• شیرین ئەی ئیلاهەی عەشق و جوانی!

    7 ئایار, 2017

     شیرین ئەی ئیلاهەی عەشق و جوانی!

    ئارین  شیرین

     

    شیرین…..شیرین

    ئەی ئیلاهەی عەشق و جوانی!

    شیرین!        شیرین !

    ئەی تەواری باڵ خوێناوی ڕۆژهەڵاتی!

    شیرین!        شیرین !

    پەیکی ئاشتی و مرۆڤ، ژیان

    لەو کاتەدا کولە بێ نرخەکانی ژێر عاباڕەشەکەی تاران،

    هوروژمیان هێنا بۆ وڵاتی هەراڵە برمە و گەنم و خۆر

    ئەوە تۆبووی مردنت لە خۆتدا کوشت و نەمریت بۆ خۆت هەڵبژارد!

    شیرین!       شیرین!

    چیا لەگەڵ ناڵەت هەژا

    هەور لەگەڵ گریەت گریا

     

    جەللادەکانی ڕوناهی لایان وابوو،گەر دار بەڕووی بەژنت ببڕن

    ئیتر دەلاقەی دڵی ئەو باڵندە دیلانەی ناو ماڵە مۆدێرنەکان

    لە تاوانا دادەخرێن و بەڵێ بەڵێ بۆ وەردیانەکانیان دەکەن

     

    شیرینەکەم !

    ڕۆژگارێک فەرهادێک بوو ئەڤینداری بەژنی شیرینی کچە ئەرمەن بوو!

    لە تاو عەشقی شیرینەکەی دڵی چیای بریندار کرد

    بەڵام بڕوانە شیرینم !

    ئەوڕۆ کۆمەڵ کۆمەڵ فەرهاد، دڵ لە شیرینیان بەر دەدەن، باوەش دەکەن بە چیادا !!!

    پۆل پۆل شیرینی چاو کەژاڵ بوونە ئەڤینداری وڵات

    بەندی کۆیلەتیان پچڕان،

    شیرین تەشیەکەی فڕێ دا، 

    بووە گریلای چەك لە شان

     

    کانیاوەکانی وڵات بە شەو و بە ڕۆژ چاوەرێن تا شیرینە چیاییەکان تێپەڕن و

     دوای ماندوویەتی بڕینی ئەژدیها ڕێگایەکی دوور و درێژ

    لە لای چاوگەی ڕوناکیان پشویەک بدەن و

    ماندوویەتی ڕێگای دووریان بە ‌قومە ئاوێکی فێنک بشکێنن.

     

    ئەوڕۆ ئیتر کاتێ ئەڵێن شیرین؛ جوانی چاو و دەم و ڵێو و بەژن و باڵام نایێتە یاد !

    شیرین پەپوولەی نەخشین باڵ

    شیرین ئەو گوڵە ئەبەدیە  وا لە پشت تەلبەندە ڕەشەکانی ئێڤینەوە

    ئەڤین و ژیان و بەرخۆدان و

    مرۆڤ بوونی

    بە هەموو گەردوونا نەخشاند !  

     

     



    کژار