• شەڕەکانی مۆدێرنیتە لە خۆرهەڵاتی ناوین و ئەنجامە شیمانەکراوەکانی

    21 ئه‌یلول, 2023

    رێبەر ئاپۆ

    پێویستە بە شێوەیەکی ڕاست دەرک بەو شەڕ و پێکدادانانە بکرێت کە ئەو دوو سەدەیەی دوایی لە خۆرهەڵاتی ناوین ڕوویان دا. بەر  لە هەموو شتێک، زانینی ئەو خاڵە گرنگە کە ئەو شەڕ و پێکدادانانە لە چوارچێوەی کولتووریشدا ڕوویان داوە، ئەک تەنیا لە چوارچێوەی هەژموونگەرایی شارستانییەتدا. دواترین ململانێ و شەڕەکانی هەژموونگەرایی لەگەڵ ئەوروپا، واتە لەگەڵ خۆرئاوا، دوای سوڵتان سلێمانی قانوونی ئیتر لە بەرژەوەندیی ئەوروپادا شکاوەتەوە. هەرچی ئەو قۆناغ و ماوەیەیە کە تا سەدەی نۆزدەیەم بەردەوام بووە، هەژموونگەرایی سیستەمی شارستانییەتی ناوەندی بە سەرکەوتنی سەرمایەداریی ئەوروپای خۆرئاوا ئەنجامگیر ببوو. هەژموونگەرایی وڵاتانی ئەوروپا، کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا بە شێوەیەکی جەستەییش هاتنە ناوچەکە، هێزە کۆمەڵایەتییە (کۆمەڵگەیی) یەکانیان لە بەرامبەر خۆیاندا بینییەوە کە بەرامبەر سەپاندنی کولتووری مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەرخودانیان کرد، نەک ئەو هێزانەی شەڕی هەژموونگەرایی دەسەڵاتیان دەکرد. چونکە بە مانای هەژموونگەرایی دەسەڵات، هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و ئێرانی لەو دۆخەدا نەبوون شەڕ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا بکەن. بەڵکو لەمیانەی لێکدانەوە هەرزانەکانی هاوسەنگیی دەسەڵاتەوە هەوڵیان دەدا لەسەر پێ بمێننەوە. بە شێوەیەکی جیاوازتر لە زۆربەی ناوچە کۆڵۆنییەکانی جیهان، کولتووری کۆمەڵایەتی (کۆمەڵگەیی) لەجیاتیی پەسندکردن و هەرسکردنی ڕاستەوخۆی کولتووری مۆدێرنی ئەوروپا، زیاتر بەرخودانی لە بەرامبەردا کرد. داگیرنەکردنی تەواەوتیی ناوچەکەش بۆ هێزە کولتوورییەکەی دەگەڕێتەوە. بە تایبەتی ئیسلام بەو سیفەتەی نەریتی کولتووریی زاڵ بوو، لەو قۆناغەدا سەبجەکتی کارای بەرخودان بوو. ئەو خاڵە گرنگەی پێویستە لێرەدا جیا بکرێتەوە ئەوەیە کە ئەوەی بەرخودانی کردووە، ئیسلامی دەوڵەتی و دەسەڵاتگەرا نییە، بەڵکو ئیسلامە وەک کولتووری کۆمەڵایەتی (کۆمەڵگەیی). چونکە بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسیش لە ئارادا بوون، بەڵام لە بەرامبەر هەندێک بەرژەوەندیی دیاردا زۆر بە ئاسانی کەمەندکێشی بەکرێگیراوێتی دەکران. ئەوەی بەردەوام لەبەرخوداندا بوو و لە ژێرەوە وەک شەپۆلێکی بە هێز بەردەوام بوو، نەریتە کۆمەڵایەتییە ئیسلامییەکان بوو. لەبەر ئەو هۆکارە، لێکجیاکردنەوەی نەریتی کۆمەڵگەیی و نەریتی دەسەڵاتگەرایی سیاسی گرنگە کە لە سەدەی نۆزدەیەمەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بە ناوی ئیسلامەوە پەیڕەو کراوە.

    ئەو پرسیارەی پێویستە بکرێت، سەبارەت بە چۆنایەتی و چەشنی ئەو ململانێ و شەڕەیە کە لە نێوان ئیسلامی کولتووری و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ئارادایە. بەو پێیەی ئەوەی لە ئارادایە، پێکدادانی نێوان دوو دەسەڵاتی هەژموونگەرا نییە، بەڵکو ململانێیە لە نێوان کولتووری مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و کولتووری نەریتی ئیسلامیدا. لێرەدا باس لە شەڕەکانی مۆدێرنیتە دەکرێ کە زیاتر لە بواری کولتووری کۆمەڵایەتی (کۆمەڵگەیی) دا ڕوو دەدەن. کاتێک کولتووری خۆرهەڵاتی ناوین بابەتی باس بێت، نابێ تەنها لە ئیسلامیەتدا سنووردار بکرێ، بەڵکو پێویستە لەمیانەی ئایینە ئیبراهیمیەکانی دیکەش، واتە بە کریستیانی و یەهودییەت تەواو بکرێت. تەنانەت پێویستە ئەو کاریگەرییە ئایینییانەشی بخرێتە سەر کە لە دەوەرەوەی ئایین یاخود لە دەرەوەی ئایینە تاکخوازییەکان بە شێوەیەکی پەردەپۆشکراو لە عەلمانی و شامان- بتپەرستی لە ئارادایە و بە شێوەیەکی یەکانگیر تاوتوێ بکرێت.

    جوگرافیای خۆرهەڵاتی ناوین سەرەکیترین ناوچەی کولتوورییە کە مرۆڤایەتیی هاوچەرخی پێکهێناوە. ئەگەر کولتووری مرۆڤی هۆمۆساپیانسیشی بخەینە سەر، ئەو ناوچە کولتوورییە سەرەکیەیە کە لە سەردەمەکانی بەر لە مێژووەوە تا سەدەی نۆزدەیەم بە درێژایی سێسەد هەزار ساڵ مرۆڤایەتیی تێرخۆراک کرووە. هەرچی کولتووری مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە لە ڕاستیدا کولتووری هەژموونگەرایی ئەو دوو سەدەیەی دواییە. هەر بۆیە چاوەڕوانیی ئەوە ناکرێت کە کولتووری ئەو دوو سەدەی دوایی لە ماوەیەکی کورتدا کولتوورێکی سێسەد هەزار ساڵی لە بۆتەی خۆیدا بتوێنێتەوە و ئاسیمیلەی بکات. لەو سۆنگەوە چاوەڕوانیی شەڕێکی کولتووری درێژ خایەن و بە ئاسانی ڕادەستنەبوونی کولتووری خۆجێیی دەکرێت، بگرە پێویستە چاوەڕوانیی دەستپێکردنی شەڕی هەژموونگەرایی کولتووری بکرێت. لەو سۆنگەیەوە، ئەو شەڕە هەرێمییانەی بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ڕوو دەدەن، دەشێت وەک قۆناغی شەڕی هەژموونگەرایی مۆدێرنیتە ببینرێ. هەر بۆیەش ڕاڤەکردنێکی جیاواز بۆ ئەو پێکدادانانەی لە ئاستێکی بەرزدا لە بواری دەسەڵاتگەراییەوە تەواو دەکرێت، گرنگییەکی مەزنتری هەیە. لەو ڕوانگەیەوە، وەسفکردنی شەڕ و پێکدادانەکانی خۆرهەڵاتی ناوین لەمیانەی پارادایمی شەڕی نەتەوەیی و چینایەتیی خۆرئاوای بەرتەسکەەو یان شەڕی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیی ڕادیکاڵ و میانڕەوەوە تەواو نییە. بێگومان شەڕ و پێکدادانەکان ئەو ڕەهەندانەشیان هەیە. بەڵام شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو ڕەهەندانە زیاتر بوارەکانی دەسەڵات و دەوڵەت پەیوەندیدار دەکەن. وەلێ ئەو چۆنایەتی یا خود ناوەڕۆکەکەی شەڕەکان گرنگە کە سەرجەم ئەو ڕەهەندانەی دەسەڵات تێ دەپەڕێنن. کەچی وەک دەزانرێ لە ڕاستیدا ململانێ و پێکدادانەکانی تەوەرەی دەسەڵات و دەوڵەت چەندە بەرفراوان و درێژخایەنیش بن، بەڵام ئەو هێزەی نییە بکەوێتە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی هەژموونگەرا. لە بەرامبەر ئەوەشدا، خەسڵەت یان کاراکتەری ئەو شەڕ و ململانێیانەی لە چوارچێوەی ڕەهەندەکانی مۆدێرنیتەدان، جیاوازە و مۆدێرنیتەی زاڵ تێ دەپەڕێنێت.



    کژار