• تاگەکان:

    سێدارە، کوشتن و قەتڵ‌کردنی فەرمی

    9 كانونی یه‌كه‌م, 2020

    رۆژین هێژا

    سێدارە، کوشتن و قەتڵ‌کردنە. گوایە سزای مردن بۆ تاوانێکە کە لە لایەن دەوڵەتەوە پێکدێت. کۆتایی هێنان بە ژیانی تاوانبارێکە. کەسێک کە حوکمی کوشتنی فەرمی دەبێت، لە سێدارە دەدرێت. پێناسەی سێدارەش بە ئەندازەی راستییەکەی بەئێشە و هەرگیز شایانی پەسەندکردن نییە. هەرچەندە دڵ و رۆحی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگاش ئەم کردەوە هۆڤانەیە پەسەند نەکەن، لە لایەن دەوڵەتەوە پێکدێت. بەڵێ ئەمە حەقیقەتی لەڤیاتانێکی خوێنمژە کە روخساری خۆی نیشان دەدات. لەڤیاتانی ئەمڕۆکە دەوڵەتی مۆدێڕنە و مۆدێڕنیتەی سەدەی ٢١ هێشتاش بە شێوەیەکی هۆڤانە ژیانی مرۆڤایەتی لەناودەبات.

    بەڵگەی هەرە کۆن سەبارەت بە سێدارە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٨٠٠ساڵ پێش زایین کە لە لایەن حەمەورابییەوە لە بابۆل دەرخراوە. لە یۆنانی کۆنیش‌دا سزای سێدارە بۆ هێندێک کەسان دەرخرا. ئەو کاتەش هەرە زۆر سزاگەلێکی وەک لەخاچدان، چوارمیخ‌کردن، بەردباران‌کردن، سووتاندن و سێدارە بەجێ دەکران بەڵام، لەدوای هاتنی ئایینی ئیسلام و بەگوێرەی یاسا ئایینییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەستی عەڕەبە موسوڵمانەکان‌دا رێژەی سزای سێدارە پەرەی‌سەند.

    لە دوای شەڕی جیهانی دوویەمین، لە ئاکامی گوشاری کۆمەڵگا و رای گشتی لەسەر دەسەڵاتداران، لە دوای ئەرێ‌کردنی راپۆڕيتی مافی مرۆڤان رێژەی سێدارەکردن لە ئاستی جیهان‌دا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی. زۆر لە دەوڵەتان سزای لە سێدارەدانیان لە دەستووری بنەڕەتی دەوڵەتەکەیان دەرخست بەڵام، هەتا ئێستاکەش لە گشتی جیهان‌دا سێدارە بەردەوام دەکات

    سێدارەکردن یەکێک لە سزا هەرە دژە مرۆییانەیەکانە کە کەسێک بە پشتگیری دەسەڵات و دەوڵەت بەسەر کەسێکی‌تر‌دا دەبڕێت و لە ئاکامی ئەودا گیانی کەسێک دەستێندرێت. ئێستاکە لە جیهان‌دا چین یەکەمین وڵاتە کە هەرە زۆر مرۆڤ تێیدا لە سێدارە دەدرێن. لە دوای چین وڵاتی ئێران لە پلەی دوویەم‌دا جێ دەگرێت کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر سێدارە پێکدێت بەڵام، ئەگەر دەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی بەراوردی بکەین، ئێران دەبێتە وڵاتی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان کە هەرە زۆر تێیدا سێدارە پێکدێت.

    سێدارە لە جیهان‌دا

    دەستەواژەی سێدارە لە زۆر کاتان‌دا تەنیا لەداردان وەبیر مرۆڤ دێنێتەوە بەڵام، بە هەمان‌شێوە کە لە سەرەتادا باسمان لێکرد بە واتای داسەپاندنی مردن یانی کۆتایی هێنان بە ژیانی مرۆڤانە. دەزانین کە هێشتاش لە زۆر لە وڵاتان سێدارە پێکدێت. بە گوێرەی وتەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ١٤٠ وڵاتی جیاواز دژبەری سێدارە و ٥٨ وڵاتیش سێدارە پەسەند دەکەن. سەرەتا سێدارە بە شێوەی گووللەباران و لە داردان لە مەیدانەکان‌دا پێک دەهات و ئێستاکەش هەمان شێوە لە لایەن دەوڵەتانەوە پێکدێت. سێدارە لە رێگاگەلێکی وەکوو: لەداردان، بەردباران کردن، گووللەباران کردن، سەربڕین بە شەمشێر، ژەهر لێدان، تەزووی کارەبا، سەربڕین بە گیۆتین، سووتاندن، لە خاچدان و شێوەگەلێکی تر پێدێت.

    دەتوانین بڵەین کە ئێستاکەش لە ئەمریکا، ئێران، چین، تورکیا، عەرەبستانی سعودی، ئەفغانستان، هیندوستان، ژاپۆن، ئێراق، مەجارستان، روسیە و زۆر لە وڵاتانی‌تر کوشتنی مرۆڤاکان بەم شێوازانە پێکدێت. لە ٩٨ وڵاتان سزای مردن لە بواری یاساییەوە سڕاوەتەوە. ٧ وڵاتیش تەنیا بۆ تاوانی جەنگ و لە هەلومەرجی دەگمەن‌دا سێدارەیان داناوە. لە ٣٥ وڵاتانیش بۆ ماوەی کاتی پێکنایات. بەڵام، ئێستاکەش لە ٥٨وڵاتان بە شێوەیەکی فەرمی لە یاسای دەوڵەت‌دا هەیە و مرۆڤەکان مەحکومی مەرگ دەکرێن. هەر رۆژ بە فەرمانی پاشا-خوداکانی جیهان، جەستە گەنجەکان بە شێوەگەلێکی جۆراوجۆر قەتڵ دەکرێن و مردن دەبێتە قەدەریان.

    سێدارە لە ئێران‌دا

    دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی کەسانێک کە لە دژی یاساکانی دەوڵەت رادەوەستن لە ژێر ناوی مۆحارێب بە واتای کەسی دژ بە خودا، یاخود خەیانەت بە وڵات، مفسد فی الأرض، تیرۆریست، خەیانەتکار، سیخوڕ و…هتد سێدارە دەکات. هەڵبەتە ئەمانە کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکارە و سێدارە بۆ بێدەنگ‌کردنی گەل و پێشێل‌کردنی ئیرادەی ئەوان دەکات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵەین کە ئەم سیاسەتە کە پێکدێت و وەکوو شەرێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت، لەسەر کەسانێک کە گوایا بانگەشەی تاوانبار بوونیان بۆ دەکرێت سزای مردن دادەسەپێنن تاوەکوو کۆمەڵگا پەندی لێوەرگرێت.

    لێرەدا شتێک کە زۆر بە ئێشە ئەوەیەکە دەوڵەتی ئێران بنەماڵەی کەسانێک کە سیاسی نین و لە مەیدانەکان‌دا لەپێش چاوی خەڵک لە سێدارە دەدرێن، دێنێتە ئەو شوێنە تاوەکوو ببنە شایەتی لە سێدارەدانی منداڵەکانیان. ئەو کۆکردنەوەیەی گەل و نیشان‌دانی لە سێدارەدان، کۆیلێتی مەیدانی ئارێنا لە کاتی رومییەکان‌دا وەبیر مرۆڤ دێنێتەوە. ئەم کردەوەیە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ چاوترساندنی کەسانی‌تر و شکاندنی ئیرادە و ترساندنی بەرهەڵەستکاران پێکدێت. سەرەڕای هەموو ئەم کردەوانە پارەی سێدارە یان خەرجییەک کە بۆ سێدارە کردن کراوە لە بنەماڵەی ئەو کەسە دەستێننەوە. ئەمە چ جۆرە ویژدان و دادپەروەرییەکە کە سێدارەی کەسێک نیشانی دایک و باوکی دەدەن؟ هەموو ئەم کرەوانە کەلامی پاشای سەردەمی سەرمایەدارییە و بە پەردەپۆش‌کردن لەبن ناوی یاسای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی روخسارێکی جیاواز لەخۆی دەگرێت بەڵام، لەخۆگری هەمان ناوەڕۆکە.

    رژێمی ئێران کە تەنانەت لە جەستەی بێ گیانی بەرهەڵەستکارانیشی دەترسێت، تەرمی زیندانیانی سیاسی ناداتەوە بە بنەماڵەکانیان و ئەم کەسانە لە گۆڕی بەکۆمەڵ‌دا بە شێوەیەکی شاراوە دەشارێتەوە. ئەیەتوڵڵا مۆنتەزێری کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی وەکوو دەستی راستی خومەینی بوو، لە پەرتووکەکەی‌دا کە لە ساڵی ٢٠٠٠‌دا سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئێراق نوسیویەتی، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ١٣٦٧ تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا ٣٨٠٠کەس لە سێدارە دراون و بە گشتیش بە فیتوای خومەینی ٣٠٠٠٠زیندانی سیاسی لە سێدارە دراون.

    سێدارەی ژنان

    ئێران لە بابەتی سێدارەی ژنان‌دا لە جیهان‌دا لە پلەی یەکەم دایە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتی دژبەری هەموو ژنانە و ژنانی کورد بە شێوەیەکی تایبەت و بە هۆکاری سیاسی، سیاسەتە کوژێنەرەکانی لە ژێر ناوی مفسد فی‌الأرض و دژبەری ئەمنییەتی نەتەوەیی پێکدێنێت. زۆر لە ژنە سیاسەتمەدار و خۆڕاگرەکان لەلایەن دادگا رواڵەتییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەیان بەسەردا بڕاوە. لە ساڵی یەکەمی شۆڕش و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە، ئامارێکی راستەقینەی ژنانێک کە سێدارە کراون لەبەر دەست دانییە. بەڵام، بە گوێرەی ئامارە هەییەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ ژن لە سێدارە دراون.

    ئەگەر تەنیا بڕوانینە ئەو چەند ساڵەی ئاخریش تابڵۆکە زۆر نەگۆڕدراوە. لە سەرەتای سەرۆک کۆماری روحانییەوە هەتا ئێستا ٥٠٠٠کەس لە سێدارە دراون. دەوترێت کە لەم ژمارەیەش ١٠٩ کەسیان ژنن. سەرەڕای ئەوەیکە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، روحانی بە دروشمی ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی بەڵێن‌گەلێکی زۆری بە ژنان دا و بە دەنگی ژنانەوە روحانی لە هەڵبژاردنەکان‌دا سەرکەوت بەڵام، بۆ باشترکردنی دۆخی ژنانی ئێرانی هیچ هەڵوێستێکی پراکتیکی نەنواند. لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی مەجلیسیش جارێکی‌تر هەمان سیاسەت سەبارەت بە ژنان بەڕێوەچوو. ئێستاکەش کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نزیکە؛ وشە و دەستەواژەگەلێک وەکوو دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی ژنان و …هتد کەوتۆتە سەر زمانیان و بە شێوەیەکی رێکلامی بەکاریان دێنن.

    تەنانەت مافی کۆمەڵایەتی ژنە کاندیداکانیش دەخەنە بەرباس و دەیانهەوێت لە بابەتی ژن وەکوو ئامرازێک کەڵک وەرگرن. لە هەلومەرجێک‌دا کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا ژنان و هەڵبەتە هەموو کۆمەڵگا لەگەڵ کوشتن، خۆکوشتن، تیزاو پڕژاندن، توندوتیژی، دەستدرێژی و …هتد چ لە نێو خێزان‌دا و چ لەنێو رێکخراوە دەوڵەتییەکان هەتا شەقامەکان رووبەڕوو دەبنەوە، قسەکردن لەسەر ئەم بابەتانە هۆکاری سیاسی هەیە بەڵام، لە دوای هەڵبژاردنەکان هیچ گرنگییەک بەم بابەتانە نادەن. بەداخەوە لە سەرجەم ئامارگەلێک کە سەبارەتە بە توندوتیژی، ژن لە پلەی یەکەم‌‌دا جێگا دەگرێت. ئەم دۆخە هەم لەنێوان ژنانی ئێرانی و هەمیش ژنانی کورد بەردەوام دەکات. لەم بابەتانەدا راپەڕین، خۆڕاگری و خۆپێشاندان هەمیشە هەبووە و ژنان بە هەوڵدان و تێکۆشان هەرچەندە کەمیش بێت مافیان بەدەست هێناوە.

    هەرچەندە کە ئاگادارکردنەوە و مەحکوم کردنی وڵاتانی‌تر زۆر جاران هەبووبێتیش، لە ئاستێک دانییە کە سیاسەتەکانی دەوڵەت بگۆڕێت. هەروەها لەلایەن ٤٧ وڵاتی ئەوروپییەوە پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ کە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسەر کۆمەڵگا و ژنان بەڕێوەدەچێت، مەحکوم کراوە. دەتوانین ئەم مەحکوم کردنە وەکوو وشیارکردنەوەیەکی ئەم وڵاتانەش لەقەڵەم بدەین بەڵام، بۆ کۆتاییهێنانی بەم کردەوانەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، تێرکەر نییە. چونکە لەساڵی رابردووی زایینییەوە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە سێدارە دراون. لەم ماوەی رابردووش‌دا لە ماوەی هەفتەیەک‌دا ٧کەس لە سێدارە دران.

    لە ئێرانیش‌دا ژنانێکی زۆر بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون. ژنانێکی بەوێنەی زەینەب جەلالیان، سۆهەیلا قادری، رەیحانە جەباری، دۆکتور رۆیا تلوعی و شیرین عەلەمهولی بە حوکمی سێدارە سزا دران. بە هۆی کاردانەوەی کۆمەڵگا و لە ئاکامی تێکۆشان و خۆڕاگری ژنان‌دا هێندێک لەم حوکمانە لە لایەن رژێمەوە هەڵوەشێندرانەوە و وەرچەرخان بۆ زیندانی هەتاهەتایی. بەڵام، ژنی پێشەنگ، خۆڕاگر، فیدایی و قارەمان شیرین عەلەومهولی لە ژێر ناوی ژنێکی کورد کە ئەندامی حیزبە بەرهەڵەستکارەکانی رژێم بوو لە لایەن جەللادەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا. رەیحانە جەبباریش کە بۆ پاراستنی خۆی لە بەرامبەر بە دەستدرێژی پیاوێک، ئەو بە چەقۆ دەکوژێت و چونکە شایەتێکی بۆ ئەم کارە نییە لە سێدارە دەدرێت. لە راستی‌دا ئەو تەنیا پاراستنی لە خۆی کردبوو بەڵام، چون دەوڵەت بە زیهنییەتی پیاوسالارییەوە، پاراستن لە پیاو و دەسەڵاتی پیاو دەکات، رەیحانە توانای پاراستنی خۆی نابێت. سزای زیناح بە گوێرەی یاساکانی دەوڵەت و ئایین بەردبارانە. دەزانین کە زۆر لە ژنان بە زیناح تاوانبار دەکرێن بەڵام، لە راستی‌دا دەستدرێژییان لەسەر دەکرێت. بەڵام بەداخەوە دەوڵەت خۆی کەڕ و کوێر دەکات و ژنانی بە وەێنەی رەیحانە بە مردن سزا دەدات.

    لە مێژوودا یەکەمین جار بەردباران لە مەیدانی یەهودییان و دواتر لە ئایینی مەسیحییەت کەڵکی لێ وەرگیراوە. دەوترێت کە رۆژێک حەزرەتی عیسا لە شوێنێک تێپەڕ دەبێت هێندێک کەس لەوێ کۆبوونەتەوە و بە تۆمەتی رووسپێتی، ژنێک بەرد باران دەکەن. هاوار دەکەن کە گوناحکارە لێی بدەن. حەزرەتی عیسا بانگ دەکات کە کامتان بێ گوناحە لێی بدات. کاتێک کە عیسا ئەم وتەیە دەکات ئەوانەی کە بۆ کوشتنی ئەو ژنە کۆبووبوونەوە؛ شەرم دەکەن و بەردەکانیان فڕێ دەدەن و دەڕۆن.

    ئەم وتەیە بەسە بۆئەوەی بزانین گوناحکار کێیە؟ یاخود چ کەسێک پاکیزە نییە. ژنێک کە بە تاوانی سیاسی حوکمی سێدارەی بەسەردا دەسەپێندرێت گوناحکارە یان پاسەوانێک کە پێش لە سێدارە دەستدرێژی دەکاتە سەر ئەو ژنە گەنجە؟ گوایا بۆ ئەوەی ئەو ژنە باکیرەیە و پێویستە پاکیزەیی لێ بستێنن هەتاکوو نەچێتە بەهەشت بۆ ئەمەش ئالودەی دەکەن. لە هەموو ویژدانە وشیارەکان دەپرسین کێ ئالودەیە؟ ئەمە بە کام ئایین، بڕوا و یاسایەکەوە پاساو دەدرێت؟

    سێدارەی منداڵان

    منداڵان هێمای پاکی و ساکارین و بە دڵپاکی خۆیانەوە دەناسرێن. ئێران لە بابەتی سێدارەی منداڵان لە جیهان‌دا لە پلەی یەکەم‌دا جێگا دەگرێت. لە ساڵی ٢٠١٩دا ٩٠ منداڵ لە سێدارە دراون. رۆژێک نییە کە منداڵانی کۆڵبەر لەسەر سنوورەکان قەتڵ نەکرێن. رۆژێک نییە کە رەنج و زەحمەتی ئەوان نەچەوسێندرێتەوە. رۆژێک نییە کە لە رووداوی کاردا منداڵان گیانیان لەدەست نەدەن. کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە دژە مرۆییەکانی خۆیەوە منداڵان دەکاتە قوربانی سیاسەتەکانی خۆی و ئەوان بە تاوانی دزی، مادەی هۆشبەر، سیخووڕی ئالودە دەکات و دواتر ئەوان بە مەرگ سزا دەدات. زۆر لە ئەوان کاتێک کە دەچنە سەر سێدارە هێشتان نازانن کە کێ و بۆچی ئەوانیان هێناوەتە ئەوێ و دەیانهەوێت چی لەوان بکەن. وێڕای هەموو پاکییانەوە بیر دەکەنەوە کە رەنگە هێشتاش لە کایەیێکی منداڵانە دان و مردن بۆیان زۆر نامۆیە.

    ئەگەر مرۆڤایەتی چاوەڕوانی مافی بەشەر بێت، زیاتر لەوانە بەسەری دێت. سەرەتا ئاماژەمان بە راستی دەوڵەت و کردەوەکانی کرد. کۆمەڵگای سروشتی بە دەستی دایکی پیرۆز بە دادپەروەری و ئاکارەوە بەڕێوە دەچوو و چۆمی مێژوو هەتا ئێستاش بەردەوامە. کاتێک کە هیارارشی دەسەڵاتی دەوڵەت وەک پیاوێکی نەخۆش لەسەر مرۆڤایەتی بۆتە بەڵا، پێوەر و یاسا ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا وەلادەنرێن و لەجیاتی ئەخلاق، یاسا جێگیر دەکرێت. ئەم یاسایە چەندە بۆ مرۆڤایەتی دەبێتە رێگە چارە و چەندە بەڵایە زۆر روون و ئاشکرایە. پێویستە جەخت لەسەر ئەم بابەتە بکرێتەوە کە شوێنێک کە دەوڵەت و یاسای دەوڵەت و دیموکراسی دەوڵەت هەبێت، لەوێ مافی مرۆڤ، کۆمەڵگا بوون، ئاکار، ژیانی یەکسان و ئازادی بوونی نییە. لەم سۆنگەیەشەوە کۆمەڵگا جارێکی‌تر خۆی دەسپێرێتە بوها کۆمیناڵ و ئەخلاقییەکان و پێویستە بە میراتەی راستەقینەی خۆیەوە بەڕێوەبچێت، نەک بە یاسای دەوڵەت و نە بە ماف و دیموکراسی هەڵخەڵەتێنەر و فێڵبازی!

    لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش یاسای دەوڵەتی داگیرکەری ئێران هیچ کاتێک پەسەند نەکراوە و بەردەوام لە دژی ئەم کردەوە دژە مرۆییانە چالاکی شەرمەزارکردن، هەڵمەت و کەمپەین پێکهاتوون و گەلانی ئێرانیش لە بەرامبەر بەم سیاسەتانە خۆڕاگرییان کردووە. بە تایبەت ژنان لەم راپەڕین و خۆڕاگرییانەدا هەمیشە پێشەنگ بوون. چونکە ئەوانەی لەم دۆخە زەرەر دەبینن ژنان و گەنجانن.

    ماوەیەکە لە لایەن کەژارەوە هەڵمەتێک بە دروشمی" لە دژی سێدارە و قڕکردنی ژنان، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە" دەستی پێکردووە. ئەم هەڵمەتە بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە سێدارە لە ئێران و کۆتایی هێنان بە قڕکردنی ژنانە هەتاکوو ئەم سیاسەتە چەپەڵانە کۆتاییان پێ بێت. چونکە لە پێش چاوی هەموو جیهان ئەم کردەوە دژە مرۆڤانەیە پێکدێت و کۆماری ئیسلامی کە بناغەکەی دەلەرزێت؛ بۆ ترساندنی کۆمەڵگا هەر رۆژ روو لەم رێگا هۆڤانە و دژە مرۆییانە دەکات. پێویستە کە ئێمە وەکوو ژنان بە پشتبەستن بە هێز و زانیاری زاتی خۆمانەوە هەڵسوکەوت بکەین. لەم سۆنگەیەشەوە ئێمەی ژنان ژیانی ئازاد و دیموکراتیک بوونیاد بنێین و ژیانی ئازاد بپارێزین و بەمشێوەش لە قڕکردن رزگارمان دەبێت.

                                                                                                                                          

     

     

     



    کژار