• تاگەکان:

    لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ، لەدایكبوونی تاك بەتاكی گەلی كوردە

    3 نیسان, 2023

    گەریلایHPJ  :زیلان سەردەشت

    ئەگەر بمانەوێت لەلایەنی مێژووییەوە، نرخاندن بۆ لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ بكەین، ئەوا ئەم لەدایكبوونە، تەنیا لەدایكبوونی تاكە كەسێك نییە، لەراستیدا لەدایكبوونی گەلێك و نەتەوەیەكە و هاوكات رۆژی لەدایكبوونی ئازادییە و ئازادی بۆ گەلێكە.

    لەراستیدا لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ، وەكو لەدایكبوونی كەسایەتیەكی رێبەر، لەكوردستان و بەتایبەتیش، چانسێكی هەرە مەزنە بۆ كوردێك و بەراستی خەونی هەزاران ساڵەی گەلێكە، گەلێك كە بەهەزاران ساڵە چاوەڕوانی كەسێكە كە خاوەن، فكر و فەلسەفەیەك و لەهەمانكاتدا؛ ئایدئۆلۆژیەكی بەو شێوەیە بێت. راستە گەل بەدیدێكی فەلسەفی و ئایدئۆلۆژیەوە سەیری رووداو و دیاردەكانی نەدەكرد، بەڵام كاتێك گەلێك چاوەڕوانی رێبەر و سەركردەیەك بێت؛ كەسێك كە بەهاتنی و، بەبیروڕامانی و بەبیردۆزیەكەی، بتوانێت رزگاری بۆ نەتەوەیەك وگەلێك پێشكەش بكات، و رزگاری بكات لەكوێلایەتی شتێكی وەها سادە و ساكار نییە، ئەمەش چاوەڕوانیەك بوو لەئاستی ویست و هیواكانی گەلەكەماندا. گەلی كورد بەساڵانە چاوەڕوانی كەسایەتیەك و رێبەرێكی وەكو رێبەر ئاپۆ بووە. هەنووكە رێبەر ئاپۆ بووە بە نموونەیەك. بووە بەكەسێك كە هەموو دنیا و بەتایبەت؛ هەموو فەیلەسوف و زاناكان، بەچاوی رێبەرێك سەیری دەكەن. كەسایەتێكە كە ئەمڕۆكە لەنێوان چوار دیواردا بەدیل گیراوە، و لەدەستی داگیركەراندا یەخسیرە. بەڵام هیچ كاتێك و هیچ داگیركەرێك ناتوانێت بیروهزری رێبەرێك داگیر بكات و یا خود بەند و ئەسیری بكات. رێبەر ئاپۆ خاوەن كەسایەتێكە كە كەس ناتوانی یەخسیری بكات. تۆ ناتوانی كەسێكی بەو شێوەیە، یا خود هزر و بیرێكی وەها لەژێر زەخت و گۆشاردا بەند بكەی و لەژێر دەسەڵاتی خۆتدا رایبگری. بەراستی هەر هەمان كەسایەتیە كە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت بۆ گەلی كوردستان؛ رۆژێكی پیرۆز و بەنرخە و  رۆژێكە لەو رۆژانەی كە دەبێت گەلی كورد رۆژێكی وەها بەجەژنێكی هەرە مەزن و بەهێزێكی هەرە گەورەوە پێشواز و پیرۆزی ببینێت. دەبێت وەكو گەلی كورد، رۆژی چواری نیسان تەنیا وەكو لەدایكبوونی تاكە كەسێك سەیر نەكەین.

    وەكو گەلی كورد، دەبێت رۆژی چواری نیسان، وەكو لەدایكبوونی ئازادی لێ بڕوانین. دەبێت وەكو ژیانەوە و سەرهەڵدانی نەتەوەكەمان سەیری بكەین. هەر كەسێك كە ئەوینداری ئازادی بێت، دڵی بۆ ئازادی ترپەی لێبێت، دەبێت رۆژی لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ و چواری نیسان، وەكو رۆژی هەرە پیرۆز لەژیان و مێژووی خۆیدا ببینێت و سەیری بكات. وەكو گەلی كورد دەبێـت زۆر لەو نرخانەی لەژیانیدا بوونیان هەیە لەبیریان نەكات و هەمیشە یادیان بەرز رابگرین. هەندێ رۆژیش لەژیانماندا بوونی هەیە كە دەبێت وەكو رۆژی رەشیش بەناوی بكەین. رۆژی چواری نیسانیش، رۆژێكە لەو رۆژانەی كە دەبێت هەر ساڵ یادی بكەینەوە و لەبیر و هزرماندا، بەجۆش و خرۆشەوە بەرز و پیرۆزیی ببینین.

    بەلەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ؛ بووینە خاوەن فەلسەفەی تێكۆشان و بەرخۆدان و خۆڕاگری

    هەندێك رئالیتە هەیە كە دەبێت وەكو گەلی كورد هیچ كاتێك لەبیریان نەكەین و هیچ كاتێك لەزاكیرەی مێژوویی و كۆمەڵایەتیماندا رێگە بەسڕینەوەیان نەدەین. یەك لەو رۆژانەش چواری نیسانە؛ چونكە وەكو گەل و وەكو تاكی كورد توانیمان لەچواری نیساندا بەلەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ، بەرەو ئازادی هەنگاو هەڵگرین و لەكوێلایەتی دوور كەوینەوە. بەرەو ئەو پردە هەنگاو هەڵێنین كە چواری نیسان؛ ئەو رۆژە كە لەدڵی هەر تاكێكی كورددا و لەدڵی هەر مرۆڤێك ئازادیخوازدا؛ دەبێت  بەهەیەجان و جۆش و خرۆشێكی مەزن بژیت. بەلەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ؛ ژیانێكی دیكە بۆ كوردستان و تاكی كورد بەدی دێت و هەروەها ئەو لەدایكبوونە بووە بە ئاڵتەرناتیڤێك لەدژی هەموو سیستەمە داگیركار و دەسەڵاتدارەكاندا و بەدەر لەوەش دەبێت لەدایكبوونی رێبەرەكەمان وەها پیرۆز بكەین؛ كە هەموو گەلانی ژێردەستە هێزمان لێوەرگرن و ببینە داینەمۆ و ورە و هێز بۆ هەموویان.

    ئێمە بەپیرۆز كردنی چواری نیسان دەبێت، رەق ئەستۆری و كینی خۆمان، لەبەرامبەر بە دۆژمنان بەئەندازەیەك گەورە بكەین و بیكەینە رۆژی لێپرسینەوە و بەگژداچوونەوەی نەیاران و پێیان بسەلمێنین كە ئێمە گەلێكی زاگرۆسین. خەڵكی زاگرۆسی بەهەزاران ساڵە بەئازادی و سەربەخۆیی ژیاون. خاوەن فەلسەفەی تێكۆشان و بەرخۆدان و خۆڕاگرین و دەژین. گەلێكی بەو شێوەیە هیچ كاتێك؛ كوێلایەتی قەبوڵ ناكات و هەمیشە هەڵگری ئاڵای ژیانێكە؛ كە بەدوور بێت لەكوێلایەتی. رێبەر ئاپۆش؛ منداڵێكی ئەو گەلەیە؛ منداڵی گەلی زاگرۆسیە. رێبەر ئاپۆ؛ وەكو تاك و وەكو چەمكی كەسایەتی؛ لەو كەس و رێبەرانەی لەمێژووی گەلەكەماندا ژیاون؛ زۆر جیاوازە و دوور لەكەسایەتیەكی بۆرژوازی، سەرۆك عەشیرەت و بنەماڵەیەكی ناودار. رێبەر ئاپۆ كەسایەتێكە تا دواهەناسە لەناو چاند و كەلتوری كوردەواریدا ژیاوە و دەژیت. رووبەرووی ئێش و تراژدی گەورە بووەتەوە. بەڵام هەر لەتەمەنێكی منداڵیدا هەستی بەو ئێش و ئازارانەی گەلەكەی و مرۆڤایەتی كرد.

    رێبەر ئاپۆ هیچ كاتێك رێگەی بەوە نەداوە كە هەستەكانی، ببنە هەستی تاكە كەسی؛ بەڵكو ویستوویەتی هەستەكان هەمیشە كۆمەڵایەتی و گشتی بن. بۆیەش هەر زوو هەستی بەوە كردوە كە ئەو ئێش و ئازارەی ئەو دەژیت، رووبەرووی هەزاران كەس و تاكی كورد و كوردستانیە، گەیشتووە ئەو زانابوونەی كە ژیانی گەلەكەی هەموو لەرەوشێكی وەهادا دەرباز دەبێت. هەر لەبەر ئەوەشە كە رێبەر ئاپۆ بووەتە كەسایەتیەكی پێشەنگ. لەگەڵ ئەوەش بووە بەكەسایەتیەك كە پێشەنگایەتی بۆ هەموو زانا و فەیلەسۆفەكانی جیهانیش دەكات. دەبێت وەكو گەلی كورد؛ شانازی بەوەوە بكەین كە خاوەن رێبەرێكی بەوشێوەیەن. خاوەن كەسایەتیەكی وەهاین كە لەنێو گەلەكەماندا هەڵكەوتووە. دەبێت لەدایكبوونی رێبەرەكەمان بەهەیبەتەوە پیرۆز بكەین و نیشانی هەموو گەلانی جیهانی بدەین كە ئێمەی كورد بەهەموو هەست و رۆح و ماددی و مەعنەوەییەوە، گرێدراو و پەیوەستین بە هزر و فكر و فەلسەفەی رێبەرەكەمانەوە. لەبەر ئەوەش پیرۆزكردنی چواری نیسان لەنێو گەلەكەماندا رۆژێكە لەرۆژە هەرە بەنرخەكانە. یەكێك لەو رۆژانەیە كە دەبێـت وەكو گەل بەجۆش و خرۆش و هەیەجان پیرۆزی بكەین.

    دەبێت رۆژی چواری نیسان بكەینە، رۆژی ئازادی هەموو گەلانی ژێردەستە و ئازادیخواز

    لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ؛ لەدایكبوونەوەی تاك بەتاكی گەلی كوردە. وەكو تاكی كورد، ئێمە سەرلەنوێ لەدایكبووینەوە. رێبەر ئاپۆ بەلەدایكبوونی خۆی؛ بۆ هەر یەك لەئێمەش ژیانێكی نوێ بۆنیاد نا. لەبەر ئەوەشە كەلەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ لەنێو گەلەكەماندا بەپیرۆز دەبینرێًت. تەنانەت رێبەر ئاپۆ، خۆشی وەها پێناسەی خۆی دەكات و دەڵێت؛ من لەهیچ تاكێكی كۆمەڵگەكەم جیاوازتر نیم. رێبەر ئاپۆ هەمیشە بەو شێوەیە لەخۆی و كەسایەتی خۆی روانییە. هەر ئەو نزیكبوونەوەش بوو كە رێبەر ئاپۆی كردە، رێبەر ئاپۆ. چونكە رێبەر ئاپۆ نەویست كە بەدوور لەكۆمەڵگەی خۆی بژیت. لەزۆربەی وڵاتاندا دەبینین كە رێبەرەكەیان پێشەنگن، بەڵام بارودۆخی گەلەكەیان لەچە هەلومەرجێكدایە و گەلەكەیان چییان دەوێت لەوە ئاگادار نین و نایبینن. بۆیە گەلی كورد دەبێت خۆی زۆر بەبەختەوەر و بەمۆراڵ ببینێت كە خاوەن رێبەرێكی بەو شێوەیەیە. لەبەر ئەو تایبەتمەندیانەیە كە رێبەر ئاپۆ توانی ببێتە كەسایەتیەكی پێشەنگ. هەر لەبەر ئەوەش دەبێت ئەو رۆژە بكەینە رۆژێك كە هەموو گەلانی دنیا لەو رۆژە هێز وەرگرن.

    دەبێـت رۆژی چواری نیسان بكەینە، رۆژی رزگاری هەموو گەلانی بن دەستە و كوێلە و بەتایبەت رزگاری گەلانی زاگرۆسی و لەنێویاندا گەلی كورد. چونكە ئێمە بەساڵانە، لەحەسرەتی لەدایكبوونی رێبەرێكی بەو شێوەیەن و ژیاوین. ئەمرۆكەش كە بووینەتە خاوەن ئەو كەسایەتیە دەبێت تا دوا رادە؛ پارێزوانی نرخ و بیرو هزرەكەی بین. ببینە پاڵپشت و گیان لەسەردەست بین بۆ پاراستنی رێبەرەكەمان و لەو روەوە لەهیچ شتێك دەریغ نەكەین. گەلەكەمان بەساڵانە دوور لەبوونی رێبەرتی و ئازادی و سەربەخۆیی ژیاوە و بەساڵانە دووركەوتووەتە لەچاند و كەلتوری خۆی. هەر بۆیەش رۆژی چواری نیسان بووەتە رۆژێك كە لەو كارەسات و تراژیدیانە رزگارمان بێت. رێبەر ئاپۆ بەلەدایكبوونی خۆی، گەلەكەمانی لەزۆر تراژیدیا و نەهامەتی رزگار كرد. وەكو گەل و كۆمەڵگەی كورد دەبێت هەمیشە خۆمان بەدەیندار و منەتباری رێبەر ئاپۆ بزانین. هەرچەندە رێبەر ئاپۆ، خواستەیەكی وەهای لەتاكی كورد و گەلەكەی نییە و لەو بڕوایەشداین هەروایە. بەڵام دەبێت لەبیری نەكەین كە چەندە بێ رێبەرتی ژیاوین، بۆیەش دەبێت لەلووتكەدا خاوەنداری و پاراستنی ئەو نرخە بكەین كە لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆدا كۆبووەتەوە و بووەتە هێز.

    وەكو تاكێك لەو بڕوایەدام كە رۆژی لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ؛ دەبێت ببێتە رۆژی رزگاری هەموو گەلانی كوێلەو ژێردەستە. چونكە رێبەر ئاپۆ بەلەدایكبوونی توانی وەرچەرخانێكی مەزن لەنێو كۆمەڵگەی كورد و كوردستان و لەسەر ئاستی جیهاندا بۆنیاد بنێت. وەكو گەل دەبێـت شانازی بەوەش بكەین كە رێبەرەكەمان لەسەر دەستی دایكە ئۆوەیش و بەچاند و كەلتوری دایكە ـ خوداوەند”دایك ـ محور” گۆش كراوە. بۆیەش وەكو گەل منەتباریان لەبەرامبەر بەدایكی رێبەركەشمان و دەبێـت رۆژی چواری نیسان، ببێتە یەك لەو رۆژانەی كە زیاتر لەهەركاتێك رێز و خۆشەویستیمان پیشانی دایكە”ئۆوەیش”دایكی رێبەرەكەمان بدەین و لەناخەوە سۆپاسگۆزاری بین كە كەسایەتیەكی وەكو رێبەر ئاپۆی بۆ زرگاری گەلەكەمان هێناوەتە دنیاوە.

    لەسایەی رێبەر ئاپۆوەوە؛ بووینە خاوەن گەلێك دەسكەوتی بەنرخ

    وەكو گەریلایەكی كورد؛ لەدایكبوونی رێبەرەكەمان؛ لەهەموو گەلی كورد و گەلانی ئازادیخوازی جیهان و مرۆڤایەتی و ئەو كەسانەی كە رێبەر ئاپۆ بەپێشەنگی خۆیان دەزانن، پیرۆز دەكەم. من و هەڤاڵانم لەناخی دڵمانەوە لەگەڵ بیروهزری رێبەرەكەماندا دەژین و دەژینین و لەو قەناعەت و باوەڕەیەشداین كە بتوانین بەفكر و فەلسەفەی رێبەرەكەمان، بگەینە ئازادی و بەختەوەری و شادمانی بهێنینە كایەوە بۆ گەلەكەمان و هەموو مرۆڤایەتی.

    رەنگە ئەگەر رێبەرە ئاپۆ لەدایك نەبووبا؛ ئەوا گەلەكەمان لەنێو ئەو تێكۆشان و بەخۆردان و خۆڕاگرییەی ئەمڕۆی تێدا دەژی، نەژیابا. لەسایەی چواری نیسانەوە، وەكو گەل گەیشتووینەتە زۆر دەسكەوتی مەزن و بەنرخ. هەربۆیەش جارێكی تر لەدایكبوونی رێبەرەكەمان، سەرەتا لەرێبەر ئاپۆ، لەبنەماڵە و كەس و كار و هەموو گەلەكەمان و هەموو ئەو كەسانەی كە لەسەنگەرەكانی بەرخۆداندان و لەبەرامبەر بەهەموو هێرشەكانی لەناوبردن و قڕكردن لەبەرخۆداندان و لەنێو تێكۆشاندان و بۆ تێگەیاندنی ئەو فەلسەفەیە؛ خوێن و شەهید و بریندار دەبن، پیرۆزبایی ئەو رۆژە بەشكۆوەیان لێدەكەم. لەوانەش هەڤاڵانی زیندان و سۆز و بەڵینی خۆشمان بەرێبەرەكەمان و گەلەكەمان دووپات دەكەینەوە لەپێناو سەرخستنی فكر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆدا بەبێ وچان گوڕ بەتێكۆشانمان بدەین و لەو باوەڕشداین كە ئازادی هەر سەردەكەوێت و رێبەركەشمان لەئامێز دەگرین.     



    کژار