• تاگەکان: , ,

    لە دژی سێدارە و قڕکردنی ژنان کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە.

    22 تشرینی دووه‌م, 2020

     

    هەموو ساڵێک لە ڕۆژی۲٥ی نۆڤەمبەر وەک ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژییەکان دژی ژنان لە تەواوی جیهان بە چالاکی جۆراجۆر بەرز ڕادەگیرێت.

    بێگومان ژن لە هەر شوێنێکی ئەم گەردوونە بێت لە لایەن زیهنییەتی پیاوسالارییەوە ڕوبەڕووی هەموو جۆر ئازار و ئەشکەنجەیەک دەبێت و ژنانی ئێرانیش بەدور نین لەم بارودۆخە و ڕۆژ نییە لە لایەن داب ونەریتی کۆنەپارێزی کۆمەڵگا و هەر وەها لە ژێر سێبەری ڕێسا و یاسا دژە ژنەکانی سیستەمی چەوسێنەر و دەسەڵاتداری ئێرانەوە توندوتیژی لە سەری بەرێوە دەبرێت و هەر لەم ڕێگاوە عەقڵییەتی دژە ژن و ژن کوژ ڕەوا دەکەن و هەر لە لایەن هەمان یاساوە سەرپۆش لە سەر توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان دادەنرێت.

     یاسا لە ئێران دا واتە بنپێ کردنی ماف و کۆشتنی ژن. هەر بۆیەش ئێمە ئامانجمان لە ئامادە کردنی ئەم ڕاپۆرتە بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە پەردە لادانە لە سەر یاسا و ڕێسا دژەژنەکانی ئێرانە و هاوکات بەرچاو ڕوونیەک بێت بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ئەم سیستەمە ژیان دەکەن .

    ئێران  لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی جیهان دایە کە پێکهاتوون لە ٦وڵات و تا ئێستا کۆنوانسیونی هەڵگرتنی نایەکسانی ڕەگەزی دژی ژنانیان واژۆ نەکردووە و وەک لای هەموان ئاشکرایە بنپێ کردنی مافی ژنان بەشێک لە شوناس و هەبوونی رژیمی دژەژنی ئێرانە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگەی کۆنەپارێزی رژیم بەرامبەر بە  ژنان.لەو رۆژەوە کە سیستەمی ئاخوندی ئێران هاتوەتە سەر کار، بە بێ درەنگ دەستی کردوە بە سەرکوت کردنی ژنان. ئەم سەرکوتانە هەم لە بواری دانانی یاسا دژە ژنەکان و هەم لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا دەبینرێ.  ئەو یاسایانە کە لە لایەن رژیمی ئێرانەوە دانراون بوونەتە  هۆی هاندانی نایەکسانی و توندوتیژی دژ بە ژنان.

    دەبێت ئەمە لە بیر نەکەین کە هۆکاری زۆرینەی کێشەکانی ژنان لە ئێران، حکومەتی دین گەرای ئێرانە. بەڵام ژنانی تێکۆشەر وشۆڕشگێڕ، لە بەرامبەریدا ملکەچ نەبون و هەموو کات و لە هەموو شوێنێک لە بەرامبەر عەقڵیەتی کۆنەپارێزی مەلایی بەرخۆدانیان کردوە.

    • بێبەش کردنی ژنان لە دادوەری چون بە پێی ئیسلام، ژنان ناتوانن دادوەری بکەن.
    • بێبەشکردن لە مافی تەڵاق،سەرپەرشتیاری مناڵ،جێی ژیان کردن، خوێندن و ئیش کردن و سەفەر کردن بە بێ ئیزنی هاوسەر و دەیان یاسای دژەژنی تر تەنیا گۆشەیێک لە کارنامەی زیهنیەتی مەلایی پیاوسالاری ٤۲ ساڵەی حکومەتە کە ژنان سات بە ساتی ژیانیان لە بەرامبەریدا شەڕیان کردووە.

    زۆرێک لە توند و تیژیەکانی سەر ژنان لە ئێران شاراوە دەمێنن، رەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەڵێن" ژیان بە بێ شەڕ نابێت" و لێدان، جنێو، دەنگ هەڵێنان، شکاندنی کەرستەی ناوماڵ،تێکدانی سفرە خوان و هتد وەکوو کارێکی ئاسایی کە دەکەوێتە بەشی چواردیوارەی ماڵ پێناسە دەکرێت.

     هەروەها یاسا و فەرهەنگی پیاوسالار دەبن بە یارمەتیدەری هاوژین، باوک،برا و کوڕ تا ئەو توندوتیژییە ئابووری و فیزیکی و دەروونی و رەگەزییە ئاسایی بکرێنەوە. هەروەها زۆر جار ژنان بە هۆی ئەوەی لەم هەڵسووکەوتانە کە لەگەڵیان دەکرێت شەرم دەکەن، سەرپۆش کردنیان بە باشتر دەزانن.

    ژنانی ئێران کە لە ناو بردنی رژیمی پاشایەتی ڕۆڵی پێشەنگیان هەبوو،لە یەکەمین قوربانیەکانی کرداری سەرکوتکەرانەی کۆماری سێدارەی ئیسلامین. یاساکانی ئێران لە پاشکەوتووترین و هۆڤانەترین یاسای دژە مرۆڤین کە مافی بڕیاردانی لە ژنان گرتووە و ژنان بوون بە کۆیلەیێک کە پێویستە گوێڕایەلی هاوسەر،باوک و برا بن و بێ ئێزنی ئەوان ناتوانن هیچ کارێک بکەن.

     

    ئەساسنامەی ئێران لە بە ڕواڵەت، هێندێک یاسای بۆ مافی ژنان داناوە بەڵام پەنجەرەیکیشی بۆ بادانەوە لە م یاساگەلە هێشتۆتەوە.

    • لە ڕێسای ٢٠ دا دیار کراوە کە "تەواوی میللەت ،ژن و پیاو، لە یاسا دا بەرابەرن و تەواوی مافی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بە پەیڕەو کردنی پەروەردەی ئیسلامی دەپارێزرێت."

    • لە ڕێسای ٢١ دا "دەوڵەت بەرپرسیارە تەواوی مافەکانی ژنان بە پەیڕەو کردنی پەروەردەی ئیسلامی دەستەبەر بکات."

     دانانی مەرجی "پەروەردەی ئیسلامی" پەنجەرەیێکە بۆ دابەزاندنی تەواوی زیهنیەتی پیاوسالاری ئەم رژیمە لە تەواوی یاساکانی تر. ئەم دژە ژنییە لە تەواوی ڕێساکان و لە قەڵش وپێچاوپێچەکانی شاردراوەتەوە.

    بەندی ١١٠٥ دەڵێ سەرۆکایەتی بنەماڵە تایبەت بە پیاوە.

     بە پێی ئەم یاسایە تەواوی بڕیارەکان پیاو دەیدات تەنانەت ئەگەر ژن ڕازیش نەبێت. بە بێ پرسیار کردن لە ژن پیاو ئەتوانێت هەر کارێک بکات.

    • بەندی ١١١٧ دەڵێت: پیاو دەتوانێ ڕێگری بکات لە ژن لە سەر کارێک کە لە دژی بەرژەوەندی بنەماڵەی بێت.

     بە هیچ شێوەیێک حەز کردن و تواناییەکانی ژن لە بەر چاو ناگیردرێت و ژن هیچ مافێکی نییە ئەگەر پیاو ئیزن نەدات.

    •بەندی١١١٤: دەبێت ژن لە ماڵێک کە پیاو دیاری دەکات نیشتەجێ بێت.

     بە پێی ئەم یاسایە هەر جێگەیێک تەنانەت ئەگەر بە دڵی ژنیش نەبێت و لە ڕوانگەی دەروونییەوە گۆنجاو نەبێت، چون پیاو هەڵیبژاردووە دەبێت ژن تیایدا ژیان بکات.

    • بە پێی مادەکانی ١١٢٣و١١٢٤ پیاو دەتوانێ بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر وەک نەخۆشی و کوێربوونی هەر دوو چاو،ژن تەلاق بدات، تەنانەت ئەگەر ئەمانە لە کاتی مارە کردنیش دا هەبن. لە بەرامبەردا ژنان بە پێی یاسا مەدەنییەکان بۆ داواکاری تەڵاق بەرامبەری بەربەستێکی زۆر دەبنەوە. تەنانەت لێدان کە لە مادەی١١٣٠ تیبینی چواردا لە هۆیەکانی قایل پێکەرە،هیچ بە دواداچوونەوەیەکی یاسایی بۆ ناکرێت و ئەگەر هەشبێت بە بیانووی "پەیڕەو کردنی پەروەردی ئیسلامی" لە بەرامبەری ژنان بەربەست دادەنرێت.

    بە پێی ئەم بەندانە ماف وبیانووی زۆر دەدرێت بە پیاوان کە ژنان تەڵاق بدەن.یا خود پیاوان دەتوانن لەم یاسایانە کەڵک وەربگرن بۆ ترساندنی ژنان لە تەڵاق و بەم شێوە لە سەر ژنان توندوتیژی بکەن هەروەها مەجبور بن بۆ زەواجێکی تری پیاوان ئیزن بدەن.

    • لە بەندی ٨٦٠ دا جگە لە باوک و باپیر کەسێک مافی نییە سەرپەرشتیاری مناڵ بکات تەنانەت ئەگەر دایکیشی بێ.                 

    • لە بەندی٩٠٧ دا دەڵێت کچ نیوەی کوڕ میراس ئەگرێت.

    • بەندی١٠٦٠: ژنی ئێرانی مافی زەواجی لەگەڵ پیاوێکی بێگانە نییە و پێویستە دەوڵەت ئەو ئیزنە بدات.

     بە پێی ئەم یاسایە تەنانەت ئەگەر هیچ کێشەیێکی قانوونیشی نەبێت دیسان پێویستی بە ئیزنی دەوڵەت هەیە.

    • بەندی١١٦٩: سەپەرشتیاری کچی گەورەتر لە٧ ساڵ و کوڕی گەورەتر لە ٢ ساڵ لە ئەستۆی باوکە.

     ئەم یاسایە پشت بەوە دەبەستێت کە پیاوان سەرپەرشتیاری بنەماڵەن و ژنان ناتوانن لە بواری ئابووریەوە ژیانیان بە باشی بە ڕێوە ببەن . ئەمە لە حاڵیک دایە کە ئەمڕۆکە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرێک لە ژنان ماڵ بە ڕێوە ئەبەن.

    • بەندی ١٤٧ لە یاسای سزادانی مەلایی تەمەنی سزا دان بۆ کچان تەنیا ٩ساڵی مانگی دیارکراوە.

    یەکێکی تر لە ناکۆکییەکانی یاسای رژیم ئەمەیە. لەم یاسایە ژنان دوای ٩ ساڵی مانگی وەک مرۆڤێکی ژیر و زانا حیساب ئەکرێت. بەڵام لە یاساکانی زەواج و ژیانی هاوبەش لەگەڵ بیانییەکان یا سەرپەرشتیاری بنەماڵە و شاهیدی ژنان و دادوەر بوون و هتد وەکوو مرۆڤێکی بێ ئاوز لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکرێ.

    • بەندی٢٣٧: شاهیدی ژن نیوەی شاهیدی پیاوە.

    • بەندی٣٠١ بە تەواوی دەستی باوک و باپیر بۆ کوشتنی ژنان دەکاتەوە. لێرەدا جەخت دەکرێتەوە ئەگەر پیاوێک ژنێک بکوژێت پێویستە بنەماڵەی کوژراوەکە نیوەی دییە بدەن بە بکوژەکە تا بتوانن قەساسی بکەن. هەروەها ئەگەر ژنێکی دووگیان کە کۆرپەکەی کوڕ بێت بکوژرێ، دییەی ئەو کۆرپەیە دووبەرابەری دایکیەتی بەڵام ئەگەر کچ بێت دییەی ئەم کۆرپەیە نیوەی دایکیەتی.

    • بەندی٥٥٠: دییەی ژن نیوەی دییەی پیاوە. تەنانەت کەمتر لە هێندێک لە ئەندامانی پیاوان.

     نرخی گیانی ژن لە ئیسلام دا ٥٨٠گرام زێڕە کە لە بیضە چەپی پیاو کەمترە. بە پێی بەندی٦٦٥ یاسای سزادانی ئیسلامی دیەی بیضەی چەپ دوو لە سێ بەشی دیەی تەواوە.

    • بەندی ٦٣٨: باس لە حیجابی ژنان دەکات و بێ حیجابی بۆ ژن بە سووچ دەزانێت و لە١٠ رۆژ تا ٢ مانگ زیندانی کردنی بۆ دیاری کراوە یان جەریمەی زۆریان بۆ دادەنێت. بە تایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە سەر مەسەلەی حیجابی زۆرەملی کار دەکرێ وبە بیانووی جۆراوجۆر سزاکان زیاد دەکرێن و تا چەند سال زیندانیش حوکم دراوە کە لەم دوو ساڵەی دواییدا بە سەدان نموونەی وەها هەیە.

    • ڕێسای ١١٥و ١٦٣: ژن ناتوانێت ببێت بە سەرۆک کۆمار و دادوەر(هەڵبەت دوای سەرراست کردنەوەکانی سەر ئەم یاسا، ژنان ئەتوانن لە هێندێک لە بەشەکان جێگە بگرن بەڵام مافی نووسینی بڕیاری سەرەکییان نییە).

    • بەندی ١١٠٨لە قانوونی مەدەنی دەڵێت: ئەگەر ژن ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر پیاو پێک نەهێنێت تەنانەت نەفەقەشی پی نادرێت.

     بە پێی ئەم یاسایە زەبر و گوشارێکی زۆر لە سەر ژنان بەڕێوە دەچێت. ئەم یاسایە یارمەتیدەرە  بۆ ڕەوا کردنی زیهنیەتی پیاوسالار لە قاڵبی یاسا دا.

    • کچ بە بێ ئیزنی باب و باپیری ناتوانێت زەواج بکات.

    • ژن بە بێ ئیزنی هاوژینی ناتوانێت لە وڵات دەرکەوێت.دەرکەوتن تەنانەت بە واتای لە ماڵ چونە دەرەوەش باس کراوە.

     توندوتیژی و ڕەگەزپارێزی لەم دوو یاسایە دا لە ئاستێکی زۆر دایە و ئاماژە دەکەن کە ژن عەقلی و بیری تەواو نییە بۆیە ناتوانێت سەربەخۆ بڕیار بدات.

    • ژن نیوەی پیاو میراس وەردەگرێت. پیاو دوای مردنی هاوژینی لە٤بەشان بەشێک لە میراسەکەی وەردەگرێت بەڵام ژن لە ٨بەشان یەک بەش دەگرێت.

    • پیاو لەگەڵ ژنی نامسولمان دەتوانێت زەواج بکات بەڵام ژن ناتوانێت لەگەڵ پیاوی نامسوڵمان زەواج بکات.

    • تەلاق دەتوانێت لە لایان پیاوانەوە بێت.

    • پیاو دەتوانێت ٤ ژنی رەسمی هەبێت و چەندین ژنی سیغەش کە بیهەوێت.

    • بەندی٢٣: پیاو دەتوانێ ژنەکەی بکوژێت ئەگەر لەگەڵ پیاوێکی تر بیبینێت.

     بە پێی ئەم یاسایە زۆرێک لە ژنان بوونەتە قوربانی و کوژراون بە بێ ئەوەی بکوژەکان سزایێک بدرێن بە لە بن ناوی پاراستنی ناموس بکوژەکان بە زوویی گەڕاونەتەوە ناو ژیانی ئاسایی.

    • کچان لە تەمەنی١٣ ساڵ دا دەتوانن زەواج بکەن تەنانەت لە تەمەنی ١٣ ساڵ کەمتریش بە ئیزنی باوکی دەبێ .

     زەواج لە تەمەنی مناڵیدا کوشتنێکی هەمەلایەنەیە.هەم لە بواری فکری و ڕۆحی وهەمیش فیزیکی وجەستەیی جۆرێک کوشتنە. منداڵێک کە لەم تەمەنەدا خەونی منداڵی ئەکوژرێت و لە چوارچێوەیێک دا سنوری بۆ دادەنرێت وئەرک و ڕۆڵی بۆ دیاری دەکرێ بە جۆرێک لە جۆرەکان دەمری.

    چەند ساڵ پێش لە لایەن چالاکانی مافی مرۆڤەوە داوا لە پەرلەمانی ئێران کرا تا ئەم یاسا نەمێنێ بەڵام پەرلەمان ڕەتی کردەوە. تەنانەت عەرەبستان کە ئێران زۆر بە وڵاتێکی پاشکەوتووپێناسەی دەکات ئەم یاسایەی ڕەت کردۆتەوە.

    • کاتێک پیاو لە دین وەرگەڕێت لە سێدارە دەدرێت بەڵام ژن لە سێدارە نادرێت و هەر رۆژ لە کاتی نۆێژکردن دا لە قامچی دەدریت.

    لەم یاسایە دا جیاوازی ڕەگەزی زۆر ئاشکرایە چونکا پیاو لە سێدارە دەدرێت و تەاوبەڵام ژن هەتا هەتایە لە زیندان دا دەمێنێتەوە و هەر ڕۆژ ئەشکەنجە دەدرێت.

    لە قانونی ئیسلامی دا ژن دەبێت تەواوی جەستەی دەرەوەی خڕایی دەموچاوی و پەنجەی دەستی داپۆشێت بەڵام بۆ پیاو هیچ بەربەستێک دانەندراوە .

     

    هەرچەند تەواوی رووداوەکان باس لە توندوتیژی سەر ژنان دەکەن بەڵام دەبێت ئەمە بزانین کە پیاویش قوربانی ئەو سیستەمەیە چونکا زیهنییەتی دەسەڵاتخواز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەمووکەس دەکاتە قوربانی. سەرەڕای تەواوی ئەم توندوتیژییە هۆڤانە، بە تێکۆشانی بێ وچانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ئازادیخواز دەسکەوتیکی زۆر لە رێگای یەکسانی مرۆڤ دا بە دەست هاتوووە.

    سەرەڕای هەموو ئەو نادادپەروەری و  توندوتیژییانەی دژبە ژنان لە کۆماری سێدارەی ئیسلامی کە باس کرا، ژنانی تێکۆشەر و خۆڕاگر ملکەچ نەبون و لە هەموو گۆڕەپانی شەڕ، لە گرتووخانەکان، زانکۆکان و قوتابخانەکان دا و لە رێپێوانەکانی ئابانی ٩٨ و فڕێدانی حیجاب و ڕاوەستان لە بەرامبەری دەوڵەت تا بەشداری لە شەڕ و بەرخۆدانی چەکداری لە کوردستان و سەرۆکایەتی حیزب و ڕێکخڕاوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، هەنگاو بە هەنگاو بەەرەو سەرکەوتن دەڕۆن.

    بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی سەر ژنان، دەبێت لە تەواوی گۆڕەپانەکانی شەڕلە دژی چەوساندنەوەی ڕەگەزی ژنان لە مەیدانگەلی دەولەتی، ئیداری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری بە شێوەیەکی چالاک بەشدار بین و لەگەڵ هەر بزوتنەوەیێکی ژنان دژی ئەم زیهنیەتە ،شان بە شانیان ڕاوەستین و شەڕ بکەین .

    کاتێک ژنان نیوەی كۆمەڵگان و رۆژانەش ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، باس کردن لە ئازادی تەنیا خۆفریودانە. مەرجی ئازادی کۆمەڵگا ئازادی ژنە وئەمەش نابێ تەنیا لە قسە دا بمێنێتەوە بەڵکوو پێویستە بە کردەوە هەنگاوی بٶ هەڵبگرین.

    ژن .ژیان .ئازادی

     

                                                                                                 کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی کژار

     

     

     

     



    کژار