• تاگەکان: ,

    تاکە ڕێگای گەیشتنی ژنان بە ئازادی، پشت بەستن بە هێزی جەوهەری خۆیانە

    22 تشرینی یه‌كه‌م, 2022

    جوانە سنە – ئەندامی کۆردیناسیۆنی کژار

    ساڵانێکە هەوڵدراوە ئیرادەی ڕاستەقینەی ژنی ئازاد لە ناو ببرێت. هەمان ئیرادە لە سەرهەڵدانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دەرکەوتەوە و ئەو هێزە قەتیس کراوە کەوتە ناو گۆرەپانەکان و مزگێنی ئازادی و ئاسۆیەکی ڕوونی دا بە گەلە چەوساوە و بەشخوراوەکان. هەر ئەو ئیرادەیە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ تێکشکاندنی ئەو دۆخە ترسناکەی کە باڵی بەسەر کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشا بوو. هەر ئەو ئیرادەیە ڕۆشنایی خستە نێو دڵی منداڵانی وڵاتی خۆر و ئاگر و وانەی ئازادی و سەربەستی لە ناو کۆڵانەکانی وڵاتی زاگرۆس کە بە ترس خنکێندرابوون، وتەوە و بروسکەی عەشق و خۆشەویستی ژن،ژیان، ئازادی خستە نێو چاوی چاوەڕوانانەوە. بە منداڵانی دڵ پڕ لە ئاواتی وڵاتی وت کە ئیتر کاتی سەرکوتکردنی هەستەکان و ئیرادەیان، کۆتایی هات و دەتوانن ئیدی بە دەڵێکی خۆش چاوەکانتان لەیەک بنێن.

    ژن،ژیان،ئازادی کەوتە سەر ڕێچکە ڕاستەقینەکەی خۆی و بەهەڵکردنی ئەم ئاڵایە دووبارە پێناسەیەکی ڕاستەقینە بۆ ژیانێکی پڕ لە واتا، داڕێژرایەوە و هەموو تاکێکی ئازادیخواز وەڵامی داخوازییەکانی خۆی لە وتنەوەی ئەم دروشمەدا دیتەوە. هەر لەسەر هەمان ئەو ڕێچکە ڕاستەقینەیەی ژن،ژیان، ئازادی زیاتر لە یەک مانگە دەنگە ناڕازییەکان لەناو کوچە و کۆڵانەکان پەنگی خواردوەتەوە و بەردەوامە و تێکۆشان و کەساییەتییە تێکۆشەرەکان گەڕاونەتەوە بۆ جەوهەری ڕاستەقینەی خۆیان.

    یەکێک لەو شوێنانەی کە ڕژێمی ئێران هەموو هەوڵدانەکانی خۆی بۆ سەپاندنی ئایدۆلۆژیای خۆی خستەگەڕ، خوێندنگاکان بوون. بەڵام ئێمە بووین بە شاهیدی ئەوەی کە ئەو جیلەی دەسەڵاتی ئیران بە خەیاڵی خۆی لە ڕێگای ئەوانەوە دەتوانێت بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات و گەلانی پێ سەرکوت بکات، بوو بە شوێنی شکاندنی عەقڵییەت و ئایدۆلۆژیایەکەی.

    رژیم هەوڵی دا بە زەواج لە تەمەنی بچوک دا کچان بخاتە ژێر خزمەتی عەقڵیەتی پیاوسالاری خۆی و بەو شێوە کە دەیەوێت پەروەردەیان بکات بەڵام هەر ئەو کچانە بە وتنەوەی دروشمی ژن،ژیان،ئازادی بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتیان لەرزاند. وە بە بەرز کردنەوەی هێمای سەرکەوتن و ئازادی بە دەستە بچکۆلانەکانیان مژدە بەخشی ئەو ڕۆژەن کە ئیدی بەدەستی ئەوان کۆتایی بە زۆڵم و زۆرداری دێت.

     ئەو دایکانەی کە لە مەراسیمی ناشتنی جگەر کۆشەکانیاندا هەلهەلەی ژن، ژیان،ئازادی سەردەدەن و بەم هەڵوێستەیان واتای ڕاستەقینە بە ژیانێکی ئازاد دەبەخشن. بەدوور لە چەوساندنەوە و هەڵاواردنی ڕەگەزی، هەر لە کوردستان تا بەلووچستان ، لە تەورێز تا ئەهواز ، لە گیلان تا تاران بوون بە داڕێژەری بنەمای ڕاستەقینەی تێکۆشان و تێکۆشانیان کرد بە کەلتورێک و تۆوی بەرخۆدانیان لە دڵی تاک بە تاکی نەوەکانی داهاتوودا چاند بۆ گەشاندنەوەی ژیانێکی ئازاد. 

    شۆڕش خاوەنی ئەم هەڵوێستانەیە، کە زیاتر لە یەک مانگە لە لایەن گەلان و بەتایبەت ژنان و گەنجان تەواوی گۆڕەپانەکانیان کردووە بە گۆڕەپانی تێکۆشان لەبەرامبەر ئەو عەقڵیەتەی کە تەنانەت مافی چۆن پۆشینی جل و بەرگی لە ژنان وەرگرتبوو. رژیمێک بوو کە زیاتر لە چوار دەیەیە ئایدۆلۆژیای خۆی لە ڕێگای شێوازی پۆشینی جل و بەرگ کە بۆ ژنان دیاری کردبوو بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە.

      گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵات ڕاشکاوانە بە یەکدەنگییان و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان،ئازادی داخوازی خۆیان دیار کرد و جاریکی دیکە وەڵامی “نا” یان بەم دەسەڵاتە دایەوە، و چیدی بێ ئیرادە کردن و ژیانێکی بێ رێکخستن و دوور لەڕاستی کۆمەڵگە قبووڵ ناکەن و بە بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکان بڕیاری ئەوەیان داوە کە هەتا دواین هەناسەی خۆیان لەتێکۆشان بۆ وەدەستخستنی داخوازیە ڕەواکانیان نەوەستن، هەر وەک کە لە ئێستادا دەبینین ڕۆژانە لە شەقامەکانن و بە خوێنی خۆیان ئەم تێکۆشانە دەنەخشێنن.

    هەر بۆ بەردەوام کردنی ئەم تێکۆشانە و بە فیرۆنەدانی خوێنی ڕژاوی ئەو گەنجانە دەبێت  خۆبەڕێخستن بکەن و لە زانکۆکان ، خوێندنگاکان و هەموو گوند و شارەکان کۆمیتەی پاراستنی جەوهەری ئاوا بکەن و وەک چۆن ژنان لەسەرەتاوە بوون بە پێشەنگی ئەم شۆڕشە لە ئێستاش دا لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوامی بەو پێشەنگایەتییە بدەن. هاوکات پێویستە بەهیچ شێوازێک ڕێگە نەدرێت بەو ژنانەی کە خزمەتی عەقڵیەتی پیاوسالار دەکەن و نەهێڵن کە تێکۆشانەکانیان لەناو بەرن. هاوکات پێویستە ئەو ژنانەی کە لە دامودەزگاکانی رژێمی ئێران، بەتایبەت شۆرا و مەجلیس دا کار دەکەن خۆیان دەست لە خزمەت کردن بە رژیمی سێدارە هەڵگرن و بێنە ڕیزی تێکۆشانی ڕاستەقینەی گەل. ژنان بە فەلسەفەی ژن،ژیان،ئازادی خۆیان دیتەوە و بوون بە خاوەن جەسارەت و ئیرادە و هاوکات بە شێوازێکی ڕادیکاڵانە تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەن. ژنان سەلماندیان بۆ وەدەست خستنی مافەکانیان چاوەڕوانی لە دەسەڵات ناکەن. هەر بۆیەش لە مەیدانەکان پشتیان بە هێز و ئیرادەی خۆیان بەستووە.واتە نیشاندەری ئەوەیە کە تاکە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی پشت بەستن بە هێزی جەوهەری خۆیانە. بۆ گەیاندنی داخوازیە ڕەواکانی گەلان بەتایبەتی ژنان، پێویستە بەهەمان گوڕ و تینی دەستپێک پیشتیوانییەکان لە لایەن گەلان و بەتایبەت ژنان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەردەوامی پی بدرێت. بەتایبەت ژنان لە نەتەوە جیاوازەکان لەناو ئێران دا بەتێکۆشانی هاوبەش ئەو یەکگرتنەی کە لە ئارادایە بەهێزتر بکەن.

    ئێمە وەکووکۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کژار، لە چوارچێوەی پاراستنی ئەو شۆڕش و دەستکەوتانەدا کەمپەینێکمان بە دروشمی “کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنانە” ڕاگەیاندوە و هەر لەم چوارچێوەیەش دا تا گەیشتن بە ئازادی لە تەواوی گۆڕەپانەکانی ژیان پەرە بە تێکۆشان و خەباتمان دەدەین و بەبێ ساتێک دوو دڵی ئامادەین بۆ بەدیهێنانی داخوازیە ڕەواکانی گەلان و بەتایبەتی ژنان.



    کژار