• پرسەكانی پەلهاویشتنی کولتوور و زمانی ئاریان

    5 كانونی دووه‌م, 2024

    ڕێبەر ئاپۆ

    ئەو هەڵوێستانە لە مێژوودا سنووردارن كە کولتوور و ژیار بە بنەما دەگرن. ئەوانەی هەشن، خاوەن تێڕوانین و ڕوانگەی جیاوازن. هەرچی ئەو پرسانەن کە لێرە هەوڵی شیکردنەوەیان دەدەین، لەسەر بنەمای کولتووریی و ژیار نایانخەینە ڕوو. لە پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا، شانبەشانی ڕۆڵە یەكلاكەرەوەکەی بە ئەندازەی كۆمەكەكەی كات و شوێنی کولتوور و ژیار هەڵدەسەنگێنین. لە ڕەوشێكی پێچەوانەدا ئەو مێژووەی لە بەردەست دایە، لە “گردبوونەوەی ڕووداوەكان” بەولاوە هیچ مانایەكی دیكەی نابێت. نەك تایبەتمەندیی فێركاری، بەڵكو ئەو گەوهەرەی زانستی مێژوو كە پێش فێربوونی هیچ شتێك پەراوێزت دەكات، لە نزیكەوە سەرچاوەی خۆی لەم خاڵە وەردەگرێت. ئەو مێژووەی بریتییە لە ڕۆكردنی ژمارەییانەی دیاردەكانی لە جۆری ئایین، بنەماڵە، پاشا، شەڕ، قەوم و..هتد لەجیاتیی ئەوەی چۆنێتیی گەشەكردن و پەرەسەندنی کۆمەڵگە فێری مرۆڤ بكات، تۆڕێکە بە مەبەستی بەربەستكردنی فێربوون هۆنراوەتەوە، گوزارشت لەو هەوڵە ئایدیۆلۆژییانە دەكات كە زیهن و یادگای کۆمەڵگە بۆ خاوەنەكانی دەسەڵات و قۆستنەوە (چەوساندنەوە) ئامادە دەكات. ئەم جۆر و تەرزانەی باسكردن ئامرازێكی كۆن و بەسەرچووی پڕوپاگەندەكردنن كە لە ئاستێكی بەرزی یەكلاییكردنەوە و لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی بە ئامانجی بەدەستهێنانی مەشروعییەت بەكار دەهێنرێن.

    گرێدراو بەو ڕوونكردنەوەیەی لەبارەی پەیڕەو و سیستەمی زانیاری خستمانه‌ ڕوو، دەتوانین شیكارەكەمان فرەڕەهەندتر بكەین. ڕەخنەیەكی تریش دەرهەق بە دەستەواژەی گرووپی زمان–کولتووری ئاریان، گوایە هیتلەریش ئەم زاراوەیەی بەكار هێناوە، بۆیە لەوانەیە بۆنی “نەژادپەرستی”ی لێ بێت. پێویستە پێیان بڵێن: وشەی “سۆسیالیزم” لە نێو ناوی پارتەكەی هیتلەردا هەبوو، ئەو كاتە لەبەر ئەوەی بۆنی نەژادپەرستیی لێ دێت، پێویستە دەست لە سۆسیالیزمیش بەربدەین؟ كەچی فاشیزم بە شێوەیەكی سەركەوتووانە زاراوە– دەستەواژە ئایدیۆلۆژی و زانستییە جیاوازەكان بەكار دێنێت، واتە لە هەوڵە “دیماگۆجییەكانی”دا تا دواڕادە سەركەوتووە. بەهەرحاڵ خۆ لەبەر ئەمە دەستبەرداری زانست و ئایدیۆلۆژیا نابین. وەك چۆن پێشخستنی میللیگەرایی– ناسیۆنالیزمی پشتئەستوور بە کولتوور– زمانی ئاریان بە ئەقڵیشمدا تێ نه‌په‌ڕیوه‌، بە سەربەرزی و شانازییەوە دەڵێم یەكێك لەوانەی بەرامبەر بە میللیگەرایی و ناسیۆنالیزم خاوەنی واتادارترین ڕاڤەیە، منم. تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆش خوازیاری تێگەیشتنی ئەو كارەساتەی ئێستای ئێراق بین، بەر لە هەموو شتێك پێویستە مایەپووچبوونی ئەو زانستی مێژوو و كۆمەڵناسییە پەسند بكەین كە تا ئێستا هەبووە. تەنها دوای ئەوە مافی ڕەخنەكردن و خستنه‌ڕووی پێشنیازه‌ مێژوویی و سۆسیۆلۆژییه ‌نوێیه‌كانمان ده‌بێت. ئەوەی هەوڵی ئەنجامدانیشی دەدەین، كۆمەكێكی بچووكە كه‌ بۆ تێگەیشتن و كۆتاییهاتنی ئەم تراژیدیایەی مرۆڤایەتی پێشكەشی دەكەین. ئەو بابەتەی لە بەرگرینامەی “لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانێتیی دیموكراتی” بە درێژی هەوڵی باسكردنیم دا، لێرەدا ئاماژە بۆ هێڵە گشتییەكانی دەكەم:

    ئا– هەم ڕۆڵی گرووپی زمان– کولتووری ئاریانی لە پێكهاتنی زمانی هێماییدا، هەم بوونی بە بناغەی ژێرخانێكی ڕیشەیی کولتووری، بۆ هەلومەرجی جوگرافی و مێژوویی دەگەڕێتەوە. سەردەمی نێوان ساڵانی ١٠٠٠٠ – ٤٠٠٠ پ.ز گوزارشت لەو “قۆناغە درێژخایەن”ە دەكات كە ئەم زمان و کولتوورە بە باشی تێیدا بوون به‌ ده‌زگا. لەو سەردەمەدا هەموو جۆرێكی گڵكاری، گاسن و ئاژەڵی جووتكردن، چەرخ (ڕەوڕەوە)، ڕستن و دەستاڕ دۆزراونەتەوە، هونەر و ئایین بوون به‌ ده‌زگا. لیستی درێژی بەرهەمە فرەکانی ڕووەك و ئاژەڵ، لە زیادبوونی لەڕادەبەدەری ژمارەی دانیشتواندا خۆی سەلماندووە. لە به‌رده‌ تاشراو و سافكراوه‌كان تەنها تەور، چەقۆ، دەستاڕ، ڕەوڕەوە، شوێنەوارە ئایینی، هونەری و (بیناسازی)یەكان دروست ناكرێت. لەو قۆناغەی بە كالكۆلیتیك[1] ناوی دەبەین، بەرهەمی ڕەنگینتر و كردارییانەتر لە كانزاكان دروست دەكرێت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆر لە نموونەكانیان دەبینین. لە ناوەندی کنە و پشکنین و هەڵكۆڵینەكانی ناوچەی برادۆستی بناری زاگرۆس، لە چایۆنۆ، هەرە دواییش لە گردی خرابەڕەش (گۆبەكلی) ناوەندی کنەکردن و هەڵكۆڵینەكانی نزیك بە ڕوها (ئورفا-ئورها) چەندین نموونەی سەرسووڕهێنەری ئامرازەكانی بەردی كانزایی و نموونەی ئاسەواری بیناسازی ماڵ و پەرستگای ئایینی لە بەردی هەڵکۆڵراو و داتاشراو دۆزراوەتەوە كە بۆ دەهەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

    تا ڕۆژی ئەمڕۆشمان لە لایەن خەڵكی خۆجێیی ناوچەكەوە بەكارهێنانی ئەم ئامرازە کولتوورییانە و ئەو وشانەی گوزارشتیان لێ دەكه‌ن، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ناسنامەی ناوەندبوون (چەق–ناوك)ی دەڤەرەكە. چەندین وشەی لە جۆری جێ (شوێن)، عەرد (خاك، كێڵگە)، ژین (ژن، ژیان)، ڕۆژ (خۆر)، برا، مور (مردن، مەرگ)، سۆل (پێڵاو)، نیوو (نوێ)، گامێش (چێڵ)، گران (گەورە، قورس)، مەش (ڕۆیشتن)، گودا (خودا) كە دەتوانین چەندینی دیكەی بژمێرین، ئەمڕۆش بەكارهێنانیان لە ناو چەندین زمانی ئەورووپیدا ڕۆشنایی دەخاتە سەر مەسەلەی سەرچاوە. ئەو وشانەی كە تا ئێستا لە ڕیشەی (بناغەی) زمانی جڤاتە ناسراو و دێرینەكانی كورد، فارس، ئەفغان و بەلووجەكاندا هەن، ئەوە دەسەلمێنن كە گرووپی زمان–کولتووری ئاری سەرچاوەكەی ئەوروپا و هیند نییە، بەڵكو پێچەوانەكەیەتی. لەم سەردەمە کولتوورییەدا كە دەتوانین سەرچاوە مێژووییەكەی لە تاتە بەردینە یان قوڕینە نووسراوەكانی سۆمەردا بدۆزینەوە و لەمیانەی هەڵكۆڵینەكانی چەندین ناوەندی شوێنەوارناسییەوە سەلمێنراوە كە دەتوانین بە لای كەمەوە ڕیشەكەی بۆ دوازدەهەزار ساڵ پێش ئێستا بگەڕێنینەوە، ئەو كاتە ئەوروپا لە قۆناغی “چاخی بەردینی كۆن”دا دەژیا، هیندستانیش بە قۆناغێكی هاوشێوەدا گوزەری دەكرد. زۆر بە ئاسانی دەتوانین ئەوە پیشان بدەین كە کولتوور–زمانی ئاریان لەو “ماوە درێژە”ی مێژوودا نزیكەی نیوەی ئەو ئامرازانەی دۆزیوەتەوە كە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لە ڕێی بەكارهێنانیانەوە ژیانی خۆی دەگوزەرێنێت. جگە لەو نموونانەی لە هەندێك ناوەند دۆزراونەتەوە و ئاماژەمان بۆ كردن، تا ئێستا بە هەزارانیان لە ژێر خاكدا چاوەڕێی كنەكردن و لێكۆڵینەوەن. هەروەها ئەو گرووپ و گەلانەی لە سەردەمی دێرینەوە تا ئەمڕۆ بوونی خۆیان پاراستووە، هەریەكە و ناوەندێكی زیندووی شوێنەوارناسییە. بە لای كەمەوە بەر لە شەشهەزار ساڵ بە شێوەی ناسنامە (جیاوازیی ئەتنیكی) بوونی ئەم گەلانە بینراوە. پێویستە جارێكی دیكە ئاماژەی بۆ بكەم، تا ڕووداوەكانی ناوەندی کولتووری ناوك (هیلالی بەپیت) بە تەواوی لایەنەكانیەوە وەك واتا گوزارشتیان لێ نەكرێت، ئەوا زانستی مێژوو (مێژووناسی) ناتەواوی و كەموكوڕیی مەزن لە خۆ دەگرێت.

    ب–ناتوانین شوێنگەی کولتوور و زمانی سەمیتیک (سامی) پشتگوێ بخەین کە لقێكی كەنارە. ئەم پێكهاتە زمان–کولتوورییەی كە لە ڕووی مێژووییەوە لە هەمان قۆناغدا جیاوازیی خۆی پێك هێنا هیچ گومانێك لە دەوڵەمەندییەكەی ناكرێت. سەبارەت بە کولتووری هۆز و شوانكارەیی، لەوانەیە دەوڵەمەندتر بێت. لەم لایەنەوە دەشێت لە گرووپی زمان–کولتووری ئاریان پێشكەوتووتر بێت. لە دەقە سۆمەرییەكاندا شوێنەواری ئەمە دەبینرێت. بە شێوەی چیرۆك و داستان باس لە پێكدادان و كێبڕكێی نێوان دوو گرووپی سەرەكیی كێڵگە و شوانكاری دەكات. چەندە لە ئێراقی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دەچێت! پێكهاتەی داستان لە زمان و کولتوورەكەیدا لەپێشە. لەبەر ئەوەی تایبەتمەندیی یەكڕەنگیی بیابان وا دەكات هەموو شوێنەكان لە یەكتر بچن، لەوانەیە پێكهاتنی خوداوەندی ئاسمان “ئەل، ئەڵڵا”، هاوكاتی ئەم قۆناغانە بێت. ناسنامە نائاساییەكەی کۆمەڵگەی عەشیرەت (خێڵایەتی) كە بۆ یەكەم جار جیا دەبێتەوە، هاوشێوەی ئاسمان شكۆدار ده‌كرێت، دەشێت بە دەستەواژەیەكی پیرۆزی لە جۆری “ئەل، ئەڵڵا” گەیشتبێت. دەشێت پێناسەی ئیمیل دوركهایم بۆ دەستەواژەی خوداوەند كە وەكو “ناسنامەی كۆمەڵایەتی” شرۆڤەی دەكات، وەك بەڵگەیەكی بەهێز لەمیانەی نموونەی “ئەل، ئەڵڵا”وه‌ پشتگیری بكرێت. وەك دیارە، هەر زوو دەستەواژە و دامەزراوەكانی “شێخ، سەید” لە کولتووری سامییەكاندا پێش كەوتووە. لە سەردەمی شارستانییەتدا ئەمانە بۆ دامەزراوەكانی “پێغەمبەر، میر” گۆڕاون.

    سەرباری ئەوەی شارستانییەتی فیرعەونەكانی میسر لە گۆڕەپانی کولتووری سەمیتیکدا جێگەی خۆی گرتووە، ڕۆڵ و كۆمەكی کولتووری سامیی تێدا نابینرێت. لە بواری ماددی، زاراوە و دامودەزگاكانەوە هیچ نیشانە و ناوەڕۆكێك نابینرێت كە کولتووری شوانكاری لە ساڵانی ٤٠٠٠ پ.ز ڕێگەی لە پێش کولتووری شارستانییەتێكی شاریی وەها كردبێتەوە. هەڵبەت بەڵگە مێژووییەكانیش پیشانی دەدەن كە میسریش هەست دەكات ئەم کولتوورە زۆر نامۆیە بۆ ئەو. لە پێكهاتەی زمانیشدا لێكچوون لە ئارادا نییە. کولتووری سامی وەكو قۆناغی یەكەم لەمیانەی ناسنامەكانی ئەكەد، بابل، ئاشوور، كەنعان و ئیسرائیلەوە لە ساڵانی ٢٥٠٠ پ.ز جێگەی خۆیان لە مێژووی نووسراودا گرت. هەرچی ناسنامەی عەرەبە، زۆر دواتر، واتە لە ساڵانی ٥٠٠ پ.ز وەكو ناو به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت. ئارامی، ئارامیتەكان و ئابیرۆكان زیاتر ناولێنانەكانی سۆمەر و میسرن.

    ڕاڤەیەكی بەهێزی بەم جۆرەش هەیە كە فینیقی، فەلەستینی و تەنانەت ئیسرائیلییەكانیش زۆر دواتر (بە وێنەی کولتووری میسری فیرعەونی) لە ناو زمان و کولتووری سامییەكاندا تواونەتەوە. سەرەتا کولتوورەكەی ئەو قەومانەی دەریا و کولتووری ئاریان تێكەڵن. ئەو بەڵگانە لە بەردەستدا هەن کە لە ناو شەپۆلی بەردەامی کۆچبەری سامییەکاندا ئەو قەومانە دۆخی سروشتیی سەرەتای خۆیان لەدەست داوە.

    هەندێک پاشماوەی کۆنی تا ڕۆژی ئەمڕۆمان هەن، تۆمارە شوێنەوارناسییەکان و سەرچاوەکانی سۆمەر، کەرەستەیەکی زۆرمان وەک بەڵگە پێشکەش دەکەن کە سامییەکان شەپۆل بە شەپۆل یان هێرشیان کردووەتە سەر گۆڕەپانی زمان و کولتووری ئاریان، یاخود بەرەو ئەوێ کۆچیان کردووە. دەشێت ئەم هێرش و داگیرکارییانەیان بۆ ساڵانی ٥٠٠٠ پ.ز درێژ بکەینەوە. بە تایبەتی بە نۆرە ئەکەد، بابل، ئاشوور، ئارامی و عەرەبەکان بە شێوەی چین بە چین شوێنپەنجەی داگیرکەریی خۆیان لە میزۆپۆتامیای سەروودا بە جێ هێشتووە. کاریگەریی ئاشووری و عەرەبەکان بە هێزترە. بە هاتنی ئیسلامییەتنش، عەرەبەکان ئاسیمیلاسیۆنێکی بەرفراوانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. ئیسلامیبوون و بەعەرەبکردن تێکەڵ بە یەکتر دەبن. بەرامبەر ئەم داگیرکاری، کۆڵۆنیکردن و تواندنەوەیە، زمان و کولتووری ئاریان بەرخودانی مەزنی پیشان داوە، هەنێک جاریش توانیویەتی بەسەر دەستبەسەرداگرین، کۆڵۆنی، تواندنەوە و هێرشەکانی بەرامبەردا سەربکەوێت. هەتوانین دامەزرێنەرەکانی شارستانییەتی سۆمەر، پێشەنگەکانی شارستانییەتی میسر، هیکسۆس و عیبرانییەکان وەکو نموونە ناسراوەکانی ئەمانە لە مێژوودا بهێنینەوە. ماقووڵترین راڤە ئەوەیە: پێشەنگە یەکەمینەکانی سۆمەر لە قوناغی تەل حەلەف (٦٠٠٠-٤٠٠٠ پ.ز) دا، کە سەردەمی پێگەیشتوویی چەکەرەی کولتووری ئاریانە لە میزۆپۆتامیای سەروودا، لە ڕێگە کۆچەوە بۆ میزۆپۆتامیای خواروو ناوکی ئەم کولتوورە دەگوازنەوە، لەوێشدا بە ئاستێکی لە پێشتری دەگەیەنن. زۆر باش دەزانرێت کە دواتر کاریگەرییەکانی ئەکەد، بابل و ئاشوور کەوتنە ناو پێکهاتەی زمان و کولتووری سۆمەرییەوە.

    لە جیاتیی هەڵسەنگاندنی سۆمەر وەکو ئەو گرووپانەی کۆچیان کردووە، ناوبردنی بە پەلهاویشتن و بڵاوبوونەوەی کولتووری چاخی تەل حەلەف، کۆمەکێکی زیاتر بە ڕاڤەیەکی ڕاستی مێژوو دەکات. دەشێت هەندێک گرووب لە گۆرەپانی کولتووری ئاریانەکان کۆچیان کردبێت، بەڵام فاکتەری هەرە سەرەکیی کاریگەر، بڵاوبوونەوەی ئەو کولتوورەیە کە لە قۆناغی هەرە بە هێزی خۆیدا بوو. وەک هەندێک جار بانگەشە دەکرێت، گەڕان بەدوای کاریگەرییەکانی ئاسیای ناوین یاخود قەفقاسیا بێمانایە. چونکە لە سەردەمی ئاواکردنی سۆمەر (٥٠٠٠ پ.ز) ئەم دەڤەرانە لە سەردەمی بەردینی کۆندا دەژیان، تازە ئاشنای کولتووری ئاریان دەبوون. لەلایەنی ئاوەڕۆک و شێوەوە ئەو توخم و فاکتەرانە لە خۆ ناگرێت کە کولتوورێکی هێندە پێشکەوتووی وەکو کولتووری سۆمەر تێر بکات. هێزی هێرشکردنیان هێندە پێش نەکەوتووە کە بتوانن پشتێنەی زمان- کولتووری ئاریان تێ بپەڕێنن. لەبەر ئەوەی هەڵسەنگاندنی کولتوورەکەیان بە کولتوورێکی ساف، ڕاست نییە و بەناویەکدا چوونی کولتوورەکان بەردەوام شیمانەیەکی لە پێشە، دەشێت هەندێک ئدندامانی گرووپەکانی قەفقاسیا و ئاسیای ناوین بەرەو پشتێنەی سۆمەر و هیلالی بەپیت کۆچیان کردبێت کە ئەوروپا و ئەمەریکای سەردەمی خۆی بوو. هەروەک لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا چەندین گرووپی کولتووریی جیاواز، کە زۆربەشیان هەژارن، لەگۆڕەپانە جیاوازەکانی جیهانەوە ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، بۆ ئەوەێ کۆچ دەکەن و نیشتەجێ دەبن. هەر وەک چۆن کولتووری ئەوروپای ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بۆ هەر چوار لای جیهان دەگوزرێتەوە، زمان و کولتووری ئاریانیش (بە تایبەتی دوای تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان- بەتایبەتی لەسەردەمی تەل حەلەف: ٦٠٠٠- ٤٠٠٠ پ.ز) دەرفەتێکی هاوشێوە دەڕەخسێنێت. کۆچەکانی خۆشیان دەشێت بە کۆچی ئێستای ڕەنجدەران بۆ ئەوروپا بچوێنین.

    ج- وەک گۆرەپانێکی گرنگی کولتووری، ڕاقەکردنێکی ڕاست دەرهەق بە پەرەسەندنەکانی دۆڵی نیل جێگەی گرنگی و بایەخپێدانە. پێشخستنی کولتووری چاندن (کشتوکاڵ) لەم دۆڵەدا و گواستنەوەی بۆ شارستانییەتی فیرعەونەکانی میسر، لەگەڵ بونیادی کولتوور و زمانی سامیدا ناگونجێت. لەبواری ناوەڕۆکدا، کولتووری سامی لەم بەهرەیە بێبەش دیارە. تەنانەت بونیاد و پێکهاتەی زمانی میسری (کۆن) خەسڵەتەکانی زمانی سامی لە خۆ ناگرێت، بەم جۆرەش، جیاوازیی خۆی خستۆتە ڕوو. لە باشووریش کولتووری سودان و ئەسیوپیا و گۆڕەپانەکانی دیکەی ئەفریقاش سەردەمی بەردینی کۆنیان تێ نەپەڕاندووە. هەر بۆیە لە لایەنی تیۆرییەوە ناشێت ڕێگەیان لە پێش کولتووری میسر کردبێتەوە. دیسان لە بواری تیۆرییەوە ڕێی تێناچێت کە ئەمە لە ئەنجامی پەرەسەندنی درێژماوەی تیرە کۆچەرەکانی ئەفریقاوە لە دۆڵی نیلدا بەدی هاتبێت. چونکە پێویستییان بە ئامراز و بەرهەمەکانی شۆڕشی کشتوکاڵ هەیە. ئاسەواری هیچ یەکێک لە ڕووەک و دانەوێلەکانی کشتوکاڵ هیلالی بەپیت لە دۆڵی نیل نەبینراوە کە بە شێوەیەکی خۆڕسک ڕوابێت. لە ناو گیانلەبەرانیشدا جگە لە گوێدرێژی میسری، هیچ نموونەیەکی دیکەی ئاژەڵ نابینرێت.

    گریمانە تیۆرییەکان پێیان وایە کە یەکێک لە لقەکانی پەلهاویشتنی کولتووری ئاریان لە جیهاندا لە هەمان قۆناغدا گەیشتووەتە ئەم ناوچەیە. پێویستە لە بیری نەکەین کە دۆڵی ڕیفی خۆرهەڵاتی ئەفریقا نزیک بە ڕووباری نیلە، بە ئەندازەی لە باشوورەوە بۆ باکوور، بە هەمان شێوە لە باکووریشەوە بۆ باشوور دەرفەت بە تەوژمی کۆچی مرۆڤ دەدات و شتێکی چاوەڕوانگرایشە. کولتوورە لە پێشترەکان بەردەوام لەمیانەی ئەم ڕێگە کۆنانەوە کاریگەرییان بۆ سەر بەرامبەرەکانیان گواستووەتەوە. هاوکاتی شارستانییەتی میسر بۆ ساڵانی ٤٠٠٠ پ.ز، دەشێت هاوشێوەی ئەو پەلهاویشتنە کولتوورییەی سۆمەر بێت کە لە ئاکامی تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوانی هیلالی زێڕین هاتە ئاراوە، دەشێت ئەویش پشت بەو پەلهاویشتنە ببەستێت کە ساڵانی ٥٠٠٠پ.ز بە خۆیەوە بینی . ناوەڕۆک شێوە و دەرفەتەکانی گەیاندن بۆ ئەمە لەبارە. کەچی لە سەرەتاکانی سالانی ٢٠٠٠پ.ز هیکسۆسەکان و دواتر لە ساڵانی ١٧٠٠ پ،ز عیبرانییەکان کۆڵۆنی (نشینگە)یان لە میسر ئاوا کرد، تەنانەت گەیشتینیان بە پێگەی بەڕێوەبەرایەتی نموونەیەکن ڕاستی بۆچوونەکەمان دەسەلمێنێت. هەرچەندە لەمیانەی بەسەرچوونی کاتەوە هێزی پەلهاویشتنی کولتووری گۆڕەپانی ئاریان کەم بووبێتەوە، بەڵام دواتر دیسان تەوژمی خۆی بەرەو گۆڕەپانە هاوشێوەکانی سەمیتیک درێژە پێ دەدات.

    د- دوای ئەوەی لە هیلالی بەپیت بوونی خۆی سەلماند و گەیشت بەدەزگابوونێکی تۆکمە، ئەم جارە بەرەو خۆرهەڵات بۆ ئێران، ئەفغانستان، پاکستان و هیندستان بڵاو بوووەوە، پەلهاویشتنەکەشی یەکجار بەهێز بوو. دیسان جەختی لەسەر دەکەمەوە، ئەوەی گوازراوەتەوە، زیاتر کولتوورە تا گرووپی مرۆڤەکان. گواستنەوەکە جەستەیی نییە، بەڵکو کاریگەریی کولتوورییە. ئەو گواستنەوە کولتوورییەی لە ساڵانی ٧٠٠٠ پ.ز یەکەمین نیشانەکانی لە کوێستانەکانی ئێران بینراوە، لە ساڵانی ٤٠٠٠ پ.ز لە هیندستان کاریگەر دەبێت. ئەم کاریگەرییانە تا سالانی ٥٠٠٠ پ.ز لە کوێستانەکانی تورکمانستان بەردەوام بوون. تێڕوانینێکی لەم جۆرە هەیە کە چینەکولتوورەییەکانی پێشووتر لە بنەچەی کۆنی ئەفریقاوە دێن و تاکو ئێستاش لە سەردەمی بەردینی کۆن بە هەڵواسراوەیی ماونەتەوە. پاشماوە کولتووری و بونیادە جەستەییەکانی هەندێ لەم گرووپانە (بەتایبەتی لە هیندستان) ئەم تێزە بەهێز دەکات. هیچ بەڵگەیەکی تیۆری و کرداری لە ئارادا نییە بیسەلمێنێت کە لەوێ پەرەسەندنێکی کولتووری ڕووی دابێت کە بەرهەمی گەشەسەندنێکی خۆجێیی، هەروەک ئەوەی لە سۆمەر و میسر هەبووە.

    هەرچەندە هەندێک ڕەخنەگر ئەم شێوازەی هزاراندن بە زێدەڕۆیی (میتۆدی بچووککردنەوە) لە قەڵەم بدەن، بەڵام پێویستە بە گرنگییەوە بیرمان بێتەوە کە شۆڕشە کولتوورییەکان بە شێوەیەکی زۆر سنووردار و بە زەحمەتی لە مێژوودا ڕوو دەدەن. با بیر لە کولتووری ئەروپا بکەینەوە کە لە شوێنێکی دیکە نموونەکەی نییە. سەبارەت بە هیلالی بەپیتیش، خستنەڕووی بۆچوونێکی هاوشێوە بەگوێرەی سەردەمی خۆی تا دواڕادە لە جێگەی خۆی دایە. چاوەڕوانیکردنی شوڕشێکی کولتووریی مەزن لەو گرووپانەی گەیشتوونەتە کەناری لەناوچوون و هێشتا لەناو داب و نەریتی سەد هەزار ساڵ پێشتر بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، سەیرکردنی ئەم گرووپانەش کە شایستەی ئەم شۆڕشەن، هەرگیز ناکرێت پاڵپشتی بکرێت، چ لە ڕووی تیۆرییەو بێت یان لە ڕووی پاشماوە کولتوورییەکانەوە. پەلهاویشتنی کولتووری ەرەو خۆرهەڵات لە ساڵانی ٣٠٠٠ پ.ز لە خۆرئاوای ئێران، دەڤەری ئیلام کە بۆ شارستانییەتی شار هەنگاوی ناوە، ناوەندەکەی سووس بووە وئەمەش زیاتر کۆڵۆنیی سۆمەر بەبیری سۆمەرە. دامەزراوەکانی شاری هاراپا و موهانجەدرۆی کەناری ڕووباری پێنجاڤ کە لە خۆرهەڵات دەکەوێتە پاکستان هاوکاتی ساڵانی (٢٥٠٠پ.ز)ە، ئاشکرایە کە ئەمانە دامەزراوێکن لەسەر شوێنپێی ئاسەواری سۆمەرییەکان ئاوا کراون. لەبەر هەمان هۆکار، پێویستە بیر لەوە نەکرێتەوە ئەمانە، لەمیانەی تیۆری زۆرەملێیانەوە، بە دامەزراوە ڕەسەنەکانی بونیادی کولتووریی جیاوازتر دابنرێن. ئەو چینە کولتوورییەی بە ڕەسەنەکە ناو دەبرێت، لە ئاستێک دایە کە لە هیی “سەردەمی بەردینی کۆن” دەچێت، بۆیە بۆچوونی ئاواکردنی شارستانییەتی ڕەسەنی شار لە ڕێگەی ئەمانەوە، هەر وەک ئەوەی ەکە کوێدرێژ بە ئەسپ بچوێنی. کاتێک بەبیری خۆمانی بهێنینەوە کە “سەرباری ئەوەی بە هەزاران گرووپ لە هەلومەرجی جوگرافیی پێگەیشتووتردا بەملیۆنان ساڵ ژیاون و لەهەمان ئاستدا بوون، بۆچی شۆڕشی گەورەی کولتووری و شارستانییەتیان نەکردووە؟” بۆ تێگەیشتن لە بۆچوونەکەمان بە شێوەیەکی ڕاست، ئەزموونبەخشترە. بێگومان ئەم داڤەرانە ڕۆڵ و کۆمەکیان لە پەرەسەندنی کولتووریدا هەبووە. چەندین سەنتێز لەم دەڤەرانەدا پێش کەوتوون. پەلهاویشتن و خۆجێییبوون لە ناو یەکتردان و زیاتریش دڵخوازانەن. ئەوەی بڵاو بووەتەوە، گرووپە چەوسێنەرەکان نین، بەها ماددی و مەعنەوییەکانی بەرهەمهێنانن کە ڕۆڵی پەرەپێدان دەبینن. کولتوورە پەلهاویژەکان کە لەم لایەنەوە خۆیان سەلماندووە، بەردەوام وەکو “پەرەجووە پیرۆزەکانی خوداوەنە” بینراون. ئەو پەلهاویشتنە کولتوورییانەی لە بواری ماددی و مەعەوییەوە بەهای ژیانیان بەرز کردووەتەوە، گرنگە کە لەگەڵ داگیرکاری، زەوتکردن و تواندنەوەی زۆرەملێیانە تێکەڵ نەکرێن. زۆر کەم لە پەلهاویشتنە کولتوورییەکان بە شێوەی پەلاماری هۆڤانە، داگیرکاری و تواندنەوەی زۆرەملێیانە بەڕێوە چوون. بەشی هەرە زۆریان لەدەرەنجامی سەلماندنی باڵابوونی چۆنێتیی کواڵیتی ژیان بە جۆشوخرۆشەوە لەلایەن جڤاتەکانی دیکەوە پەسند کراون و کردوویانەتە موڵکی خۆیان. هەڵوێستە بەرتەسکەکانی ناسیۆنالیزم (میللیەگەرایی) سەبارەت بە مێژوو مەسەلەی پەلهاویشتنی کولتووریی بە دۆخیلی بنبەستبوو گەیاندووە. نەکەوتنەناو تەڵەزگەکانی میللیگەرایی کە لێشاوە ڕاستەقینەکانی مێژووی شێواندووە، دای پۆشیوە، بکۆڵیی لێ کردووە و زێدەڕۆیی تێدا کردووە، سەبارەت بە سیستەمی زانیاری و پەیڕەو بایەخێکی زۆری هەیە.


     



    کژار