• تاگەکان: , ,

    کات، کاتی ئازادییە

    6 كانونی دووه‌م, 2021

    بەرفین دەنیز

    کات، کاتی ئازدییە، ئەو هەڵمەتەی کە ١٢ی ئەیلول لە لایەن بزوتنەوەی ئازادی گەلی کوردەوە دەستی پێکرد، نیشانی دا ئەو هێرشەی کە لەسەر رێبەر ئاپۆ کراوە و هەتا ئێستاکەش بەردەوامی هەیە، بە دەستپێشخەری بزوتنەوەی ئازادی کورد و گەلی کورد ئەو تێکیدەشکێنن. بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ هێمای بوێری و بنچینەی هەموو ئەو خۆڕاگرییانەیە کە لە گۆشە و کەناری کوردستان پێک دێت. ئەو هەڵمەتە هاندەرێکە بۆ ئەوەی بە جەستەیی سەرۆک ئاپۆ ئازاد بکرێت. ئازادی مافی هەر مرۆڤێکە. ئازادی بەدوای کەسێک‌دا دەگەڕێت، کە باوەشی بۆ ئازادی کردبێتەوە و بە دوای‌دا بگەڕێت. شایانی باسە کەسێکی خۆڕاگر وەکوو رێبەر ئاپۆ کە بە ساڵانە حوجرە بە حوجرەی جەستەی بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی داناوە و لە بەرامبەر ئەو دەوڵەتە زلهێزانە بە خۆڕاگرییەکی بێ‌هاوتا بۆتە سەمبووڵی خۆڕاگری و شەکاوەبوونی ئاڵای کوردستان و هەموو گەلانی جیهان؛ چون ئەو سیستەمەی کە رێبەر ئاپۆ دایمەزراندووە بۆ هەموو گەل و هۆزێک هیوای سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.

    بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ هەڵمەتێکی وەها بەهێز هەرچەندە درەنگیش بێت، وادەکات بومەلەرزەیەک لە ئاستی جیهان‌دا درووست ببێت، کە ئەوە نیشاندەری ئازادییەکی بێ‌هاوتایە. هەڵمەتێکی وەها بۆچی ئەوەندە دەنگی دایەوە؟ چونکە هەموو گەلان تینووی ئازادی و سیستەمی سەربەخۆن و رێبەر ئاپۆ بە فیکر و فەلسەفەی زێڕینی، کلتووری ئازادی و سەربەخۆیی دیاری هەر تاکێک کرد.

    هەڵمەتی کات، کاتی ئازادییە؛ بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ هەر رۆژ بەرفراوان‌تر دەبێت و دەگاتە ئاستی گەردوونی. یەکێک لە حەڵقە گرنگەکانی هەڵمەتەکە بە پێشەنگایەتی ژن دەست پێدەکات. چونکە ژن لەنێو هەر سیستەمێکی سەرمایەداری‌دا بۆتە ئامرازێکی تیجاری لە هەموو گۆڕەپانەکان و سات بە سات وەک مۆمێکی تواوە دەچەوسێندرێتەوە. هەڵبەتە رێبەر ئاپۆ فیکرێکی ئازادی داوە بە ژنان و ژنانی لەو زیندانەی کە تێیدا پەلەقاژرەیان دەکرد، دەرخست. ئێستا ژنان دوو بەرابەری پیاوان ئەرکدارن بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ؛ چون ئەو زانستەی کە رێبەر ئاپۆ بە ژنی داوە، ژنی گەیاندووە بە ئاستێکی هەرە بەرز. لە ئەنجامی ئەوەش‌دا توانیویانە لە سەرجەم گۆڕەپانەکانی کۆمەڵگادا چالاک بن و فیکر و رای ئازادیان هەبێت. بیری ئازادی رێبەر ئاپۆ، ئیرادەی سیستەمی باڵادەستی پیاوسالاری کە لەسەر بنەمای شکاندنی ئیرادەی ژن ئاوا بووە، تێکشکاند و وایکرد کە ژن جارێکی‌تر هەستێتەوە سەرپێ و لە ئاستی جیهان‌دا بە دروشمی خۆمان دەپارێزین، ژن دەپارێزین، کۆمەڵگا دەپارێزین، سروشت دەپارێزین؛ هەتا هەموو گەردوون پارێزراو بێت، جارێکی‌تر بوونە بانگەوازی ئیرادەی ئازادی رێبەر ئاپۆ. ژنان بۆ سەرخستنی چالاکییەکانیان پێویستییان بە یەکتر و تێگەیشتن لە ئەزموونەکانی یەکتر هەیە؛ چون ئەو زانستەی کە لە دەوری ژن پەرە دەستێنێت دەبێتە هەنگاوی یەکەم بەرەو خۆناسی گەوهەری. هەڵمەتی کات، کاتی ئازادییە؛ هەلێک بوو بۆ ژن و کۆمەڵگای ژن. ژنان لە هەر سوچێکی جیهان رۆژانە بە دروشمی نا بۆ کۆیلایەتی لەسەر شەقامەکان هەڵوێست نیشان دەدەن. کە ئەوە شەڕێکی ناخی و روحی لە بەرامبەر فاشیزم و بندەستییە کە هەر شەڕەو دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی‌تر ژن بە ئازادی و سەربەخۆیی لە دایک بێت و بە دروشمی کات، کاتی ئازادییە وەکوو ژیلەمۆ داگیرسێ و گڕ بگرێ.

    لێرەدا گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت رۆژانە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن و لە دوای وڵامی ئەودا بگەڕێن کە ژن لە رابردوودا چی بوو و ئێستا چی لێهاتووە؟ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ ئەوە باش بزانن کە ئیدی کاتی خۆبوونی کەسایەتی و کاتی گەردوونی بوونە. جیهانی ژن، جیهانی پیرۆزییەکانە. ژنان نابێ رێگا بەوە بدەن کە ئەو گەردوونەیان بە ئەشکەنجە، دەستدرێژی و خۆکوشتن خراپ ببێت و تێک بڕوخێت. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەکوو پێشەنگێک بوونە دەستپێشخەری ئەوەی هەموو ئەو هەڵمەتانەی کە ژنانێک وەکوو نەسرین ستودە، زەینەب جەلالیان و نەرگیز محەمەدی کە بۆ ئازادی مافی ژن و کۆمەڵگا لە تێکۆشان‌دان، بژێنەوە و شەوقام و کۆڵان و میلەکانی زیندانیان هێنایە سەما و بوونە پێشەنگی ئەو ژنانەی کە لەبەرامبەر سووتاندنی سروشتی کوردستان شان بەشانی گەنجان زاگرۆسانەیەکی نوێیان دیاری زاگرۆس کردووە. هەڵبەت ژنان نابێت ئەوانە بە بەس ببینن. دەبێت لە پەنای هەموو ژنانی جیهان لە هەڵمەتی کات، کاتی ئازادییەدا رۆڵێکی باش و گرنگیان هەبێت و بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ کە ئازادی هەموو ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بێ وەچان تێکۆشان بکەن و کۆڵ نەدەن. چون ئەو هەڵمەتە دەرفەتێکە بۆ گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان تاکوو رووبەڕووی راستییەکانی رژێمی ئێران ببنەوە و لەبەرامبەر بێ دەنگی و گوشار سەرهەڵدەن و تێبکۆشن. هەڵمەتی کات، کاتی ئازادییە وادەکات، هەنگاوەکانمان رووەو ئازادی رێبەر ئاپۆ زیاتر هەڵێنین. چون ئامانجی هەر تاکێکی کوردی ئازادیخواز ئازادی رێبەر ئاپۆیە، ئێمە وەکوو کورد، چ پیاو و چ ژن ئەرکدارین ئەو ئامانجە جیهانی بکەین و رێبەر ئاپۆ ئازاد بکەین.

     



    کژار