• ‎کەژار، لە بەرامبەر کوشتنی فاتمە و گەرمیان هۆشیاری دەداتە ڕژێمی ئێران


    28 حوزه‌یران, 2016
     
    ‎کۆمەڵگەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) هێرشی هێزەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هاوڵاتیانی کورد، هاوکات کوشتنی دوو ژنی کورد بە ئەنقەست بە توندی ئیدانە دەکات، کەژار ڕادەگەیەنێت: کوشتنی فاتمەو گەرمیان لە شاری بانە ترسی ڕژێمی ئێرانە بەرامبەر بە هێز و ئیرادەی ئازادی ژنان.
    ‎کەژار، رادەگەیەنێت: ئێمە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات، هێرشی نامرۆڤانەی ڕژێم بەرامبەر بە گەلی کورد و ژنان بە توندی ئیدانە دەکەین، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی فاتمە و گەرمیان و تێکڕای گەلەکەمان دەکەین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ڕژێم هەر ڕۆژ بە شێوازێکی نامرۆڤانەتر و دڕندانەتر هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد، بە ئامانج گرتنی ژنان دەیەوێت گورز لە نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگە بدات.
    ‎کەژار لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت: ڕژێمی ئێران دەیەوێت گەلی کورد بکات بە قوربانی سیاسەتەکانی خۆی، کوردستان لە هەموو ڕووێکەوە داگیر بکات. کاربەدەستانی ڕژێم ڕۆژانە بە ڕێگەی هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو کۆمەلگە، کار بۆ لاواز کردنی بەها کۆمەڵایەتیەکان، ئەخڵاقی و پەیوەندیە مرۆییەکان دەکات. لەبەرامبەر ئەمەشدا ڕژێم ستایشی ئەو پیاوانەی دەکات.
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات، سەرنج ڕادەکێشێتە سەر ژیانی کاسبکاران کە لە هەلومەرجی سەختی ژیاندا دەگوزەرێنن، جەختیش دەکاتەوە: کاسبکارانی کورد بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و دەستخستنی پاروێک نان بۆ ڕۆڵەکانیان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسی، سەرەڕای ئەوەش هیچ مافێکیان دەستەبەر ناکرێت، دەکرێنە قوربانی ڕژێمی ملیتاریست، داگیرکەر و ژن کوژ. ڕۆژانە گەنجانی کاسبکار لەسەر سنورەکان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە دەکوژرێن، ئەمەش هێمایەکە بۆ بەردەوام بوونی سیاسەتی پاکتاوکردن، کوشتن و چەوساندنەوە لەسەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ ڕژێم هیچ جیاوازیێکی نیە ئاخۆ ژن بێت یان پیاو، منداڵ یان بە تەمەن، ئامانجیان کۆمەڵکوژ کردنە."
    ‎کەژار لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ڕادەگەیەنێت: دواین هێرشی ڕژێم بۆ سەر کاسبکاران بوو لە شاری بانە، لە ئەنجامدا دوو ژن بە ناوەکانی فاتمە و گەرمیان گیانیان لەدەستدا، ئەمەش لە کاتێک ڕوودەدات کە هاوڵاتیان ناڕەزایی دەردەبڕن لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر کاسبکاران. هێزەکانی ڕژێم بە ئەنقەست دوو ژن دەخەنە ژێر ئۆتۆمبێلەکانیان و دەیانکوژن، ئەمەش ناڕەزایی زیاتری خەڵکەکەی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا جارێکیتر پیشاندەدت کە ڕژێم بەردەوامە لە بە ئامانج گرتنی ژنان."
    ‎کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات، لە کۆتاییدا هۆشیاری دەداتە کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕاشدەگەیەنێت: "ئێمە وەک کەژا دووبارە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین، هێزەکانی ڕژێمی ئێران هۆشیار دەکەینەوە، دەبێت ڕژێم ئەوە باش بزانێت کە ناتوانێت بە سیاسەتی ترس و تۆقاندن ئیرادەی گەلەکەمان و دەنگی ئازادیخوازی ژنان کپ بکات. لەبەرامبەر ئەم هێرشە نامرۆڤانەدا بانگەوازی خاوەنداری کردن و پشتگیرکردن لە گەلەکەمان دەکەین."
     


    کژار