هەڵمەتی:لە دژی سێدارە و قڕکردنی ژنان، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە
16 كانونی یهكهم, 2020
نەواڵ ژیان
ژن، ژیان و ئازادی چەمکگەلێکن کە هەمیشە لە قووڵایی مێژوودا واتایەکی شاراوەیان هەبووە، وەها بەیەکەوە پەیوەست بوونە کە هیچ زیهنییەتێکی چەوسێنەر تا ئێستاکە نەیتوانیوە لە نێوانیاندا مەودایەک بنێتەوە. سەرەڕای دەسەڵاتداری، سەرکووت و زەختی زیهنییەتی پیاوسالاری لە ماوەی ٥٠٠٠ساڵ دەسەڵاتداری، هەبوونی خۆیان وەکوو راستییەک کە نکۆڵی لێناکرێت و لێک جیاناکرێنەوە، سەلماندووە، لە پێناو کۆیلەکردنی ئەم هێزەی کۆمەڵگا و لاوازکردنی لەپێناو خزمەت بە زیهنییەتی دەسەڵاتداری پیاوسالار لە هیچ کردەوەیەک دوورپارێز نەبوونە.
زیهنییەتی رەگەزپارێز کە ژنان وەکوو پاشکۆی پیاوان و سەرچاوەی گوناح دەزانێت، ژن ناچاری دانەوەی ئەم قەرزە دەکەن و تەنانەت بچووکترین مافی مرۆڤایەتیشی بۆ بەڕەوا نابینن. ژن کە سەرچاوەی ژیان و خوڵقاندنە، ئەمڕۆکە کردوویانە بە سەرچاوەی خراپییەکان، دەستدرێژی و کۆتایی هێنان بە ژیان. گوناحکارە و پێویستە تا کۆتایی تەمەنی ئەرکی خزمەتکردن بە پیاو لە پێناو پاک کردنی گوناحەکەی لە ئەستۆ بگرێت. وەرچەرخاوە بە مۆدێلێک بۆ هەموو کۆمەڵگا و بووەتە نمونەی ئەو ژنە لاوازەی کە هەموو کۆمەڵگای بەچۆک داداوە و لاوازی کردووە. ئیدی نەک تەنیا ئاسەوارێک لە پیرۆز بوونی نەماوە بەڵکو، لەهەمانکاتدا نامووس و شەڕەفی پیاوان و کۆمەڵگا لە جەستەی ژندا کورتکراوەتەوە.
دەستدرێژی و دەسەڵاتی رۆحی، دەروونی و جەستەیی راهاتنە رۆژانەییەکانە کە لە لایەن رژێمی پیاوسالارەوە لەسەر ژنان و زیهنییەتی ئەوان دەسەپێندرێت. ئەو داسەپاندنە لە ئاستێکی وەهادایە کە ژنانیش بۆخۆیان بڕوایان بەوەهێناوە کە ئیدی هی خۆیان نین و پێناسەیەکیان نییە بۆخۆیان زیاتر لە بوون بە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانی پیاوان. هەرچەندە هێشتاش مێژوویەکی لەمێژینە کە ژنان تێیدا خاوەن رۆڵێکی ئەرێنی و دیاریکەر بوون، تروسکەی دێت بەڵام، بە بێ ژیرکردنی کۆمەڵگا لە کەسایەتی ژناندا دەیانهەوێت کە ئەم مێژوویە لەبیر کۆمەڵگا بەرنەوە. بە سازکردنی کۆمەڵگایەک کە بە شێوەی مێگەلی لێهاتووە، شەو و رۆژیان بۆتە یەک، نە لە دوێینێیان و نە لە سپەینێیان ئاگادار نین و هەروا بێ هەست ماونەتەوە. ئیدی نە ئاسەوارێک لە مێژوو بۆیان ماوەتەوە و نە دەنگی ئازادیخوازی ژنان بە گوێیان دەگات.
بە دڵنیایەوە زیهنییەتێکی بەمشێوەیە رەگەزپارێز و دەسەڵاتخواز لە نێوان نەژاد، نەتەوە، زمان، کلتوور، ئایین و …هتد هیچ جیاوازییەک دانانێت. ئەوەی کە لێرەدا گرنگە؛ شکڵدانی ژن و کۆمەڵگایەکی کۆیلەیە، هەتاکوو بە رێگای ئەوانەوە بتوانن بنەمای دەسەڵاتی خۆیان بەهێزتر و پتەوتر بکەن. کەواتە هەر ژنێک چ لە ئەمریکا بێت، چ لە ئەوروپا یاخود رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ هیچ جیاوازییەک رووبەڕووی ئەم زیهنییەتە دەبنەوە و رۆژانە کاریگەرییەکانیان بەوێنەی سێبەر و تارماییەک لە سەر ژیانیان هەست دەکەن. یەکێک لە وڵاتە باوەکان کە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان و گەنجانی لە ئاستێکی بەرزدا رووبەڕووی ئەم زیهنییەتە دەبنەوە، ئێرانە. کاتێک باس لەسەر ئێران دەکرێت؛ بە دڵنیایەوە پێش هەر شتێک مێژووی لەمێژینە، رۆڵی مێژووی ئەم وڵاتە لە پەرەدان و پێشکەوتنی لانکەی شارستانییەت بە تایبەت گەلانی زاگرۆس نەشین و بە شێوەیەکی گشتی جوگرافیای ئەم وڵاتە دەگاتە مێشکمان. وڵاتێک کە خاوەن مزاییکی گەلانە، خاوەن دەوڵەمەندییەکی کلتوورییە و لە ئەمنییەتی دیموکراسی و یەکسانیدابووە.
هاوژیانییەک وێڕای هەموو رەنگەکانی خۆی و رێز بۆ هەرجۆرە جیاوازییەکان دەتوانین ببینین. شایانی وتنە کە زیهنییەتی دەسەڵاتدار و بەرژەوەندیخواز نەیتوانی لەبەرامبەر وەها ژیانێک دان بەخۆی دابگرێت و لە پێناو پەرەپێدانی زۆرتری گۆڕەپانی دەسەڵات بە وێنەی ئۆختاپوتێک هەموو کۆمەڵگای تەنی. تەنیا توێژێک کە پێش توێژەکانیتر لەو زیهنییەتە زەرەری بەرکەوت؛ توێژی ژنان بوون. بە شێوەیەک کە بە دێژایی مێژوو، ژنان یەکەمین توێژبوونە کە کەوتونەتە ژێر پەنجی داگیرکاری و کۆیلێتی، لە ئێرانیش بەهەمان شێوە بووە. تەنیا مۆدێل ژنێک کە لە ژێر کاریگەری زیهنییەتی رژێم لە ئێراندا رۆڵی هەبوو، نمونەی ژنانی کۆشکیپاشایی بوون کە نوێنەری زیهنییەتی پیاوسالار و ژنی لاواز لە کۆمەڵگادا بوون.
لە درێژایی مێژووی ئێران، ئەم مۆدێل ژنە رۆڵی جیاوازی گرتووە و بە زیهنییەتی پیاوانە لە خزمەت رژێمدابووە. بە دڵنیایەوە لە وەها کۆمەڵگایەکدا ژنانێک هەنە کە دژبەری ئەم زیهنییەتەن و بە تێکۆشانی ئازادیخوازی خۆیانەوە لە هەوڵدانی تێپەڕکردنی ئەم زیهنییەتە و گەڕانەوەی گەوهەوری راستەقینەی خۆیاندان. گەرمی ژیلەمۆی ژیانێکی ئازاد و یەکسان ئێستاکەش هەستی پێدەکرێت و هێشتا نەبووە بە خۆڵەمێش. لە مێژووی ئێراندا ژنان بە ئیلهام وەرگرتن لەم گەرمای ژیانە هەوڵی تێکۆشانێکی ئازادیخواز و لەدژی زیهنییەتی رەگەزگەرا و دژە ژن دابوون بەڵام، لەهەمانکاتدا لەپاڵ تێکۆشانی ژنان، گۆڕانکاری هەر دەوڵەتێک لە قۆناخی جیاوازدا کاریگەرییەکی لەسەر باشبوونی دۆخی ژنان دانەناوە؛ بە پێچەوانەشەوە زیاتر گۆشەگیرییان لەسەر بەڕێوەچووە، لە مافی سروشتی خۆیان بێبەری بوونە و بێشوناس و بێ مێژوویان کردوون.
ئەمڕۆکە کە رژێمی ئێران لەسەر کارە، دۆخی ژنان بەهەمانشێوە رووی لە دابەزین بووە و سەردەمێکە کە زیاتر لە هەر کاتێکیتر لە سەدە تاریکەکانی ناوەڕاست دەچێت. رژێمی ئیسلامی ئێران کە بە بەڵێنە درۆییەکانی توانی هیوای ژنان و گەنجان کە زیاترین رۆڵیان لە سەرکەوتنی ئەودا هەبوو بەدەست بێنێت بەڵام، هیچ رۆڵێکیان بە ژنان نەدا و ناشدەن. زیهنییەتی ویلایەتی فەقیهـیش لەم پێناوەدا زیاتر جەخت لەسەر پیرۆزی و گرنگی ماڵ و بوونە ژنی ماڵ دەکات. سەرجەم گۆڕەپانەکانی کۆمەڵگای بۆ ژن بە قەدەغە جیاوازەکانییەوە بەرتەسک کردووە و هەر وتە و هەر جوڵەیەکی ژنان وەکوو گوناح لەقەڵەم دەدەن. بەداخەوە زیهنییەتی پراگماتیست واتا کردەگەرێتی رژێمی ئیسلامی لە ماوەی ٤٢ساڵی حکومەتی خۆی ئەگەر بوارێکی بۆ بەشداربوون لە گۆڕەپانە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخساندبێت، مسۆگەر لەپێناو بەرژەوەندییەکانی زیهنییەتی کردەگەرێتی و چەوسێنەری ئەودابووە. نمونە؛ هەر ژنێک لە تەمەنی ١٨ساڵی بۆ دواوە مافی بەشداربوون لە هەڵبژاردنانی هەیە و دەتوانێت نوێنەری سیاسی خۆی هەڵبژێرێت و دەنگی ئەویش وەکوو مرۆڤێکی کامڵ و عاقڵ شایانی پەسەند کردنە. بەڵام، هەر ئەو ژنە کامڵە مافی بەشداربوونی لە گۆڕەپانەکانی سیاسی، شوێنی بڕیاردان، بەڕێوەبەری و بەجێگەیاندنی نییە و بەگوێرەی ماددەی ١١٥ی یاسای بنەڕەتی سەرۆک کۆمار پێویستە لە نێوان پیاوانی ئایینی و سیاسیەوە هەڵبژێردرێت. لە راستیدا بابەتگەلێکی دژبەری یەکترن کە پەسەندکردنی یەکیان بەواتای رەتکردنی ئەوەیترە. تەنانەت ئەگەر بە دەگمەن ژنانێک لە گۆڕەپانی سیاسی بوونیان هەبێت، لەپێناو نیشاندان یاخود بەکارهێنانی ژنان لە سیاسەتدا لەبەرامبەر بە رکابەرەکانیان و یان لە پێناو بەدەستهێنانی پواندا بەکار دەهێندرێن.
بەشێوەیەک کە سیستەمی پاشایی لەم رێگەیەوە ژنانیان ئاشنای پیلانگێڕی و فڕوفێڵ کردووە و ئەمڕۆکەش بە زیهنییەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری رەنگ و روویەکی جیاوازی بەخۆی داوە و ژنانێک بەوێنەی مەعسومە ئێبتکار و شەهیندوخت مولاوێردی و … هتد ییان بە بەستنی دەمامەکێکی پیاوانە لەسەر روخساری ژنانەیان هێنایاننە گۆڕەپانی سیاسەت و سیاسەت بەڕێوەبردن. بە دڵنیایەوە زیهنییەتێکی وەها ناتوانێت هیچ خزمەتێک بە ئازادی ژن بکات و هیچ رێگەچارەیەکیش بۆ خەڵاسبوون لە دۆخی هەنووکە پەیداکات. بێگومان لە گۆڕین و دەست بە دەست کردنی هێزدا دیسان، ئەوە کۆمەڵگای ژنان بوونە کە زۆرترین زەرەریان وەبەر کەوتووە. وەک ئەوەیکە نە دەوڵەتە لیبەراڵە کردەگەرەکان و نە بەرژەوەندیخوازە ئایینییەکان نەیانویست لەم دۆخەدا گۆڕانکارییەک پێکبێنن. رژێم لە ماوەی جڵەوبەدەستی خۆی هەمیشە یەک هێڵیان بەردەوام کردووە و گۆڕینی پێشکەشوانە هێمایینەکانیان هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی بابەتەکەدا درووست ناکات.
هەمیشە و لە هەموو شوێنێک لە هێز و ماتەوزەی ژنان خەراپ کەڵک وەردەگرن و بە چاوی بەرژەوەندیخوازی قازانجگەرا لێیان روانیوە و لێشی دەڕوانن. بەرپرسانی رژێم هەر لە سەرەتای شۆرشەوە پشتیان لە بەڵێنگەلێک کە لە لایەن خومەینییەوە بە ژنان درابوو کرد و تا ئەمڕۆکەش بەمشێوەیە بەردەوامە. بە شێوەیەک کە پێش لە هەر هەڵبژاردنێکی سەرۆک کۆماری شایەتی بەڵێنە پڕ درەوشاوەکانی نوێنەرانی ئەم پلەیەین بەڵام، لەدوای ئەوەی دەستیان بەسەر تەختی دەسەڵاتداگرت، ناوەڕۆکی بەڵێنە درۆیەکانیان زیاتر ئاشکرا دەبێت. نمونەی هەرە نزیک هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ساڵی ٩٦ بوو.
حەسەن روحانییش لە رێوڕەسمی رێکلامی خۆی لە پێناو خزمەت بە کۆمەڵگا و بە تایبەت باشبوونی دۆخی ژنان بەڵێنگەلێکی زۆری دا بەڵام، کاتێک کە دۆخەکە گەڕایەوە سەر بواری ئاسایی خۆی و روحانی توانی ببێتە سەرۆک کۆمار نە تەنیا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بەسەر دۆخی ژناندا نەهات بەڵکو، لە پێشووتریش خەراپتر بوو. شایانی سەرنجە کە سیاسەتەکانی دژە ژن، جیاکارانە، توندوتیژیخوازی حکومەتی نوێ زیاتر لە رابردوو ژنان و سەرجەم کۆمەڵگای رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و وەچەکوژی کردۆتەوە.
لە کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەتیش رۆژهەڵاتی کوردستان ژنان کە زۆرترین جەماوەری وڵات پێکدێنن، بە شێوەیەکی جیددی هەم مافیان پێشێل کراوە و هەم رووبەڕووی تووندوتیژی هەمیشەیی دەبنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی هاووڵاتی پلەی چەندەمین و لە هەمان کاتیشدا لە سەرجەم ئێران بەهۆی رەگەزی دوویەمبوون رووبەڕووی توندوتیژی بەمجۆرە دەبنەوە. لەم بابەتەدا ئێران خاوەنی ئاماری سەدا ٦٦ی توندوتیژی لە دژی ژنانە.
برەودانی سیاسەتی ژن لە دژی ژن لە رێکخراو و دامودەزگا جیاوازەکاندا وەکوو بەسیج خواهران و خواهران زەینەب و…هتد کە مۆدێلی ژنێکی بەتەواوەتی پەیوەستی رژێم دەخاتە نێو کۆمەڵگا، بابەتێکیترە کە زیاتر لە هەر شتێک پەرە بە توندوتیژی و وەچەکوژی دژی ژنان دەدات و بەرەودانی وەها سیاسەتێک، گرنگترین و بنەڕەتترین ئەرکی ئایدیۆلۆژیای رژێمی ویلایەتی فەقیهە. لە ژێر یاسای امر به معروف و نهی از منکر لە ئاستی کۆمەڵگادا خواهران بسیج لە دژی ژنان بەکار دێنێت و قین و رقی ژن لە بەرامبەر بە ژن کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونی رێکخستنبوونی ژنان و یەکێتی، پەرەپێدەدات و ژن بە دەستی ژن لاواز دەکات.
زیهنییەتی ژنێکی وەها ئەوەندە بە ئایدیۆلۆژی پیاوانەوە دەشۆردرێتەوە کە بە کیلۆمەتران لە ئازادی مەودا دەگرێت و زیاتر لە پیاوان، ژن، ژنان رووبەڕووی توندوتیژی دەکاتەوە. درووستکردنی پایەگا بەسیجییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان و بەتایبەت ئاواییەکان لە سیاسەتە باوەکانی رژێمی ئیسلامییە. بۆ زیاتر پەیوەستکردن بە ئایدیۆلۆژیا و رژێمی خۆی، بەسیج و بوون بە بەسیج وەکوو کارتی سەوز بۆ چوون بە سەرجەم گۆڕەپانە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دێنێت. لە پۆلی سەرەتاییەوە بگرە هەتا زانکۆ و سەرجەم رێکخراو و دامودەزگا حوکمییەکان و …هتد و بۆ هەر کارێک پێویستە کارتی بەسیجیان هەبێت. سیاسەتی "برسی بهێڵە و حوکم بکە"ـش سیاسەتێکە لە پێناو زیاتر گرێدراوکردن و حاکمبوونی زیاتر بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و کوشتنی کاسبکارانی کورد و غەیری کورد. لەم سۆنگەیەشەوە دەوڵەت بە هاسانی دەتوانێت لەم رێگەیەوە، زیهنییەتی خۆی بەسەر زەینی کەسانی نێو خێزاندا بسەپێنێت و فێریان کات کە چۆن پەیرەوی ئەم زیهنییەتە رەگەزگەرایە بن. جیرەبەندیکردنی زانکۆکان و لەمپەردانان بۆ کاری ژنان و قەدەغەی هێندێک لە رشتەکانی خوێندن بۆ کچان، حیجابی زۆرەملی و تەنانەت خۆتێهەڵقورتاندن لە شێوە و رەنگی جل پۆشین، سووکایەتیکردن بە جل و کلتووری نەتەوەکانیتری ئێران، بڵاوکردنی مادەی هۆشبەر و سڕکردنی زەینی ژنان و گەنجان کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەتککردن و دەستدرێژی لە نێو و دەرەوەی خێزاندا، زیادکردنی سێدارە و ئەشکەنجە دژوارەکان لەنێو زیندانەکانی ئێران و…هتد، لە نمونەی سیاسەتەکانی توندوتیژهێنەری زیهنییەتی رژێمی ئیسلامی ئێرانە کە بەردەوامی ژیانی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا دژوار کردووە.
بە گوێرەی ناوەندەکانی لێکۆڵین لە ئێران لە ساڵی رابردوودا ٣٦٤٠مردنی بە گومان پێکهاتووە کە زۆربەیان ژن بوونە. لەم ژمارەیە لە تاران ٤٠٩کەس، کرمانشان ٢٧٠کەس. سەدا ٩٢یان خۆیان هەڵواسیوە و سەدا ٢٨ـیان مامناوەندی تەمەنیان لە نێوان ١٨-٢٤ساڵ، سەدا ١٧یان ٢٥-٢٨، سەدا ١٣ لە سەرووی ٥٠ساڵدابوونە. زیاتر لە چەند مانگ هەتا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نەماوە کەچی هێشتاش هیچ هەواڵێک لە پێکهێنانی بەڵێنەکانی سەرۆک کۆمار کە بە گەل و ژنانی ئێرانی دابوو نییە؛ بەپێچەوانەوە ئاماری سێدارەی گەنجان و ژنانی ئێرانی زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە.
لە لایەن پیاوانی دەوڵەتەوە چەندە زیهنییەتی نەتەوە پەرەستی پان-ئێرانیزم سەرەوە بووە ئاکامەکانی دەتوانین لە ئامارەکانی ئاخری قوربانیانی کورد، بەلوچ، عەڕەب، ئازەر و…هتد ببینین. حکومەتێک کە باس لە سازگاری نەرم دەکات، تەنیا ئامرازی بێدەنگکردنی دەنگە دژبەرەکان، ئازادیخواز و جیاوازەکان لە ئێراندا سێدارە دەبینێت. ئەگەر بڕوانینە دەیەکانی ٦٠ـیش، لە ماوەی مێژووی ئێراندا دەیەیەکە کە هەرگیز لەبیر ناکرێت. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا و هەتا رۆژی ئەمڕۆکە و سپەینێش، هەزاران بنەماڵە بە وەبیرهێنانەوەی خزمەکانیان کە لە سێدارە دراون رۆژگار تێپەڕ دەکەن.
بە گوێرەی ئامارە هەییەکان لە ساڵەکانی ١٣٦٠ تا ١٣٦٤ نزیکەی ١١هەزار کەس لە زیندانە جیاوازەکاندا گووللەبارانکراون یان لە سێدارە دراون و یاخود لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتراون و ئەم ئامارانە بە فەرمانی خومەینی تا ساڵی ١٣٦٧ تا ١٥هەزار کەس زیادی کرد. هەروەها بەگوێرەی ئامارگەلێک کە بە شێوەی فەرمی لە لایەن رێکخراو و رێکخستنەکانی مافی مرۆڤەوە راگەیێندراوە، لە ساڵەکانی ١٣٨٤بە ژمارەی کەسانێک کە لە سێدارە دراون ٣٥٠کەس، ١٣٨٨ بە ٤٠٢ کەس، ١٣٨٩بە ٥٤٦کەس، ١٣٩٠ بە ٦٧٦کەس و لەساڵی ١٣٩١ بە ٥٨٠کەس گەیشتووە کە لە ٥٨٠کەس ٢٩٤کەسیان بە شێوەیەکی فەرمی راگەیێندراوە و ٢٨٦کەسیش لە لایەن راپۆڕتەکانی سەرچاوە نافەرمییەکانە. لە نێوان ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون نزیکەی ٩کەسیان ژن بوونە.
کەسایەتگەلێکی بە وێنەی زەهرا کازێمی، نێدا ئاغاسولتانی، شیرین عەلەمهولی، هالە سوبحانی، پەروانە ئەسکەندەری، نسرین و شەهلا کەعبی، مەعسومە سەرهەنگی، شەهێن باوەفا،شەهربانو مۆدەررێسی، ئەوین عوسمانی، رەیحانە جەبباری و …هتد کوشتنی سەدان ژن و گەنجی بەلوچ، ئازەر، عەڕەب، کورد و فارس کردەوەی نادیارن و یان بەهۆی فەلسەفەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازییان لە لایەن حاکیمانی رژێمی ئیسلامی ئێران قەتڵ کراون یان لەدار دراون. ئەمساڵ لەدوای سێداری هێندێک لە خۆپێشاندەرانی، سەرهەڵدانەکانی مانگی خەزەڵوەڕی ساڵی ١٣٩٨،تا ئێستاش مەترسی سێدارە لەسەر ٩٦لەو زیندانیانە هەیە کە لە زیندانەکاندا چاوەڕوانی حوکمەکەیانن.
بە دڵنیایەوە باسکردن لەسەر دیاردەکانی سێدارە و کۆمەڵکوژیگەلێکی بەمشێوەیە بە تایبەت لە سەدەی ٢١دا جێی داخ و مایەی شەرمێکی گەورەیە بۆ رژێمی داگیرکەری ئێران، ئەم کردەوە دژە مرۆییانەی دەوڵەتی ئێران لە کاتێکدایە کە رۆژانە هەزاران جار بۆ رەوایەتدان بەم کردەوانەیان کەڵک لە ئایینی ئیسلام دەگرن بەڵام شایانی سەرنجە کە ئەم کردەوە و حوکمانە هیچ لە ئایین ئیسلام و قورعان ناچێت؛ چونکە ئایینی ئیسلامی محەمەدی و ئیسلامی مەدینە رێز بۆ ژیان و گیانی بوونەوەران دادەنێت لە کاتێکدا کە رژێمی ئیسلامی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداری خۆی تا ئێستاکە کەسانێکی زۆر لەژێر ناوگەلێکی جۆراوجۆری وەک مۆحارێب، مۆفسێد، جیاییخواز و …هتد قەتڵکردووە. بە بەڕێوەبردنی دادگا رواڵەتییەکان و چەند خولەکی بە هاسانی و بە بێ هیچ سەردانەوانێک بۆ مرۆڤەکان حوکمی قێساس و سێدارە دەدەن. کوشتنی هەرجۆرە جیاوازی، ژیری ئازادی، ئیرادەی سەربەخۆ، دیموکراسی مسۆگەر کردەوەیەکە کە لەگەڵ خوو و گەوهەری سروشت، گەردوون و مرۆڤایەتی لە ململانێ دایە.
لە لایەکەوە زیهنییەتی پیاوسالاری دەوڵەت کە هەر رۆژ بە شێوەی جیا، جیا دەستدرێژی دەکەنە سەر زەین و جەستەی ژن و سووکایەتی پێدەکەن، لە لایەکیترەوەش پیاوی بنەماڵە(باوک، برا، مێرد، مام، خاڵ، باپیر و …هتد) ژنان دەخەنە ژێر زەخت و گوشارەوە. داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگاش رۆژانە گیانی بەدەیان ژن دەستێنێت و ئاکامی ئەم زیهنییەتەش، دونیای بۆ ژنان وەکوو گۆڕستانێک لێ کردووە. سەرجەم ئەم بابەتانە نیشانەدەری ئەوەیە کە ژنانی ئێرانی وەک بەلوچ، کورد، فارس، ئازەر، عەڕەب و …هتد بە بێ هیچ جیاوازییەک رووبەڕووی زیهنییەتی رەگەزپەرەست و زاڵمی پیاوسالاری دەبنەوە.
کەواتە شتێک کە روونە ئەوەیە کە هەموو ژنان دەردێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش نەبوونی ئازادییە. دیتنی ئامارگەلێک کە دەدرێن ئاستی وەچەکوژی ژنان لە سەرجەم گۆڕەپانە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات. هەروەها کە زۆربوونی یاسا لەنێو کۆمەڵگادا ئاستی نەبوونی ئەخلاق و کلتوور نیشان دەدات بەهەمان شێوەش نیشانەدەری زۆربوونی بێ مافییەکە کە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت. بە تایبەت زۆربوونی بێ ئەمانی یاسا لە رژێمی سەرمایەداریدا دەگەڕێتەوە بۆ مەیل بۆ بەدەستهێنانی پوان لە کاتێکی کورت و زوودا کە هیچ سنوورێک ناناسێت، لەم سۆنگەیەشەوە ژنانیان کردۆتە گەورەترین ئامراز و کاڵا.
پێویستە ئێمە ژنانی کورد و ئێرانیش لە هەموو گۆڕەپانە جیاوازەکان بە پەرەپیدان بە چالاکییە دیموکراتیکەکانمان کۆتایی بە زیهنییەتی قاتڵ و قڕکەری رژێمی ئیسلامی ئێران بێنین و هەروەها لە لایەن رێکخراوە نێونەتەوەییەکان، دامودەزگا دەوڵەتییەکانی رژێمی حاکیم لە ئێران بخرێتە ژێر گوشارەوە و هەتا لابردنی حوکمگەلێکی وەک سێدارە، بەردباران، قێساس و…هتد هەنگاو رووەو دواوە نەنێین. لە پێناو کۆتایی هێنان بە زیهنییەتی سێدارە و قڕکردنی ژنانی ئێرانی بە سمینار، پەروەردەی پێویست بۆ زاناکردنی ژنان، چالاکی جۆراوجۆر، چالاکی راگەیاندنی و کاری بەمشێوەیە ئەم هەڵمەتە بە رێکخستن بکەین.
بە ئامانجی ئێرانێکی دیموکراتیک کە سەرجەم گەلان و بە تایبەت ژنان بتوانن ژیانێکی ئازاد، سەربەخۆ و دیموکراتیک مسۆگەر بکەن، هەوڵدانێکی هەمیشەیی و بەئامانجمان دەبێت. شایانی وتنە کە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئێرانێکی دیموکراتیک پێش لە هەر شتێک پێویستە ژنان بگەن بە ئازادی. چونکە ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادی ژنانەوە. بە تایبەت ژنانی ئێرانی کە خاوەن کلتوورێکی دەوڵەمەند و مێژوویەکی دێرینەن، پێویستە بە پشت بەستن بە دەستکەوتە میژووییەکانیان، بە دوای ژیانێکی فەلسەفی، وێڕای وشیاری، زانست و سیاسەت و ئەخلاقدا بگەڕێن. بە دڵنیایەوە سەرکەوتنی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەرکەوتن. گۆڕەپانی سیاسی دژوارترین و ئاڵۆزترین گۆڕەپانی تێکۆشانە بۆ ژنان. گۆڕەپانێک کە تا ئێستاکە لە ژێر داگیرکاری زیهنییەتی پیاوسالار دابووە و ژنان هەمیشە لەدەرەوەی سنوورەکانی ماونەتەوە.
کەواتە بۆ سەرکەوتنێکی هەمیشەیی و سەقامگیر لە هەر قۆناخێک لە میژوو، یەکێتی، یەکدەنگی، هاوڕەنگی و رێکخستنکردنی ژنان لە سەرجەم گۆڕەپانەکان مەرجێکی بنەڕەتییە. شتێک کە هەتا ئەمڕۆکە بۆتە هۆی بەربڵاوبوونی یەکێتی ژنان بە زانستی ژیانێکی فەلسەفی و سیاسی هەڵیوەشێنین و لە ئازادی و حەقیقەتی ژیانێکی ئازاد بگەڕێین. هەڵمەتی"لە دژی سێدار و قڕکردنی ژنان، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە" دەتوانێت هەنگاوێکی نوێ لەم پێناوەدا بێت. پێویستە بتوانین بە پابەندبوون بە مێژووی ئازادی ژنان، تێکۆشانمان لە پێناو گەیشتن بە داهاتوویەکی ئازاد و روون بەرز کەین. بێگومان یەکێتی و هاوپەیوەندی ژنان گەرەنتی سەرکەوتنی داهاتوومانە.