• تاگەکان: ,

    “ئێرە ئاشوویتسە”

    2 كانونی یه‌كه‌م, 2022

    تاژان چرۆ – چالاکی مەدەنی

    ئێمە  لە ئاشوویتسەوە بەربووینەتە سەر شەقام. من تەرمێکی نیوە گیانم، خۆمم لە کۆڵ ناوە و بەرەو دەرباز بوون هەڵاتووم.

    زۆربەی ئێمە لە نێو کوورەی کەرامەت سووتێنەکانی مرۆڤدا سووتاین و ئەوەی لێمانەوە هاتە دەر ئاژەڵ بوو. هەنێک بوون بە جاش و خۆیان و خاک و دیترانیان فرۆشت. هەنێک بوون بە داڵ و لە گۆشتی مردووی لەبرسا مردووەکانمان خۆیانیان پێ گەیاند و دانەکەوتن. هەنێک بوونە بایەقوش و ئیتر هیچ شەوێک خەویان لێ نەکەوت و خەونە ڕووخاوەکانیان دەژمارد. هەنێک بوون بە ئەسب بۆ عارەبانەکان و هەر ڕایان کرد و رایان کرد و ڕا… و بۆ پاروویەکی نان ژیانیان لە خاچ دا! هەنێک بوون بە تاقمی  مێلوورە و بە بارەکانی کۆڵیانەوە لە کێو داکەوتن و نەگەیشتنەوە ماڵ و هەنێک بوون بو…، بەڵام بەشترینەکانی ئێمە ئەوانە بوون کە بوون بە دووکەڵ و هەرگیز بە هیچ شێوەیەکی تر بێجگە لە رۆحی ڕاستەقینەی خۆیان نەهاتنە دەر.

    من بووم بە خەواڵۆکە، خەواڵۆکە جۆرە ئاژەڵێکی ماڵیە کە هەر دەخەوێت و دەخەوێت کە بیر لە هیچ شتێک نەکاتەوە چونکە بەرگە بە دیتنی ژیانی دۆڕاوی خۆی ناگرێت کە گشت خەون و ئامانجەکانی وەک بتڵێک ئاوی ڕچاو ڕژاوەتە سەر سەری و وەها ڕچاندوویەتی کە بە ئەستەم دەجوڵێتەوە تەنانەت ئیستاش لە شەقام سەری هەڵداوە لاقی بە دوویدا نایێت. بەڵام خەواڵۆکە چل رۆژە حەبی خەو و هێوەرکەری نەخواردووە  و زۆربەی رۆژەکان هەر بە شەلە شەل شەقامەکانی گەز کردووە و بەدووی ونبووەکەیدا گەڕاوە.

    ئێرە ئاشوویتسە و زۆربەمان لە ژووری گاز دا خنکاین و بێدەنگ ماینەوە. ژنەکان زووتر خنکاین و بێدەنگ ماینەوە. ژنەکان زووتر خنکان، ژنەکان شوورەییترینی کۆیلەکان بوون، کەرەستەیەک بوون لە نێوان دوو لاقدا کە ڕیگەی هاتنە دەرەوە و بەرهەم هێنانی دیکەی کۆیلەکان بوون بۆ کاری زیاتر و بەرهەمی زیاتر. من یەکەمین خنکێندراوەکانم من شێعرم دەگوتەوە و هەمووان بە هەستی ناخم سەرخۆش ئەبوون، شیعر و خۆشەویستیان لە ناخمدا خنکاند و دەمارەکانمیان بەو دەرزیانە پڕ کردەوە کە جۆرە کەرەستەیەکی تری کوشتن بوو، ماددەی دەرزیەکە کە بریتی بوو لە شەرم و ترس و سەرکوت و نامووس و دیوار و تاراندن، و لەوەوە بەدوا وردە وردە دەمارەکانمان دائەهێزیا هەتا بە تەواوی ئەنامەی گیانمانی دائەگرت و چیتر هەستمان بە زۆر شت نەکرد، سڕ و بێ ورە لە بەرامبەر هاوار و هەڕەشەدا.

    خەواڵۆکە کا کاتی رۆحی شەقامەکان بوو لە دوای ئەوەی کە شار و شەقام بە تەواوی داگیر کریا داهێزیا و رۆیشتەوە بۆ ماڵ و دەرکەی لە سەر خۆی داخست و ئینجا دەرکەکانیان بە سەریا داخست و هەموو رۆژێک دەمارەکانیان بە دەرزی پڕ دەکردەوە کە تەنیا و تەنیا ببێتە کەرەستەیەک نێوان دوو لاق و ئەرکی بەرهەم هێنانی کۆیلە وە ئوستۆ بگرێت. هەر چەند کە پشتی چەما و رۆحی مرد بەڵام هەرگیز نەبووە کەرەستە نەک بۆ چێژی هیچ بەڕەڵایەک، ئەو لە نێو ماڵاندا و لە نێوان دوو هێز، هێزی کار و هێزی زاوزێدا مەرگی خۆشەویستی بینیبوو و لەو جۆرە پێکەوەبوونە سڵی کردووە. ئێستا ئێرە شەقامە و خەواڵکە بە دوای رۆحی یاخی و مردووی خۆیدا دەگەڕێت.

    ناهومێدی و ڕەشایی تێکڕا ئاسمانی ئاشوویتسی تەنیبوو و ئیتر هەمووان رائەهاتن کە رابێن لەگەڵ ئۆردووگای کاری زۆرە ملێ، لەگەڵ مەرگ و زام و لێدان و سووکایەتیدا، کە بروا بکەن ئەم تەونی زۆڵمە بە کەس ناقرتێت، کە گشت هەوڵی خۆیان  بدەن بەڵکوو بتوانن بەس ژیانی کەڕەکیفە لیدراوی خۆیان لە مەرگ رزگار بکەن و ئاوڕ لەوی دی نەدەنەوە کە قەتاریانیان کردووە بەرەو ژووری گاز و کوورەی سووتاندن. دەمانزانی خەریکە چی روو دەدا بەڵام زۆربەمان ڕاهاتین، هەندێکیشامن بەرگەیان نەگرت و خۆیانیان هەڵواسی و هەندێکیشمان توانیان هەڵبێن و بۆ هەمیشە لێرە بڕۆن. رێک لەو کاتەی کە زۆربەمان خەریک بووین دوایین جگەرەکەمان دائەگیرساند و سترانی مەرگمان ئەهۆنیەوە (ئاوردانەوەیەک لە کتێبی مرۆڤ بە دووی مانادا، دکتۆر فرانکێل) یەکی لە زیندانیەکان بە ژمارەی ٢٠٢٢ کە ناوی راستەقینە و دەس بە سەر گیراوی خۆی ژینا بوو، سترانی ژیانی هۆنیەوە و گاڵتەی بە مردن و دۆڕان کرد.

    خەواڵۆکە لە یەکەم شەوی سترانی ژینادا زۆر گریا، لە ناخیدا هەستی بە گەڕانەوەی شیعرێکی ژنانە کرد و زامەکانی کولایەوە.ژانی زامەکانی هی مرۆڤ بوو، هەستی کرد سەردەمێک مرۆڤ بووە… نا… ژن بوو… ئا… ژنیش مرۆڤ بوو… نا… با… بوو! چی بوو؟ سترانەکەی ژینا هێندە بە سۆز و تاو بوو کە چووبووە نێو دەمات گشت بەندیەکانیەوە، ژن و پیاوی بۆ نەبوو هەمووان دیل کرابوون و دەیانزانی دیواری گشت زیندانەکانی ئۆردووگای کار لە سەر تەرمی مردووی ژنەکاندا هەڵچنرابوون و بۆ قەدەخەی سترانی ژنان بەردەوام دەمایەوە. کە ژینا یەکەم سترانی سەرهەڵدا، دیوارەکانی لەرزاند و ئەمە هەمان شط بوو کو تێکڕا کاپۆەکان ئێس ئێسەکان و فەرماندەکان و سەرۆکەکانیانی دەتۆقاند. سترانەکە زیندانیەکانی هێندە سەرخۆش کردبوو کە بە دەم خوێندنەوەوە ڕژابوونە سەر شەقام. خوێندنەوەی ژن کە ستران بوو خەیاڵ و شیعر و نمەی باران بووو مرۆڤی فێری خۆشەویستی دەکرد، خوێندنەوەی ژیان کە مرۆڤ نە شاخی بوو نە دووچکە، نانی هەبوو و ئاسودەیی و ئاوات و ئامانج، خوێندنەوەی ئازادی کە کۆیلە لە کۆیلەتی خۆی ئاگادار بووبووە و ویستبووی خۆی رزگار بکات و دیوارەکانی زیندان و ئۆردووگا بڕوخێنێت.

    خەواڵۆکە ئەو شەوە تا بەیانی نەخەوت و گریا و بڕوای نەدەکرد کە چاوەکانی فرمێسک دادەڕێژێت و هەستی پی دەکات. خەواڵۆکە بەیانی ئیتر نەخەوتەوە تاکوو سەیری وەدی هاتنی خەونە دێرینەکەی بکات کە خەریک بوو لە شار و شەقامدا ڕووی دەدا. شەقامەکان پڕ بووبوو لە زیندانیەکان و لەو مرۆڤانەی کە ئاشنای ستران بوو.، لەو ژنانی کە لە ڕازی قژیان تێگەیشتبوون و دەیانزانی سووتاندنی لەچکەکانیان لە نێو هەمان کوورە دەستکردەدا گڕ بەر دەداتە گیانی دیکتاتۆرێک کە تەنیا و تەنیا لەو ڕێگەوە مانەوەی خۆی دەستە بەر دەکات و بە حەرام کردنی قژ و داپۆشان و قەدەخە کردنی ژن وەک ئاژەڵێکی ماڵی یەکەم هەنگاوی بۆ سەرکوت کردنی سەرجەم ژن و پیاوەکان دانابوو و دەزانێت کە ورە و هێزی ژن دەچێتە نێو گیان و ژیانی پیاویش و ئەویش یاخی دەکات تاکوو مل بە کاری زۆرەملێ نەدات و هانی دەدات تاکوو دیوارەکان بڕوخێنێت و ئێستا پیشەنگی ژنانی سەر شەقام ئاسوودەییانی تێک دابوو. ئەو ژنانەی کە نە دەستکرد بوون و نە کاڵا، نە گازی فرمێسک ڕێژ ژن و پیاوانی ڕاودەنا نەک باتون، بۆیە دەستیان بە تەقە کرد.

    خەواڵۆکە لە دوورەوە سەیری دەکرد، چونکە شەل و نیوە گیان بووبوو و نەیدەزانی وەکوو سەردەمی لاویەتیەکانی کە ئامادە بوو تاکوو دەسبەجێ لە پێناو بڕوای ئازادیخوازانەیدا گیان بسپێریت ئاخۆ ئێستا ئامادەیە کە دیسان پیش بکەوێت تاکوو ببوژێتەوە؟ کەچی شتێک لە ناخی دا مردبوو، شتێک وەک شیعر و هەستی ئازادی، وەک ژیان و تەمەنی بە با چوو، وەک هێز و ورە. خەواڵۆکە جۆرە ئاژەڵێکی ماڵی بوو کە تاک و تەرایەک لە بڕواکان و بیرەوەریەکانی بیر مابوو و زۆربەی هەستەکانی دۆڕاندبوو. خەواڵۆکە ئێستا قووڵترین برینی شەقام بوو کە دەیهەویست لەوێدا مرۆڤێک بدۆزێتەوەکە ونی کردبوو، مرۆڤێک کە ناوی راستەقینەی خۆی گووڵەگەنم بوو و لەگەڵ خۆیدا بەهاری بۆ هەموو شوێنێک دەبرد و زەردەخەنەی دارستان و کانی بوو پێش ئەوەی بیسووتێنن. بەیانی تێپەڕی و ئێوارە دەنگی تەقە هات و خوێن بەربووە گیانی شەقام و ئینجا دزەی کردە نێو ریشەکانی گوڵ گەنم کە هێشتا ڕەگ و ڕێشەکانی وەک خۆی مابووە و خوێن تەنیا تەراوێک بوو کە توانی سەوزی بکاتەوە. بە شەلە شەل هەستا و لە ناوەڕاستی سەرەکی ترین شەقامی شار سترانی خوێندەوە: ئەوە هاتووم تاکوو شێعری ناخ و رۆحی یاخیم بدۆزمەوە، بە دوو قامکی ئازادییەوە بۆ ژن ژیان ئازادی…



    کژار