• تاگەکان:

    بۆ ڕای گشتی

    2 ئه‌یلول, 2021

    سەرەتا بە بۆنەی کۆچی دوایی گورجی عەبدوڵا ناسراو بە دایە فاتمە ئاپۆجی ،وەکوو کژار سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد ، دایکانی ئاشتی و دایکی شەهیدان و بنەماڵەی سەر بەرزو نیشتمان پەروەریان دەکەین .

    دایە فاتمە خەلکی شاری ورمێی ڕوژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە هۆی قبووڵ نەکردنی ئەو زوڵمەی ڕژێمی ئێران لە سەر گەلەکەی بەڕێوەی دەبرد و هەست کردن بە ئێش و ئازاری گەلەکەی، بۆ چەندین ساڵ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد و لە ساڵی ٢٠٠٦بەهۆی زوڵم و زۆری دەوڵەتی داگیرکاری ئێران پەنابەری باشووری کوردستان بوو و بۆ درێژەدان بە خەباتی خۆی لە کۆمیتەی دایکانی ئاشتی دا جێگەی گرت بۆ هێنانە کایەوەی ئاشتی و ئارامی لە کوردستان و ناوچەکەدا. دایە فاتمە یەکێک لەو ژنانە بوو کە هەتا دواین هەناسەی خۆی لە پێناو بەدیهێنانی ئامانج و ئاواتی گەلەکەی خەبات و تێکۆشانی بەڕێوە برد و هەر لەو پێناوەشدا سێ مناڵی خۆی پێشکەشی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دەکات و لە ئێستادا لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان چەکی ئازادییان لە شان کردووە بۆ ڕزگاری نەتەوەی کورد .

    وەک دیارە دایە فاتمە بە بنەماڵەوە شوێن و مەکانیان نەناسیوە  و لە هەر کوێیەک بوون بە عەشق و خۆشەویستی درێژەیان بە کارو خەباتی خۆیان داوە و هەمیشە لە هەوڵی سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەیان دا بوون و هاوکات دایە فاتم وەکو دایکێکی دڵسۆز و ژنێکی شۆڕشگێر برینی بریندارانی ڕۆڵەکانی گەلی کوردی سارێژ کردووە.

    بەداخەوە دایە فاتم لە تەمەنی ٧٠ ساڵی دا لە بەرواری ٢٠ی مانگی ٨ی ٢٠٢١، لە کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخموور ، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد و دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بە وەفاتی خۆی ئێشێکی قووڵی خستە دڵی ئازادیخوازانەوە .  

    بێگومان ڕێگا و ڕێبازی دایە درێژەی هەیە و پێویستە هەر ژنێک بەتایبەت هەر دایکێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات و تێکۆشانی دایە فاتم بۆ خۆی بە بنەما بگرێت و لە سەر  هەمان ڕێچکەی دایە فاتم هەوڵ بدات بۆ ئازادی خۆی و نیشتمانە زەوت کراوەکەی و ڕۆحی نیشتمان پەروەری لە ناو بنەماڵەکەی دا بەهێز بکات .

    جارێکی دیکە وەکوو کژار سۆز و پەیمانی خۆمان بۆ بە ئامانج گەیاندنی ئاواتەکانی دایە کە وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتیکە دووپات دەکەینەوە و لە سەر ئەو بنەمایە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان ئەدەین .

    کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار

    ٢-٩-٢٠٢١



    کژار