• تاگەکان: , ,

    پێویستە یەکدەنگ و یەکرەنگ بین تاوەکو بتوانین لە دژی ئەم زێهنییەتە شەڕ بکەین

    22 ئایار, 2019

     پەیمان ڤیان، ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) بە شداری بەرنامەی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوو و بارودۆخی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی شیکار کرد.

    بارودۆخێک کە ئێستاکە لە ئێران دا هەیە، لەسەر بارودۆخی ژنانیش کاریگەری دەبێت.

    ڤیان بارودۆخی ئێستای ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتدا شیکار کرد و وتی:" کاتێک باس لە بارودۆخی ژنان دەکەین ناتوانین لە بارودۆخی گشتی کۆمەڵگا دایبڕین و هەروەها لە بارودۆخی هەیی ئێرانیش دابڕاو نییە. ئێستاکە ئێران رۆژبەرۆژ لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و …هتد، تەنگەتاو تر دەبێت و قەیرانە هەییەکان رۆژ بە رۆژ قووڵتر دەبن؛ بێگومان لە هەمان کاتدا ئەوە لەسەر ژن کاریگەری دەبێت. بەتایبەتی لە بواری سیاسیدا ئێران ئێستاکە گەیشتووە بە بن بەستێک."

     سیاسەتێک کە ئێران بە ساڵانە لەسەر ژنان و گەنجان و هەموو کۆمەڵگا بەڕێوەی برد، ئێستا کە زەرەر لە خۆی دەداتەوە.

    ڤیان لە بەردەوامی هەڵسەنگاندنە سیاسییەکانیدا وتی:"سیاسەتێک کە ئێران بە ساڵانە لەسەر ژنان و گەنجان و هەموو کۆمەڵگا بەڕێوەی برد ئێستا کە زەرەر لە خۆی دەداتەوە، چونکە هەمیشە سیاسەتێکی لە ناوبەر و قڕکەر و بێ ماف بەڕێوە چووە. ئێستاکەش لە بەدەڵی ئەوە دا ئێران لە تەنگەتاوییەکی گەورە دایە. لە بواری سیاسی دا ئەم شتانە لەسەر ژن کاریگەر دەبێت، چونکە بە ساڵانە ژنان بۆ ئەوەی کە لە سیاسەت دا دەنگ و رەنگیان هەبێت؛ بەردەوام لە ناو تێکۆشانێک دابوون و بەدەڵی زۆر گەورەیان لەم چوارچێوەیەدا داوە. هەروەها لە بواری ئابووریش دا ئەوەی بەردەوام عەزیەت بووە، ژن بووە."

    زەخت و گوشار چەندە لەسەر ژن هەبێت ئەوەندە لەسەر کۆمەڵگاش هەیە.

    ڤیان سەبارەت بە زەخت و گوشارێک کە لەسەر ژنان هەیە، وتی:" زەخت و گوشار چەندە لەسەر ژن هەبێت ئەوەندە لەسەر کۆمەڵگاش هەیە.کاتێک بارودۆخی ژنان لە ئێراندا پێناسە دەکەین دەبینین کە لە زیندانەکاندا بارودۆخی ژنان لە بواری سیاسیدا، هەر رۆژ بە ئەشکەنجە و یاسای جیاواز ژن جەزا دەکرێت، هەر رۆژ لە ناو کۆڵانەکاندا ژن روبەروی هێرش دەبێتەوە، هەر رۆژ دەستدرێژی لەسەر ژنان پەرەدەستێنێت. هەر رۆژ کە تێپەڕ دەبێت ئەم قەیرانانە قووڵتر دەبنەوە. ئەو قەیرانانەی کە ئێستا ئێران تێیدایە، زۆرتر کۆمەڵگا زەرەر دەبینێت. ئێران بۆ ئەوەی لە هەر بوارێک دا خۆی بەهێز نیشان بدات بە شێوازی جۆراوجۆر کۆمەڵگا سەرکوت و بێدەنگ دەکات، پۆتانسییەلی بنەرەتی کە لە ژن دا زۆر بەهێزە، دەبێتە هۆکاری ئەوەیکە هەرە زۆرتر ژن بێدەنگ دەکرێت."

    هۆکاری نەبوونی کاردانەوەیەکی ئەوتۆی پیاوان لە بەرامبەر بە توندوتیژی لەسەر ژنان، زیهنییەتی پیاوسالارییە.

    ڤیان، سەبارەت بە نەبوونی کاردانەوەیەکی ئەوتۆی کۆمەڵگا و پیاوان لە بەرامبەر توندوتیژی لەسەر ژنان،وتی:" ناتوانین بڵەین بۆچی سەرەڕای ئەوەی کە لە سەدەی ٢١ـەم داین و ئەو هەموو پێشکەوتنە هەیە، بۆچی ئەوەندە زەخت لەسەر ژنان هەیە! بە پێچەوانە، سیستەمی سەرمایەداری هەر دەچێت رووەو پێشکەوتن دەچێت، لە ژنان وەکو کۆیلە کەڵک وەردەگرێت، کەسایەتی ژنان وێران دەکات، بەتایبەت لە سەدەی ٢١ـەمین دا زیهنییەتی پیاوسالاری بە هەر جۆرە لە شەڕەکانی دەرونی و جەستەیی کە ژن بە ئامانج دەگرێت، ئەم زێنییەتە هەر دەچێت بە هێز تر دەبێت، زیهنییەتێک کە ئاکاری کۆمەڵگا لاواز دەکات لەسەر ژنان بەڕێوە دەچێت، هەروەها تەکنیکە هەییەکان زەرەرێکی بنگەیی لە ژنان دەدات. لە لایەکی ترەوە چەندە لەم سەدەیە دا پێشکەوتن هەبێت وێڕای ئەو شەڕێک کە لە هەر بوارێک لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت، هەیە. هەموو ئەو شتانە دەبنە هۆکاری ئەوەی کە نەتوانین بڵەین بۆچی لەسەدەی ٢١ـەم دا کۆمەڵگا و بە تایبەت پیاوان، لە بەرامبەر توندوتیژی لەسەر ژنان کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نییە."

    پێویستە یەکدەنگ و یەکرەنگ بین تاوەکو بتوانین لە دژی ئەم زێهنییەتە شەڕ بکەین.

    ڤیان سەبارەت چۆنێتی تێپەڕ کردنی زیهنییەتی پیاوسالاری وتی:"چەندە ژن رێکخسن کراو بێت ئەوەندە یەکێتی ژنان ئاوا دەبێت، چەندە رێکخستن کردنی ژنان بەهێز بێت و چەندە ژنان یەکگرتوو بن، رێگایەکە بۆ تێکۆشانێکی بەهێز لە بەرامبەر ئەم سیستەمە. بۆ ئەوەی ئێمە لە بەرامبەر زیهنییەتی سەرمایەداری و زیهنییەتی دەسەڵاتداری شەڕ بکەین و پێویستە یەکدەنگ و یەکرەنگ بین تاوەکو بتوانین لە دژی ئەم زێهنییەتە شەڕ بکەین."

    دەوڵەتەکان دەیانهەوێت کولتووری دەستدرێژی بەسەر کۆمەڵگا دا بسەپێنن.

    ڤیان سەبارەت بە کاریگەری دەستدرێژی و توندوتیژییەک کە لەسەر ژنان بەڕێوە دەچێت وتی:" دەوڵەتەکان دەیانهەوێت کولتووری دەستدرێژی بەسەر کۆمەڵگا دا بسەپێنن. کاتێک منداڵێک یاخود کەسێک لە تەمەنی بچووکدا بە شوو دەدرێت، زیانێکی گەورە لە روحییەی ئەو دەدرێت، ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو کچە نییە، بەڵکو ئیتر دەروونی ئەو کەسە دەشێوێت و هەتا هەتایە ترسێک لە دڵی دا ئاوا دەبێت و بەردەوام دیمەنی دەستدرێژی لەسەری دێتە پێش چاوانی، هەروەها ئیتر بیری ئازادی و یەکسانی لەو کەسەدا دەکوژێت، ناهێڵێت بیری پێش بکەوێت و مێشکی وی دەخاتە بن بەرپرسیارێتی ژیانی، خزمەتی هاوسەر کردن و منداڵ بەخێو کردن. ناهێڵێت کە لێگەڕینی ئەو هەبێت. بەو هۆیەوە زەرەر و زیانێکی گەورە لە کۆمەڵگا دەدات. کاتێک ژنێک دەستدرێژی لەسەر دەکرێت، لە کەسایەتی ئەودا کۆمەڵگایەک، وڵاتێک دەستدرێژی لەسەر دەکرێت.

    کاتێک ژنێک شتێکی ویست بێگومان سەردەکەوێت.

    ڤیان لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە، بەئاکام گەیشتنی ئازادی ژنان، وتی:"تێکۆشان و خۆڕاگرییەک کە ئێستا ژنان بەڕێوەی دەبەن، لە هەر شوێنێک بێت؛ کە خۆیان و ئیرادەی خۆیان دەپارێزن، بە ئیرادەیەکە کە بگەن بە ژیانێکی ئازاد، کاتێک ژنێک شتێکی ویست بێگومان سەردەکەوێت، چونکە باوەڕی پێی هەیە و تێیدا سوورە  و بەدەڵی ئەویش رەچاو دەکات. کاتێک ژن لە سەر بڕیارەکەی سوور بوو؛ نە زیندان، نە شەلاق، نە ئەشکەنجە، هیچ شتێک ناتوانێت ژن لە تێکۆشانی پاشگەز بکات."

    ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگاش ئازاد نابێت.

    ڤیان سەبارەت بە ئەرکی کۆمەڵگا لە بەرامبەر بە ئازادی ژنان، وتی:" ئەگەر ژن زانا نەبێت، پێشی کراوە نەبێت، کار نەکات، خاوەن ئیرادە نەبێت، کۆمەڵگایەک خاوەن ئیرادە نابێت، کۆمەڵگایەک بندەست دەبێت. بەو هۆیەوە بوو کە رێبەر ئاپۆ، وتی:" ژنی ئازاد کۆمەڵگای ئازادە، تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگاش ئازاد نابێت." ئەم وشانە لە ناو خۆیان دا هەموو شتێک دەشارنەوە. ئەرکی بنەڕەتی کۆمەڵگا ئەوەیە کە کاردانەوە و ئەرکی خۆیان باش بەجێ بێنن و یەکگرتوو بن ، وەکو پێشەنگێکی بەهێزی یەکگرتنیش، پێویستە ژنان یەکگرتووبن تاوەکو کۆمەڵگاش یەکگرتو بێت."

    ئێمە وەکو کەژار لە تێکۆشانی ژنان و خۆگەیاندن بە ژنان بەرپرسیارین.

    ڤیان لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەشەو پەیامی کەژاری راگەیاند و وتی:"ئێمە وەکو کەژار لە تێکۆشانی ژنان و خۆگەیاندن بە ژنان بەرپرسیارین. سەبارەت بەو زەختانەی کە لەسەر ژنان هەیە کە ئاماژەمان پێکرد، لێرەدا ئێمە چەندە دەتوانین تێکۆشان بە هێز بکەین و بە هەبوونی ژن چەندە دەتوانین زەبر لە زیهنییەتی داگیرکاری بدەین. کام نەتەوە بێت بۆ ئێمە جیاوازی نییە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین یەکێتییەکی بەهێز لە نێوان ژنان دا دروست بکەین. داخوازی ئێمەش ئەوەیە لە کوێ ژنێک هەبێت خۆمان بە بێ رێکخستن کردن نەهێڵین و خۆمان زانا بکەین. ئەگەر ژنێک لە ناو کۆڵانێکیش، لە ناو بنەماڵەیەکیش لە بەرامبەر بە زیهنییەتی پیاوسالاری تیکۆشان دەکات بۆ ئێمە جێگای بایەخە و هۆی سەربەرزی ئێمەیە.



    کژار