‌وڵه‌ت-ناوه‌ند و سه ڕمایه داری دا له ڕێگه ی ئایدۆلۆژیا، زانست، په ڕوه ڕده و ڕه گه‌ز، چین، ئایین و ڕاگه یاندنه وه خۆی به‌رده‌وام به ڕهه‌م دێنه‌ته‌وه.‌ ئەمەش بۆ ئەوەیە بڵێین پیاوسالاری لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئاسایی و دامەزراوەیی (سازه‌یی) کراوە. لە کۆمەڵگادا خۆی دەردەخات. بۆیە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئازادی خۆیان بەدەست بهێنن، پێویستە ببنە هێزێکی بەکۆمەڵ کە ئامانجیان زاڵبوونە بەسەر کاریگەرییە سەرتاسەرییەکانی پیاوسالاریدا. سەرەڕای ئەوەش، گڕنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئازادی ژنان ده‌بێته‌ هۆی ئازادی کۆمەڵگا نەک تەنها لەبەر هۆکاری ماددی، کە تێیدا ژن وه‌ك  ‘نیوەی کۆمەڵگا’ پێناسه‌ ده‌كرێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ژنان یه‌كه‌م كۆلۆنین، چونکە هەموو فۆرمەکانی تری توندوتیژی و باڵادەستی لەسەر ژێرده‌ستی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان پێش كه‌وتووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت.‌ لە سەرانسەری جیهاندا، ژنان بینیان کە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە کۆتاییدا ئەمەی بەدوای خۆیدا ده‌هێنێ.

    شۆڕشی ژنان چییە؟

    مەبەست لە’شۆڕشی ژنان‘ ‌یۆتۆپیایەکی ئەبستراکت نییە. هەروەها تەنها ئاماژە بە بزووتنەوەیەکی ژنان ناکات بەو مانایەی کە تەنها ژنان ڕێگەیان پێدەدرێت بەشداری بکەن. شۆڕشێکە کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی لەناو ته‌واوی پێكهاته‌  کۆمەڵایه‌تیه‌كان، کولتووری، ئابووری، سیاسەت و لەوەش گرنگتر شۆڕشێكی زێهنیه‌تیه‌. شۆڕشكه‌ كه‌ ئامانجی له‌ ناو بردنی سیستمی سه‌رمه‌یه‌ی پیاوسالاری ده‌وڵه‌ت-ناوه‌نده‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رده‌ستی، كۆلۆنیالیسم و پله‌به‌ندی پێك هاتووه‌. ’شۆڕشی ژنان‘ شۆڕشێکە کە هەوڵی بەستنی یان مۆنجه‌مێد كردنی قەیرانەکە نادات بەڵکوو هەوڵدەدات ڕەگی ریشه‌یی هۆکاری قەیرانەکە ناوبڕ بكات. شۆڕشێکە كه‌ ناخوازێت لە سێبەری سیستەمی هەنووكی دا پەنا بگرێت. بەڵکو هەوڵ دەدات گۆڕانکاری بنەڕەتی لەناو هەموو حه‌وزه‌كانی ژیاندا بهێنێتە ئاراوە. شۆڕشێکە باوەڕی بە هاوئاهەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەیە. هەوڵ نادات فۆرمێکی پیاوسالاری پلەبەندی و سه‌ردەستی بگۆڕێتەوە بە فۆرمێکی دیكه‌ی سه‌رده‌ستی ژن سالاری. بەڵکو پێی وایە تەنها لە ڕێگەی سیستەمێکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوە کە دەسەڵات بە شێوەی ئاسۆیی دابەش دەکرێت، دەتوانین هاوئاهەنگی و ئازادی بەدەست بهێنین. شۆڕشێکە کە ڕزگاری ژن لە پێشەوەی خۆیدا ناوەند دەکات، چونکە سه‌رده‌ستی و کۆلۆنیکردنی ژنان بە یەکەم فۆڕمی کۆلۆنیالیسم و سه‌رده‌ستی دەزانێت کە فۆرمەکانی تری کۆلۆنیالیسم و سه‌رده‌ستی لەسەری بنیات نراون. له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه‌ كه‌ هێز ده‌بێت بۆ كۆمه‌ڵگا بگه‌رێته‌وه‌. كه‌ بڕیاردان له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیان ده‌بێت بگه‌رته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش شۆڕشی ژنان دێمۆكراسی ڕاسته‌وخۆ، دێمۆكراسیه‌ك كه‌ تاك و كۆمه‌ڵگا له‌ سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ی ئازادی خۆیان ڕاسته‌وخۆ هه‌م له پرۆوسه‌ی گفتۆگۆكان و هه‌م له‌‌ بڕیاردان دا و هه‌م له‌ جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌‌كان دا به‌شداری یه‌كسانیان هه‌یه‌.

     له‌ کۆتایی دا، جارێک دەتوانین بڵێین بزووتنەوە و خەباتی ئازادیخوازی کورد شەڕێکە لە دژی ئەو کۆلۆنیالیسمێكی چه‌ندقاتی کە له‌ درێژایی مێژوودا کەڵەکە بوون. ئامانجی تەنیا ڕزگارکردنی کوردستان نییە لەو کۆلۆنیالیسمیی کە دەوڵەتە سه‌ردەستەکانی کوردستان (ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا) جێبەجێی دەکەن. هەوڵێکی گشتییە بۆ داماڵینی دەسەڵات (power over) له‌ ژیان. ژنانی کورد کۆلۆنییەکن لەناو کۆلۆنییەکدا و شۆڕشەکەیان شۆڕشێکە لەناو شۆڕشێکدا. «ژن، ژیان، ئازادی» ته‌نیا هەر بوونی ڕێژیمی ئێرانی ته‌حه‌دای (challange) نەکرد، به‌ڵكوو، هەروەها بەدیلێک بۆ سیاسەتی هه‌نووكی جیهانی، پێکهاتە کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و ئابوورییەکانی ئێستا له‌ سه‌ر ئه‌ساسی گۆڕانكاری بنچێنی زێهنیه‌ت پێشکەش دەکات. دروشم و بیرۆکە و هێماکان دەتوانن لەگەڵ بەزاندنی سنوورەکاندا بگۆڕدرێن. لە کاتێکدا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، میدیای سەرەکی، سیاسەتمەداران، بره‌ندەکان، کەسایەتییە ناودارەکان هەوڵیاندا ئەو هەستە شۆڕشگێڕییەی  پشت دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»‌ لاببەن، بەڵام ئه‌م دروشمه‌ هەر جارێک کە سنوورێکی بەزاندووە بەهێزتر بووە. هەستی شۆڕشگێڕانەی خۆی پاراستووە و بەرزی کردۆتەوە. بۆ نموونە ژنێک لە تاران وه‌بیرمیدیاکانی ڕۆژئاوای خستەوە کە «ژن، ژیان، ئازادی» ”ڕەخنەیە لە پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک- لە هەر کەسێک کە هەنگاو دەنێتە سەر مافەکانت و ئازادیت سنووردار دەکات.“

     «ژن، ژیان، ئازادی» هه‌روه‌ها توانی تۆڕێکی هاودەنگیی جه‌ماوه‌ری لە نێوان هەموو فێمینیستەکاندا دروستکرد کە بەدوای گشتگیریدا دەگەڕێن لەسەر بنەمای فرەیی وهەمەچەشنی. هەروەها بووە پاڵنەرێکی دیار بۆ بزووتنەوە فێمینیستەکان لە سەرانسەری جیهاندا. بەو پێیەی چارەسەرێکی جێبەجێکراو بۆ قەیرانی قووڵی شارستانیەت پێشکەش دەکات. لەگەڵ ئەوەی ئەو چارەسەرە سیستێمێکی ڕاستەقینەی یەکسانیخوازی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی دیموکراسییە. پیاوسالاری وەک دیاردەیەکی جیهانی پرەنسیپێکی ئەبەدی یان سروشتی مێژوو نییە، بەڵکو دەرئەنجامی پراکتیزە مێژووییەکانە. بۆیە دەتوانرێت وێران بکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. لە ساڵڕۆژی یەک ساڵەی کۆچی دوایی ژینادا، با ئەوە لەبیر نه‌كه‌ین و لە ڕێگەی بزووتنەوەی بەردەوامی «ژن، ژیان، ئازادی»یەوە بەردەوام بین لە شەڕکردن بۆی. بۆیە کاریگەرییەکەی بە جیهانی دەمێنێتەوە.



    کژار