• تاگەکان: ,

    سەرخە سەرهەڵدان، سەرخە توڵهەڵدان

    9 ئه‌یلول, 2023

    سەرهەڵدانێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی “ژن   ژیان   ئازادی” دەستی پێکرد و بڵاوی سەرجەم کۆمەڵگا بۆوە، لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دا بێ وێنەیە. شۆڕشی ڕۆژهەڵات بە واتای شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ژن و کۆمەڵگا بە ئاوێتە کردنی هێزی ڕێکخستنی خۆیان و بە تێکۆشانێکی هاوبەش دەتوانن بگەن بە سەرکەوتن. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی بە کوشتنی ژنی کورد “ژینا ئەمینی” بە پێشەنگایەتی ژنان لە دژی دەوڵەت و دەسەڵاتی پیاو بە درووشمی “ژن   ژیان   ئازادی” قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشان کردن لە پێناو ئازادی دا دەستی پێکرد. لە مێژووی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی دا گەل بە تێکڕا لە هاوردۆری درووشمی “ژن  ژیان  ئازادی” لە دژی سیستەمی پیاوسالار و زۆرداری دەوڵەت و هێزە دەسەڵاتدارەکان ڕاپەڕین. یەکدەنگی و هاوبەشی لە گوتنەوەی “ژن  ژیان  ئازادی” لە ڕۆژی ئەمڕۆکەماندا وەک ڕاستەقینەیەکی مێژوویی بۆ درووشمێکی گەردوونی وەرچەرخایەوە. ئەوەیکە درووشمی “ژن  ژیان  ئازادی” بوو بە درووشمێکی هاوبەش و گشتگیر ئەوە‌یە کە کۆمەڵگا ئازادی خۆی لە گرەوی ئازادی ژن دا دەبینێتەوە. هاوکات ئاستی دەنگدانەوە و کاریگەری پارادیگمای ڕێبەرایەتیمان، ڕێبەر ئاپۆ کە فکر و ڕامانی ئازادی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە دیار دەکات.

    ڕامان و بیردۆزی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بڵاوی گشت جیهان بووە و هەر ڕۆژ شەپۆل شەپۆل بە جیهان دا زیاتر بڵاو دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەیکە ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ساڵە لە بن سیستەمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و ئیزۆلاسیۆن دایە، شەڕی سەرەکی لە ئیمڕالی بەڕێوە دەچێت. هەر بۆیە تێکۆشانی ژنان بۆ بڵاو کردنەوەی ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ و بە کردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بناغەییە. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانێکی ئیستراتژیکە. ڕۆڵ و میسیۆنی ڕێبەر ئاپۆ لە بواری ئازادی ژن دا گەلێک گرینگ و مێژووییە. پێشکەوتن و گەورەبوونێک کە لە کەسایەتی ژنانی کورد دا ژیان دەکرێت و ستاتۆیەک کە وەک نموونە دەهێندرێتەوە بەرهەمی ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆیە. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ژنانە. لەو بوارەوە هێڵی ئازادی ژن، ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەکەمان گەردوونیە. ئەرکی سەرەکیمان ئەوە کە لە پێواژۆ و قۆناغی پێشەروومان دا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین و ڕامان، ڕوانگە و شێوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ژیان بڵاو بکەینەوە. هێزەکانی سیستەمی سەرمایەداری هەری زێدە سیاسەتە چەپەڵەکانی خۆیان بەرامبەر ژنانی گەنج و گەنجان پێک دێنن. لە بەر ئەوەیکە لە مێژوودا ژنانی گەنج و گەنجان پێشەنگایەتی کۆمەڵگایان کردووە و هاوکات لە پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا و پاراستنی دا خاوەن ڕەنج و بەرهەمن. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەیهەوێت کە سیستەمە نەگریسەکەی لەسەر ژنان و گەنجان پەرە پێبدات و تەمەنی درێژ بکاتەوە. هەر بۆیە بە زۆرینە ژنانی گەنج و گەنجان دەبنە ئامانج.

    بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ڕێبازی شەڕی تایبەت لە سەر ژن و ژنانی گەنج بە سیاسەتە نەگریسەکانی وەک ئاسمیلاسیۆن(تواندنەوە)، لە ناو بردن و قڕکردنی چاند وەک زمان و ناسنامەی ژن هێرشێکی بێ پسانەوە بەڕێوە دەچێت. ژنانی گەنج دەسووتێندرێن و لەسەروان بێ شەڕەفی دەکردرێ و مەزاری ژینا ئەمینی بەرەوڕووی هێرش دەبێتەوە. لێرەدا تێگەیشتن لە ڕۆڵی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران زۆر گرینگە؛ بە شێوازێکی تەواو سیستەماتیک و پیلان دارێژڕاو هێرشەکانی لە سەر ژنانی گەنج بەڕێوە دەبات. لە سەر ناوی ژیانێکی یەکسان ئیرادە و بیری ژنانی گەنج و گەنجان لەناو دەبات و دەکرێنە ئامانج. هێزی دەستکردی سیستەمی جیهانی سەرمایەداری یەک لە لینگە بە کاریگەرەکانی دەوڵەتە. دەتوانین بڵەین کە تا دوا حوجرە و سلوول بە ناخ دا ڕۆدەچێت و بێ ناسنامەیی وبێ ڕوومەتی دادەسەپێنێت. ئەگەر مرۆڤ لە بابەتی ئازادی دا پێداگر نەبێت بە ئاسان دەتوانێت ببێت بە پارچەیەک لە سیستەمی شارستانیەتی سارمایەداری و ئیتر ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات. هەرکە تێکۆشانی ئێمە تێکۆشانی ئازادی ژن پێش دەکەوێت، سەرەتا هێرشی دەولەتی فاشیست و داگیرکەری ئێران و سیستەمی پیاوسالار بەرفراوانتر دەبێت. ژنانی کورد و ژنانی گەنج بە شێوازی وەحشیانەی شەڕی تایبەت دەگلێنە ناو تۆڕەکانی فەحشا، مادەی هۆشبەر و سیخوڕی. لە بەرامبەر ئەوە دا ژنان لە هەر شوێنێک بە ئیرادە و کەیف خۆشیەک مەزن خۆڕاگری و بەرخۆدانی مێژوویی تۆمار دەکەن. تێکۆشانمان بۆ ئازادی ژن نە تەنیا ڕۆژێک بەڵکوو لە هەر کات و ساتێک دا بە جیهان دا بڵاو دەبێتەوە. دەتوانین بڵەین تێکۆشانی ئازادی ژن گەردوونی بووە. ئەویش ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی کۆمەڵگایە کە لە بن سێبەری تێکۆشانی ئازادی ژن لە دژی سیستەمی پیاوسالار پێشکەوتووە و گەشەی کردووە. ئەوڕۆکە سەرجەمی ئەو کۆمەڵگایانەی خوازیاری ئازادی و دێمۆکراسین بە پێشەنگایەتی ژنان لە هاوردۆری ژنان کۆ دەبنەوە. لە دژی ئەو شێوازە ژیانەی کە بە بیرۆکەی سەردەستی پیاو گەڵاڵە بووە، ژیانێکی سەربەخۆ، یەکسان و ئازاد دەئافرێندرێ و هەنگاو بە هەنگاو بۆ سەرجەم کۆمەڵگا دەبێتە خواستێکی سەرەکی. لەوچوارچێوەیەدا ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن ئی ژنۆلۆژی ، پارادیگمای ئازادی، بەرخۆدانی و خۆڕاگری ژنان و تەڤگەری ئێمە ببێتە شۆڕشی ژنان. ئاشکرایە کە پێویستی مرۆڤایەتی بە هۆشمەندی، چالاکی، ڕێکخستن بوون و سەرلەنوێ نۆژەن کردنەوەی ژیانی ژنی ئازاد هەیە. قۆناغێک کە ئێستا پیایدا تێدەپەڕین قۆناغی تێکۆشانی ئازادی ژنە و لەو قۆناغەدا ڕۆڵی سەرەکی و بەرپرسیاری گرینگ دەکەوێتە سەر شانی ژنانی گەنج. لە پێشەنگایەتی ژنانی کورد دا پێشکەوتنی گەورە و گرینگ ژیان دەکرێ و لەو قۆناغی هەیی دا پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ و بیردۆزی ڕزگاری ژن یەکجار بەکاریگەرە. هەر بۆیە ئەرک و بەرپرسیاری ئێمە وەک ژنانی گەنج زۆرن. ستراتێژی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی ، ئەرکی جێ بە جێ کردنەکەی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هۆکارگەلی هەری سەرەکینە بۆ تێکۆشانمان. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە ئێمە ڕاست لە ڕێبەر ئاپۆ تێبگەین و بە سەرهەڵدانی “ژن  ژیان  ئازادی” ئازادی سەرجەم ژنانی گەنجی جیهان و ئازادی وڵات سەربخەین.

    ژنانی تێکۆشەر؛

    سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵات بە “ژن  ژیان  ئازادی” دەستی پێکرد و ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار کرد، ژنانی گەنج سەرلەنوێ مێژوویان نووسیەوە. ژنانی گەنج و سەرجەم گەنجانی کوردستان مسۆگەری ئازادی مرۆڤایەتینە. ئەنەرژی هەری ئاواکەر، بەکاریگەر و ئەرێنی لە جیهان دا کاتێک کە بە هاوڕێیەتی و خۆشەویستی ژن و بە هۆشمەندی ئازادی ڕا پێش کەوت، دیار کەر دەبێت. بە درووشمی “ژن   ژیان   ئازادی” پێویستە سەرجەم ژنانی گەنج ڕوو لە بەرەکانی سەرهەڵدان بکەن. وەرن با هەرکات یەکگرتنی ژنان و یەکێتی و هاوڕێیەتی ژنان پێشخەین. لە سەر ئەو بنەمایە با بە شێوازێکی هەری بەهێز و بە هەیبەت بەشداری چالاکیەکانی ساڵیادی سەرهەڵدان ببین و بە کردەوەی خۆمان نیشان بدەین کە سەدەی ٢١ چۆن هەنگاو بە هەنگاو پێش دەکەوێت.

    بژی رێبەر ئاپۆ

    بژی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی

    بمرێ سیستەمی فاشیست و پیاوسالار

    یەکێتی ژنانی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان

    ٠٩/٠٩.٢٠٢٣



    کژار