• تاگەکان: ,

    کۆنفێدرالیزمی دیموکراتیک

    27 ئایار, 2021

      هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و چارەسەری وەک بەردێک بەر پیلانگێڕی لەناوبردن و ڕزاندنی گۆشەگیری دەوڵەتی تورک دەکەوت. بزوتنەوەی ئازادی کورد لە ساڵی ٢٠٠٤ دا لەبەردەم بڕیارێکی نوێدا بوو. دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی ئەو ڕژێمەی کە لە ئیمرالی درووستی کرد، گۆشەگیری و کەرەنتینەی هەمیشەیی کرد و پیلانی ڕزاندن و لەناوبردنی دەستپێکرد. گوێ بە پێشنیازەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و چارەسەری نەدا و سیاسەتی لەناوبردنی لەدژی گەلی کورد هەڵبژارد. بزوتنەوەی ئازادی کورد لە ساڵی ٢٠٠٤دا ئیدی پێویست بوو بڕیارێکی نوێ بدات. بە تایبەتی گفتوگۆ لە مانگی شوباتدا لەناو هەپەگەدا دەستیپێکرد، لە کۆتایی مانگی ئایاردا جێبەجێ کرا.

    دەستەی فەرماندەیی هەپەگە لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٠٤ ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئاگربەستی ١ی ئەیلولی ١٩٩٨ کە تا ئەو کاتە بەردەوام بوو ئیدی کۆتایی هاتووە و گەریلا لە ‘پاراستنی ناچالاکەوە’ دەست بە ‘پاراستنی ڕەوای چالاک’ دەکات. هەپەگە لەبارەی هۆکارەکانی ئەم بڕیارەوە وتی:

    “بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی تایبەت و بە ئامانجی لەناوبردنی گەریلاکانمان، سەربازان کە بە شێوەیەکی قێزەون پەروەردەکراون ئەگەری لە فەرماندەی بۆلوە دێن و لە موونزوور ئۆپەڕاسیۆن دەکەن، ئەگەر لە قەیسەری دێن و لە جوودی ئۆپەراسیۆن دەکەن، ئەو کاتە هەپەگەش ناچارە وڵامی ئەو هێزانە بداتەوە. هەروەها ئەمەش وادەکات شەڕ لە هەموو تورکیا بڵاوببێتەوە.”

    لە ڕاگەیەنراوەکەدا هەروەها ئەم داوایەکرا:

    “پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ بهێنرێت، ڕێبەر ئاپۆ وەک نوێنەری ئیرادەی گەلی کورد قبووڵ بکرێت، ڕێگا بۆ چارەسەری دیموکراتیانە بکرێتەوە، هێزی زیادەی تورک لە کوردستان پاشەکشێی پێ بکرێت، دۆخی نائاسایی لە هەرێمەکانی کوردستان بە تەواوی هەڵبگیرێت، ئۆپەڕاسیۆن لەدژی هێزەکانی هەپەگە کۆتایی پێبهێنرێت، توندوتیژی دژی گەلی کورد ڕابگیرێت و سیستمی جاشایەتی هەڵبوەشێنرێتەوە.”

    ئەو قۆناغەی کە بە هەنگاوی ١ی حوزەیران دەستیپێکرد

      دووەمین کۆنگرەی، کۆنگرەی گەل و هەنگاوی هەپەگە لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ دا دەستیپێکرد، بە شێوەیەکی فەرمی بووە بڕیاری بزوتنەوەی ئازادی کورد و بۆ ڕای گشتی جیهان ڕاگەیەنرا. هەنگاوی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ وەک ‘١٥ی تەباخی دووەمین’ جێگای خۆی لەناو مێژووی تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا گرت. دوای ئەوەی بڕیارەکە لەسەر ئەم بناغەیە درا، هێزەکانی گەریلا گەڕانەوە بۆ باکووری کوردستان و لەدژی کردەوەکان و گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی ‘مافی پاراستنی ڕەوا’ چالاکیان ئەنجامدا.

    لە راستیدا کارەکانی سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوەی هێزە سەربازیەکانی بزوتنەوەی ئازادی کورد لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە دەستیپێکردبوو. هێزەکانی هەپەگە هەموویان لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە رووی سەربازی و تەکنیکیەوە بە شێوەیەکی فراوان پەروەردە کرابوون و پرۆفیشناڵ ببوون. لە بەرانبەر گەریلاکانی کوردستان کە خۆیان بۆ سەردەمی نوێ ئامادە کردبوو، ڕێبەر ئاپۆش ئامادەکاری بۆ مۆدێلی نوێ کرد. پرۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆلە ٢١ی ئایاری ٢٠٠٥دا بە جەژنی نەورۆز لە ئامەد ڕاگەیەنرا.

    تێپەڕبوون لەناو کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک

    کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لەدژی ستراتیژی ناچارەسەری دەوڵەتی تورک دەبووە یەکێک لە کاریگەرترین هەنگاوەکانی رێبەر ئاپۆ. بەپێی بۆچوونی رێبەر ئاۆ سەردەمی نەتەوە – دەوڵەت بەسەر چووە، چارەسەری لە جێگەی درووستکردنی نەتەوەیەکی سەربەخۆ، پێویستە لە دیموکراتبوونی نەتەوەکاندا واتە لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا ببێت. کۆنگرەی گەل لە سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیدا کە لەنێوان ٤ی ئایار و ٢١ی ئایاردا ئەنجامدرا، پرۆژەی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک بە فراوانی گفتوگۆی لەسەرکرا و بووە پەیامێک بۆ کۆمەڵانی کوردستان.

    بەپێی پەیامەکە گەلی کورد بۆ ئەوەی سیستمی کۆنفیدڕالی درووست بکات پێویستە لە ڕووی سیاسی، کۆمەلایەتی و ئابوریەوە لە گوند، کۆڵانەکان دەستپێبکەن و  کۆمین و ئەنجومەنی خۆیان درووست بکەن. کۆنگرەی گەل سیستمی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکی کوردستانیان وەک ئیرادەیەکی باڵای دیموکراتیکی گەل و ئەنجومەنی یاسادان قبووڵ کرد.

    رێبەر ئاپۆ ئینسیاتیڤی دا

    رێبەر ئاپۆ لە ١١ی ئایاری ٢٠٠٥دا کاتێک لەگەڵ پارێزەرانی چاوپێکەوتنی ئەنجامدا، بڕیارێکی مێژوویی ڕاگەیاند. رێبەر ئاپۆ وتی ئەو لە نێوەندگیری کشاوەتەوە و بڕیاری شەڕ یان ئاشتی بۆ بزوتنەوەی ئازادی کورد بەجێ دەهێڵێت و وتی:

    “بۆ ئەوەی ئاشتی مسۆگەر ببێت شەش ساڵە دەپاڕێمەوە، ئەوەیان جێبەجێ کرد، منیش وتم بوەستن، بەشکم دەوڵەت هەنگاوێک بنێت. بە ڕاستی منیش بڕوام کرد. هەڤاڵەکانی خۆمم بۆ باشوور کشاندەوە، هەڵویستێکی دیسیپلینی و بە شەرەفیان پیشاندا. پیرۆزباییان لیدەکەن. بەڵام ئەوەی من بە تەمای بووم لە دەوڵەت، وڵام نەدرایەوە. دەوڵەت چاوەڕێی ئەمریکای دەکرد، سیاسەتی لەناوبردن تا ئێستاش لە ڕۆژەڤدایە. با نەڵێن سەرۆک وایوت، ئەو فەرمانیدا’. من بە تایبەتی بە گروپی شەڕ دەڵێم: لەبارەی پاراستنی چالاک بەپێی پێویستیەکانی دیموکراتی بڕیار بۆ ئێوە بەجێدەهێڵم. ئەگەر دەتانەوێت دەتوانن بۆ باشوور بکشێننەوە، ئەگەر دەتانەوێت بەشداری لە ژیانی مەدەنیدا بکەن، من دەلێم: نەک من ئیرادەی ئێمە مەرجە. ئەگەر هونەرتان هەیە و لە دەستان دێت، ئەگەر ئێوە دەڵێن، دەتوانین قاڕەمانێتی بکەین، ئەوەش ئێوە دەیزانن. ئەگەر ناتوانن خۆتان بپارێزن، ئەو کاتە هیچ مەکەن. ئەگەر دەلێن’ نا دەیکەین’ ئەو کاتە بکەن.”

    یاسای ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ پەیڕەو دەکرێن

      دەولەتی تورک کە لە بەرانبەر شەڕی کوردستان و لەبەرانبەر هزری رێبەر ئاپۆ تەنگەتاو ببوو، لە ساڵی یەکەمی هەنگاوی ١ی حوزەیرداندا پیلانگێڕیەکی نوێی لە ئیمرالی دەستپێکرد، ‘ڕژێمی ئینفاز بە ئاسایشێکی زۆرەوە’ پێکهێنرا. لەبەرئەوەش دەسەڵاتی ئەو کاتەی ئاکەپە ناچار بوو هەموو یاساکانی ساڵەکانی پێشوو کە جێبەجێ دەکران لەسەرەوە تا کۆتایی بگۆڕێت.

    قەدەغەی کوردی و ناڕەزایی

    لە ئیمرالی کردەوەی بەو شێوەیە ئەنجامدران کە لە یاسای نێونەتەوەیی جێگایان نەدەبووەوە، کردەوەی دژی مرۆڤایەتی لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ ڕوویدا. هەوا کەسەر کە لەگەڵ محەمەد بۆ ئیمرالی چوون، لەگەڵ رێبەر ئاپۆ بە کوردی قسەیان کرد. بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەستیان بە جووڵە کرد و داوایان کرد بە کوردی قسە نەکەن. لەسەر ئەوەش هەوا کەسەر بە ئەوانی وت:”من کوردم، من بە زمانی دایکی خۆم قسە دەکەن.” دوای ئەوەی بەرپرسانی تورک هوشداریەکەیان دووبارە کردەوە، چاوپێکەوتن بە کوردی کۆتایی هات، رێبەر ئاپۆ بە برا و خوشکی خۆی وتی:” کاتێک ئێوە بۆ چاوپێکەوتن هاتن، پێویستە هەموو کاتێک بە کوردی قسە بکەن، ئەگەر بە کوردی قسە نەکەن، ئەو کاتە سەردانم مەکەن.” و بە بەرپرسانی تورکی وت:” ئێوە ناتوانن کوردی قەدەغە بکەن.”

    رێبەر ئاپۆ لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند کە پەروەردە بە زمانی دایک واتە کوردی مافێکە و داوای لە کوردان کرد کە بۆ کوردی و مافی کلتووری خۆیان کار بکەن و وتی:

    “سەرەتا بۆ مافی پەروەردەی کوردی پێویستە گەلی کورد بۆ هەموو مافەکانی کلتووری خۆی کار بکات. لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان کە دایکانمان و گەنجانمان چییان سەرخست. گەلەکەمان لە چوارچێوەی دیموکراسیدا پێویستە هەوڵەکانی زیاتر بکات و چالاکی ئەنجام بدات. پەیمانی لۆزان لەدژی مافی پەروەردەی کوردی نییە، بە پێچەوانەوەیە، دەرفەت بەم مافە دەدات. ئێمە دوژمنایەتی تورک ناکەین، پێویستە مرۆڤ ئەم زمانە فێر ببێت. گەلەکەمان بۆ ئەم داواکاریانە، بێ ئەوەی توندوتیژی بەکار بهێنێت، بە ڕێ و ڕێبازی دیموکراتی هەموو هەفتەیەک دەتوانێت چالاکی ئەنجام بدات.”

    یەکەم سزای زیندانی تاکەکەسی

      دوای ئەو پێشنیارانەی ڕێبەر ئاپۆ، دەستەی دیسیپلینی دەوڵەتی تورک کە لە ئیمرالی پێکهێنرابوو، بە بیانووی ئەوەی ‘فەرمانی بە ڕێکخستن کردبووە و گەلی بۆ ڕاپەرین هانداوە’ ٢٠ ڕۆژ سزای زیندانی تاکەکەسی بەسەردا سەپێنرا. رێبەر ئاپۆ کە نەیدەتوانی سوود لە مافی یاسایی پارێزەرانی وەربگرێت، سکاڵای لە ٢مین دادگای ئینفازی بورسا کرد، بەڵام سکاڵاکەی رەتکرایەوە. گوایە دوای ئەوەی قۆناغی یاسایی کۆتایی هات، سزای زیندانی تاکەکەسی لە ١ی کانونی دووەمی ٢٠١٦دا جێبەجێ کرا. دوای ئەوەی جێبەجێ کرا، ڕادیۆ، ڕۆژنامە و کتێکبەکانی لێسەندرانەوە، رێگە نەدرا کە بجێتە ناو ئەو حەوشەیەی کە هەواگوڕکێی تیدا دەکرد. رێبەر ئاپۆ دوای سزای زیندانی تاکەکەسی لە چاوپێکەوتنی ١ی شوباتدا بەمشێوەیە هەڵیسەنگاند:

    “ئەگەر زمانی دایک قەدەغەدەکرێت، ئەمە قڕکردنی کلتوورییە. گرنگی ئەم بابەتە و پەروەردە بە زمانی دایک پێویستە لە ڕاگەیەنراوەکاندا بە باشی و بە فراوانی باسی لێ بکرێت. قڕکردنی کلتووری لە قڕکردنی فیزیکی زۆر مەترسیدارترە. مافی رەوای سروشتی دایک و منداڵانی کوردی کە داواکاری خۆیان لەم بارەیەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا دەرببڕن و ناڕەزایی دیموکراتیکی خۆیان پیشان بدەن.”

      لە ڕێگای زیندانی تاکەکەسیەوە ئەشکەنجەی سپی بەرانبەر رێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا. ئەم ڕێبازەی ئەشکەنجە چەندین ساڵ بەردەوام بوو. تا ساڵێ ٢٠٢٠، ٢٤٠ جار سزای زیندانی تاکەکەسی بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپێنرا. ئەو سزایەی کە سەرەتا لە زستانی ٢٠٠٦دا بەسەر ڕێبەری گەلی کورددا سەپێنرا لەناو گەلی کوردستان و گەریلادا ڕێگای بۆ تۆڕەییەکی گەورە کردەوە.

    بۆ من نەمرن

    لە ٧مین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا، واتە لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٦دا ڤیان سۆران ئەندامی کۆمیتەی سەرلەنەوێ دامەزراندنی پەکەکە و یەکێک لە فەرماندەکانی یەژاستار، بۆ شەرمەزارکردنی دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ و سزای حوجرە و کردەوە دژی مرۆڤایەتیەکان لە ئیمرالی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. بەهۆی سەرلەنوێ دەستپێکردنی چالاکی خۆسووتاندن رێبەر ئاپۆتووڕە بوو و لە چاوپێکەوتنی ١٦ی شوباتی ٢٠٠٦دا وتی:

    “من ئەم جۆرە چالاکیانە پەسەند ناکەن. ئەگەر بشمرم با کەس بۆ من زیان بە خۆی نەگەیەنێت. من لێرە لەناو بارودۆخێکی خراپ و قوڕسدام، بەڵام بەرخۆدان دەکەم. پێدەچێت مردن زۆر ئاسانتر بێت.”

    لەو رۆژانەدا، کە سیستمی ئەشکەنجەى دەوڵەتی تورک لە سنوور تێپەڕیبوو، کوردانیش ئەرکی یەکەمی کەمپەین و هەڵمەتە مێژووییەکەیان، کە ماوەى ١٠ مانگ بوو بەردەوامبوو، بەرەو کۆتایی دەبرد. ئەنجامەکانی هەڵمەتی بزووتنەوەى هاووڵاتییان ئازاد، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ – ٢٠٠٦ دا لە تورکیا و کوردستان بە ناوی “هەڵمەتی رێبەر ئاپۆ ئیرادەی سیاسیی منە” دەستپێکردبوو، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦دا لە ئەنقەرە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بۆ رای گشتی ئاشکرا کرا. سەرباری ئەوەى سەدان هەزار چالاکوانی هەڵمەتەکە لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستگیرکران، بەڵام ٢ ملیۆن و ٢٤٣ هەزار کەس وتیان، “من کوردستانییەکم و رێبەر ئاپۆ لە کوردستان بە ئیرادەی سیاسی خۆم دەزانم و قبووڵێ دەکەم” و هەڵمەتەکەیان واژۆ کردبوو. لەو واژۆیانەدا ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزاریان لە ئەوروپا کۆکرابوویەوە.

    ئەو کەمپەین و هەڵمەتە، کە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوامی پێدرا، واژۆکانی ١٠ ملیۆنی تپەڕاند. بێگومان ئەوە یەکەمجار نەبوو، پێشتر بە ناوی جیاجیاوە بۆ ئەوەى گۆشەگیری لەسەر ئیمرالی تێکبشکێنرێت، بۆ باشکردنی دۆخی تەندرووستی و ژیانی رێبەر ئاپۆ و لە هەموویان گرنگتر بۆ ئازادکردنی رێبەر ئاپۆ ٢ کەمپەین و هەڵمەتی تری جەماوەری رێکخرابوون.

    *کەمپەینی “ئازادی بۆ رێبەراتی” بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەى گەنجانی سەربەخۆ (BAGEH) لە ١ی شوباتی ٢٠٠٤دا دەستیپێکرد و تاوەکوو ١ی ئایاری ٢٠٠٤ بەردەوامبوو. لەو کەمپەینەدا سەدان هەزار واژۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ کۆکرانەوە و رادەستی پەرلەمانی تورکیا کران.

      دوای ئەوە ئیرادە و ورەی رێبەر ئاپۆ بە هیچ یەک لە شێوازەکانی ئەشکەنجە و گۆشەگیری تێکنەشکا و ملیۆنەها کەس لە دەوری کۆبوونەوە، دەوڵەتی تورک لە ئیمرالی دەستی بە تاقیکردنەوەى شێوازی نوێی ئەشکەنجە کرد. لەسەر ئەگەری ئەوەى، کە رەنگە رێبەر ئاپۆ ژەهرخوارد کرابێت، لە ساڵی ٢٠٠٧دا نمونەکانی قژی وەرگیرابوون و لە ئیتالیا و سوید لە دوو تاقیگەدا پشکنینیان بۆ کرا. پشکنینی تاڵە قژەکانی رێبەر ئاپۆ، کە دەبوو لەبارەى تەندرووستی رێبەر ئاپۆەوە زانیاریی دڵنیاکەرەوەیان لێوەرگیرابێت لەلایەن گەلی کورد و ئازادیخوازانەوە چاوەڕوانی بڵاوکردنەوە ئەنجامی پشکنینەکان دەکرا. ئەو راگەیاندراوەی، کە رای گشتی تامەزرۆی بوون لە ١ی ئایاری ٢٠٠٧دا لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتالیا بڵاوکرایەوە، کە رێبەر ئاپۆلە کۆتایی ١٩٩٨ و سەرەتای ١٩٩٩دا بۆ ماوەى ٦٦ رۆژ تێیادا مابوویەوە.

    کارگەکانی سەربە مەهەپە ژوورەکەى رێبەر ئاپۆیان بۆیاخ کرد

    بەپێی ئەنجامی راپۆرتی پشکنینەکان، کە واژۆی دەستەى شارەزایان و پسپۆڕانی بەسەرەوە بوو، لە تاڵە قژەکانی رێبەر ئاپۆدا رێژەى کرۆم و ئلمنێت (توخم) سترۆنسیوم لە رێژەی ئاسایی زیاتر بوون و ئەوەش مەترسی جیددی لەسەر تەندرووستی درووستکردبوو. بە کورتی لە تاڵە قژەکانی رێبەر ئاپۆ دا ئەوە دەستنیشانکرابوو، کەرێبەر ئاپۆ ژەهرخوارد کراوە. دوای کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەى شاری رۆما، لایەنە کوردییەکان یەک لە دوای یەک راگەیاندراویان بڵاوکردەوە. موراد قەرەیلان بۆ رای گشتی راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە رێبەر ئاپۆ لە رێگەى بۆیاخی ژوورەکەیەوە ژەهرخوارد کرابێت، چونکە کاری بۆیاخەکردنی ژوورەکەیان داوەتە کۆمپانیا و لایەنەکانی سەر بە مەهەپە و زانیاریی ئەوەیان لە بەردەستدایە، کە کارگەکانی سەر بە مەهەپە ماددەی ژەهراوییان تێکەڵی بۆیاخی ژوورەکەی رێبەر ئاپۆ کردبێت.       

    تەندرووستی رێبەر ئاپۆ تەندرووستی ئێمەیە!

    دەنگی “با شاندێکی بێلایەن بڕوات بۆ ئیمرالی و دەست بە لێکۆڵینەوە بکات” لە ناو رای گشتیی کوردداندا بەرزبوویەوە. لە ناو رژێمی ئەنقەرەدا رێگا بەرووی ئەو هەڵوێستەدا، کە چاوەڕێی دەکرا، نەدەکرایەوە. لەبەر ئەوەش سەرەتا لە ئەوروپا و لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و کوردستان سەدان هەزار مرۆڤ رژانە سەر شەقامەکان و رایانگەیاند، “تەندرووستی رێبەر ئاپۆ تەندرووستی ئێمەیە” و لە دژی ژەهراویکردنی رێبەر ئاپۆ داوایانکرد، هەمەلایەنە و شانبەشانی یەکتر بجوڵێنەوە. دوای ئەوەى یەکێتی ئەوروپا، ئەنجومەنی ئەوروپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گوێی لە خۆپیشاندانەکان نەگرت، رێپێوان و چالاکیی ناڕەزایەتی مەدەنی کوردان لە ستراسبۆرگی فەرەنسا لە ١١ی نیسانی ٢٠٠٧ دا دەستیپێکرد و ١٨ سیاسەتمەداری کورد و چالاکوان دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردنی بێسنوور کرد.

    ئەو چالاکییەی مانگرتن، کە ٥٠٠ کەسیش بە شێوەى دەوری تیایدا بەشدار بوون، لە رۆژی ٣٩هەمیندا و دوای پەیامی رێبەر ئاپۆ، کە وتی: “بە ژیان بەرخودان بکەن” کۆتایی پێھات. هەروەها لە هەمان کاتدا ٨ پەرلەمانتاری ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئەوەى شاندێکی سەربەخۆ چارەسەری رێبەر ئاپۆ بکەن، دەستیان بە کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوە کردبوو. کوردستانیان لە ئەوروپا بۆ ئەو کەمپەینە لە ماوەی یەک هەفتەدا ١٠٣ هەزار و ٤١٧ واژۆیان کۆکردەوە، لە ١١ی ئایاری ٢٠٠٧دا واژۆکان رادەستی لیژنەى بەرێوەبەریی کۆمیتەى پێشگرتن لە ئەشکەنجەى ئەنجوومەنی ئەوروپا (CPT) کران و بەو هۆیەوە CPT بڕیاریدا، شاندێک رەوانەى ئیمرالی بکات.

    شاندەکەى CPT لە رۆژانی ١٩ – ٢٢ی ئایاری ٢٠٠٧ دا رۆیشتن بۆ ئیمرالی لەبارەی پەیوەندی رێبەر ئاپۆ لەگەڵ دونیای دەرەوە و تەندرووستییەوە چەند پێشنیازێکیان خستبووەڕوو. دەوڵەتی تورک جارێکیتریش گوێی لە CPT نەگرت و لە ئیمرالی درێژەی بە گۆشەگیری و دۆخ و تێزی “مردن لە سەرزەمینە دوورە دەستەکاندا” دا. لەو رۆژانەدا گەشەسەندنێکی گرنگ لە ٢٠٠٧ روویدەدا. لیژنەى گشتی ٥هەمین کۆنگرەى – گەل لە نێوان ١٦-٢٢ی ئایار کۆبوونەوە و پلانی گۆڕینی مۆدێلی رێکخستنی بزووتنەوەى ئازادیی کوردیان داڕشت.

    دامەزراندنی کەجەکە

      لە کۆبوونەوەى دەستەى گشتییدا بە بەشداری ٢١٣ نوێنەر لە کوردانی هەر چوارپارچەى کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا، کۆما کۆمەڵێن کوردستان (KKK)، کە لە چوارچێوەى پرادیگمای رێبەر ئاپۆ رێبەر ئاپۆدا دامەزرابوو و گۆڕدرا بۆ کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK). کەجەکە جیاوازییەکەى لە کەکەکە ئەوەبوو، وەک سیستمی چەتری نوێنەرانی هەموو پارچەکان کاری دەکرد. لەو رۆژانەدا کاتێک کەجەکە راگەیاندرا رێبەر ئاپۆ بەمشێوەیە پێناسەی کەجەکەی کرد:

    “سیستمی کەجەکە سیستمی دیالکتیکی کۆمەڵگەى دیموکراتیکە. کوردانی هەر پارچەیەک دەبێت لەگەڵ دەوڵەتەکاندا دیالۆگ بکەن و رێبازێکی دیموکراتیک پێش بخەن. ئەوە نە لە دژی هەم رەش و هەم سپیە. بۆ نمونە کورد لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە پێکەوە دەژین، پێکەوە تێدەکۆشن، بەڵام دەبێت ئەوە وەک رەش و سپی نەبینن و یەکتر لە ناو نەبن.

    بە تایبەتی دەبێت کورد بە هۆشمەندی نەتەوەی دیموکراتیک تێبکۆشێت. بۆ ئەوەش کەجەکە نوێنەرایەتی هەموو کوردان دەکات، لە هەر پارچەیەک بە ناوی کوردانەوە سیاسەت دەکات. کەجەکە لە ئێران، تورکیا، سوریا و تەنانەت لە عێراقیش دەتوانێت بە ناوی کوردانەوە چاوپێکەوتن ئەنجام بدات، دەتوانێت لەگەڵیاندا دیالۆگی دیموکراتیک پێش بخات. تورکیا ئەگەر بیەوێت کێشەکانی لەگەڵ من چارەسەر بکات، من بە سیفەتی سەرۆکی کەجەکە چاوپێکەوتن دەکەم و دەدوێم.

    پشتبەستووە بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، سیاسەتی دیموکراتیک، کۆمەڵگەى دیموکراتیک و کۆماری دیموکراتیک. ئەوە ئەو سیستمەیە، کە من پێی دەڵێم، کەجەکە و فۆرم و شکڵێکە بۆ کوردان گونجاوە، چونکە کێشەى کورد بە سیاسەتە فاشیستییە نەتەوەییەکان و بە ئیسلامی سیاسی چارەسەر نابێت. ئەوان لەو بابەتەدا هیچ پرۆژەیەکیان نییە. خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک گونجاوترین چارەسەرییە، کە دەکرێت بەدی بێت. من ئەوەم لە پارێزنامە جیاجیاکانی خۆمدا بە وردی و داتاوە نووسیوە، دەزانم، کە فیدراسیۆنیش دەتوانێت چارەسەری بەدیبهێنێت”.

    راگەیاندنی کەجەدە (دەتەکە)

    یەکێک لە کۆڵەکەکانی تری رێکخستنکردن، کە رێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردبوو، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧دا لە ئامەد راگەیاندرا. لەو رۆژەدا بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک بە ناوی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (KCD) راگەیاندرا، کە هەموو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە ژێر چەترێکدا کۆکردەوە. لە راگەیاندراوی کەجەدەدا بۆ رێبەر ئاپۆ دەربڕینی “رێبەر ئاپۆ” بەکار هێنرابوو و داوا کرابوو کە رێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی بۆ شوێنێکی تر بگوێزرێتەوە و کێشە تەندرووستییەکانی چارەسەر بکرێن، لەسەر بنەمای ئیتنیک و خاک داوای خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و ئەنجومەنە هەرێمییەکانیان کردبوو.

    لەو نێوانەدا لە ئیمرالی یەک لە دوای یەک سزای ژووری تاکە کەسی بەسەر رێبەر ئاپۆدا دەسەپێنرا، دۆخی تەندرووستی رێبەر ئاپۆ زەنگی لێدابوو. تاوەکوو دەچوو باری تەندرووستی رێبەر ئاپۆ خراپتر دەبوو، سەپاندنی سزای ژووری تاکەکەسی یەک لە دوای یەک، سەپاندنی سزای دیسیپلین بۆ ٥ جار، بوو بە رۆژەڤی کۆنگرەى گەل لە نێوان ١١-١٦ی ئەیلولی ٢٠٠٧دا.

    نوێنەران لەبارەی بەردەوامی گۆشەگیری و ئەشکەنجەى سەر رێبەر ئاپۆ وتیان:”ئیدی بەسە!” و ئەوە مۆری خۆی لە کۆنگرە دا. لەبەر ئەوە لە کۆنگرەدا بڕیارێک بە ناوی “ئیدی بەسە، رێبەری بژی بدە ژیان” دەست بە کەمپەینێک کرا، کە ملیۆنەها کەسی لە خۆ گرت. لەبارەى کەمپەینەکەوە راگەیاندرا:

    “کەمپەینەکەمان تاوەکوو گارەنتیکردن و زەمانی ژیانی رێبەر ئاپۆ، لە زیندانی ئیمرالییەوە بگوێزرێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بە پێداگرییەوە درێژەى بە خۆی دەدات”.

    چاوپێکەوتنی بوش و ئەردۆغان

      بە گەیشتنە پاییزی ٢٠٠٧ هێشتا شەڕ لە کوردستان قورستر و زیاتر دەبوو. هەڵمەتی چوونە سەر لیوای کۆماندۆی سوپای تورک لە ئۆرەمار لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧دا، سوپای تورکی تووشی شۆک کرد، بووە هۆی ئەوە بە جارێک تورکیا و هێزە پشتیوانەکانی روو بەرەو کوردستان وەرسوڕێنن. لەبەر ئەوەش لە چاوپێکەوتنی ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ی نێوان جۆرج بوش سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورک لە واشنگتۆن دا باس لە “بەرەنگاربوونەوەى پەکەکە” کرا. دوای ئەو چاوپێکەوتنە بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە لە ئاستی جیهانیدا قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد، لە ئیمرالیش دەوڵەتی تورک ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە بەرزرترین ئاستدا خستبووە کار.

    دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠٠٨ لە ئیمرالی دەستی بە سەپاندنی شێوازە نوێکانی ئەشکەنجە کرد، کە بە بیری کەسدا نایەن. دەوڵەتی تورک لە حوزەیرانی ٢٠٠٨دا بە زۆر قژی رێبەر ئاپۆی کورت کردەوە. رێبەر ئاپۆ لە چاوپێکەوتنی رۆژی ٢ی تەممووزی ٢٠٠٨ لەگەڵ پارێزەرەکانیدا لەوبارەیەوە وتبووی:

    “قژیان کورت کردمەوە. دەوڵەت بەوە پەیامی ‘ئێمە کەی بمانەوێت تۆ کۆنترۆڵ دەکەین، ئێمە چیمان بوێت دەتوانین ئەنجامی بدەین، تۆ لە دەستی ئێمەدایت، ٢٤ کاتژمێر لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایت’ دا. لە دەستی مندا شێوازەکانی ئیمرالی هەیە، شێوازەکانی زیندانەکانی تر هەیە. کورتکردنەوەى قژ لە دژی ئەوەیە. وتیان دەبێت ئێمە ئەوە بکەین. ئەوانیش وتیان، ‘ئێمە ناچارین قژت کورت بکەینەوە’،”.

    ‘سزای دیسیپلین’ وەک ئامڕاز و کەرەستەیەکى هەڕەشە و تۆڵەکردنەوە لە مانگەکانی هاوینی ٢٠٠٨ لە بەرزترین ئاستی بێویژدانیدا دەسەپێنرا. لە نێوان مانگی ئایار و حوزەیران دا لە یەک رۆژەوە تاوەکوو ٥٠ رۆژ سزای ژووری تاکەکەسی سەپێندرا. لە چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا لە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٠٨دا راگەیاندرا، دوای کۆتایهاتنی سزای ٥٠ رۆژەی ژووری تاکەکەسی، بەڕێوەبەری زیندانی ئیمرالی پێیان وتبوو:”تۆ ٥٠ رۆژت تەواو کرد، ٥٠ رۆژی تری بە دوادا دێت”. قژی رێبەر ئاپۆ-یان بە بەرچاوی خۆیەوە سوتاندبوو، لەلایەن کارمەندانی زیندانە تاکەسییەکەوە بە بەردەوامی پشتەى دەرگای زیندانەکەی رێبەر ئاپۆ دەکرایەوە و دادەخرایەوە، دیسانەوە رێگا نەدەدرا کتێب بخوێنێتەوە. رێبەر ئاپۆ لەو چاوپێکەوتنەدا لەوبارەیەوە وتبووی:

    “دوێنێش لەسەر بابەتی چوونەدەرەوە بۆ شوێنی هەواگۆڕکێ کێشە روویدا. بەڕێوەبەر بەبێ ئەوەى پێویست بکات، دەنگی خۆی بەرز کردەوە و هۆشداریی ئەوەیدا، کە کات کۆتایی هاتووە. دەیتوانی ئەوەش بە ئارامی بڵێت. کاتێک ئەوان بە زمانی خۆش شتەکان دەردەبڕن، من سپاسیان دەکەم، بەڵام بۆ وادەکەن، هێشتا من بە تەواوەتی لەوە تێناگەم. رەنگە ئامانجیان ئەوە بێت لە رووی دەروونییەوە بمخەن و ورەی من تێکبشکێنن، بۆیە من بە بەڕێوەبەرەکەم وت، “بەو شتە بچووکانە بەسەرمدا نەین’، چەک دەربنێنە گولـلەیەک بتەقێنە، هیچ دەنگ ناکەم، بەڵام بە شتی بچووکی وەها بەسەر مندا نەیەن. لەوبارەیەوە من سکاڵایەکم بەرزکردووەتەوە”.

    سەپاندنی سزاکانی بەدەر لە مرۆڤایەتی لە سیستمی گۆشەگیری ئیمرالی و ئەوانەى چوونەتە مێژووەوە بەمانەوە سنووردار نەبوون. ئەو دارانەى، کە لە دەورووبەری ژوورە تاکە کەسییەکەى رێبەر ئاپۆ رێبەر ئاپۆدا بوون، بۆ ئەوەى باڵندەکان لەسەری نەنیشنەوە و نەخوێنن بڕێندرانەوە. لە چاوپێکەوتنی ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨دارێبەر ئاپۆ باسی بابەتێکی کرد، کە بەدەرە لە هۆشی مرۆڤ و وتی:

    “لێرە ٢ داری لێ بوو، کە لە پەنجەرەى ژوورەکەى منەوە دیار بوون، بەڵام ئێستا نەماون. دوو رۆژ لەوە پێش ئەو دارانەیان بڕییەوە. من نەمدەخواست باسی بکەم، بەڵام ئیدی باسی دەکەم. بۆ ئەو دارنەیان بڕییەوە؟ باڵندەکان دەهاتنە سەر ئەو دارانە و دەنیشتنەوە، باڵندەکان دەیانخوێند، بە دەم باوە دەجوڵان و دەهەژان، شین بوون، بەس ئەوان نایانەوێت من بوونەوەرێکی زیندوو ببینم. لەبەر ئەوە دارەکانیان بڕییەوە، کاتێک سەیر دەکەم ئیدی دار نابینم. ئەوان ئەوەش تەحەمول ناکەن، کە دارێکیش ببینم. دیسانەوە دوێنی ژوورەکەیان سەروبن کردم. هەموو کاغەز و نامەکانیان پرش و بڵاوکردمەوە. دەزوویەکیشیان نەهێشتەوە، کە من نامەکانی خۆمی پێ ببەستمەوە، هەموویان پارچە کرد. هەتاوەکوو من ئەوانەم رێکخستەوە زۆر ماندوبوم. ئەگەر من خۆم بە دەستەوە بەدایە دۆخەکە ئاوا نەدەبوو”.

    دەوڵەت سەردانی ‘رێبەر ئاپۆی’ کرد

    بۆ رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەی ئازادی کورد ساڵەکانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩ وەکوو گرنگترین سەردەم تۆمار کرا. دەوڵەتی تورک، رژێمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی لە ئیمرالی توندتر کردەوە. پەکەکەش بە مەبەستی کرانەوەی تورکیا، پڕۆژەیەکی ١٠ خاڵی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی پێشکەش کرد. یەکێک لە خاڵەکان بڕیاری راگەیاندنی ئاگربەست بوو، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦، دەوڵەتی تورک ئۆپڕاسیۆنەکانی نەوەستاند.

    دوای دانیشتنەکەی ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ لە کۆشکی سپی لە نێوان جۆرج بوشی سەرۆکی ئەمریکا و ئەردۆغانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا، پەرلەمانی تورکیا مۆڵەتی ئۆپڕاسیۆن و شەڕی پەسەند کرد. رێبەر ئاپۆیش کە پێشبینی ئەنجامدانی هێرش و ئۆپڕاسیۆنی بەرفراوان دەکرد، سووربوونی خۆی لەسەر مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک پیشاندا.

    رێبەر ئاپۆ لە کۆتایی مانگی تشرینی دووهەمدا بە رێگای پارێزەرانی راگەیێندراوێکی بەمشێوەیەی بڵاو کردەوە:

    “من بۆ گەلی کورد، پێشنیاری کوردستانی خۆسەری دیمۆکراتیک دەکەم. تێرمی کوردستان، بە تەواوەتی تێرمێکی جۆگرافییە، ئەمە تەنها کورد نەیوتووە. لە سەردەمی سوڵتان سەنجاری سەلجوقیەوە وەهای پێدەڵێن. کوردستانی خۆسەری دیمۆکراتیک هەم لە دژی دواکەوتووەیی ناوخۆیی کوردە، هەم لە دژی دواکەوتووی فیودالە، هەم لە دیوی دەرەوەش باس لە کورد دەکات. لەم رووەوە دژایەتی دەوڵەت ناکات، ئامانجی ئەوە نییە کە دەوڵەتیش بونیاد بنێت. بەم شێوەیە لە ناو سنوورە بەردەستەکان و دەوڵەتدا، نوێنەرایەتی ئازادی کورد دەکات. لە ئەنجامدا خۆسەری، پەیوەندی بە ئازادیەوە هەیە. خۆسەری دیمۆکراتیک لە بارەی سنوورەکانەوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دەوڵەتدا نییە. بە واتای ئەوە دێت کە خۆجێی لە ناو دەوڵەتدا نوێنەرایەتی خۆی بکات. لە ناو سیستمی خۆسەری دیمۆکراتیکدا کورد ئازادی خۆی بەدی دەهێنێت. بۆ پەروەردە، زمان و پێشکەوتنە کلتوریەکانیش، خوێندنگەی خۆی دەبێت. گەل کێشەی ئابوری هەیە، پێویست بکات بانک و شوێنی هەرەوەزی دەکاتەوە. خولی پەروەردی زمان دەکاتەوە و پەیمانگا و ئەنستیتو دەکاتەوە.ئەمە بە واتای نەمانی دەوڵەت نایەت، یان بە واتای ئەوە نایەت کە دەوڵەتی بوونی نامێنێت. لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەت، داواکاریەکانی کوردیش جێبەجێ دەکرێن. مرۆڤ دەتوانێک بەم شێوەیە بیری لێبکاتەوە. ئەمە پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە هەیە.”

    دەوڵەتی تورک خۆی لێ بێئاگا کرد

      لەگەڵ ئەم پێشنیار و بانگەوازیانەی رێبەر ئاپۆ، دەوڵەتی تورک کۆنسێپتی شەڕی لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کورد راگەیاند. سوپای تورک هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی لە دوای خۆی کۆکردەوە و لە ٢١ی شوباتی ٢٠٠٨ بۆ سەر باشوری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا هێرشێکی داگیرکەری دەستپێکرد. سوپای تورک لە بەرامبەر خۆڕاگری گەریلاکان شکستی خوارد. ٢٠٠٨ وەکوو ‘داستانی زاپ’ کە گەریلاکانی کورد نووسیانەوە، کەوتە ناو مێژووی تێکۆشانەوە و لەسەر رەوشی ئەو شەڕە قوڕسە، ئیدی رێبەر ئاپۆ هاتە ئاراوە.

    دوای ئەوەی ژمارەی شارەوانییەکان لە ٣٨ەوە گەیشتە ٩٩ شارەوانی

    بۆ ئەوەی دەرگای قۆناغە نوێیەکە بکرێتەوە، لایەنەکان چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنە شارەوانییەکانی ٢٠٠٩یان دەکرد. کاتێک سندوقەکان دەکرانەوە، نەک لە باکوری کوردستان، بەڵکو لە تورکیاش سەردەمێکی نوێ دەستی پێدەکرد.

    دەتەپە کە لە دەوری پێشنیارەکانی رێبەر ئاپۆ خۆی بەرێکخستن کردبوو، بەردەوام بوو لە کاروچالاکیەکاندا، شارەوانییەکانی کوردستان لە ٣٣ شارەوانییەوە زیادی کرد بۆ ٩٩ شارەوانی. شارەکانی وان، سێرت و ئیدر-یش لە ئاکەپە سەنرانەوە.

    ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بوون بە هۆکاری ئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە لە چوارچێوەی پرسی کورددا دەست بۆ هەندێک هەڵبژاردنی نوێ ببات. شاندێکی باڵای دەوڵەتی تورک سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ رێبەر ئاپۆچاوپێکەوتنی ئەنجامدا. کەجەکە لەسەر بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٢٩ی ئازای لەبەرچاو گرت و لەرێکەوتی ١٢ی نیسانی ٢٠٠٩دا بڕیاری لەسەر رەوشی وەستاندنی شەڕدا. ئەو کاتە عەبدوڵڵا گولی سەرۆک کۆماری تورکیا وتی:”رووداوی خۆش روودەدەن”، بەڵام تەنانەت ٢٤ کاتژمێر بەسەر ئەو قسانەدا تێپەر نەبوون کە لە دژی بزوتنەوەی سیاسیی کورد، کۆنسێپتی لەناوبردنی دەستپێکرد.

    دەستیان بە ‘ئۆپڕاسیۆنی کەجەکە’ کرد

    تەنانەت ٢٤ کاتژمێر بەسەر بڕیاری لایەنی کوردی بۆ وەستاندنی شەڕدا تێپەڕ نەببوو، کە لە ژێر ناوی ‘ئۆپڕاسیۆنی کەجەکە’دا لەرێکەوتی ١٤ی نیسانی ٢٠٠٩ قۆناغی ‘ئۆپڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی’یان دەستپێکرد. بەڕێوەبەرانی دەتەپە، بەدەپە، سەرۆک شارەوانییەکان، ئەندامی سەندیکاکان، خوێندکار، رۆژنامەنووس، ئەکادیمیەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەستگیر دەکران و دەخرانە زیندانەوە.  

    ئەو کۆنسێپتەی کە دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٠٩دا دەستی پێکردبوو، هێندە سنووری تێپەڕاند کە وشەی ‘بەڕێز ئۆجالان ‘ وەکوو ‘تاوان’ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا. لە دژی لێپرسینەوە و سزادان و ئەو دۆسیانەی بە هۆی وشەی ‘بەڕێز ئۆجالان’ دەستی پێکرد، لەرێکەوتی ٢٣ی گوڵانی ٢٠٠٩دا کەمپینی، “ئەگەر وشەی ‘بەڕێز ئۆجالان’ تاوان بێت، منیش هەمان تاوان ئەنجام دەدەم و هەواڵ لە خۆم دەدەم (ئیخباری خۆم دەکەم)” دەستی پێکرد.

    لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کەمپینە کە وەکوو گەورەترین چالاکی ‘هەواڵ لێدان-خۆ بەگرتدان’ لە مێژووی دەوڵەتی تورکدا تۆمارکرا، لە ئامەد، شرنەخ، وان، مێردین، جۆلەمێرگ، ئاگری، موش، بەدلیس، چەولک، دەرسیم، روحا و بگرە لە گشت شارەکانی کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا، بە دەیان هەزار کەس هەواڵیان لە خۆیاندا. تەنها لە مانگی یەکەمی کەمپینەکەدا ٣٠ هەزار کەس هەواڵیان لە خۆیاندا، لەو ژمارەیە ٤٩٥ کەسیان دەستگیر کران و لێپرسینەوەش لە هەزار و ٣٥٠ کەس کرا.   

    رێپێوانی ئامارا

      بە دەیان هەزار کورد بۆ ئەوەی دڵسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ رێبەرایەتی دەرببڕن، هەمان رۆژ روویان لە ناوچەی ئامارا کرد، واتە ئەو شوێنەی رێبەر ئاپۆی تێدا لەدایک بووە. ئەوانەی رۆژی لەدایک‌بوونیان ٤ی نیسان بوو و روویان لە ئامارا کرد، رووبەڕووی رێگری دەوڵەت بوونەوە. هێزەکانی دەوڵەتی تورک کاروانی ئۆتومبیلەکانی دەوەستاند، لە نێوان گەل و هێزەکانی پۆلیس/جەندرمەدا شەڕ و پێکدادان روویدا. لەگەڵ ئەمەش بەشداربووانی رێپێوانەکە بەو خۆڕاگریەی کە کردیان، خۆیان گەیاندە ئامارا، هێزەکانی دەوڵەتی تورک دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی مستەفا داگ و ماهسون کارائۆغلویان کوشت.

    لێدوانەکەی حکومەت لە ٢٩ی تەموزدا

    هەم لە ناو رای گشتی کورد و هەم لە ناو رای گشتی تورکیادا گوتوبێژەکان بۆ چارەسەریەکی دیمۆکراتیک دەستیان پێکرد، حکومەت لە کۆتایی مانگی تەموزدا لێدوانێکیدا. وەزیری دەروە بەشیر ئاتالای لە ٢٠ی تەموزی ٢٠٠٩ لێدوانێکی بە ناوی حکومەتەوە بڵاو کردەوە. ئاتالای وتی، لە بارەی پرسی کوردەوە، دەستیان بە قۆناغی چارەسەری دیمۆکراتیک کردووە. ئاتالای رایگەیاند، هیچ پێشنیارێکی چارەسەریان لەبەردەستدا نییە، بۆ ئەم مەبەستە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەست بە دانوستان دەکەن.

    نەخشەڕێگایەک لە ئیمرالیەوە

    دوای لێدوانەکەی لایەنی تورکی، رێبەر ئاپۆ، نەخشەرێگایەکی لە ٢٠ی ئابی ٢٠٠٩دا رادەستی بەڕێوەبەرایەتی بەندیخانەی ئیمرالی کرد. دەوڵەتی تورک دەستی بەسەر نەخشەرێگاکەدا گرت کە بە ١٠ خاڵ تیشکی خستبووە سەر چارەسەریەکە. رێبەر ئاپۆ ٢٣ی تشرینی یەکەم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پارێزەرانی، لەسەر نەخشەرێگاکەی هەندێک بەرچاوروونیدا کە دوای ساڵ و نیوێک ئەو نەخشەڕێگایە دەگەیشتە بەر دەستی رای گشتی. رێبەر ئاپۆ دەیوت، پڕۆژەی چارەسەری و ئاشتی کە ئەو ئامادەی کردووە، لە سێ قۆناغ پێک دێت، ئەوانیش بریتین لە:

    *هەنگاوی یەکەم؛ دەوڵەت هەموو مافەکانی کورد مسۆگەر دەکات. دەبێت گەرەنتی بدات. پەکەکەش بۆ دەوڵەت دەیسەلمێنێت کە دابەشکار نییە. ئاشکرای دەکات کە توندوتیژی نەکردووە بە بنەما بۆ خۆی. لەم قۆناغەدا رەوشێکی دوور لە شەڕ دێتە ئاراوە. دەوڵەت دەرفەتی ئەوە دەدات بە کورد کە خۆی بەڕێوە ببات.

    ئەگەر ئەمە رووبدات، هەنگاوی دووهەم، کشانەوەی دەرەوەی سنوور دەستپێدەکات.

    *لە هەنگاوی سێهەمیشدا دەوڵەت ئەو مسۆگەرکردنەوەی کە داویەتی، دەیخاتە بواری یاساییەوە. لەگەڵ ئەم هەنگاوەی دەوڵەت، بزوتنەوەی جیاوازتر درووست دەبن.

    گروپی ئاشتی کە لە خابورەوە هات

    دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ شاندەکەی دەوڵەت کە چووە ئیمرالی رێبەر ئاپۆ دەیوت، رێگای سیاسەت گیراوە، بۆ ئەوەی رێگای قۆناغەکە بکرێتەوە، داوای کرد، گروپی ئاشتی بێن بۆ تورکیا. دوای ئەم هەنگاوە، لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩ لە قەندیل و کەمپی پەنابەرانی مەخمورەوە، گروپێکی ئاشتی و چارەسەری دیمۆکراتیک کە لە ٣٤ کەس پێک هاتبوو و چواریان منداڵ بوون، لە خاڵی سنووری خابورەوە دەربازی ئەودیو بوون.  

    دیمەنەکانی پێشوازیکردن لە گروپەکانی ئاشتی لە لایەن سەدان هەزار کەسەوە تا گەیشتنە ئامەد، مێژووی بوون. گەریلاکان و پەنابەرانی مەخمور بە خۆشەویستیەکی بێوێنەوە لە لایەن میلیۆنان کەسەوە پێشوازیان لێکرا. ئەو دیمەنانەی سەرەتا لە خابور و دواتر لە ئامەدەوە بڵاو دەکرانەوە، بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیان شێت کردبوو. ئەردۆغان لە بارەی ئەو پێشوازیە میلیۆنییەوە وتی:”بە دوای رانتی سیاسیەوەن”. بەشیر ئاتالای وەزیری ناوخۆش لە بارەی دیمەنەکانەوە وتی:”خۆدەرخستن و تێکدانە.”

    دەوڵەتی تورک لە پاییزی ٢٠٠٩دا قۆناغەکەی وەستاند. بۆ ماوەی ١٠ رۆژ سزای ژووی تاکەکەسی بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپێنرا، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە گۆشەگیری بەسەردا سەپێنرابوو، هاوکات ئۆپڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی کە لە ژێر ناوی ‘ئۆپڕاسیۆنی کەجەکە’دا بەڕێوە  دەچوو، گەیشتە بەرزترین ئاست. لە ١٧ی تشرینی دووهەمدا ٥ زیندانی سیاسی، گواسترانەوە بۆ بەندیخانەی ئیمرالی کە تا ئەو کاتە رێبەر ئاپۆ بە تەنها لەوێ بوو. ئەوانیش وەکوو رێبەر ئاپۆ گۆشەگیر کران. هەمان رۆژ لە دەستکاریکردنی بینای بەندیخانەکەدا، ئاستی کۆنسیێپتەکە کە دەوڵەتی تورک لە ئیمرالی جێبەجێی کردبوو، پەلەی لێکرا.

    ئەو زیندانیانەی سەرەتا رەوانەی ئەوێ کران، لە ١٥ی ئازای ٢٠١٥ لە بەندیخانەیەکی تر جێگیر کران، لە جێگای ئەوان لە ١٧ی ئایاری هەمان ساڵدا، ٥ بەندکراوی تر رەوانە کران. دوو لە بەندکراوەکان لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ بە بێ ئەوەی خۆیان داوا بکەن، رەوانەی بەندیخانەیەکی تر کران. هاملی یلدرم، عومەر هایری کۆنار و ڤەیسی ئاکتاش تا ئێستاش لەو بەندیخانەیە زیندانین.

    بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بینای بەندیخانەکەدا، رێبەر ئاپۆ لە ژووە کۆنەکەیەوە گواسرایەوە و لە شوێنێکی بچوک، تەسک و کەم ئۆکسجیندا جێگیر کرا، رێبەر ئاپۆ پێی دەوت، ‘کودەتاکەی ١٧ی تشرینی دووهەم’. ئەم بارودۆخە بە هۆی سەختی هەناسەدان، کێشەی تەندرووستی ئەوی خرابتر کرد. زیندانیانی تریش لە بارەی ئەو بارودۆخەی ئیمرالیەوە دەیانوت، “ئاستی گۆشەگیریەکە پێنج-دە جار توندترە لە بەندیخانەی پیتی (F).”

      گۆشەگیری توندکراوی سەر رێبەر ئاپۆ لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١١ توندتر بووەوە و دەرباسی ئاستێکی نوێ بووەوە. دوای ٢٧ی تەموزی ٢٠١١ ئیدی نەیانهێشت رێبەر ئاپۆ پارێزەرەکانی ببینێت. هەروەها ٢٠١٠ و ٢٠١١ زۆربەی ئەو پارێزەرانەی لەگەڵ رێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنیان ئەنجام دەدا، لە ٢٢ی تشرینی دووهەمی ٢٠١١ رێگریان لێکرا. ٣٦ کەس لەو پارێزەرانە دەستگیر کران. پارێزەرە دەستگیرکراوەکان، ماوەی ٣٠ مانگ لە زینداندا مانەوە. ئەو رێگریە چەند ساڵێک بەردەوام بوو.



    کژار