• تاگەکان:

    ئەگەر شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەردەکەوێت، بەو هۆیەوەیە کە هەڵگری رۆح و هزری شەهید زیلانە

    25 حوزه‌یران, 2023

     شەهید زیلان لە لایەن هەموو کەسەوە بە چالاکی فیدایی کە پیلانگێڕی سەر ڕیبەر ئاپۆی پوچەڵ کردەوە، دەناسرێت. ئەم پیلانگێڕیە لە رۆژی ئەمڕۆشمان دا بە شێواز و رەنگی جیاواز لە سەر ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان بە ڕێوەدەچێت، بەڵام تەڤگەری ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان لە بەردەوامی هێڵی فیدایی شەهید زیلان بە تێکۆشانی بێ وچانیان هەموو پیلانەکان پووچەڵ دەکەنەوە.

    چالاکی هەڤاڵ زیلان لە بەرامبەر دەوڵەتی فاشیستی تورکیە و ئاکەپە-مەهەپە کە ساڵانێکە هەوڵی قڕ کردن و لە ناوبردنی گەلی کورد دەدات، ئەنجام درا. لە بەرامبەر بە عەقڵیەتی پاوانخواز و رەگەزپەرست کە دژایەتی نرخەکانی ژنان دەکات، ئەنجام درا و بە چالاکیەکەی گورزێکی کوشەندەی لە دەوڵەتی تورک دا و سەرەتایەکی نوێی لە عەقڵیەتی کۆمەڵگەی کوردی دەست پێ کرد. شەهید زیلان بەم چالاکیە بوو بە مانیفێستی ژیانی ئازاد.

    هێڵی شەهید زیلان ئەو مانیفێستەیە کە بۆ ژنانی کورد وەک پیوانی ژیانی ئازاد دایمەزراندووە و بوو بە فەلسەفەی ژیانی هەموو گەلانی بندەست. زیلان لە دەرسیمەوە دەرکەوت و پاشان لە ورمێ بوو بە زیلان پەپوولە و ئەمڕۆش بووە بە ژینا، حەدیس، نیکا و سەدان شەهیدی تری ژیانی ئازاد لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. لە ٣٠ حوزەیرانی ١٩٩٦ هەڤاڵ زیلان بە چالاکیەکەی نەخشە ڕێگەی بە خۆباوەڕی بۆ هەموو ژنان کێشایەوە و لە باکوورەوە تا رۆژهەڵات شەهید زیلان بوو بە زیلان پەپوولە و شیرین کە بە تێکۆشان و بەرخۆدانیان ئەم ڕێگەیان بەردەوام کرد. شەهید زیلان پەپوولە هەر وەک چۆن هەڵگری ناوی زیلان ” زێنەب کناجی” بوو لە بەردەوامی هەوڵەکانی لە ڕێگەی فیدایی شەهید زێنەب کناجی دا بە دەست رەژیمی ئێران لە رۆژی ٣٠ حوزەیران شەهید کرا. رەژیمی ئێران بەم هێرشە هەوڵی لە ناو بردنی ناو و مانیفێستی شەهید زیلانی دا بەڵام وەک دەبینین لە بەردەوامی پووچەڵ کردنەوەی پیلانەکانیان دا ئەمڕۆکە بە هەزاران زیلان هەڵگری ناو و هێڵی تێکۆشانی هەڤاڵ زیلان هەن.  

    ئەمڕۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دروشمی ژن ژیان ئازادی کە ڕێبەر ئاپۆ وەک فەلسەفەی ژیانی ئازاد و یەکسانی پێناسە کردبوو کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەوە پێشەنگایەتی قارەمانانی وەک شەهید زیلان بوو کە عەقڵیەتی پیاوسالاری ناو کۆمەڵگە و بنەمای سیستەمی دەسەڵاتداری تێکشکاندووە. لە باکووری کوردستان شۆڕشی ژن سەری هەڵدا و لە هەر چواربەشی کوردستان دەنگی داوەتەوە. ئەگەر ڤیان و دەستیناکان لە باشوور، ئاوێستا و ئارینەکان لە رۆژئاوا، زیلان پەپوولە و شیرین بە بیر و باوەڕی ئیمان بە ئازادی دەهێنن و شۆڕشی ژن پێک دێنن، بە هۆی ئەوەیە کە هەڵگری رۆح و فکری شەهید زیلانن.

    سیستمی سێدارە لە یەکێتی و پێشەنگایەتی ژنان دەترسێت و هەموو ئەو کەسانەی کە داوای ماف و ئازادی دەکەن یان لە سێدارە دەدات یان لە ژێر ئەشکنجە قەتڵ دەکات، یاخود هەوڵی لەناو بردنی ئیرادەی تاک بە رێگەی جۆراوجۆر دەدات. بەڵام لێرەدا گرینگە کە بە هیچ شێوازێک پاشەکشە نەکرێت چونکە لە راستیدا ئەو جورە هێرشانە لاوازی دەسەڵات ئاشکرا دەکات. لە ئێران کێشەی ژنان، گەنجان، کێشەکانی ئابوری، ژینگە، بیر و باوەڕی، سیاسەت، ناسنامە وهەزاران کێشەی تر هەیە. ئەگەر لەم شۆڕشەدا گەلان بەتایبەتی ژنان و گەنجان هەموو ژیانیان تەرخان کردووە و فیدایانە لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕژیمی دینگەرا و رەگەزگەرا گیانیان دەکەن بە قەڵخان، کەواتا کێشەی ئازادی زۆر قووڵە. گەلان بە دروشمی ژن ژیان ئازادی سەلماندیان کە بۆ کوتایی هێنان بە دەسەڵاتی پیاوسالار ئامادەن. هەموو ئەمانە بە پێشەنگایەتی ژنان مسۆگەر دەبێت، ئەگەر ژن خاوەنداری لە مێژووی کۆنی خۆی بکات ئەوە جارێکی تر دەتوانێت لەو جێگە و پێگەیە دابنیشێت کە هەزاران ساڵە لە دەستی داوە. شەهید زیلان بەم هزرەوە چالاکی فیدایی ئەنجامدا.

    ئێمە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کژار لە ساڵیادی شەهادەتی هەڤاڵ زیلان “زێنەب کناجی” و زیلان پەپوولە دا، هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بە بیر دێنینەوە و بە سۆز و بەڵێنی بەرز کردنەوەی ئاستی تێکۆشانمان لە هەرساڵ و بە پێشەنگایەتی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد هەوڵی درێژە دان بە فکر و فەلسەفەی ئەم هەڤاڵانە دەدەین و بەرەو شۆڕشی ژن هەنگاو دەنێینەوە. جارێکی تر سەری رێز و نەوازش لەبەردەم هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژن دادەنەوێنین و بەڵێنی هەتا سەرکەوتنی ئازادی کە ئامانج و خەیاڵی هەموو شەهیدانە دەدەین.

    کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان

    ٢٧/٠٦/٢٠٢٣



    کژار