• تاگەکان: , ,

    پەپوولەی حەقیقەت پەیجۆری ئیلاهی بوونە

    1 ته‌مموز, 2019

    تێکۆشانی راپەڕینی گەلی کورد لە سەردەمێکەوە دەستی پێ کرد کە لە نیشتمانی ئیلاهەکان واتا کوردستان، بێجگە لە نەبوون، داگیرکاری و بێدەنگی؛ هیچ دەنگێکی تر نەدەبیسترا. هیچ نیشانەیەک لە ژیانی بونەوەری زیندوو نەدەدۆزرایەوە. گوایا شەو و رۆژ بە رەنگی رەش ئاوێتە ببوو. ئەستێرەکانیش تازیدار بوون. لە دڵەکاندا هیوا و تامەزرۆیی ئازادی لە ژێر توێخێکی ئەستوور دا خەوتبوو. هەورە رەشەکان سێبەریان خستبووە سەر زیهنییەت و بیری خەڵک، پێشیان لە پرشەنگی خۆر دەگرت. پاییز و خەزان هەر چوار وەرزی ساڵی گرتبوو. ویژدانەکان زۆرتر لە کێوە بەرزەکان، بەفر دایپۆشیبوون و سەهۆڵ بەند ببوون، تاوەکو بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەل بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ؛ بەم رەوتە مەرگهێنەرەی وت بەسە. لەوە بە دواوە خۆڕاگری، تێکۆشان، هیوا و ئەنگێزەی ئازادی و سەرکەوتن؛ بەوێنەی چرۆکانی بەهار لەناخی ئەم گەلە دا گەشانەوە و هەزاران کچ و کوڕی گەنج وەکو گوڵە بەفرینەکان کە باویلکەی مزگێنی دەری بەهارن، بەرەو ئامێزی شاخەکان پێیان هەڵگرت.

    لەم نێوانەدا ژنانی کوردیش چ لە ناو ریزەکانی شۆڕش و مەیدانی شەڕ و چ لە گۆڕەپانەکانی کۆمەڵایەت، سیایسی و چالاکییە دیموکراتیکەکان بە شێوازێکی چالاکانە توانایی و لێوەشاوی خۆیانیان نیشان دا. ژنانی کورد کە مێژوویەکی کۆیلایەتی ٥هەزار ساڵەیان هەیە بە هۆی ناسنامەی نەتەوەکەشیانەوە بووبا، زۆرتر لە بەرامبەر دەسەڵات و گوشاری دوژمنان دانیان بە خۆیاندا دەگرت. ئەوان لە چوارچێوەی دیوارێکدا نێژرابوون، لە لانکەدا لای لایەی کۆیلەتی و رادەست بوونیان بۆ دەخوێندن. بوون بە میوانی بانگهێشت نەکراوی داوەتی بووکێنییان و لە پشتی میلە ئاسنینەکانی زیهنییەتی پیاوسالاری رەنج و زەحمەتیان ون بوو، بەڵام بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد کاتێک کە مەشخەڵی ئازادی داگریساند، ژنان بون بە بوێرترین مەشخەڵ بەدەستی شۆرش.                                            

     

    یەکێک لە ژنەکان کە رێبەر ئاپۆ وەکو سەرکێشی ئاگرین و مانیفێستۆ پێناسەی دەکات هاوڕێ زەینەب کناجی ناسراو بە زیلانە. زیلان هەرچەندە وەسفی بکەین رەنگە تێرکەری پێناسەی راستەقینەی نەبێت، بەڵام بە دڵنیایەوە سەرۆک ئاپۆ بە جوانترین شێواز پێناسەی بۆ هەڤاڵ زیلان کردووە و شایانی هەڤاڵێکی بەم مەزنییەیە بەم هۆیەشەوە پەنا دەبەینە بەر گوتەکانی سەرۆک ئاپۆ سەبارەت بە هاوڕێ زیلان(زەینەب کناجی):" زیلان پەیمان و مانیفێستێکە؛ زیلان پوختەی ناوەڕۆکی مێژوو دەخاتە روو. کەسی خاوەن دۆز کە پشتی بە بنەما مێژووییەکان نەبەست بێ بناغەیە. ئەم هەڤاڵە مەزنە تا دواڕادە رەگی بە ناو مێژوودا رۆچووە. هەستی پێ کردووە و لە ئاست بەرپرسیارێتی و هۆشیاری ئەمە دایە. زیلان شۆڕشگێڕێکی  ئاسایی نییە، بەڵکو شۆڕشگێڕی کوردستانی گەورەیە. بە خۆیەوە ئەو ریشەکێشکردنە دەبینێت کە لەسەرمان پەیڕەو کراوە. سەرباری ئەوەش لە پێشکەشکردنی دڵێکی گەورە و فیداکاری خۆی دەستناکێشێتەوە. راستی سەرۆکایەتی لە تەواوی دەقەکانی نامەکەیدا خستووەتە روو. ئەم هەڤاڵە منی نەبینیوە و هەڤاڵێکی نوێ بووە. ئاشکرایە لێکۆڵینەوەیەکی بەرکەماڵی دەربارەی سەرۆکایەتی کردووە. ئەم هەڤاڵە لە دوریشەوە بێت قسەم لەگەل نەکردووە، کەچی توانیویەتی راستی سەرۆکایەتی زۆر باش لێکبداتەوە. تێبگات و لە کەسێتی خۆیدا بەرجەستەی بکات و ئەمەش وەرچەرخێنێت بۆ کەسایەتیەکی ملیتان. بۆیە دەبێت وەک ملیتانێکی راستەقینەی پەکەکە هەڵیبسەنگێنین". قارەمانێتی ژنان هەر لە دەرسیمەوە هەتا ورمێ؛ لە باکوور هەتا رۆژهەڵاتەوە گەشەی کرد. یەکێک لە قارەمانەکان کە رێگای ئازادی و ژیانی پڕ لە ناوەڕۆکی هەڵبژارد و لە ژیانی وەکو مەیدانێکی گەرم و گوڕ و سوتێنەر لە تێکۆشانی خۆخوڵقاندن لە پێناو ئانالیزەکانی رێبەر ئاپۆ، تێگەیشت و لەسەر ئەم بنەمایە هەرگیز لە تێکۆشان و خۆڕاگری بەجێ نەما . دوای زیلان تێکۆشانی زیلانەکان دەستی پێکرد.

    زیلان پەپولە یەکێک لە شۆڕشگێڕەکانە کە دوای پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩زایینی، ٢٦ی رێبەندانی ١٣٧٧ی هەتاوی و راپەڕینی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵکوژی  و هێرشە دژی مرۆڤییەکانی رژێمی ئێران، بەشداری ریزەکانی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادخوازی گەلی کورد بوو.   

    ئەو لە کۆمەڵگایەک کە تێیدا بە دونیا هاتبوو لە تەمەنی گەنجی دا لە نزیکەوە شاهیدی سیاسەتە داگیرکارانەکانی رژێمی ئێران ببوو،  وەکو ژنێکی کورد لە دژی رادەست بوون و مردن، بەهای دا بە تێکۆشان. ئەو لە هەژاری، بێ ناسنامەیی، نەبوونی یەکپارچەیی و یەکگرتن، ناپاکی و بەکرێگیراوییەک کە لەسەر کۆمەڵگای کورد زاڵ بووە، لە سیاسەتی لەناوبردن و نکۆڵی رژێم و کردەوە نامرۆڤانەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران زەحمەتی دەکێشا و بە تایبەت خۆکوژی و کوشتنی ژنان کە ئەمڕۆکە بووە بە بابەتێکی سروشتی کە لە راستی دا نیشاندەری قووڵایی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و هاوارێک لە دەمی ئاگرەوە دێت. هاوڕێ زیلان پەپوولەی پەلکێشی گەڕان بەدوای رێگەچارە کرد و لە دوای دا بووە هێزێک کە پاڵنەری بوو ڕێگای پیرۆزی ئازادی بکرێتەبەر. هاوڕێ زیلان پەپوولە  بە سەرکەوتن لە رێبازی ئازادی ژنان، لە هەر جێگایەک بانگی دۆستایەتی لەگەڵ هاورەگەزی خۆ، هاوڕێیەتی، گەرموگوری و دۆستایەتی لەگەڵ سروشت و عەشق بە ئازادی دەکرد.

    ئەو تێکۆشەرێکی پێداگر و شێلگیر، پەیجۆرێکی ماندوونەناس، دەریایەک لە سۆز و هەستی مرۆڤایەتی و کچێکی جوان خوڵقێن بوو. بە هەمان شێوە کە لە ناویشی را دیارە هاوڕێ زیلان پەپوولە رێبواری رێگای پیرۆزی قارەمانی گەورە شەهید زیلان(زەینەب کناجی) کە سەرۆکایەتی وەکو ئیلاهەی ئازادی ناوزەدی کردووە، بوو. وەکو پەپوولەیەکیش لە تەواوی ژیانی شۆڕشگێڕی دا لە دەوری خۆر هەڵسووڕا و لە ئاکامدا تامی راستی ئازادی چێشت.

    هاوڕێ زیلان لە زستانی ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی واتا ١٣٨٥ی هەتاوی بە گرنگی و پێویستییەکی زۆر کە بۆ تێکۆشانی ئازادی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنای دەکرد، لەو بڕوایەدا بوو کە یەکەمین هەنگاو کە پێویستە لە رێگای گەیشتن بەم ئامانجە هەڵێندرێ، شیکاری و هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنەی راستی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆیە تاوەکو بە تێگەیشتنێکی راستبینانە لەم دۆزە، بتوانرێت دووهەمین هەنگاو، واتا سیستەمی کۆنفێدرالیزمی دیموکراتیک لەسەر بنەمای پارادیگمای کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئێکۆلۆژیک و ئازادی خوازی ژن لەگەڵ کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بگونجنێت و پیادەی بکات.

    بەم شێوەیە زیلان پەپوولە وەکو میراتگر و رێبواری پێشەنگ و خوداوەندی پیرۆز زیلان(زەینەب کناجی)، لە رۆژهەڵاتی کوردستان کلتووری خوداوەندێتی زیندوو کردەوە. ئەمڕۆکە بە دەیان کچی گەنجی کورد دوای شەهادەتی ئەم هاوڕێیە لە ژیانی کۆیلەتی و هەرزان دەستیان هەڵگرت و روویان لە چیا ئازادەکان کرد. پیلانگێڕی و پرۆژەی رژێمی داگیرکەری ئێران کە بە نیازی لە ناو بردن و نکۆڵی کردنی گەلی کورد و دروست کردنی ترس و نیگەرانی لە نێوان گەل بوو، زەبرێکی مەرگ هێنەری لێدرا؛ بەم واتایە هاوڕێ زیلان پەپوولە هێما و سەمبووڵی  ژنی ئازادە. ئەو لە بەرامبەر ناپاکی بەکرێگیراوان و سیستەمی داگیرکەر و زۆرادری رژێمی ئیسلامی ئێران تێکۆشانی کرد. ئاکامی تێکۆشانی هەڤاڵ زیلان، لە رۆژێکی نزیک دا لە نیشتمانی خۆر؛ ناپاکی، رادەست بوون، داگیرکاری، جیاوازی رەگەزی لەسەر ژنان و گەلی ستەم لێکراو ریشەکێش دەبێت و ژیانی ئازاد، یەکسان و دیموکراتیک دەبێتە دیاری ئەم خاکە پیرۆزە .

     

    زیلان پەپولە کچێکی گەنج بە هەموو هێز و پاراوی گەنجێتی ژیانی بە پێکهێنانی ئامانجی ژیانی، ئاراستە کرد و ئەمڕۆکە حەماسەی قارەمانێتی ئەم هاوڕێیە لە دڵی هەزاران ژن و پیاوی کورد دا جێگەی گرتووە؛ هەڵبەتە زۆر بە باشی دەزانین کە پابەندی بە ئەستێرە هەمیشە درەوشاوەکان واتا شەهیدانی نیشتمانمان، بە فروانکردن و بە لوتکە گەیاندنی تێکۆشانیان و لە راستیدا بەردەوام کردنی رێگای پیرۆزیان مسۆگەر دەبێت. رێبوارانی ئەم رێگایەن کەوا ئەرکی مێژوویی و ویژدانی خۆیان بەجێ دێنن، وێڕای هەر هەنگاوێک کە لەم مەودایەدا هەڵی دەگرن، مستێک لە خاکی ئەم جیهانە لە ژێر دەستی سیستەمی داگیرکار رزگار دەبێت؛ ئەو کاتە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا؛ ژن، پیاو، بەتەمەنەکان و لە منداڵانەوە بگرە هەتا گەنجان و کەمینە جیاوازەکانی دینی و ئاین و گەلان بتوانن بە شێوازێکی برایانە و یەکسانی ژیان بکەن و جیهانمان کە بە بۆنی خوێن و باروت وەکو دەشتێکی چۆل و وشکی لێهاتووە، دیسان سەرسەوز و ئاوەدان ببێت و پەپوولەکانی ئازادیش ٧ رۆژی تەمەنیان لە گوڵزارێکی هەزار رەنگ، لە گوڵەکانی ئازادی هەڵمژن و بە تیشکی خۆر باڵە مەخمەرەکانیان نەرمونیان بکەن.

     

     



    کژار