• تاگەکان: ,

    خۆشەویستی لە راستی سەرۆکایەتی‌دا رێپێوانی سەرکەوتنە

    22 ئازار, 2021

    لەبەرگیراو لە پەرتووکی شۆرشی کۆمەڵایەتی و ژیانی نوێ(عەبدوڵڵا ئۆجالان)

    خۆشەویستی لە راستی سەرۆکایەتی‌دا رێپێوانە بۆ ئازادی و سەرکەوتن. ئەو پەیوەندییانەی کەسانی دۆڕاو دەیانبەستن هیچ پەیوەندییەکیان بە حەقیقەتی سەرۆکایەتییەوە نییە. بەڕاستی ئەوە دەبێتە مۆرکێکی رەشی ناوچاوانتان کە خاوەنی هەنگاوێکی بوێرانە نین لەمبارەیەوە.

    سەرۆکەکان ئەگەر بەڕاستی سەرۆکی گەل بن سەرچاوەی خۆشەویستییەکی بێ وێنەن. ئایا من بە زۆر خۆشەویستی خۆمتان بەسەردا دەسەپێنم؟ ئەگەر حەقی خۆم بێت کە خۆشبویسترێم هەڵبەت ئێوەش خۆشتان دەوێم. زۆر چاک دەزانم ئەگەر کەسێکی دۆڕاو بوومایە لانەوازێک دەبووم بۆ خۆم. کەسێک سڵاوێکی لێ نەدەکردم و هیچ کەسێک هەر نەشیدەوت چۆنیت. پراکتیکی بێ ئامانی ژیان فێری کردم کە ئەمە وایە. هەرچەندە ناو و بانگم هەبوایە، یەک ژن تەماشای روخساریشی نەدەکردم. دەبێت ئەمە بەلای کۆماندانەکانیشمانەوە سەرەکیانە بێت. مێلیتان و سەرۆکی خۆشەویست کێیە و چۆن درووست بووە؟ تەنانەت پێش ئەوەی گوایە ئەو خۆشەویستی خۆیتان بەسەردا بسەپێنێت دەبێت ئێوە خۆشەویستانە لێی نزیک ببنەوە. ئەم بابەتانە تا بڵێی تیشکیان خراوەتە سەر. هیوادارم کە بە رێزەوە لە واتای پێشکەوتنی سەرۆکایەتی تێبگەین و لە ژیانتان‌دا پێکی بهێنن.

    شەڕی عەشق دەبێت زۆر ئارەقەی ناوچاوانی بۆ بڕێژیت. نە لەمە بترسن و نە خەیاڵی پڕوپوچیشی لەبارەوە بکەن. دەبێت بوون بە ژنی عەشق وەک کێشەیەکی گەورە کە دەبێت چارەسەر بکرێت بخەنە بەردەم خۆتان. بەڵام کەسانێکی زۆر هەن کە دەیانهەوێت بتانخەن، مەکەونە داوی ئەمانەوە. لە کۆندا هەروا لە خۆڕا شتێکیان بە ناوی خوداوەندە ژنی ئازادییەوە دانەهێناوە. بەداخەوە کە ئێستا ئەمانە بوونیان نییە و ئێمە ناچارین درووستیان بکەین. رەنگە لە ئێستادا بوێرانە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە نەکەن، بەڵام سەرۆکایەتی لەمبارەیەوە وەک پێویست بزاوت و بوێری داونەتێ، ئێوەش دەتوانن خێراتری بکەن و بوێرتر بن. خۆشەویستی لای من بێ وێنە فرە رەهەندە. لە چوارچێوەی شەڕ و تێکۆشانێکی گەورەدا چۆنێتی خۆشەویستی کچێک تاوتوێ دەکەم و بەدەر لەمە هیچ خۆشەویستییەک ناکەم. ئەگەر هەموو بیانتوانیایە وەک من خۆشەویستی بکەن؛ ئەم وڵاتە دەبوو بە بەهەشت و هەموو ژنانیش دەبوونە فریشتە. پەیوەندییەکانی من ژنێکی بەهاداری درووست کردووە. ئەو خۆشەویستییەی وەک دەستکەوتێک بەرهەممان هێناوە، هەرگیز لەگەڵ سۆز و خوێنگەرمی هەرزانی باودا لێمان تێکەڵ نابێت. خۆشەویستی دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، هەرچی خوێنگەرمیشە دیاردەیەکی روخساری و رەمەکییە. پێداگریتان لەسەر ژیانکردنتان لە رەمەکەکانتاندا، رێگە بۆ لاوازبوون و تەنانەت دواکەوتوو مانەوەتان، دەکاتەوە. هەرچی فرە رەهەندکردنی خۆشەویستییە دەتانکات بە مرۆڤێکی باڵا، کە ئەمیش بە پێشکەوتنتان لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دەکرێت.

    ئەگەر لە شیکردنەوەی سەرۆکایەتی پەکەکەدا جێ بە سۆز و خوێنگەرمی هەرزان نادرێت و لەمبارەیەوە زۆر خۆی دەپارێزێت، لەبەر ئەوەیە کە نایەوێت ریگە بۆ لاوازبوون و تووشبوون بە خاڵی لاواز بکاتەوە. سەرۆکایەتی لەمبارەیەوە زۆر موحافزەکارە، بەڵام کە دواتریش گەیشتۆتە ئەو خۆشەویستییەی بەرەو کۆمەڵایەتی‌بوون و سیاسی بوونێکی بێ وێنەی بردووە خۆشەویستێکی زۆر سەروو ئاسایی لێ دەرچووە. دەبێت ئەم جیاوازییە زۆر بەباشی ببینن. ئەو ئاستەی دوای ئەمە پێی دەگەین جەژنی ئازادییە. ئەم ئازادییە چییە؟ کردنەوەی گرێکوێرەکە، وەرچەرخاندنی هێزی ئاڵودەبوون و بچووک کردنەوەیە بەرەو هێزی باڵابوون، وەرچەرخاندنی هەڵوێستە قەبە و دزێوەکانە بۆ جاوێدی و گەورەییەکی باڵا. من بوومە پابەندی وڵات و بەکردنەوەی ئەم گرێکوێرەیەش ژن و پیاویشم کردە پابەندی وڵات. ئەو جەژنەش کە باسی دەکەم ئەمەیە. لەمبارەیەوە شۆڕشێک ئەنجام دراوە و دەبێت بزانن لەڕووی دەسکەوتەکانیەوە چۆن هاوبەشی یەکتری بکەین. بەڕاستیش شۆڕشێکە و مسۆگەرە کە لایەنی سەربازی و کۆمەڵایەتی و رێکخستنیشی هەیە.

    هێشتاش بەوپەڕی بایەخەوە درێژە بە پێشخستنی گەرمترین قۆناغی شۆڕشی ژنان دەدەین. دەبێت راست لەم کۆششانەمان تێبگەن. بەتەنها بۆ ژنان ناڵێم بەڵکو پیاوانیش دەبێت درووست بن لەڕووی هەمەلایەنە تێگەیشتن لەم کۆششمە.

    پێشکەوتنی ئازادیخوازانە زۆر لەنان و ئاو گرنگترە. دەبێت بەردەوام مەیلتان بەلای ئەمەدا زیاتر بکەن. کۆتاییش بەو چەمکانە بهێنن کە یەکتر بە بارگرانی دەزانن یان بە هەبوونێک کە ژیانی لەگەڵدا نابرێتە سەر یاخود نابێت دەرفەتی بدەیتێ هەناسە بدات. زۆر بە پێچەوانەوە دەبێت ئەوە بەدی بکەن کە دەتوانن سەرکەوتوانە پێکەوە بژین و لەڕووی شەڕەوە پێشکەوتن تۆمار بکەن. بۆیە هیچ گومانی تێدا نییە ئەو هەنگاوانەی لەمەودواتریش لەسەر ئەم بنەمایە بنرێت ئەنجامی سەرکەوتوانەیان دەبێت. ئەگەر تا دواڕادە بڕواتان بە خۆتان هەبێت و بوێر بن؛ هەر سەردەکەون.



    کژار