• رۆڵی رۆشنبیران لە شۆڕشی نەتەوەییدا

    2 ئاب, 2022

    رۆڵی رۆشنبیران لە شۆڕشی نەتەوەییدا

    رێبەر ئاپۆ

    بەشی٣

    لێرەدا دەمەوێت بە بەرفراوانی لەسەر ئەم راستیە رابوەستم کە ئەگەر ئێمەش بمانەوێ لەسەر رۆمانی کوردی رابوەستین، ئەوا دەبێ ئێمە راستی کورد لەڕۆژی ئەمڕۆماندا، لەلایەنی مێژوویی، سایکۆلۆژی و هەموو لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵایەتیەوە بناسین . پێش هەموو شتێکیش ئێستا شەڕێک لەئارادایە، ئەگەر یەکێک ئەو شەڕەی کە لەکوردستاندا هەیە، لەهەموو روویەکەوە نەبینێ، دیسان بەسەدان گوند چۆڵ دەکرێت، بە هەزاران کەس بە دەستی بکەری نادیار بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن، بە ملیۆنان کەس کۆچبەر بوونە، ئەوانەی کەماون تینوو و برسین ، رووتن و مرۆڤی ئێمە لە رەوشێکدایە کە ئەگەر سایکۆلۆژی ئەوان و رەوشی کۆمەڵگای ئەوان لە هەموو روویەکەوە نەناسی، لەوەش زیاتر ئەگەر سووتاندنی ئەوان، کوشتنی ئەوان نەناسی، ئەوا تۆ ناتوانی رۆمان بنووسی. راستی کورد و راستی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گەلی کورد بەم رەنگەیە. خاڵی دووهەم ئەوەیە کە ئێستا شۆڕشێک و بەرخودانێکی شکۆمەند لە ئارادایە، هەروەها گەلێک خاڵی لاوازی هەیە، پێویستە رۆماننووس لێرەشدا هەتا دوایی لەسەر خاڵی لاواز رابوەستێ.

    ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستان رابوەتە سەر پێ و لە رابردوودا هیچ ئامادەکاری و بنگەیەکی پتەوی نەبوو، چەند گەنجێکی رووت و هەژار بوون و، ئەو کارەی کردووەیانە وەکو کاری هیچ شۆڕشێک نییە، هەندێک پێی دەڵێن: موعجیزە! هەندێک پێی دەڵێن: کاری پێغەمبەرە! هەندێکی تریش هەن پێی دەڵێن: کاری ستالینیزم! هەندێک پێی دەڵێن: کاری دیکتاتۆری! واتا هەرکەس ناوێکی لێدەنێ. با مرۆڤ ئەو پارتیەش بناسێ، ئەو شۆڕشگێڕانەی خۆیان سووتاند، ئەوانەی کە نازانن بەباشی شەڕ بکەن، هەتا لەسەر سەرۆکی ئەو پارتیەش رابوەستن، ئەو سەرۆکی چییە؟ پێویست ناکات ئەو شتانە بڵێم، چەند هەفتەیەک پێش ئێستا رۆژنامەنووسێکی ئینگلیز چۆتە گوندی ئێمە دەربارەی من پرسیاری لە خۆشکێکی من کردووە و وتویەتی؛ ئەو بە مناڵی چۆن بوو؟ بەڵام گەلێک نووسەری کورد هەن، هەتا ئێستا ئەو شتەیان نەکردووە، دەبینین نووسەرێکی ئینگلیزی دەچێتە گوندی ئێمە لەگەڵ خوشکی من گفتوگۆ لەسەر من دەکات، قسە و ئەو پرسیارانەی لێ دەکات، دیارە مرۆڤی ئینگلیز ئاقڵن! دەزانن ئەگەر بیانەوێ گەلی کورد بناسن، پێویستە من بناسێ و، ئەگەر بیەوێ من بناسێ، پێویستە گوند و خێزانی من بناسێ و هەندێک شتیان لێ بپرسێ. هەتا ئێستا ئەو شتانە بەیادی نووسەرانی ئێمەدا تێنەپەڕیون ، ئەوەش کەموکوڕیەکی مەزنە. گەلێک رۆژنامەنووسی تورک، گەلێک شتیان لە دایکی من پرسی هەتا رۆژنامەنووسی تورک چەند کتێبێکیشان نووسی، رۆمان بەو رەنگە دەنووسرێ بە رەنگێکی تر نانووسرێ، هەورەها گەلێک مەسەلەی دیکەش هەیە، ئەمانە هەموویان مەسەلەی ناوەڕۆکن، ئەگەر زۆر بەقووڵ و فراوانی ئەو شتانە نەناسی تۆ ناتوانی لە کوردی ئەمڕۆ تێبگەی، خودا ئاپۆی لە ئاسمانەوە نەناردوە، بەدەستی هیچ کەسێکیش دروست نەبووە، من ناڵێم ئاپۆ کەسێکی سەیر و سەمەرەیە و  شانی وایە باڵی وایە، بەڵام شتێکە کە رەنگە کەموکوڕی و هەڵەی خۆی هەبێت و لە گەلێک لایەنیشەوە باشی خۆی هەبێت، بە ملیۆنەها کورد وەکو پێغەمبەرێکی لەقەڵەم دەدەن! ئەوە راستیەکە کە تۆ ناتوانی نکۆڵی لێ بکەی، باشە چۆن دروست بوو، لاوازی گەلی کورد چیی بوو، بۆچی بەو شێوەیە خۆی بەو کەسەوە گرێداوە، ئەگەر تۆ ئەو شتانە نەناسی چۆن رۆمان دەنووسی، ژیانی ئێمە بۆ خۆی رۆمانێکە، بیست ساڵە ئەو رۆمانە دەخوێندرێتەوە، تەماشا دەکرێ، چرکە بە چرکە کاریگەری نەک تەنیا لەسەر ژیانی گەلى کورد بەڵکو لەسەر ژیانی گەلانى عەرەب، فارس و تورک و تەنانەت هی ئەوروپاش دروست دەکات. با مرۆڤ لەسەر هەموو ئەمانە رابوەستێ، بەڵێ بنەگەی مێژوویشی هەیە، لەکوێوە هاتوومەتە گوندی ئەممارە، مانای گەوندی ئەممارە چییە، چۆن بە کوردایەتیەوە گرێدراوە، ئەگەر تۆ ئەو شتە نەناسی ناتوانی رۆمانی کوردی بنووسی. من باش بم یان خراپ ئەمەیان شتێکی ترە، بەڵام ئەگەر تۆ نووسەرێکی بەتوانای ئەوا دەبێ بە ئەندازەی رۆژنامەنووسێکی ئینگلیز، لەسەری رابوەستی.

    گەلێک خاڵی بەم رەنگە هەیە، دەبینم رۆشنبیر و نووسەری کورد لەسەر ئەم راستیانە راناوەستن. لەیادمە سیاسەتمەدارێکی کورد دەیگوت؛ بۆ ئاپۆ خاوەنی عەشیرەتە، کوڕی کێیە؟ پێویستە مرۆڤ هیچ باسیشی نەکات. ئەمە بۆچوونێکی راست نییە و ئەو شتەی کە دروست بووە رێگا بەوە نادات، پێویستە مرۆڤ واز لەمانە بهێنێ.

    دیسان دەڵێم مەسەلە من نیم، منیش تەنگەتاو دەبم و ئازار دەچێژم، ژیان و شەو و رۆژی من نەماوە، بەڵام دیسان ناچارم ئەو ژیانە بەردەوام بکەم و من بۆخۆم خۆم بە سەرۆک هەڵنەبژارد، هەروەها خۆشم بە سەرۆک رانەگەیاند، پێم دەڵێن یان سەرۆک یان سەرۆک، پێویستە ئێمەش خۆمان بناسین، بزانین سەرۆکایەتی چییە؟ من وەڵامی ئەو شتە دەدەمەوە یان نا؟ چۆن سەرۆکایەتی بکەم؟ پێش من پێویستە نووسەران ئەو شتە بڵێن، بڵێن ئەی ئەو کەسەی ناوت بە سەرۆک دەرکەوتووە؛ تۆ بێ ئەزموونی لە فلان مەسەلە وریا بە. بەو رەنگە خۆت سیاسی بکە، خۆت وەها بپارێزە رەوشی گەلی کورد بەم رەنگەیە. گەلی کورد فلان شتی دەوێ، ئەمڕۆ وا باشە، یان باش نییە، کێ تائێستا ئەو شتانەی گووتووە، ئەگەر ئەو شتانە بڵێن مرۆڤ دەتوانێ گەلێک سوودی لێ وەربگرێ، بەڵام ئەگەر تۆ بڵێی “نەمبینی و نەمبیست و شتێکی وەها نەبووە” ئەوە بۆچوونی نکۆڵی کردنە و هیچ سوودێک نابەخشێ. لەبەر ئەوە دەڵێم ئێستا گەلێک هەل و دەرفەت بۆ رۆشنبیران هاتۆتە ئاراوە دەرفەتی هەرە گەورەش ئەوەیە کە شۆڕشی ژیان بەردەوامە، دوژمنی کورد ئاشکرایە، گەلی کوردیش لە بەرخودان دایە. رۆمان رۆمانێکی شۆڕشگێڕیە بە شێوەیەکی دیکە زەحمەتە، دەتوانیت رۆمانێک بنووسی باسی حەفتا ساڵ پێش ئێستا بکەی، بەڵام ئەوە دەبێتە رۆمانێکی مێژوویی، ئەگەر دەتەوێ رۆمانێکی کۆمەڵایەتی و هاوچەرخ بنووسی، پێش هەموو شتێک دەبێ رۆمانی شۆڕشگێڕی بنووسی. بۆ ئەو رۆمانەش بناخەیەکی زۆر قووڵ و فراوان هەیە. تەماشای ئەو گەلانە بکەن کە بە قۆناخی شۆڕشدا تێپەڕ بوون، رۆمانی ئەوان چۆن نووسراوە، با بەهەمان شێوە ئێمەش لەسەر رۆمانی خۆمان بنووسین. مەسەلەی زمان زێدە گرنگ نییە، مرۆڤ دەتوانێ بە زمانی تورکی و عەرەبیش بنووسێ، بەڵام زمانی کوردی سەرەکیە، ئەگەر یەکێک بڵێ؛ بەبێ زمانی کوردی رۆمان نانووسرێ، ئەو بۆچوونە زێدە لەجێگای خۆیدا نابینم، بۆ نمونە گەلێک رۆماننووس هەن کە لە گەلانی دیکەن، بەڵام بە زمانی روسی، ئینگلیزی و فەرەنسی گەلێک رۆمانی مەزنیان نووسیوە. ئەوانە نووسەری گەلانی خۆشیان بوون، کاریگەریان لەسەر گەلانی خۆیان بەهێز بوو. خاڵێکی دیکە هەیە، کە زمانی کوردی لە راستیدا هێشتا نەبۆتە زمانێکی نەتەوەیی. ئێمە گەلێک دەخوازین کە ئەم زمانە ببێتە زمانێکی نەتەوەیی و هەموو کوردان لێی تێبگەن، بەڵام ئەمەش پێویستی بە کات هەیە و هەروەها ئەمەش پێویستی بە شۆڕش هەیە. سەربەخۆیی سیاسی و ئازادی کۆمەڵایەتی پێویستە. واتە ئەوە مەسەلەیەکی درێژخایەنە. دیسان مرۆڤ دەتوانێ بە زاراوەی سۆرانی، کرمانجی، هەتا زاراوەی زازاکی هەندێ شت بنووسێ، ئێمە دژی ئەمە نین. بەڵام ئەگەر مرۆڤ بەزمانی بیانی رۆمانی کوردی بنووسێ شتێکی هەڵە نییە.

    لە راستیدا نەمزانی بوو کوردێک هەیە، کە لە سەمفۆنیادا بە شێوەیەکی وەها مەزن رۆڵ ببنێ، زۆر بەوە دڵ خۆش بووم ئەو شتەی کە وتم راستە مەرج نییە، رۆشنبیر و هونەرمەند بەتەواوەتی لە خزمەتی شۆڕشدا بن. هەموو کاتێکش هونەرمەند و رۆشنبیر بێ شۆڕش نابێ و شۆڕشیش نەبێ کاری ئەوان نابێ. راستی بۆ گەلێک گرنگە و بە بەردەوامی مرۆڤ بەهۆی ئەوەوە ئەو گەلە دەناسێ و هونەر و رۆشنبیری گەلیش لێرەدا دەردەکەوێت.

    ئایا ئێستا هونەرمەندانی کورد لە گۆرانیەکانیاندا سەمفۆنیایەکی بەهێزیان دروست کردووە؟ نازانم ئەو مامۆستا چەند سەمفۆنی کوردی دەربارەی کولتووری کورد داناوە! پێویستە هەموو بوارەکانی رۆشنبیری کورد وەرگێڕێتە سەر زمانی مۆسیقای جیهانی. تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە، هێشتا لە سەرەتای خۆیدایە. شۆڕش لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی بە هونەر هەیە. شۆڕش بەخۆی هونەرە، بەڵام هونەری سەمفۆنیا رۆڵی لە شۆڕش کەمتر نییە، ئەگەر دروست ببوایە، ئەوا کارێکی زۆر مەزن دەبوو بۆ گەلی کورد. بێگومان دەبێ بە باشی لەسەر ئەوەی کە چۆن کولتووری کوردی بخەینە نێو قاڵبی سەمفۆنیایی، یاخود چۆن وەریگێڕینە سەر زمانی مۆسیقای جیهانی، رابوەستین. ئەگەر مۆسیقای گەلی کورد بە مۆسیقای گەلانی جیهانەوە گرێبدەین، ئەوا هەنگاوێکی مەزنە و پێویستیشە. ئەگەر هەندێ هونەرمەندی کورد ئەو شتە بکەن، ئەوا هەرگیز ناتوانین بەوانە بڵێین: لە شۆڕش و گەلی کورد دوورن، بەپێچەوانەوە ئەوان گەلی کورد مەزن دەکەن، دەیگەیەننە ئاستی گەلانی جیهان، ئەمەش کارێکی زۆر پێشکەوتووە. من بە قووڵایی لەمە تێدەگەم و هەستی پێدەکەم. بەڵام دیسان شتێکی دیکە هەیە کە ئەگەر یەکێک بیەوێ سەمفۆنیایەکی بەهێز بنووسێ، دەبێ پەیوەست بێ بە رەوشی گەلەوە. لە ئەوروپادا هونەر زۆر پەیوەندیەکی پتەوی بە هەڵسوکەوتی گەلەوە، هەیە. هونەرمەندانی ئەوروپا لە دڵ و مێشکی گەلانی خۆیاندان. ئەوانە بۆخۆیان روح دروست دەکەن، سەمفۆنیاکانی ئەوروپا رۆحی گەلانی ئەوروپایە. تا دواڕادە بەدروست بوونی ئەو گەلانەوە گرێدراوە. ئێمە چۆن ئەو رۆحە دروست بکەین، لە راستیدا هەروەکو چۆن مەسەلەی کورد گرێکوێرەیە، ئەوا مۆسیقاکەشی گرێکوێرەیە. پێویستە ئەو گرێکوێرەیە بکرێتەوە، هەروەکو چۆن شۆڕش گرێی سیاسی، کۆمەڵایەتی و..هتد دەکاتەوە، بەهەمان شێوە گرێی مۆسیقاش دەکاتەوە.

    تەماشاکەن هەرچەندە مۆسیقای سەرەکی و بەناوبانگ دروست بوون هەموویان بە مەسەلەی نەتەوەوە گرێدراون، هەتا ئەو سروودانەی کە لە فەرەنسادا دروست بوون، هەروەها گەلێک شتی دیکە هەن بەو رەنگە بەپتەوی بە شۆڕشەوە گرێدراوە. ئەمە لە هونەرمەندی ئێمە دەخوازرێت. ئێستا هەندێک سروودی کوردی دروست بوون، بەڵام ئەوانە بەس نین. گۆرانیەکانی ئێمە هەتا ئێستا کلاسیکن، نە لە رووی شێوە و نە لە رووی ناوەڕۆکەوە بەگوێرەی قۆناخ دروست نەبوون. تەنانەت بەگوێرەی زمانی مۆسیقای جیهانیش دروست نەبوون. ئەگەر هەل و دەرفەت هەبێ دەبێ مرۆڤ بەگوێرەی قۆناخ نوێ بوونەوە ئەنجام بدات. ئێستا هونەرمەند “جوان حاجۆ” دەیەوێت هەندێ شتی نوێ دروست بکات، ئەوەش شتێکی بە نرخە، مرۆڤ ناتوانێ بڵێ مادام ئەوشتە دوورە باش نییە، نەخێر جێگای ئەویش هەیە لە کلاسیکەوە. مرۆڤ دەتوانێ بەو زمانەش مۆسیقای کوردی گەلێک فراوان بکات و بەخەڵکی بناسێنێ. بێگومان لەو باوەڕەدام مۆسیقای کوردی دەرفەتی زۆر دەداتە مرۆڤ بۆ دروست کردنی سەمفۆنیا. دەربارەی شۆڕشیش بە بەردەوامی دەڵێم ئەو شۆڕشەی کە ئێستا لە کوردستاندا بەڕێوەی دەبەین بۆخۆی هونەرە و لەهەموو هونەرێکیش زیاتر نزیکی هونەری مۆسیقایە. گەلی کورد بە مۆسیقای خۆی ماوەتەوە، لە بوارەکانی دیکەى وەک نووسین، چیرۆک، رۆمان، نیگارکێشان و…هتد، گەلێک دواکەوتووە، بەڵام گەلی کورد لە رووی هونەری مۆسیقاوە بەهێزە، مرۆڤ دەتوانی لەم گۆڕەپانەدا گەلێک پێشکەوتن بئافرێنێ. ئەگەر تواناکاری هەیە با هونەرمەندانی کورد گۆرانی کلاسیکی بڵێن، هاوکات دەتوانن بەزمانی مۆسیقای جیهانیش سەری کوردان بڵند بکەن و لە گەلێک بواردا گەلێک پارچە بەشێوازی مۆسیقای جیهانی بڵێن. مۆسیقای کورد بناخەیەکی پتەوی هەیە. پێویستە هونەرمەندان بە مۆسیقای جیهانیەوە گرێبدەن و زمانی مۆسیقای جیهانیش بە زمانی مۆسیقای کوردیەوە گرێبدەن.                 



    کژار