• تاگەکان:

    قەندیل

    18 ته‌مموز, 2019

    قەندیل ئەی چیای خۆڕاگری بە ساڵان

    وا دەبینم لەسەر لوتکەی هەر چیایێکت

    لەسەر جەستەی هەر بەرد و دارێکت

    ئەو خوێنە سوورانەی رژاون

    بە هەزاران بارانی بەهاری ناشۆرێنەوە

    وا دەبینم دارە سووتاوەکانت

    بە ئاگری لاشیان بەفری ناو دڵت دەتوێننەوە

    وا دەبیسم هاواری هەر دار بەڕوویێکت

    کەوا گوێی دوژمنات کەڕ دەکات

    وا دەبینم رەقی و خۆڕاگری هەر یەکە لە شاخەکانت

    کە بە هەزاران خۆمپارە ناڕوخێن

    لە هەر شاخ و کوێستانێکت

    لە هەر دەشت و دۆڵێکت

    بە هەزاران گەریلای کوڕ و کچ هەنە

    کەوا بە گیانی خۆیان بۆت بوونە قەڵغانێک

    وەکو هەزاران تەوار و هەڵۆیان لەسەر چیاکانت دەفڕن

    بەسەر چیاکانی زاگرۆس دا تێدەپەڕن و

    بەرەو کۆساڵان دەچن

    کە دەبینن دارستانەکان لە ئاگر دا دەتوێنەوە

    بەرزتر دەفڕن و دەگەنە ئارارات

    بە هەموو هێزی باڵیان هەڵدەفڕن و

    بەرەو ئیمڕالی دەچن

    بە هەزاران شەپۆلی هەوایی دا تێپەڕ دەبن

    کەچی ناێڵن باڵیان بشکێ، هەتا بگەنە دوورگە دوورەکەی ئیمڕاڵی

    لە ئیمڕاڵی خۆر هەڵدێت و تیشکی خۆی دەخاتە سەر چیاکانی کوردستان

    منداڵانی کوردستانی بە تێچەقینی تیشکی خۆر لە چاویان

    لە خەونی کوردستانی ئازاد هەڵدەستن

    بەرەو رووناکی خۆر دەچن، تا بگەنە خەون و خەیاڵەکانیان

    دەبینن تیشکی ئازادی لە هەموو کوردستان چەقیوە و

    ئیدی کوردستان بۆتە کوردستانێکی ئازاد

    بە زەردەخەنەی سەر لێویان پەیامێک دەدەن

    دەزانین کە گەیشتنە خەون و خەیاڵەکانیان

    کوردستانی پیرۆز، ئیدی کوردستانێکی ئازادە

                                                                           تەوار ژیروان

     



    کژار