• تاگەکان: , ,

    ئێمە جارێکی تر هەبوونی ژن دەخەینە بەرباس و باس لە پێناسەیەکی تر بۆ ژن دەکەین

    10 ئاب, 2019

     

    پەیمان ڤیان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) و جوانا سنە بەرپرسی پەیوەندییەکانی کەژار بەشداری بەرنامەی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوون و سەبارەت بە کەمپەینێک کە کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە ٢٨/٧/٢٠١٩ رایگەیاند هەڵسەنگاندنیان کرد و سەرنجیان راکێشا سەر ئامانجی ئەم کەمپەینە و ئەرکی توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ پشتیوانی کردن لەم کەمپەینە و چەند بابەتێکی تر…

    پەیمان ڤیان:"ئەگەر ئێمە تێکۆشانی هەموو ژنانی ئێرانی بکەینە یەک و یەکبگرین ئەو کاتە دەتوانین ئازاد ببین."

    پەیمان ڤیان سەبارەت بە مەبەستیان لە راگەیاندنی ئەم کەمپەینە وتی:" ئەوەی کە ئێمە ئێستا ئەم کەمپەینەمان راگەیاندووە بەو واتایە نییە کە تێکۆشان نوێ دەستی پێکردووە، بێ گومان بە ساڵانە تێکۆشانی ژنان بەڕێوە دەچێت بەڵام، هەر کە دەچێت زەخت و گوشاری سیستەم لەسەر ژنان پەرە دەستێنێت و دەنگی ژنان زۆرتر کپ دەکرێت و ناهێڵێت دەنگی ژنانی ئازادیخواز دەرکەوێت و بۆ ئەوەش هەر جۆرە کۆمەڵکوژییەک لەسەر ژنان بەڕێوە دەچێت. بۆ ئەوەی جارێکی تر دەنگمان لە دژی ئەم سیستەمە بەرز بکەینەوە و یەکبگرین و دەنگمان بکەینە یەک و تێکۆشانمان پەرەپێبدەین و لە دژی توندوتیژی راوەستین پێویستیمان بە کەمپەینێکی بەم شیوەیە دیت. ئەگەر ئێمە تێکۆشانی هەموو ژنانی ئێرانی بکەینە یەک و یەکبگرین ئەو کاتە دەتوانین ئازاد ببین."

    جوانا سنە:نێچیر و قوربانی یەکەمی ئەم بارودۆخە ژنانن."

    جوانا سنە سەرنجی راکێشا سەر بارودۆخی کۆمەڵگا و وتی:" بارودۆخی ئێستاکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بارودۆخێکی قەیراناوییە و ئەم قەیرانانە تەنیا لە بواری کۆمەڵایەتییەوە نین، بەڵکوو لە بوارەکانی ئابووری و سیاسیش دایە؛ نێچیر و قوربانی یەکەمی ئەم بارودۆخە ژنانن، چونکە کۆمەڵگایەکە کە ئێستا لەبن سێبەری زیهنییەتێکی رەگەزپارێزی ئێران دایە، زیهنییەتێکی ئیسلامگەرایی و زیهنییەتیکی نەژادپەرەست کە وەکو کۆڵەکەکانی رژێمی ئێرانن بە شیوازێک کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات کە بتوانێت ئەو کۆمەڵگایە بخاتە ژێر پاوانی خۆیەوە.  ئەم رەوشانە وەکو گێژاوێکە کە لە ئەنجامی ئەم گێژاوەدا دوو شێمانە هەیە؛ یان تۆ هەنگاوێک بۆ دەرکەوتن بەرەو پێشەوە هەڵدەگریت یان لەناو گێژاوە کە دادەقورتێیت."

    پەیمان ڤیان:"هەوڵ دانی ئێمە هەرە زۆر بۆ ئەوەیە کە لە دژی رێبازەکانی رژێم، ئالتەرناتیڤ دیار بکەین."

    پەیمان ڤیان سەبارەت بە هەڵمەتەکانی ناو ئەم کەمپەینە وتی:" ژن لە هەر بوارێکەوە رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە و بۆ ئەمە پێویستی دەبینین کە قۆناخ بە قۆناخ لەسەر ئەم خاڵانە راوەستە بکەین ئەم خاڵانە بریتین لە: زەواج لە تەمەنی بچوکدا، خۆکوشتن، بەسیج کردن و هەر خاڵێکی تر کە سیاسەتەکانی رژێمی ئێران لەسەر ژنانە؛ قۆناخەکانی ئێمەش بە گوێرەی ئەوە دەگۆڕدرێت. هەوڵ دانی ئێمە هەرە زۆر بۆ ئەوەیە کە قۆناخ بە قۆناخ رێبازەکانی رژێم ئاشکرا بکەین و لە دژی ئەوە ئالتەرناتیڤ دیار بکەین. تا ٢٠٢٠ ئەم هەڵمەتە بردەوامە و دوای ئەم ماوەیە بە گوێرەی دەرئەنجامێک کە لەم ماوەیە دا دەردەکەوێت؛ پەرە بە خەبات و تێکۆشانمان دەدەین."

    پەیمان ڤیان:"کەسێک کە سەرەتا پێویستە پێش لەم داڕوخاندنانە بگرێت دایکە."

    پەیمان ڤیان لە درێژەی قسەکانی دا سەرنجی راکێشا سەر ئەرکی کۆمەڵگا و خێزانەکان لە بەرامبەر بە زەواج لە تەمەنی بچوکدا و وتی:" زەواج لە تەمەنی بچوکدا لە ئێران و لە ناو هەموو نەتەوەکاندا ئێستا رۆژەڤێکی بنەڕەتییە. سیستەمی دەسەڵاتی بۆ ئەوەی پەرە بە دەسەڵاتی خۆی بدات و لە دژی ئەو، بیری ئازادیخوازی و بیری سەربەخۆیی پێش نەکەوێت، زەواج لە تەمەنی بچوک پێش دەخات. بۆ ئەم بابەتە رۆڵی خێزان و بە تایبەت رۆڵی دایک گرنگە؛ دایک کچ پەروەردە دەکات و پێویستە هەستیار بێت لە بەرامبەر بەوەیکە کچ چ هەڵبژێرێت و چۆن ژیان بکات. بۆچی ئێمە دەڵێین ژن، ژیان، ئازادی؟ چونکە ئەوەی ژیان دەخوڵقێنێت ژنە. کەسێک کە سەرەتا پێویستە پێش لەم داڕوخاندنانە بگرێت دایکە. دایکانیش بۆخۆیان قوربانیانی ئەم سیاسەتەن بەڵام پێویستە نەهێڵن کە ئەم سیاسەتانە لەسەر کچ و کوڕەکانیان بەرێوە بچێت. کاردانەوەی کۆمەڵگاش بەرامبەر بەم یاسایانە جێگەی گرنگی پێدانە؛ با لە یاسای بنەڕەتی رژێم دا ئەم یاسایە هەر هەبێت ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە هەر کەس لە زیهنییەتی خۆیدا، لە بنەماڵەی خۆیدا ئەم یاسایانە لە ناو ببات.

    جوانا سنە:"ئێمە جارێکی تر هەبوونی ژن دەخەینە بەرباس و باس لە پێناسەیەکی تر بۆ ژن دەکەین."

    لە کۆتایی بەرنامەدا جوانا سنە سەرنجی راکێشا سەر چۆنێتی پشتیوانی کردنی توێژەکانی کۆمەڵگا لەم کەمپەینە و وتی:" ئێران وڵاتێکە کە بە موزاییکی گەلان بەناو دەکرێت و فرەرەنگی و فرەنەتەوەییەکی کە تێدایە بوارێک تەرخان دەکات بۆ سیستەمی کۆنفێدرالیزمی دیموکراتیک. نە تەنیا توێژە ئاکادەمیسیەن و مامۆستا و زانایان بەڵکو ئەوە کێشەیەکە کە کەس هەر لە کاتێک کە چاو دەکاتەوە لەناو بنەماڵەی خۆیدا، لە کەسایەتی دایک و خوشککیان دا ئەمە بەدی دەکەن و هەر ژنێکیش ئەمە لە خۆیدا دەبینێت بۆیە هەرکەس پێویستە بەش بەحاڵ خۆی لە بەرامبەر بە ئەو زەخت و گوشارە کە هەیە بتوانێت هەڵوێستی خۆی دەربڕێت؛ بەهەر شێوازێک کە بێت بە شێوەی نەڤیسێک، وێنەیەک، رەسمێک و تەنانەت لەدارخستنی سمینارێک کە سەبارەت بە چارەسەری ئەم کێشانە وتووێژ بکەن، گرنگە؛ لە هەمان کاتدا  خۆپەروەردە کردنی کۆمەڵگا و ژنان لەم چوارچێوەیە دا گرنگە. هەرکەس لە ئاسۆی ژیان و تێکۆشانی خۆیدا دەتوانێت هەڵوێستێک دەرببڕێت و ئێمەش وەکە کەژار داخوازیمان ئەوەیە کە بە هەر شێوازێک کە بتوانن پشتیوانی لەم کەمپەینە بکەن، پشتیوانی کردن لەم کەمپەینە پشتیوانی کردن لە خۆیانە چونکە ئێمە جارێکی تر هەبوونی ژن دەخەینە بەرباس و باس لە پێناسەیەکی تر بۆ ژن دەکەین. لەم چوارچێوەیە دا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی چالاکوانانی مافی ژنان، چالاکوانانی مافی منداڵان، چالاکوانانی سیاسی و هونەرمەندان و …هتد کە بە هەر شێوازێک کە بتوانن بە دەنگی ویژدانیان هەڵستن و پشتیوانی لەم کەمپەینە بکەن.



    کژار