• تاگەکان: ,

    کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کژار) بە بۆنەی ٩ گوڵان

    9 ئایار, 2021

    ئازادی و عەداڵەت ئەو دەستەواژانەن کە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو لێیان گەڕاوە و بۆ گەیشتن پێیان لە تێکۆشیندا بووە.  ئازادی لە راستیدا بیرەوەرییەکی لەبیر نەکراوی مرۆڤە کە بۆ ژیاندنەوەی هەموو کات لە هەوڵداندا بووە. ئازادی بۆ گەلی کورد کە ساڵانێکی درێژە لە ژێر زەخت و زوڵمی داگیرکەری و چەوساندنەوەدایە زۆر پیرۆزە و لاپەڕەکانی مێژووی خۆی بەم پێناسە نەخشاندووە. بە هەزاران ساڵە داگیرکەران ژیانێکی دوور لە ئازادی و جوانی بە سەر گەلی کورددا ئەسەپێنن و بە هەزاران ساڵیشە کورد دژ بە ناشیرینی و زۆردەستی خۆڕاگری ئەکات.

    مێژووی خۆڕاگری گەلی کورد لێوانلێوە لە ئەفسانەی ئەو قارەمانانەی کە قەت ژیانی کۆیلەتییان پەسند نەکرد و خەیانەتیان لە خەیاڵەکانی ئازادیخوازانەیان نەکرد و لە پێناو ئاوا کردنی کۆمەڵگایەکی ئازاددا گیانیان فیدا کرد. شەهید نرخی هەرە پیرۆزی گەلی کوردە کە وەک وزەیەک هەر کڵپە و بڵێسەی ئاگری شۆڕشی کوردستانی بەگوڕتر کردووە و دەنگی خۆڕاگری گەلەکەمانی گەیاندووە بە گوێی هەموو جیهان.

    مانگی گوڵان لە مێژووی تێکۆشینی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان وەک مانگی شەهیدان پێناسە کراوە. رۆژەکانی گوڵان سوورن وەک جەستەی بە خوێن نەخشێنراوی ئەو گوڵالە سورانەی کە تاکە ئاواتییان ئەوەیە کە وەرزی ئەندێشەی مرۆڤ هەمیشە بەهار بێت. ئەم کاروانە بە شەهادەتی هەڤاڵ حەقی قەرار کادری پێشەنگی تەڤگەری ئازادی دەستی پێکرد و تا ڕۆژی ئەوڕۆش هەر بەردەوام ئەکات. هەر ڕۆژێکی ئەم مانگە هەڵگری چیرۆکی قارەمانەتی و کۆڵنەدەری قوتابیانی ئاپۆیی بووە کە ئەفسانەیان خوڵقاند و ناوی خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژوو نەخشاند.

    بێگومان مانگی گوڵان بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتیش خاوەن واتایەکی زۆرە. شەهادەتی ٦ کادری ڕاگەیاندنی پژاک لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە، شەهادەتی ٥ هەڤاڵ لە داڵاهۆ بە پیلانگێڕییەکی چەپەڵی خۆفرۆشان و هەروەها ئێعدامی ٤ تێکۆشەری ڕێی ئازادی كه‌ له‌گه‌ڵ چالاكڤانی فارس مه‌هدی ئیسلامیان لە بەندیخانەی ئێڤین بە دەستی ڕژیمی دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران، و هەروەها شەهادەتی دەیان هەڤاڵی دیکە کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان گیانی ئازیزی خۆیان فیدا کرد، بۆ ئێمە وانەی کۆڵنەدەرین .

    ٩ گوڵان بۆ رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی وەک پەڵەیەکی رەش لە ناو مێژووی پڕ لە جەور و ستەمیدا ئەمێنێ و بۆ گەلی کورد بوو بە رەمز. ٩ گوڵان لوتکەی بەرزی ورە و بڕوای مێلیتان و تێکۆشەری راستەقینەی ئازادییە و دەنگدانەوەی دروشمی بەرزی بەرخۆدان ژیانە یە. ئەوەی کە وای کرد ناوی شەهیدانی٩ گوڵان چوارچێوەی دیوارەکانی ئێڤین بشکێنێ و گەردوونی بێت، تێکۆشانی بێ پسانەوە،بڕواداربوون بە ڕێباز،عەشق بە ژیان و کوشتنی مردن لە خۆیان دا و هەروەها شەڕوانی راستینەی ئازادی بوونیان بوو،کە وای کرد ئەشکەنجەگەرانی کۆماری سێدارە بحەپەسێن.

    لە کەسایەتی هەر چوار تێکۆشەری کورد و هەموو تێکۆشەرانی ئازادی و رزگاری هەموو شەهیدان بە رێزەوە وەبیر ئەهێنینەوە و بەڵێنیان لەگەڵ دووپات ئەکەینەوە کە تا گەشتن بە ئازادی و ئاوا کردنی کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیک و ئازاد بەردەوام لە تێکۆشاندا بین.

    مامۆستای کورد فەرزاد کەمانگەر کە هەر لە منداڵییەوە هەستی بە ئێش و ئازارەکانی گەلەکەی کردبوو و هەموو ژیانی تەرخان کرد بۆ ئەوەی منداڵانی وڵاتەکەی فێری ئەلف و بێی ئازادی بکات. هەڤاڵ فەرهاد وەکیلی وەک باوکێکی کورد ویستی دنیایەکی جوانتر بۆ منداڵانی وڵاتەکەی ئاوا بکات کە تێدا داگیرکەری و زۆرداری واتایەکی نەبێت. شەهید عەلی حەیدەریان وەک گەنجێکی کورد بێدەنگی و چارەنووسی سەپێنراوی قەبوڵ نەکرد. شەهید شیرین عەلەم هولی ژنی خۆڕاگر و بە ورەی کورد بووە سەمبۆلی خۆڕاگری بۆ هەموو ژنانی ئێران و چۆکی بە ئەشکەنجەگەرانی کۆماری سێدارە دادا. هەڤاڵ شیرین بە شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی مۆمی هیوای لە دڵی هەموو ژناندا داگیرساند و بووە نوێنەری راستەقینەی خەتی ئازادی ژن  و پێناسەیەکی راستەقینەی لە ژنی ئازاد پیشان دا. شه‌هید شیرین وه‌ك یه‌كه‌م كادری ژنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی كه‌ له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ له‌ سێداره‌ درا بۆ ئێمه‌ وه‌ك خه‌تی خۆڕاگری و ئیراده‌یه‌  كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی داگیركه‌ران چۆكی پێ دانه‌دا و به‌ داگیركه‌رانی راگه‌یاند كه‌ ئێوه‌ له‌وانه‌یه‌ بتوانن جه‌سته‌م له‌ ناو ببه‌ن، به‌ڵام قه‌ت ناتوانن ئیراده‌ و شه‌ره‌فی من له‌ ناو ببه‌ن.

    وەک کۆمەڵگای ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەموو شەهیدان و بە تایبەت لەم رۆژەدا شەهیدانی ٩ گوڵان کە بوونە ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی شؤڕش وەبیر ئەهێنینەوە. بەڵێن دووبارە ئەکەینەوە کە لە خەتی شیرین، فەرهاد، فەرزاد و سۆراندا هەنگاو هەڵبێنین و تا پێکهێنانی ئاواتەکانیان کە کۆمەڵگایەکی ئێکۆلۆژیک، دێمۆکراتیک کە رزگاری ژن تێدا بە بنەما ئەگیرێت تێکۆشانمان هەر بەردەوام بێت. لە پێواژۆیەکی هەستیار کە ئەوڕۆ گەلی کورد تێدا دەرباز ئەبێت و نەیارانی کورد بڕیاری لە ناو بردنی ئیرادە و هەبوونی کوردیان داوە لە سەر هەر تاکێکی کورد ئەرکە کە دژ بە داگیرکاری بێدەنگ نەمێنێت و هەمبەر خیانەتی ناوخۆییش خاوەن هەڵوێست بن. ئەرکی ئێمەیە کە خاوەنداری لە رەنجی شەهیدان بکەین و شۆڕشی ئازادی کوردستان مسۆگەر بکەین.

                                                                                                  شەهید روناکی ژیانی ئێمەن

                                                                              کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان( کژار )

                                                                                                  ١٩.٢.١٤٠٠   



    کژار