• تاگەکان: ,

    شەنگال ئەو مێژووە کە ئیرادەی گەل دەسەلمێنێت

    3 ئاب, 2021

    ئارین مهاباد

    هۆگر بوونی گەلێک بە نیشتمانەکەیەوە کاتی شەڕ یاخود بەڵایێک دیار ئەبێت. بڕوا ناکەم لەم دنیایە دا گەلێک هەبێت، لە کاتی پێویست دا ئامادە نەبێت کە گیانی بۆ خاکەکەی فیدا بکات. لێرە دا تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە بە چە ڕێبازێک ئەیپارێزن.

    کاتێک شەڕ ڕوو لە وڵاتێک ئەکات، ئیتر هەموو کەس وەک یەکە. ئیتر گرینگ نیە ژنە یا پیاو، پیرە یا مناڵ، تەنیا گرینگی ئەوەیە نیشتمانەکەی بپاریزێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی داگیرکەرانەوە. جا لەو کاتە دا خۆش بە حاڵی ئەو وڵاتە کە ژنی بوێر و زیرەکی هەیە کە پێشەنگایەتی گەل دەکات. لەبەر ئەوەیە کە هێزی تاڵانکەر کاتێک هێرشی سەر وڵاتێک ئەکات، سەرەتا هێرشی سەر ژنانی ئەو وڵاتە ئەکات و ئەوان ئەکاتە ئامانج. چونکە ئەزانێت بە لاوازی ژن کۆمەڵگەش لاواز ئەبێت.

    بە درێژایی مێژوو، کوردستان هەمیشە لە ناو شەڕ و ململانێ دابووە. چ ئەو کاتە کە هێزی داگیرکەر بۆ داگیرکردنی خاکەکەی هێرشی کردووە، چ ئەو کاتە کە بووە بە گۆڕەپانی شەڕی هێزە دەرەکیەکان لە سەر خاکی کوردستان. گەلی کورد سەرەڕای هەموو خەیانەتکارانی کە لەگەڵ بەرخۆدان و قارەمانیەکانی، بە درێژایی مێژوو وەک دوو چۆم حەڕەکەتیان کردووە، هەمیشە خاکەکەی پاراستووە و فیداکاری پێویستی بۆ کردووە.

    ئەمە ڕاستینەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە کوردستان سەرەڕای هەموو شەڕکەڕی گەلەکەی، دەرەوەی کاتی کۆنفێدراسیۆنی مادەکان خاوەن هێزی سەربازی پاراستن نەبووە. بەڵام ئەبیت دوژمنەکان ئەوە لە بیر نەکەن کە نابێت هەستی نیشتمان پەروەری ئەو گەلە بە کەم بزانن. گەلی کورد بە گیان و بە دڵ بۆ پاراستنی خاکەکەی شەر ئەکات. تەنانەت ئەگەر دوژمن بە تەواوی هێزی تەکنیکیشیەوە هێرشی سەر وڵاتیان بکات، ناتوانێت هێز و ئیرادەی گەل بشکێنێت. چونکە هێزی راستەقینە ئیرادەی گەلانە و هێزی ڕاستەقینە ئەو کاتە دیار ئەبێت کە نرخەکانت ئەپارێزیت. لەبەر ئەوە هیچ کات ناکرێت هێزی سەربازی و هێز و ئیرادەی گەل، بخەیتە سەرباڵەکانی یەک تەرازوو.  

    مێژوو هەمیشە خۆی دووبارە ئەکاتەوە. چەندە مێژوو بخوێنینەوە ئەبینین کە ژنان بۆ پاراستن چەندە خۆڕاگریان کردووە. هەر وەک ئەو کاتە کە قەدەم خێری لۆڕستانی لە بەرامبەر زۆر و نادادی ئێران دا سەری هەڵدا و بوو بە پێشەنگی گەلەکەی  و دەرفەتی داگیرکردنی خاکەکەی بە دەست داگیرکەر بە هیچ شێوەیەک نەدەدا، یا ئەو کاتە کە خاتوو شاناز هەموو ژنانی بۆ شەڕ کۆ کردەوە و بە زیرەکی و بوێری خۆیەوە خاکەکەی پاراست، ئەوڕۆش شێرە ژنانی کورد لە ئاواشین و خواکورک و زاپ داستانی قارەمانی ئەنووسنەوە.

    هەر وەک ئەو کاتە کە هێرش کرا سەر شەنگال و فەرمانێکی تر بە سەر خەڵکەکەی دا هات. وەک ئەو کاتە کە هەموو ئەو هێزانەی کە ئیدعای پاراستنی شەنگالیان ئەکرد، شەنگالیان بۆ داعش جێ هێشت. ئەوە ڕۆڵەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوون کە نیشتمانیان پاراست. ئەوە شێرە ژنانی وەک شەهید نۆژین ئامەد بوون کە بە پێشەنگایەتیان هێز و ورەی بەربەرەکانیان لەگەڵ داعش ئەدا بە ئەو لاوە کوردانەی کە فەرمانیان بە سەر دا هاتبوو. لەبەر ئەو شەهیدە پێشەنگانەمانە کە ئیتر دوژمنانی کوردستان جەسارەت ناکەن هەر وا بە ئاسانی هێرشی سەر خاکی کوردستان بکەن.



    کژار