• تاگەکان: ,

    مێژوو لە حەوزی دجلە ـ فوراتدا

    22 تشرینی دووه‌م, 2022

    ئۆرفا سیمبۆلی پیرۆزی و نەفرەت

    رێبەر ئاپۆ

    بەشی سێیەم

        پەیوەندییەکانی ئورفا و ئایین دەشێت مژارێکی سەربەخۆی لێتوێژنەوە بێت. زۆر بەڕاشکاوانە دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە؛ راستییە پیرۆزەکان هێندە دووچاری خیانەت هاتوون، بەرلەهەموو شتێک پێویستە ئەم شارە باوەڕمەندە لە باوەڕمەندە ساختەکان پاک بکرێتەوە. دەبێت بگوترێت ئیتر هێندە خیانەتکردن لەئایین بەسە، دەبێت کۆتایی بەسیستەمی راهیبەکانی سۆمەر بهێنرێت. هیچ گرنگ نییە کە زانان یاخود نا. ئەمە رەوشێکە کەلانە بووە، بەهێزترین ئەڵقەیە. بەکرێگیراوەکانی دەرەوەی شار و ناوەندەکەی، ئاغا، میر و پاشماوەکانی شێخایەتی و سەرۆک خێڵی ئیتر لەم بێشکەیەی مرۆڤایەتی هەریەکەیان وەکو دووپشکێکی ژەهراوین، ژەهر بەرهەمدێنن. ئیتر ئەوەندە بەسە کە ژەهرەکەیان رشت. ئەمانە چۆن هیچ شتێکیان پێشکەش بە گەلە قەشەنگەکەی ئەم ناوچەیە نەکرد، بەردەوام لەنێو نکۆلی لێکردنیاندا بوونە. سەرباری ئەوەی هەزاران ساڵە لە بەرهەمەکەی دەخۆن، بۆ خۆشیان لەڕەوشێکدان ناتوانن هیچ شتێک پێشکەشبکەن. بەردەوام خۆراکە بەتام و چێژەکانی ئورفا بەدیاری بۆ ناوەندەکانی کۆیلەداری دەنێرن. ئێستا بەفڕۆکە بەشێوەی پاکەت بۆ تەواوی جیهانی رەوانە دەکەن، بەلآم ئورفا و دەوروبەری هەتا دوایی هەژار، برسی و بێکارە. لەکۆنترین و بەپیتترین زەوییەکانی جیهاندا ئەم رەوشە ناهەموارە جێگای باسە. لەو شوێنەی کە هەرە زێدە زمان و کەلتووری تێدا پێشکەوت، زمان و کەلتووری گەل کەوتۆتە رەوشێکەوە کە ناناسرێت و گوزارشتی لێناکرێت. بەلآم خیانەتکارەکانی وەکو بولبول قسە دەکەن و دەبنە پاڵەوانی کەلتووری ناڕەسەنی دەنگ، مۆسیقا، ئاوازە خەمناکەکانی خوداوەند و خوداوەندەکانیان کردۆتە ئامرازی کالآ هەرزانەکانی بازاڕ. 

           خیانەت هێندەی دەتوانێت ئەستوور و دەوڵەمەند بووە. گەلیش هەژار و بێزمانە، هێندەی بڵێی کەوتووە. ئەم ناکوَکییە لەناوچەی ئورفا لەبەرزترین ئاستدایە و خاوەن تایبەتمەندییەکی کەڵەکەبووە. نامۆبوونی گەل لەهەبوونی خودی خۆی لەقۆناخێکی تاریکدایە. واتای نەفرەت و پیرۆزی سەرەتای مێژوو پێچەوانە کراوەتەوە. مێژوو وەکو دەستپێکی پەرەسەندنەکان نییە، بەپێچەوانەوە بەکۆتایی پەرەسەندنەکان پشت ئەستوورە، پیرۆزی شوێنی نەفرەتی گرتووە، نەفرەتیش رۆڵی پیروَزی دەبینێت. لەسەدەی بیستەمدا ئەم ناکوَکییە بەخەستییەکی زیاتر بەردەوام بوو. سەرتاژێر وەکو سەدەیەکی نەفرەت باڵی خۆی بەسەر تەواوی کونوکەلەبەرەکانی ژیاندا کێشاوە.

           لەگەڵ رووخانی ئیمپراتۆرییەتی دەرەبەگایەتی عوسمانیدا، تورکەکان بە سەرکێشی (مستەفا کەمال) لەڕێگای رزگاری نیشتمانییەوە پێکەوە لەگەڵ کورداندا بەرەو ئاواکردنی کۆماری تورکیا هەنگاوی نا. کوردەکانی ئورفاش پشتگیریان لەم قۆناخە کرد. کوردان بەشێوەیەکی سەرتاپاگیر وەکو ئەندامێکی ستراتیژی بەشداریان لە رزگاری نیشتمانی و ئاواکردنی کوَماردا کرد. بەشی ئورفاش لەمەدا وەکو قارەمانێک خەلآتکرا، بەلآم بەهۆی یاخیبوونەکانەوە، رەنگدانەوەی ئەرێنیانەی کۆمار نەبینرا. بلوَکی بەکرێگیراو کە پاشماوەی سەردەمی سۆمەرییەکانە سوودی لەم رەوشە وەرگرت و شوێنی خۆی دوَزییەوە. داردەستەکانی رژێمی کۆیلایەتی کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە بەهایەک لەبەهاکانی کوَمارەوە نەبوو لەمیانەی ئەزموونە مێژووییەکەیانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وابەستەیی و رێزێکیان بۆ بەهای نیشتمانی و دیموکراتی سەدەی بیستەم هەبێت، وەکو بلۆکی دەسەلآتداری خیانەتکاری خۆجێیی بەباشی کارەکانی خۆیان بەڕێوەبرد. ئەم لەکاتێکدایە کە هیچ پەیوەندییەکیان بەرۆشنگەری کۆمارەوە نییە. لەژێر پۆشینی دەمامکی پیرۆزی، تەنانەت لەدەرەبەگایەتیش پاشکەوتوو تر لەمیانەی کەسایەتییەکی سواو و نکۆڵیکار لە شار و دەرەوەی شار تۆڕی بەرژەوەندی پەرستی بەڕێوەبردووە. پێکهاتەی ئەتنیکی و کۆمەلآیەتی گەل هێشتا بۆ کرانەوەیەکی پێشکەوتنخوازی وەرنەچەرخاوە. جلوبەرگە کۆنەکە لەجاران زیاتر گوشیویەتی. لەولآتی خوَراکدا بووە بە نەدارترین و هەژارترین توێژ. لەناو دەوڵەمەندترین کەلتووردا خراوەتە ناو قووڵترین بۆشاییەوە. لەدوا چارەگی سەدەی بیستەمدا جارێکی دیکە سەرهەڵدانی نەریتێکی نۆژەنی پێخەمبەرایەتی وەکو بڵێی بەچارەنووسێک هاتە ئاراوە.

          ئێستا لەهەڵسەنگاندنەکاندا گەیشتوینەتە قۆناخی دەرکەوتنی (PKK) لە ئورفا، لەرووداوەکاندا وەها دیاردەبێت کە بناخەی (PKK) لەئەنقەرە دانراوە. کەچی بەشێوەیەکی چڕوپڕ باس لە نەتەوەپەرستی هاوچەرخ و سۆسیالیزم دەکرێت. هەوڵدەدرێت وەکو ئەوانی دیکەی لێبکەن. تەنانەت لەکۆتاییدا خوێنیش دەڕژێت. سەبارەت بەبابەتی (PKK) هەڵسەنگاندنی بەرفراوانم کردووە. هەوڵمدا دوا نرخاندنەکانم لەدانیشتنەکانی ئیمراڵیدا بکەم. لێرەدا دووبارەکردنەوەیان واتایەکی ئەوتۆی نابێت، بەلآم ئەو رەهەندەی سەرنجم رادەکێشێت. ” چ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ راستینەی مێژوویی و هەنووکەیی ئورفا هەیە؟” بەڵی ناتوانم بەردەوام پرسیارێکی بەمجۆرە لەخۆم نەکەم. وەکو دامەزرێنەری (PKK) و وەک یەکێکی خەڵکی گوندی ئۆمەرلی کە دەکەوێتە نزیک رووباری فورات و ئەپەڕی خاڵی باکووری شاری ئورفا، دەبێت ئەمە رێگای لەپێش چۆن کاریگەریەک بکاتەوە؟ ئەوەی جێگای باس و کارتێکردنە کەلتووری گوندە یان شار یاخود بەها گەردوونییەکانە؟ وەکو بانگەشەی بۆ دەکرێت ئایا توانی لەبوون بەبزوتنەوەیەکی هاوچەرخدا سەربکەوێت؟

          کاتێک بگەڕێینە دواوە و تەماشا بکەین دەبینین، ئەو راستینەیەی بەشێوەیەکی سەرەکی مۆری خۆی لەکردار و پراتیکی ئێمەداوە، شێوەی نۆژەن و هەنووکەیی پێخەمبەرایەتییە، ئەم لایەنە زیاتر قورساییەکەی دیارە. من و تەنانەت (PKK)ەش هێندە پەیوەندیمان بەسەدەی بیستەمەوە نییە. لەبواری رووخسار و گووتەوە وەها دیارە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو سەدەیە بەستووە. بەلآم ئەوە بڵێم کە وەکو کەسایەتی من هیچ نەگەیشتمە کەسایەتی و رۆحی سەدەی بیستەم ـ بێگومان ئەگەر شتێکی بەمجۆرەش هەبێت ـ من لێی تێنەگەیشتم  و هەرسم نەکرد. هەربۆیە ئەوکات لەڕەوشێکی وەهادا دوور بوو واتا بدەمە کۆماری تورکیا، ئەوروپا و یەکێتی سۆڤییەت. وەکو شارستان دیارم، هەندێک لەجلوبەرگەکانیشم پۆشیوە، بەلآم ئاشکرایە کە لە رۆح و هۆشیارییەکەی بێئاگا و دوورم. لەوەش سەیرتر ئەوەیە، کە دوورم لەوەی دەرکم بەدونیای دەرەبەگایەتی کردبێت و هەرسم کردبێت، ئەو کات(زەمەن)ەم تێپەڕکرد.

          هیچ یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی ئەو کەلتوورەش نەگەیشتە واتای خۆی. بەشێوەیەکی گەوهەری لەگەڵ جیهانی بونیادنراودا هیچ پەیوەندییەکم دانەنا، هیچ شتێکیش لە قۆناخی بەسەرچووی سەردەمی دەرەبەگایەتیش تێنەگەیشتووم. منداڵێک بووم بەتەنیا  مابوومەوە. لایەنی سەیری مەسەلەکە ئەوەیە کە لە ناو خێزان، گوند و قوتابخانەشدا رەوش بەهەمانشێوە بوو. ناوی دایک و باوک، تێگەیشتنی لەجۆری برا، ژن، پیاو، مامۆستا و خزم زیاتر لەئاستی زارەکیدا دووبارە دەبوونەوە. لەئەنجامدا ئەوە دەردەکەوێت، کە پێدەچێت لەم دونیایە لەهیچ تێنەگەم. توانای تێگەیشتنی ئەو بابەتانە نیشاندەدەم کە خوازیارن فێرم بکەن، بەلآم لەرووخساردا هەوڵدەدرێت وەکو هاوشێوەکانی، کامەیان باشترینە رێز لەوەبگیرێت، بەلآم دیسان بێ ناوەڕۆک کردن بنەڕەتییە. بۆ ئەوەی (PKK)ەش وەکو هاوشێوەکانی دامەزرێت و کاربکات، هەوڵوکۆششی پێویست دەدرێت. تاوەکو دەبێتە سەرنجراکێشترین رێکخستنی جیهان. هەمووی هەروەکو بڵێی لەبەرخاتری ئەم سەدەیە ئەنجامدەدرێت. کاتێک کار بەهێز و جددی بوو، گەیشتە سنوورە هەرە هەستیارەکانی ژیان، دەردەکەوێت کە ئەم راستینە دووچاری دوولایەنی دەبێت.

          لەکۆتاییەکانی سەدەی بیستەم هەرکەس دەیخواست بەباشترین شێوە (PKK)بکاتە هی خۆی. ئەمەش بەهەموو قورساییەکیەوە لەواقیعدا خۆی نیشاندەدا. بەتەنیا مامەوە، راستتر بڵێم جارێکی دیکە هاتەوە بەرگوێم، کە  بەردەوام بەتیا دەمێنمەوە، ئەو تەنیاییەی کە سەرەتا و هەموو کاتێک رووبەڕووم دەبووەوە. تایبەتمەندێتییەکی پیاوی تەنیام درکاند:” کە لەدەرەوەی چاخەکانە، بەلآم لەگەڵ هەموو چاخەکاندایە”. گوتم کە دەرکم بەمڕاستییە کردووە. دەزانم ئەوانەی نزیک بەقۆناخی شکۆداری دەبنەوە، لەم تایبەتمەندییە نزیک دەبنەوە. چەندە لەو سەردەم و زەمانە داببڕێم کە تێیدا دەژین، هێندە بۆ ناو تەواوی زەمەنەکان درێژ دەبێتەوە. لەرەوشی بەرجەستە و واقیعی (PKK)دا لەم دۆخەدا ژیام. مسۆگەرە کە ئەمە قوتابخانەیەکی نائاساییە.

          بەو ئەندازەیەی تایبەتمەندێتییەکانی لەجۆری جوداخواز و لایەنگری توندوتیژی پەسەند ناکەم، زۆرباش دەزانم کە لەدڵەوە ئارەزووی چالاکی لەو جۆرەمان پێشنەکەوتووە. ئەوەی هەرە زێدە خوازیاری بووین و ئارەزووم دەکرد، هەموو شتێک بەشێوەیەکی ئازادانە گفتوگۆ بکرێت، ئەو ئەنجامەی کە پەسەندیش دەکرێت پراکتیزە بکرێت. حەزم لەم پەیڕەوە دەکرد. لەئامانجی چالاکییەکانمدا بەردەوام ئەم خاڵەم رەچاوکرد. کاتێک دەمگوت:” لە موخاتەبێک دەگەڕێم” مەبەستم ئەمە بوو. بەهۆی رەوشی داخراوبوونی راستینەی تورک، هیچ ئەگەری ئەوەم دانەنا بکەوێتە ناو دیالۆگەوە. لەسەردەمی (ئۆزال) و قۆناخەکانی دواتردا بەهیچ شێوەیەک باوەڕم بەهەوڵی لەم جۆرە نەکرد. تاوەکو دەرکمان پێکرد ـ ئەم لایەنەی چەمکی چالاکییش گرنگە ـ بانگەشەکانی دیکە لەمەسەلەیەکی رووکەشی بەولاوە هیچ رۆڵێکی دیکە نابینێت. بۆ شڕۆڤەکردنی قۆناخی ئیمرالی هەوڵوکۆششێکی زۆر دەدەم. دەتوانرێت بگوترێت کە لەبواری چەمکدا لەهەموو قوناخێک زیاتر زیندوو و قوڵبوومەتەوە. لەگەردوونەوە تاوەکو دەگاتە مێروولەیەک، پێشکەوتنی توانای تێگەیشتنی هەرشتێک وەکو خۆی واتاردار دەبینم. تەواو دەزانم و هەست بەوەدەکەم کە گەورەترین شەڕ قوڵکردنەوەی چەمک(تێگەیشتن) و گەیشتنە بەئاستێک کە لەتاوێکدا دەرک بەسیستەمی سروشتی ناو هەموو شتێک بکرێت. ویستم ئەمە نیشانی (PKK)ەش بدەم و تێیدا رەنگبداتەوە. نەک تەنیا بەڕەچاوکردنی یەکێتی سیاسی و نیشتمانی تورکیا، بەڵکو بەیەکەوە لەگەڵ تەواوی ولآت و گەلانی دراوسێ، تەنانەت ئەگەر تۆزقاڵێکیش دەرفەت هەبێت ئەو دەسکەوتانەی لە یەکێتی نێوانیان بەدەستدێت، ئەگەر بەگوێرەی رۆحی یاساکان بێت، لەگەورەترین جەنگ بەهادارترە و بژارێکە شایەنی هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنە. تەنیا هەرکەس، هەموو لایەک هێزی وابەستەبوون بەرۆحی یاساگەردوونییەکان نیشانبدات. دوای بەدیهاتنی ئەمە، یەکێتی لەگەڵ تەواوی گەل و ولآتان خودی ئامانجمە. بەبێ دوودڵی رووم لەم هەڵوێستە کرد.

          بەردەوام باوەڕیم بەبەرگری رەوا هەیە. بڕوام بەوەش هێناوە کە یاسایەکی سروشتە. هەرچەندە هێرشکاری لەسروشتدا هەبێت، ئەوەی بنەڕەتییە یاسای هەبوونی سروشتی بوونەوەرەکانە. بەرگری رەوا بەو واتایە دێت. هیچ گومانێکم لەوە نییە کە تەنانەت تاکە کەسێکیش دەتوانێت بەرامبەر جیهان سەرکەوتوانە بەرگری رەوا پێشبخات. ئەوەی لێرەدا جێگای بایەخە، هێزی جەستەیی لایەنە بەرامبەرەکان نییە، بەڵکو پێشکەوتنی ناوەڕۆکی یاساکانە. هەربۆیە رەوشی بەرگری رەوای ئێستای (PKK)ە مسۆگەر پێویستە. لەو بڕوایەدام تاوەکو رێگا لەپێش سیستەمی مافی گەردوونی و یەکێتی ئازاد دەکرێتەوە، بەرگری رەوا بۆ هەمووکەس، تەواوی گەلانی دراوسێ و ناوچەکە پێویستە. لەمە بەدواوە گرێدراوی ئەو هەڵوێستەیە کە دەوڵەتی پەیوەندیدار نیشانی دەدات. ئەگەر پەلامارەکان بەرگری رەوا تەنگاو بکات، ئەوا رێگا لەپێش پێشکەوتنی زەمینەی توندوتیژی دەکرێتەوە. لەرێگای هێرش و پەلامارەکانەوە هێرشکردنەسەر بەرگری رەوا هیچ دەسکەت و قازانجێکی بۆ دەوڵەت نابێت، بەلآم ئەوانە بەهێز دەکات کە لەرەوشی بەرگری رەوادان. راستترین هەڵوێست، بەکراوەیی هێشتنەوەی دەرگایە لەبەردەم دیموکراتیزەبوونێکی تەواودا، چارەسەرکردنی گشت کێشە و گیروگرفتەکان لایەنگیریکردنە لە رێککەوتنی دیموکراتییانە.

          دەرک بەم راستییە دەکرێت کە بەرگری رەوای بەردەوام رێگا لەپێش گرژی دەکاتەوە، بەرامبەر بەڕەوشە چاوەڕوانکراوەکان، حاڵەتی ترسناک لەگەڵ خۆیدا دێنێت.

          رەخنەی توندم دەرهەق بەچەمکی چالاکی و کردەوەکانی رابردووی (PKK) پێشخست. هەوڵمدا بیهێنمە سەر رێبازی بەرگری رەوا، بەلآم وەکو دەمویست سەرکەوتوو نەبووم. ئەو ئەنجامەی سەبارەت بە بابەتی توندوتیژی پێی گەیشتم: تاوەکو هێرش نەکرێتە سەر مافی گوزارشتی ئازادانەی ژیان و هەبوون، هیچ دژە هێرشێک ئەنجامنەدرێت، تەنانەت یەک دڵۆپە خوێنیش نەرژێنرێت. ئەمە پێویستییەکی فەلسەفەی ژیانی ئازادە کە هەوڵدەدەم پێیەوە گرێدراو بمێنم.

          ئەگەر مرۆڤ هۆشیاری خۆی لەدەستنەدات و بزانێت چۆن پەند و ئەزموون وەردەگرێت، گرنگترین قۆناخەکانی وەرچەرخان لەژیانکردنی بوویەرە قورس و سەختەکاندا بەدەستدەخرێت. لەو بڕوایەدام کەسالآنێکی درێژ لەناو ئەم جۆرە بوویەرە سەخت و پڕ لەئێشانەدا ژیانم بەسەر برد و وەرچەرخانم لەنێو ئەم هەلومەرجەدا ئەنجامدا. لەم بەرگرینامەیەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان باسم لەو دەرئەنجامانە کرد کە پێی گەیشتووم. لەجیهان، رۆژهەلآتی ناوین، ولآت، کۆمەڵگا تاوەکو دەگاتە دەوڵەت، جارێکی دیکە پێشخستنی رێنماییەک بۆ راستینەی ئۆرفا و دەوروبەری لە سەدەی بیست و یەکەم بەئەرکی خۆم دەزانم.

          جارێکی دیکە ئۆرفا رووبەڕووی گێڕانی رۆڵی مێژوویی خۆیەتی. دیسان دەبێت پێهەڵگرتنێکی مێژوویی ئەنجامبدات، پیرۆزی و نەفرەت لەو شوێنەی کە مافی خۆیەتی جێگیر بکات. لەواقیعی ولآتدا ئورفا ئەو ناوچەیەیە کە نەریتەکانی پاشماوەی دەرەبەگایەتی تێدا زۆر بەهێزە، تەنانەت پاشماوەکانی زیهنییەتی سیستەمی سۆمەریشی تێیدا کەم نییە. لەپێدەشتەکانیدا تاڕادەیەکی مەزن زیهنییەتی نیۆلیتیک (چاخی بەردینی نوێ) جێگای باسە. بەها و کایەکانی سەرمایەداری کاری لەناوەڕۆکەکەی نەکردووە، بەشێوەکی تەکنیکی کاریگەری کردووە. لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەر لەناو ولآتدا بۆخۆی وەکو ولآتێک وایە. لەپێکهاتەی ئەتنیکی و کەلتووریەکەیدا فرەڕەنگی بەردەوامە. نموونەیەکی بچووکی مۆزاییکی کوَمەڵگای رۆژهەلآتی ناوینە. رۆژهەلآتی ناوین بۆ جیهان گوزارشت لەچی بکات، ئورفاش بۆ رۆژهەلآتی ناوین بەهەمان واتادێت، هەمان گرنگی و پێگەی هەیە. ئەمەیە ئەو تایبتمەندییەی کە لەمێژوودا پێی دەڵێن گێڕانی رۆڵی هاوشێوە. لەگەڵ دەستپێکردن و پراکتیزەکردنی پڕۆژەی ( گاپ ) ئەم رۆڵەی گرنگ و زیاتر بووە.

           بێگومان ئورفا کێشەی ئابووری، کۆمەلآیەتی و کەلتووری گرنگی هەیە، ئەمەش راستە کە بەوەبەرهێنانێکی سنوردار پێشکەوتنێکی گەورە ئەنجادەدات. بەلآم گەوهەری رۆح هەڵکێشی کێشەکە سەرچاوەی خۆی لەم بابەتانە وەرناگرێت. کێشەی سەرەکی پەیوەندی بەگۆڕەپانی ئایدیۆلۆژییەوە هەیە. تایبەتمەندێتییە هەرە کۆن و قووڵەکانی موحافەزەکاری( دۆگماتیزم) لەسەر پێکهاتەی زیهنییەتەکەیدا زاڵە، بەجۆرێکە کاریگەری لەسەر تەواوی ولآت دەکات. لەم چوارچێوەیەدا نەک تەنیا دۆگماتیزمی دەرەبەگایەتی، بەردەوامی بەتەواوی ئەو موحافەزەکارییە دەدات کە وەک میراسێک لەهێزە دەسەلآتدارەکانی سەدەکانی رابردوو وەریگرتووە، شانبەشانی درێژە پێدانی بەدەوروبەریشیدا بلآودەکاتەوە. وەک چەمکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی، بەرامبەر کۆمارێکی سیکۆلار (عەلمانی) و دیموکراتی داخراوە. ئەم زیهنییەت و چەمکە سیاسییە تێپەڕ نەکرێت، لەدەوروبەری گاپ موحافەزەکارییەکی پێشکەوتووتر سەرهەڵدەدات. ئەو دەرئەنجامانەی لەگەڵ خۆیدا دێنێت لەگرنگی نموونەی (PKK) کەمتر نابێت.

      بەرلەهەموو شتێک پێویستە شەڕی ناسنامەی ئایدیۆلۆژی بەڕێوەببرێت. شۆڕشی زیهنی دەکەوێتە سەرووی هەموو ئەرکەکانەوە. گرنگی ئەمە لە تاوانەکانی دابونەریتدا ئاشکرادەبێت. ئەگەر ژنێک بەهۆی رەفتار و هەڵسوکەوتێکەوە، کە سروشتیترین مافی خۆیەتی لەلایەن خێزان (بنەماڵە)کەیەوە بڕیاری مردنی بەرسەردا بسەپێنرێت، کەواتە رەوشێکی زۆر مەترسیدار جێگەی باسە. تەنیا بەهۆی بێبەشبوونی لە ئازادی و مافی ژیان نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو هەلومەرجە قورسەی موحافەزەکارییە کە باڵی بەسەر تەواوی کوَمەڵگادا کێشاوە، لەبەردەم خستنەکاری پۆتانسێلی ناوچەکە رێگرە. لەڕەوشێکدا دەیهێڵێتەوە کە لەهەزاران چەتەی شاخەکان مەترسیدار بێت. بێگومان موحافەزەکاری هێزی خۆی لە راستینەی چینی دەسەلآتدار و چەوسێنەر وەردەگرێت کەهەزاران ساڵ بەردەوام بووە. هەروەها پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی پێشدەکەوێت، لەوە زیاتر کە ئەو پەیوەندییە کاریگەری لەسەر چارەسەرکردن هەبێت، زیاتر لەسەر بنەمای پتەوکردنی ئەو موحافەزەکارییە بەکاردەهێنرێت، لەملایەنەوە ئەزموونی مێژوویی هێزێکی گەورەیان پێدەدات.

          ئەو دەستێوەردانەی لەئاستی ئایدیۆلۆژی بۆ ناوچەکە بکرێت پێویستە لەچوارچێوەی پێوانە دیموکراتییەکان بێت، پێویستە ناوچەکە بەجۆرێک لەجۆرەکان بەرێنسانسدا تێپەڕبکرێت. بۆ ئورفا هیچ شتێک لە دیموکراتیزەبوون بەهادارتر نییە. پێویستی بە پڕۆژەیەکی دیموکراتیزە بوون هەیە، کە بەئەندازەی گاپ بێت. بەرلەهەموو شتێک دەبێت بزانرێت کە ئەم پرۆسەی دیموکراتیزە بوونە نەلەمیانەی بزووتنەوەیەکی گەل کەلەلایەن کۆمەڵگای کوَنەوە سەرهەڵبدات، نەلەڕێگای دەستێوەردانەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەنابرێت. بێگومان دەوڵەت و کوَمەڵگا دەستەوەستان نامێنن، رۆڵی خۆیان لەگوَڕانکاری و پێشهاتەکاندا دەبینن، بەلآم ئەوەی هەرە زێدە پێویستە پڕۆژەیەکی بەرفراوانی کۆمەڵگای مەدەنییە. ئەو دەزگایانەی کوَمەڵگای مەدەنی کە بەبێ پێکدادان لەبەرامبەر دەوڵەت و کوَمەڵگا پێشدەخرێن، تەنانەت دەرفەت هەبێت هاوکاری یەکتری دەکەن، ئەگەر ئازادانە پێشبخرێت دەتوانن بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە رۆڵی شۆڕشی دیموکراتی ببینن. ئەو رێکخراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی کەلەگشت گۆڕەپانەکان بە پێی پێویست ئاواکراون، زیهنییەتی موحافەزەکاری دەشکێنن. کاتێک لەمەدا سەرکەوتن بەدەستبێنن بزووتنەوەی رۆشنگەری ئەو مێشک و هزرانەی تینووی ئازادین بەرەو پێش تاودەدات.

          لەڕاستیدا ئەگەر تایبەتمەندێتییە بەهێزەکانی سەردەمی دایکسالاری ناوچەکە، پیرۆزییەکانی کەلتووری پێخەمبەرایەتی ماونەتەوە لەگەڵ پێوانە هاوچەرخەکانی دیموکراتیزەبوون بکرێتە یەک شۆڕشێکی رۆشنگەری تەواو روودەدات. ئەم یەکبوونە کاریگەری دەکاتە سەر ئەخلاق و دەرفەتی قەڵەمباز و هەڵمەتی بەهێزی هەڵسوکەوتی ئازاد دەدات. هەربۆیە لەم بوارەدا هۆشیاری مێژووی راست، زانستیبوون، پەروەردە دەرهەق بەبابەتەکانی فەلسەفەی دیالێکتیکی و تاکەکەسێتی گرنگی و بایەخێکی مەزنی هەیە. دەبێت چەندین کۆمەڵە بەئامانجی پەروەردە بکرێنەوە. سەبارەت بەبابەتی هونەر لەپێناو گەلدا پێویستی بەهەڵمەتێک هەیە. تاوەکو کاریگەری سڕکەر و تێکدەرانەی هونەری ئێستا کۆتایی پێنەهێنرێت، ئازادکردن و رۆشنکردنەوەی زیهنییەت و رۆح مومکین نییە. سەبارەت بە مێژووی ناوچەکە، هونەرەکەی و هەموو بابەتەکانی ژێرخان و سەرخانی کوَمەڵگا گفتوگۆ سازبدرێت ئەنجامی سوودبەخش بەدەستەوە دەدات. لەڕاستیدا لەلایەنی زیهنییەتەوە پێویستی بەهەڵمەتێکی ئیبراهیمی نۆژەن هەیە. بتەکانی ئێستا لەهی جاران زیاترن، بەشێوەیەکی بەرفراوانتریش جێگیرکراون. مێشک و دڵی مرۆڤایەتیان ئیفلیجکردووە. هەربۆیە پێویستە لەمیانەی کەسایەتی حەزرەتی ئیبراهیمەوە تەورەکە بەشێوەیەکی بەهێزتر بەکاربێنن (لەبواری مەعنەوی و هزری). رێزی راستەقینە لەبەرامبەر ئایین، پەیوەستبوون بە بەها پیرۆزەکان، وەلآمدانەوە لەمیانەی هەڵمەتێکی بەمجۆرە دەکاتە پێویستییەک. شۆڕشی شکاندنی بتە نوێکان بۆ ئورفا دەبێتە رێنسانێکی راستەقینە.

          دیموکراتیزەکردنی سیاسەت دووەمین هەنگاوی گرنگ و بەهادارە. بەتایبەتی پێویستییەکی مەزن بەبزوتنەوەیەکی پارتیبوونی دیموکراتی هەیە. لە رێگای پارتێکی بەپرەنسیپ، کە خاوەن هێزێکی پێویستی کادیران بێت، هۆگری دیموکراتیزەبوون بێ، باوەڕی و ئاستی تێگەیشتنی هەبێت، دەتوانرێت پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگای مەدەنی بکرێت. کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ، ماڵی ئازادی ژنان و کۆمەڵەی لاوان ئاوابکرێن، دەتوانن رێگا لەبەردەم دیموکراتیزەبوون بکەنەوە. هەموو ئەو کەسانەی بایەخ و بەها بەهۆشیاری دیموکراتی و دامودەزگاکانی دەدەن، دەبێت جێگای خۆیان لەم کۆمەلآنەدا بگرن. ئەم کارە بەو کەسانە ناکرێت کەباوەڕی و هەوڵەکانیان تێرناکات. هیچ خەباتێک هێندەی تێکۆشانی دیموکراتیانە بۆ ناوچەی ئورفا و دەوربەری بەهادارنییە.

           هەندێک لەو دامەزراوە کوَمەلآیەتی و ئابووریانەش جێگای بایەخن. بنکەی تەندروستی هەرزان بۆ گەل، بەکاربردنی هەرەوەزی، کێڵگەی بەرهەمهێنانی نموونەیی، هۆڵەکانی پەروەردەی وەرزشی و چەند دەزگایەک، دەتوانن رۆڵی ئەرێنی ببینن. بەتایبەتی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، لەگشت گەڕەک و گوندەکان پێویستیمان بەنوێنەرانی مافپەروەری هەیە. تێکۆشانێک بەلانی کەم هێندەی هۆشیاری مێژوویی رێگا لەبەردەم هۆشیاری مافناسی بکاتەوە پێویستییەکی ژیانییە. دەزگا و دامەزراوەکانی لەمجۆرەی کۆمەڵگای مەدەنی فشار دەخەنە سەر دەوڵەت و کوَمەڵگا، ئەوانیش بۆ ئەوەی لەدواوە نەمێنن هەنگاو دەهاوێژن. لەم لایەنەوە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵگای مەدەنی سەرکەوتن بەدەست بێنێت، ئەوا ئورفا لەمێژووی خۆیدا کۆمەکێکی مەزن بەڕۆشنگەری راستەقینە و بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی دەکات. شانبەشانی پێشکەوتنی تەکنیکی ژێرخان، ئەم پێکهاتانەی کۆمەڵگای مەدەنی و ئایدیۆلۆژی، لەبواری ئابووری، سیاسی و کوَمەلآیەتی ئورفا دەکەنە هێزی پێشەنگ. لەمیانەی پێکهاتەی بەپیت و دەوڵەمەندی خاکەکەی رێگا لەبەردەم دەوڵەمەندێتییەکی مەزن دەکرێتەوە. بێکاری، هەژاری و نەخۆشی، کە وەکو چارەنووسێکە کۆتایی پێدێت. ئورفا هێندەی ولآتێکی ناوینی ئەوروپا یان رۆژهەلآتی ناوین دەبێتە خاوەن رۆڵ. رۆژهەلآتی ناوینی دیموکراتی لەهەر گروپێکی ئەتنیکی و کەلتووری وەکو گوڵێک دەکرێتەوە و دەگەشێتەەو، لەسەر بنەمای بەیەکەوە ژیان و تەباییەکی قووڵ لەیەکتر نزیکبوونەوە، بۆ مرۆڤایەتیش دەسکەوتێکی مەزنە. لەسەر ئەم بنەمایە واتایەکی راست بەپیرۆزییەکانی پێخەمبەران دەدرێت، بەڕاستی دەبێتە ناوەندێکی سەرنجراکێش و وەکو دووەمین شوێنی حەجی لێدێت. قۆناخی ئورفای دیموکراتی دەستپێدەکات کە هەرە زێدە هێز بەڕۆژهەلآتی ناوینی دیموکراتی دەبەخشێت.

           ئەمە ئەو پەند و ئەزموونانەی من و (PKK) بوو کە لەناو بەئێشوئازارترین بوویەرەکانی ولآتی ئازارەگەورەکان وەرمانگرتووە، هەروەها ئەو ئەنجامەیە کە دەرهەق بەدۆزی دادگایی کردنی ئورفا و حوکمەکەی پێیگەیشتووم.

      باوەڕیم بەوە مسۆگەرە کە حوکمی مێژوو بەرائەتە، چارەنووسی ولآت و گەلەکەشم سەرکەوتنی دیموکراتیانەیە.



    کژار