• (( شەهید بێریڤان ئەلف وبای فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆی فێری ئێمە کرد ))

    27 شوبات, 2016

     

     باسکردنی شەهید (بێریڤان هەژار) لەلایەن هەڤاڵ لاوان شاهۆ

    هەر کەسێك لەژیاندا بە ئاواتی ئەوەییە کە دایکی بۆی ببێتە هاوڕێك لە ژیانیدا، لەوانییە ئاواتی زۆرێکمان بێتەدی کە دایکمان بۆمان ببێتە هاوڕێك، بەڵام کاتێك لەناو شۆڕدا جێگا ئەگریت هەموو کەسێك بۆ تۆ هەڤاڵێکە چاواروانیت لە کەس نییە دەوری دایکت بۆ بگێڕێت.

    بەڵام هەڤاڵ بێریڤان بێ ویستی خۆی هەستی دایکایەتی لەناو ژیانیدا بۆ یەك بە یەکی هەڤاڵان دەردەکەوت، نەك تەنها بە شێوازێکی هەستیاری بەڵکو بە ڕەفتارەکانی ئەمەی دەرئەخستە بەرچاو، بەبڕوای من ئێمە زۆر بە شانس و بەختەوەر بوینە کە هەڤاڵێکی وەك هەڤاڵ بێریڤان بەڕێوەبەری ئێمە بیوە لە شەڕڤانی نوێ، کە چەندین یادگاری بۆ ئێمە بەجێهێشتوە کە بیری لێدەکەینەوە دڵخۆش ئەبین بەڵام لەهەمان کاتدا کە دەبینین لە تەنیشتمانەوە نییە دڵتەنگ ئەبین.

    هەڤاڵ بێریڤان هەڤاڵێکی زۆر خۆشەویست بوو ئەو گرێدراوێکی زۆر جیاوازی بۆ ئەم ڕێخستنە و ژیانی گەریلای هەبوو، نەك تەنها بە قسە بە ڕەفتارەکانی ئەمەی ئەسەلماند، پاراستنی ئەم ژیانە و حەزکردنی بۆ ئەم ژیانە لە ئاستێکی بێ سنوور دابوو.

    هەڤاڵ بێریڤان بوو بە مامۆستاێك بۆ ئێمە لە ڕێگای ئەم شۆڕشەدا، ئەو ئەلف و بای فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆی فێری ئێمە کرد، گرێدراوبوون بەم ڕێخستنە، هەڤاڵایەتی، خۆشەویستی، فیداکاری هەموو ئەمانە لە هەڤاڵ بێریڤان فێربووین، نەك تەنها شەڕڤانەکانی ئەو بەڵکو ئەو هەڤاڵانەی کە ماوەێکی درێژیش لەگەڵیدا مابوون لە هەڤاڵ بێریڤان شت فێرئەبوون. هەستێکی زۆر جیاوازی دا بە ئێمە لەهەمەموو ئەو کاتەی کە بەیەکەوە بووین ژیانێكی پڕ لە خۆشەویستی بۆ درووستکردین، هەڤاڵەتێکی وای لە نێوان ئیمە دروستکرد ئێستا ئاوات بەوە ئەخوازم ئەم ساتانە دووبارە ببنەوە، هەمیشە بە خەندەکانی ئێمەی دڵخۆش ئەکرد.

    کاتێ باسی ڕێبەر ئاپۆی دەکرد لە چاویدا هەستەکانی ئەبینران کاتێ باسی ئەوەی ئەکرد کە ڕێبەر ئاپۆی لە خەوندا بینیوە ئەوەندە بە هەست و دڵخۆشیەوە ئەیگوت کە من ئەو کات نوێ هاتبوم دەمگووت چۆن کەسێك کە نەت بینیبێت و تەنها لە ڕێگای ئەودا بیت بە باسکردنی ئەوەندا بە هەست ودڵخۆش ئەبیت؟‌. بەڵام من ئێستا ئەزانم کە هۆکاری ئەو هەموو گرێدراویەی ئەوهەموو هەست و خۆشەویستییەی بۆ ئەم هێز و ڕێبەرە چی بووە.

    هەڤاڵ بێریڤان نەك تەنها بۆ خۆی و منداڵەکانی تێکۆشانی کرد، بەڵکو بۆ هەموو ژنانی بن دەست تێکۆشینی کرد،بۆ هەموو ژنان بوو بە نموونەێك، وەك ژنێکی ڕۆژهەڵاتی هەنگاوێکی پیرۆزی ناو ئیتر بە ژنانی گوت: توندوتیژیەکانی پیاوان و کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆتان قبوڵ مەکەن و تێکۆشان بکەن، ئەو بەرەو ئازادی ڕایکرد وە بەڕای من بە گیان بەختکردنی خۆی ئەوەی سەلماند کە بەو ئازادییە گەیشتووە، بێگوومان زۆر بەنرخە چونکە ئازادیش مافی هەر کەسە کە پێبگات وە بۆ ئەوەی پێبگەیت ئامادەی هەر شتێکیت بەخت بکەیت تەنانەت گیانیش، وەکاتێك ئەم گیانەش ئەدەیت خۆت لەهەموو کۆت و زنجیرەکان ڕزگار ئەکەیت وە هەڤاڵ بێریڤان بەڕاستی ئەمەی کرد  گەیشتە ئەم ئاستە.

    هەڤاڵ بێریڤان بەردەوامکەری بەرخودان و تێکۆشانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، هەربۆیەش ئەرکی هەموو ژنانی گەنج و وە بەتایبەت دایکان ئەبێت ئەو ئەرکەی سەرشانیان بەجێبهێن و بەردەوامکەری ڕێگەی ئەوبن، من بەو هیوایەم هەر یەك لە ئێمە بگات بەو ئازادییەی کە هەڤاڵ بێریڤان پێیگەیشت.

     شتێ کە پێی کاریگەر بووم  لە کەسایەتی هەڤاڵ بێریڤاندا ئەو فیداکاری و هەڤاڵایەتی بێ سنوریەی ئەو بوو، ئەو منی فێری باوەڕ بەخۆبوون و هەوڵدان کردن لە ژیاندا ئەو بە منی گووت: کە ئامانجێکت هەبوو تێبکۆشە و هەوڵدان بکە تا سەرکەوتن. وە کە کەسێك  ئامانجێکی هەبێت تێکۆشان بکات بە سەربەرزی پێی ئەگات هەڤاڵ بێریڤانیش ئامانجێکی هەبوو، تێکۆشانی کرد و بەسەربەرزی پێی گەیشت.

     

     

     

     

     

     

     

     

     

     



    کژار