• تاگەکان: , ,

    جوانا سنە:" بنگەی بیر و فەلسەفەی ئێمە بێگومان هێزی دەرەکی نییە، بەڵکو هێڵی سێیەمە."

    14 حوزه‌یران, 2019

    جوانا سنە بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کەژار، بەشداری بەرنامەی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوو. جوانا سنە سەبارەت بە کاریگەری دەستتێوەردانەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتانی ئێراق و ئەفغانستان بۆ ئەوەی بتوانێت لەم رێگەیەوە لە ئێرانیشدا دەستتێوەردان بکات؛ بۆ سەر ژنانی ئەم وڵاتانە قسەی کرد، هەروەها سەرنجی راکێشا سەر جەبهەی هاوبەشی ژنان لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی دا و چۆنێتی ئەم جەبهانە. جوانا سنە لە درێژەی قسەکانی دا باسی لە پرۆژەی کەژار کرد و هەروەها سەرنجی راکێشا سەر لێدوانێک کە لەگەڵ  کۆمیتەی ژنانی حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان دابوویان.

    گۆڕانکارییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەفغانستان و ئێراق بە پێی داخوازی و بەرژەوەندییەکانی خودی ئەمریکا بوو.

     جوانا سنە سەرنجی راکێشا سەر ئەو دەستتێوەردانانەی ئەمریکا لەسەر وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت ئێراق و ئەفغانستان و وتی:"دەوڵەتە زلهێزەکان نە تەنیا ئەمریکا پێیان وابوو بتوانن بەم دیزاینە نوێیەی خۆیان، بەرژەوەندی خۆیان لە ناوچەکەدا زۆرتر بکەن بە پێی ئەوەی کە لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانە رۆڵێکی زۆریان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا هەیە، زاڵ بن. ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئەمریکا لە وڵاتانی ئێراق و ئەفغانستان دا کردی و ئێستاش هەوڵ دەدات لە ئێران دا بیکات، زۆر نەکەوتە خزمەتی کۆمەڵگا و بە پێی بەرژەوەندی و داخوازییەکانی کۆمەڵگا نەبوو و بە پێچەوانەوە بەپێی داخوازی و بەرژەوەندییەکانی خودی ئەمریکا بوو."

    جوانا سنە لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئاڵوگۆڕییەکانی ئێران لە دوای دەرکەوتنی لە بەرجام دا کرد و وتی:" ئێستاکە هەرە زۆر بارودۆخی کۆمەڵگا لەناو ئاڵوگۆڕییەکی زۆر دایە کە خەڵکی کۆمەڵگا، بە تایبەت ژنان قوربانیانی یەکەمن. گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی کۆمەڵگا، لەسەر باوردۆخ و ژیانی خەڵک دروست کردووە.

    خۆکوشتن و کوشتنی ژنان تەنیا رووداوێک نین بەڵکو بوارێکن کە سیاسەتە هەڵەکانی ئێران ئەم بوارە تەرخان دەکەن.

    جوانا سنە سەبارەت بە خۆکوشتن و کوشتنی ژنان جەختی لەسەر سیاسەتە هەڵەکانی ئێران کردەوە و وتی:"لەم ماوەی رابردوو دا بەم ئاستە خۆکوشتنی ژنان، بەم ئاستە کوشتنی ژنان بە دەستی باوک، هاوسەر و برا روویاندا، کە وەکو کوشتنی نامووسی پێناسەی بۆ دەکرێت. ئەمانە تەنیا رووداوێک نین، ئەمانە بوارێکن کە سیاسەتە هەڵەکانی ئێران ئەم بوارە تەرخان دەکەن. تاوەکو بۆخۆی راستەوخۆ کۆمەڵگا و ئەو جەبهە ناڕازییە کە بە پێشەنگایەتی ژنانەوە بەڕێوە دەچوو، لە ناو نەبات بەڵام، بە دەستی نوێنەرەکانی خۆی کە باوکە، برایە، هاوژینە و… ئەم توێژە ناڕازییە کە خوازیاری کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکن، خوازیاری پێناسەیەکی جیاوازن بۆ کۆمەڵگا و ژنان، لە ناو ببات. ئێمە وەکو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کەژار بەم پەیوەندییانە کە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان هەمانە، نە تەنیا وەکو لێدوانێک بەڵکو بە هەڵوێستێکی هاوبەش کە هەمانە لە ئاستی پراکتیکی دا بتوانین زۆر خەبات بەڕێوە ببەین. بە پێویستمان زانی کە ئەم زیهنییەتە، کە زیهنییەتێکی هاوبەشە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا و بە گشتی جیهاندا لە بەرامبەر بە ژن و بۆ لە ناو بردنی جەبهەیەکی دژبەر کە لێگەڕینێکی نوێی هەیە و پێناسەیەکی نوێی بۆ کۆمەڵگای دیموکراتیک هەیە، لە هەوڵ دان دایە؛ مەحکوم بکەین بەم پێیەش لێدوانێکی هاوبەشمان دا."

    ئەگەر ژن خۆی بە رێکخستن بکات و بۆ چارەسەری کێشەکانی، ئیرادەیەکی یەکگرتوو و یەکریز و هاودەنگی هەبێت، بێگومان دەتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین.

    جوانا سنە سەبارەت بە دەسکەوتەکان لە ئاوا بوونی جەبهەیەکی هاوبەش نێوان کەژار و کۆمیتەی ژنانی حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان، وتی:" ئامانجی ئێمە تەنیا ئاوا کردنی ئەم جەبهە هاوبەشە لەگەڵ کۆمیتەی ژنانی حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان نییە، بەڵکو ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەی کە لە رێکخراو و پێکهاتەکان دان و هەموو ئەو ژنانەی کە هەوڵدانی ئەوەیان هەیە کە بتوانن لە بەرامبەر زیهنییەتێک کە بۆ چەوساندن و لەناو بردنی ژن رۆژانە ژنان ژینۆساید دەکات، رابوەستن و گۆڕانکارییەک لە زیهنییەتی کۆمەڵگا دا دروست بکەن، جەبهەیەکی هاوبەش ئاوا بکەین."                                                                                      

    جوانا سنە لە درێژەی قسەکانیدا وتی:" چەندە ئێمە هەوڵدانمان هەبێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ژنان، ئەوە هەنگاوێکە کە دڵنیاین وەکو ژن دەتوانین بە ئاکام بگەین. ئێمە وەکو کەژار بە پێی ئەو ئیرادە، بوێری و هێزی ژن کە هەمانە، ئەگەر ژن خۆی بە رێکخستن بکات و بۆ چارەسەری کێشەکانی، ئیرادەیەکی یەکگرتوو و یەکریز و هاودەنگی هەبێت، بێگومان دەتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین."

    ئەگەر لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان، چوارچێوەی کار و خەباتی ژنان بە شێوازێک بێت کە دیسان پیاو دیاری بکات و ژن بە ئیزنی پیاو هەنگاو هەڵبگرێت، جێگەی رەخنەیە.

    جوانا سنە سەبارەت بە جەبهەی هاوبەشی ژنان لە حیزب و لایەنە سیاسەکانیدا لە نێوان ژنان وتی:" کاتێک دەتوانین بڵێین جبهەی هاوبەشی ژنان، کە ژن بۆخۆی خاوەن بڕیار بێت، ژن بۆخۆی شیکاری پێش بخات، چارەسەری کێشەکان ببینێتەوە و بۆخۆی خاوەن پرۆژە بێت و بە پێی ئیرادەی خۆی و بە ئەو بڕوایەی هەبێت کە بە راستی خۆیەوە هەیە، بە بیری خۆیەوە هەیە و بە روانگەی خۆیەوە هەیە. ئێمە زۆر هەوڵ دانمان هەبووە کە ئەم جەبهەیە ئاوا بکەین، راستە زۆر بەربەستیش هەبووە چونکە بە پێی ئەو پێناسەیە کە هەیانە، وەکو کار و خەباتی ژنان لە ناو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تر کە دەڕوانین، بە داخەوە دەبینین کە ناوەندی بڕیار بەو ئاستە کە لە دەستی ژنان دایە، لاوازە و ئەوە جێگەی رەخنەیە؛ چونکە بنەمای تێکۆشانی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین ژن جارێکی تر بگەیێنینە هەبوونی خۆی،ژن بتوانێت خۆی پێناسە بکات، چونکە ئێمە لە بەرامبەر زیهنییەتێک شەڕ دەکەین کە بەردەوام پیاو ژنی پێناسە کردووە. ئەگەر لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان، چوارچێوەی کار و خەباتی ژنان بە شێوازێک بێت کە دیسان پیاو دیاری بکات و ژن بە ئیزنی پیاو هەنگاو هەڵبگرێت، جێگەی رەخنەیە."

    بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداری ئێران، لەسەر ژنان سیاسەتێکی تایبەت بەڕێوە چووە.

    جوانا سنە لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی راکێشا سەر باوردۆخی کۆمەڵایەتی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و وتی:" بە درێژایی مێژووی ئێران، لەسەر ژنان سیاسەتێکی تایبەت بەڕێوە چووە. کێشەی ژنان لە ئێراندا تەنیا حیجاب نییە راستە ئەوەش داخوازێکە بەڵام، هەموو شتێک نییە، چونکە زۆربەی ژنان رووبەرووی کێشەی هەبوون بوونەتەوە؛ ئەگەر رۆژانە ژن گیانی خۆی دەداتە بەر ئاگر لەبەر ئەوەی ئیتر هەبوونێک بۆخۆی نابینێت، لەبەر ئەوەی بوارێکی ژیان بۆخۆی نابینێت؛ هەموو ئەوانە دیاریکەری ئەوەن کە ئەگەر بمانهەوێت تێکۆشانێک بکەین، پێویستە لە چ چوارچێوەیەک دا تێکۆشان بکەین و چ پێناسەیەکمان بۆ ئەوە هەبێت.      سیاسەت گەلێک کە ئێران لە ناو کۆمەڵگا بەڕێوەی دەبات و بوارێک کە تەرخانی دەکات لەسەر بنەمای ئەوەیە کە هەرە زۆرتر ژنان بکاتە قوربانی."

    ئەگەر دەنگی ژنان لە ئاستێکی هەرە بەرز دا دیار بکەین، دەتوانرێت گۆڕانکاری لە بنەماکاندا دروست ببێت.

    جوانا سنە لە درێژەی بەرنامەدا سەرنجی راکێشا سەر پرۆژەی کەژار و وتی:" بەم پرۆژەیە ویستمان ئانالیزێکی راستمان هەبێت بۆ کێشە و گرفتی ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەمانکاتدا بتوانین لە ١٣ خاڵ دا رێگە چارەکان دیار بکەین. خاڵێکی سەرەکی لەم پرۆژەیە دا ئەوە بوو کە یاسا بنەڕەتییەکانی ئێران کە لەسەر ژن هەیە جارێکی تر بخەینە ژێر پرس و بە پێی داخوازیەکانی ژنان، بتوانین گۆڕانکارییەک لەم یاسایانە دا بکەین؛ کە بێگومان ئێران خۆی ناداتە بەر گۆڕانکارییەکی بەم شێوەیە. لێرەدا ئەگەر دەنگی ژنان لە ئاستێکی هەرە بەرز دا دیار بکەین دەتوانرێت گۆڕانکاری لە بنەماکاندا دروست ببێت. بەم پرۆژەیە ویستمان جارێکی تر راستییەکان چین؟ داخوازییەکان بە چ شێواز بن؟ جارێکی تر رێگە چارەکان بە چ شێواز بن؟دیار بکەین و لە ناو ئەو رێگە چارانەدا هەموو ژنان بتوانن خۆیان ببیننەوە و ببێتە دەنگدانەوە و دەنگی هەموو ژنان."

    بنگەی بیر و فەلسەفەی ئێمە بێگومان هێزی دەرەکی نییە، بەڵکو هێڵی سێیەمە.

    جوانا سنە لە کۆتایی دا باسی لە رێگەچارەی کەژار و کۆمیتەی ژنانی حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان کرد و وتی:" بنگەی بیر و فەلسەفەی ئێمە بێگومان هێزی دەرەکی نییە، بەڵکو هێڵی سێیەمە تاوەکو ئێمە پشتمان بە هێز و داخوازییەکانی گەل بدەین، بەو سیاسەتە دیموکراتیکە کە گەل بۆخۆی دەتوانێت ببێتە نوێنەری ئەم سیاسەتە و بەڕێوەبەری کۆمەڵگا؛ ئێمە وەکو کەژایش کە پشتمان بە هێڵی سێیەمە، کە لەناو کۆمەڵگاشدا بێگومان ژن لە جەبهەی یەکەم دا لە ئاستی یەکەم دا دەتوانێت ببێتە نوێنەری ئەم بیرە کە لە سەر رێچکەی سیاسەتی دیموکراتیکە، لە ئاستێکدا کە جارێکی تر بتوانێت کۆمەڵگا بەڕێوە ببات. بە پێی ئەو وتووێژانە کە لەگەڵ کۆمیتەی ژنانی حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان کردبوومان، هەوڵمان دا رای خۆمان لەگەڵ سەرجەم ژنانی ئازادیخواز دیار بکەین و هەوڵ بدەین کە ئەم دەنگ و هەڵوێستە بگوازینەوە بۆ سەرجەم ژنانی ئێران و ئەفغانستان.

     

     



    کژار