حەقیقەتی کۆمەڵایەتی و شێوەکانی نامۆبوون:
28 شوبات, 2024رێبەر ئاپۆ
بەو ڕادەیەی واقیعی کۆمەڵایەتی لە ناو خۆیدا و لە دەرەوە بوار بە سەرکوتکردن و چەوسانەوە نەدات، دەتوانین باس لە فەراهەمبوونی ئازادانەی مانا و حەقیقەت بکەین. لە حاڵەتێکی وەهادا مانا و حەقیقەت ئازادن. واتە ئازادبوون لەمیانەی خاوەنێتیی مانا و حەقیقەتهوه بەدی دێت. ئەوەی ئازادیی نەبێت، مەحاڵە ناسنامەی هەبێ، لەو سۆنگەوە مانا و حەقیقەتیشی نابێت. شێوەکانی حەقیقەتی ژێر هەلومەرجی هەڕەشە سروشتییەکان (نەبوونی، هێرشی ئاژەڵە دڕندەکان، نالەباریەکانی کەشوهەوا، نەخۆشییە بۆماوەییەکان) هەلومەرجەکانی هەبوونی (زۆریی خۆراک و میوە و ئاژەڵەکانی ڕاوکردن، کەشوهەوای لەبار، هەلومەرجی تەندروست و ئارام) لەگەڵ شێوەی حەقیقەتی ئەو کۆمەڵگهیانەدا جیاوازە کە سەرکوتکردن و چەوسانەوەی کۆمەڵایەتییان تێدا بە ڕێوە دەچێت.
بە هێڵە گشتییەکانیەوە دەتوانین بەم جۆرە ڕیزیان بکەین:
1– لەو هەلومەرجانەدا کە هێشتا ستەمکاریی کۆمەڵایەتی (هیرارکی و دەوڵەت) سەریان هەڵنەداوە، شێوە سەرەکییەکانی گوزارشتی حەقیقەت میتۆلۆژی و ئایین و هونەرەکانن. هێشتا پشکی فەلسەفە و زانست لە ئاشکراکردنی حەقیقەتدا سنووردارە. شێوەی گوزارشتی لەپێشینەشی میتۆلۆژیایە. وەک دەزانرێت، میتۆلۆژیا باسەکانی لە شێوەی چیرۆک، ئەفسانە و داستان لە خۆ دەگرێت. هەڵبەتە حەقیقەتێک لە میتۆلۆژیاکاندا شاراوەیە. بە مانایەکی تر، میتۆلۆژیا شێوەیەکی گێڕانەوە و دەربڕینی حەقیقەتە. بەگوێرەی میتۆلۆژیا، ئەو ئایینەی بە شارستانییهت بارگاوی نەبووە یان لە شارستانییهتهوه نەگلاوە، شێوەیەکە لایەنی باوەڕی لەپێشە و مسۆگەری بۆ بەهاداربوونی حەقیقەت هێناوە. واتە ئایین میتۆلۆژیایەکە بڕوا بە مسۆگەربوونی دەکرێت. لە باوەڕ و حوکمە ئایینیەکاندا یەکسانبوون و هاوتابوون لەگەڵ حەقیقەت لە ئارادایە. هەروەها دانایی (فەلسەفە) و زانستیش بە کاریگەرییەکانی میتۆلۆژیا و ئایین بارگاوین. هەروەها هونەریش بەو سیفەتەی شێوەیەکی حەقیقەتە، پەیوەندیی یان ڕایەڵەیەکی بەهێزی لەگەڵ ئایین و میتۆلۆژیادا هەیە؛ لە ڕێگهی وێنە و مۆسیقاوە خوازیاری گوزارشتکردنه له مانا. لێکۆڵینەوە و توێژینەوە سەبارەت بەو مانایەی لە مۆسیقا و وێنە و پەیکەرتاشی بار کراوە، کارو خەباتێکی گرنگی حەقیقەتە. واتە ئەوەی لێرەدا گرنگە، خودی مۆسیقا و وێنە و پەیکەرەکە نییە، بهڵكو ئەو مانا و حەقیقەتە بەهادارەیه کە دەری دەبڕن.
زمانی شاعیرانەی میتۆلۆژیا و ئایین مەرجە. خودی زمان ماوەیەکی درێژە، واتە هەر لە سەردەمی لەدایکبوونیەوە پڕاوپڕە لە باس و گێڕانەوەی شاعیرانە. لەم سۆنگەیەوە، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان شیعر و حەقیقەتدا هەیە. شیعر زمان و حەقیقەتی کۆمەڵگهی ئازادی کۆنە کە ڕۆژێکیشیان ستەم و زۆرداریی نەناسیوە. شاعیرەکانی سەرەتا بەر لە دەرکەوتنی دانا و پێغەمبەران هەوڵی ڕۆشنکردنەوەی حەقیقەتیان دەدا، ئاستی شاعیرییانەی زمانی کۆمەڵگهیەک و هێزی گێڕانەوەی شاعیر پیشانی دەدات ئەو کۆمەڵگهیە تا چ ڕادەیەک ئازادە و چەندە خاوەن واقیعێکی کۆمەڵایەتیی مانادارە.
2– کۆمەڵگهی شارستانیەت بەو سیفەتەی سیستەمی کۆمەڵگهی چینایەتی و دەوڵەتییە، لەبەر ئەوەی هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە دووچاری زۆرداریی و زەبروزەنگ هاتووە و درزی بردووە، لە بواری مانا و حەقیقەتیشدا لەت لەت و پارچه دەبێت. کاتێک زۆرداریی تێکەڵ بە باسی میتۆلۆژی و ئایینی بێت، حەقیقەت نامۆ دەبێت. نامۆبوونیش پهیوهسته بە ناوەڕۆک و هەبوونی کۆمەڵگهی شارستانیەتەوه و تەنها پشت بە ئاخافتن نابەستێت. کاتێک ڕێکخراوەکانی زۆرداریی و زەبروزەنگ ماناکەی ناواخنیان وەک حەقیقەت پێشکەش دەکەن، پارادایمەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی گۆڕانکاری ڕیشەیی بە خۆیانەوە دەبینن. شێوە ناکۆکەکانی ژیان و ئەو پارادایمەی ئاڕاستەی دەکات، لە ناو کۆمەڵگهدا پێکدێت. نامۆبوون لەمیانەی کرتاندن و داماڵین و تواندنەوەی حەقیقەتهوه دەژی. ئەوانەی لە ئەنجامی هەوڵەکانی چەواشەکردن، سەرکوتکردن و ڕیسواکردنهوه دووچاری نامۆبوون دێن و نامۆبوون وەک حەقیقەت وەردەگرن، بەهاکەیان کەم دەبێتەوە. کاتێک حەقیقەتێک نامێنێت کە لەپێناویدا شەڕ و ململانێ بکات، ئەوا ئەو کۆمەڵگهیەی دووچاری نامۆبوون هاتووە، دەبێ بە کۆمەڵێک بونیادی بێمانا. ئەو بونیادانەش تەنها دەبنە بارێکی سەر کۆمەڵگه و جۆرێک لە نەخۆشیی کۆمەڵایەتییە. بە ناوی پاتۆلۆژیکی لە شێوەی محافەزەکاری و کۆنەپەرستی و فاشیزم ناو دەبرێت. ئیتر نامۆبوون بە سیفەتی دۆخی نەخۆشیی واقیعی کۆمەڵایەتی بێمانایە. هەڵبەتە لەدەستدانی ماناش مەترسیدارترین دۆخی کۆمەڵگه دەخاتە ڕوو.
دەشێت لە تەواوی شێوەکانی شارستانییەتدا شوێنپەنجەی ئەو پێکدادان و پارچهبوونە ببینرێت کە حەقیقەت لە سروشتی کۆمەڵگهدا دووچاری هاتووە. چەندە بەهای حەقیقەتی میتۆلۆژیی و ئایین کەم دەبێتەوە، ئەو مێخواوەند و نێرخوداوەندانەی لە کەشوهەوای سرووتێکی مانادار و زیندوودا دەپەرستران، شوێنی خۆیان بۆ ئەو بتانە جێدەهێڵن کە بێبایەخ و بێ مانان. گوزەرکردن لە سەردەمی مێخواوەندی شکۆدار و پیرۆز و بەخشندەوە بۆ سەردەمی نێرخوداوەندی سزادەر و خاوەن بەندە ڕوودەدات. لە ڕاستیدا وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی (لە کۆمەڵگهی کۆمۆنەوە بۆ کۆمەڵگهی چینایەتی) بەم جۆرە لە چوارچێوەی حەقیقەتدا گوزارشت لە خۆی دەکات. دەشێت بە شێوەیەکی زۆر زیندوو ئەم وەرچەرخانە لە کۆمەڵگهی سۆمەردا چاودێری بکرێت. هەروەها شەڕ لە نێوان خوداوەندەکانیشدا دێتە ئاراوە. لە کاتێکدا نەریتی دیۆنیسیۆس وەک حەقیقەتی کۆمیناڵی کشتوکاڵ ڕەنگ دەداتەوە، نەریتی زیۆس وەک حەقیقەتی توێژی زۆرداری ئەو کۆمەڵگهیە ڕەنگ دەداتەوە کە دووچاری یەکەمین پارچهبوون و گۆڕانکاریی هاتووە. تەنانەت ململانێ و پێکدادانی نێوان ئەو دوو نەریتەش مانا ڕاستەقینەکەی خۆی لە کۆمەڵگهی سۆمەردا دەدۆزێتەوە. ئەم دوو نەریتە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە هونەرەکانی ئەو سەردەمەدا ڕەنگ دەدەنەوە. سەردەمی مێخواوەند تا سەردەی مەریەمی دایکی حەزرەتی عیسا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەنگ دەداتەوە. کاتێک سەرمایەداریی دەبێتە سیستەمێکی زاڵ، جادووگەرە ژنەکانی دوایین نوێنەری سەردەمی مێخواوەند بە زیندوویی دەسووتێنن و مۆدێرنیتەی خۆیان ئاوا دەکەن؛ ئهمهش بوویەرێکی تا دواڕادە فێرکەر و جێگهی تێڕامانە.
لە سەردەمی شارستانییەتدا فەلسەفە و زانست وەک دوو شێوەی گوزارشتکردنی حەقیقەت واتادار دەبن. گەڕان بە دوای حەقیقەت و تێکۆشان لە پێناویدا ڕۆڵی سەرەکی لەمەدا دەبینێت. سیستەمگەلێک جێگهی پاشا–خوداوەندە داپۆشراوەکان دەگرێتەوە کە لەمیانەی باسە میتۆلۆژی و ئایینییەکانهوه خۆی نەشاردووهتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگهی میتافیزیكهوە خۆی دابپۆشێت. لە ئاکامی ناتەواوی و کورتهێنانی ئایینە تاکخوداییەکاندا کە ئایدیالیزمی ئۆبجەکتیڤە، میتافیزیك وەک سەبجەکتیڤێتی سیستەمە دەسەڵاتدارەکانی شارستانییەت پهرهی پێدەدرێت. لەجیاتیی خوداوەند، هەندێک نموونەی “ئایدیال” بە سیفەتی حەقیقەت جێگیر دەکرێت. ئایدیالیزم، بە سیفەتی خوداوەندی بەدەوڵەتبوو، وەک حەقیقەت پیشان دەدرێت. هەر بۆیە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئایدیالیزم و نامۆبووندا هەیە. واتە لەجیاتیی خوداوەندەکان، لە ڕێگهی نموونە ئایدیالەکانەوە هەوڵی دەربڕینی حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکان دەدرێت. لەگەڵ ئایدیالیزمدا داماڵین و توانەوە و چەواشەکردنی حەقیقەتی کۆمەڵگهش قووڵتر دەبێتەوە.
ئەو دەوڵەته لهژمارنههاتوانەی نوێنەرایەتیی سیستەمی قۆستنەوە و دەسەڵاتی هەژموونگەرایی دەکەن و خۆیان بە شارستان دادەنێن، بۆ شاردنەوەی ئەو مانا کۆمەڵایەتییەی وردهورده بەرتەسک دەبێتەوە، قورسایی دەدەنە سەر شێوەگرتنە زێدەڕۆ، ڕازاوە و شکۆدارە هونەرییەکان. بۆ نموونە، شارستانییەتەکانی گریک و ڕۆمانی گرنگییەکی زۆریان بەو خاڵە داوە کە بوارەکانی بیناسازی، پەیکەر، مۆسیقا و مۆزایک وەک حەقیقەت بخەنه ڕوو. واتە چەندە سیستەم بە زلکردن و زیادەڕۆییەوە خۆی پیشان بدات، بەو ڕادەیە هەوڵی شاردنەوە و چەواشەکردنی مانای کۆمەڵایەتی (ڕاستیی و حەقیقەتی چەوساوە و سەرکوتکراوەکان) دەدات. هەر وەک لە سەردەمی میتۆلۆژیا و ئاییندا ڕوویداوە، زانست و فەلسەفە و هونەر بە دەسەڵاتەوە دەبەسترێنەوە و هەوڵی بەدەوڵەتکردنیان دەدرێت. هەربۆیە قۆناغێکی تێکۆشانی زانست و فەلسەفە بەرامبەر پارچهبوون و لەتکردنی کۆمەڵگه دەست پێدەکات. بەو ڕادەیەی بەرامبەر ونبوونی مانا خۆڕاگری و بەرخودان بکەن، هێزی زانست و فەلسەفە بۆ گوزارشتکردنی حەقیقەت زیاد دەبێت؛ بەڵام چەندەی بکەونە ژێر فەرمانی هێزەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتیش، دەبن بە دۆگما و پەیوەندییان بە حەقیقەتەوە نامێنێت. دەبن بە وتەبێژ و ئامرازێکی ڕاگەیاندنی نامۆبوون. واتە لەجیاتی دەربڕینی ئایینی و میتۆلۆژی کە پەیوەندییان بە حەقیقەتەوە نەمابوو، زانست و فەلسەفە وەک گوزارشتی حەقیقەت هەڵکشانیان بە خۆیانەوە بینی. بەڵام کاتێک ڕۆڵی خۆیان دەگۆڕن و لەجیاتیی ئەوەی کۆمەڵگه بە بنەما بگرن، خزمەتی بەرژەوەندیی قۆرغکاریی و پاوانەکانی قۆستنەوە و سەرکوتکردن دەکەن، هەر وەک نامۆکردنە میتۆلۆژی و ئایینییە کۆنەکان، ئەوانیش بوون بە دۆگما و ئیتر ونکردن و لەدەستدانی پەیوەندییەکانیان بە حەقیقەتەوە دەستی پێکرد. هەروەها قۆناغێکی هاوشێوە لە بابەتی هونەرەکانیشدا دەست پێدەکات. چونکە ئەو هونەرانەی پەیوەندییان بە حەقیقەتەوە نامێنێ، دەکەونە دۆخێکی زیادەڕۆیی و لە نزمترین ئاستیشدا گوزارشت لە واقیع و ڕاستیی کۆمەڵگه ناکەن.
ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی بەهۆی زۆرداریی و زەبروزەنگی سەردەمی شارستانیەت دێنە ئاراوە لە سەرجەم شێوازەکانی دەربڕینی حەقیقەتدا لێپرسینەوە لەگەڵ خودو گەیشتن بە ڕێگەچارەو چارەسەر دەسەپێنێ. بەو ئەندازەیەی سەرچاوەی کێشەکانی حەقیقەت کۆمەڵایەتییە، چارەسەرکردنیشیان لە چوارچێوەی زانستی کۆمەڵایەتیدا دەبێت. هەرچی ئەو زانستەیە کە پەیوەندیی بە کۆمەڵگهبوونەوە نامێنێت، هەڵبەتە نامۆ دەبێت، لەم سۆنگەیەوە، پەیوەندیی بە حەقیقەتەوە نامێنێ. بەڵام ئەو کۆمەڵگهیانەی خۆیان لە سەرجەم میتۆد و پەیڕەوەکانی حەقیقەتدا پێگەیاندووە و لێهاتوون، لە دۆخی نامۆبوون و کێشە ڕزگاریان بووە و کۆمەڵگهی یەکسانیخواز، ئازاد و دیموکراسیخوازن (ئەخلاقی و سیاسی).