• تاگەکان: ,

    مێژوو لە حەوزی دجلە – فوراتدا

    11 تشرینی دووه‌م, 2022

    ئورفا سیمبۆلی پیرۆزی و نەفرەت

    رێبەر ئاپۆ

    بەشی یەکەم

          گووتەی ” مێژوو لە سۆمەرییەکانەوە دەستپێدەکات” پەیڤێکی راستە. بەڵام مێژووی سۆمەرییەکانیش لەو شۆێنانەوە دەستپێدەکات کە رووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانی لێ هەڵدەقوڵێت. ئەم شوێنەش میزۆپۆتامیای سەرووە. میزۆپۆتامیاش لەو دەشت و کوێستان و بەرزاییانەی نێوان زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس ـ تۆرۆس پێکدێت. ” مەملەکەتی بەرزاییەکان”: لەسەرووی هەمووشیانەوە سۆمەرییەکان و چەندین گەلی دیکە لەو کاتەدا ناویان لەمەملەکەتە بەرزەکان ناوە، “گوندوانا” و ” کاردوانا = ئۆرارتۆ”شیان پێگوتووە. دواترین لێکۆڵینەوە زانستییەکان کە لەوبارەیەوە ئەنجامدراون نیشانیدەدەن کە گونجاوترین هەلومەرجی جوگرافی لەبار بۆ شۆڕشی کشتوکاڵ و ماڵیکردنی یەکەمین جۆرەکانی ئاژەڵ، لەم شوێنانە پێکهاتووە.

    سەبارەت بەجۆرەکانی رووەک و دانەوێڵە و ماڵیکردنی ئاژەڵان، ئەم شوێنانە کەلتووری هەرە دەوڵەمەند پێکدێنێت. کەشوهەواکەی تایبەتمەندی ئاودێری سروشتی هەیە. ئەم شوێنە هەم لەبواری کۆکردنەوەی خواردەمەنی، هەم لەبواری نێچیروانی و بوونی بەشوێنی کۆبوونەوەی یەکەمین جۆرەکانی مرۆڤ، سەرچاوەکەی بۆ ئەم رەوشە لەبارەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە. یەکەمین گروپەکانی مرۆڤ، کە شیمانە دەکرێت ملیۆن ـ ملیۆن و نیوێک ساڵ بەرلەئێستا لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا دەرکەوتبن، کاتێک هاتوونەتە رۆژهەڵاتی ناوین، ئەم جوگرافیایەیان وەکو گونجاوترین گۆڕەپانی ژیان بینیوە. ئەم شوێنەش پێبەپێ بووەتە جێگایەکی هەمیشەیی ژیان. لەم بارەیەوە هیچ گۆڕەپان و شوێنێکی تر وەکو ئەم جێگایە لەبار نەبووە. لەتەواوی قۆناخەکانی سەهۆڵبەندان و ماوەکانی نێوانیان، بەتاقیکردنەوە سەلمێنراوە کە ئەم جوگرافیایە لەجیهاندا گونجاوترین شوێنی ژیان بووە.

          بیست هەزار ساڵ بەرلەئێستا لەگەڵ کۆتاییهاتنی دوا قۆناخەکانی سەهۆڵبەندان، چاخی میزۆلیتیک دەستپێدەکات، کە دەکەوێتە نێوان هەردوو چاخی بەردینی کۆن و نوێ. لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا لە ناوچەکەدا چەندین ئاسەوار هەن کە بۆ ئەو چاخانە دەگەڕێنەوە. لە کاتێکدا (12)هەزار ساڵ بەرلە ئێستا ئەم چاخە کۆتایی هاتووە، چاخی نیۆلیتیک دەستپێکردووە. وەکو دەرکی پێدەکرێت وشکاییەک لەو سەردەمەدا روویداوە، رۆڵێکی گرنگی لەم گۆڕانکارییەدا بینیوە. بەهۆی زیادبوونی ئەزموون و ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی بەسەر کەشوهەوادا هاتووە، لەسەر بنەمای پێگەیاندنی دانەوێڵە و رووەک و ماڵیکردنی ئاژەڵ گەورەترین شۆڕشی مرۆڤایەتی ئەنجامدەرێت. پاشماوەی شوێنەواری ئەم شۆڕشە کۆنترین مێژووی بۆ (11)هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. پاشماوەکانی ئەم شۆڕشە لەتەواوی ئەو ناوچانەی کە حەوزی دیجلە ـ فورات لەگەڵ شاخەکان بەیەکتری دەگەیەنن دەبینرێن. کۆنترین سیستەمی نیشتەجێبوون لە ناوچەی ئورفا هەڵکەوتووە. شوێنەکانی وەکو (نەوالی چۆلی و گردی گۆبەکلی) کە دەڵێین یەکەمین شوێنەکانی نیشتەجێبوونە، مێژووەکەشی بۆ یازدە هەزار ساڵ پێش زایین درێژ دەبێتەوە. هەروەها ئەوەش سەلمێنراوە کە یەکەمین شوێنی نیشتەجێبوونی خاوەن پەرستگان.

          بەقورسایی ئورفا (ئامەد و ماردین)ی ئەمڕۆ و شارە دراوسێکانیان ناوەندی ئەم چاخەن. ئەو زورگ و گردۆلکانەی لەکاتی رێبوارێتی ئاسایی بە ناوچەکەدا چاوت پێیان دەکەوێت، گەنجینەیەکی مێژوویی بێهاوتان، تاوەکو ئێستا بەسەدان گردۆلکەی لەم چەشنە چاوەڕوانی کۆڵین و لێکۆڵینەوەن. لەم شوێنەدا کاروخەباتێکی هەستیارانەی شوێنەوارناسی، دەتوانێت داتاکانی یەکەمین شۆڕشی مەزنی مرۆڤایەتی بدۆزێتەوە. ئەم رەوشە بەگشتی بۆ نائاساییبوونی ناوچەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ هەلومەرجی گونجاوی جوگرافی ناوچەکەی دەگەڕێتەوە.

          گونجاوترین رووەک و دانەوێڵە بۆ کشتوکاڵ، ئاژەڵی لەبار بۆ ماڵیکردن، هەم لەناوچە شاخاوی هەم لە دەشتەکاندا بەزۆری پەیدا دەبن. ئەشکەوتە سروشتییەکانیش لەڵایەنی ئاسایشەوە گونجاوترین و یەکەمین شوێنەکانی نیشتەجێبوون بوون. لەهەموو شوێنێک زێی گەورە و لقەکانی و سەرچاوەکانی ئاو دەبینرێن. کاتێک ئەم دەرفەتانەی باران و ئاودێری لەگەڵ تواناکانی رووەک، دانەوێڵە، ئاژەڵ و نیشتەجێبوون ببنە یەک رەوشێکی نموونەیی دێتە ئاراوە. ئەم تایبەتمەندیانە وایکردووە ناوچەکە ببێتە ڵانکەی مرۆڤایەتی. پێشکەوتنی کشتوکاڵ، لەگەڵ خوَیدا ژیانی نیشتەجێی گوند دێنێت. بەجۆرێک لە جۆرەکان شۆرشی گوند بەرلە شۆڕشی شار ئەنجامدراوە. ئەم شۆڕشە رێگای لەبەردەم گۆڕەپانێکی مەزنی جیهانی رۆحی و زیهنی مرۆڤ کردەوە.

          خۆراکی زۆر، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و پێشکەوتنی شوێنی نیشتەجێبوون، بەرچاوترین ڵایەنەکانی مێژووی ئەم ناوچەیەن. کەلتووری کشتوکاڵی نیوَلیتیک ئەوەندە ریشەکانی خۆی داکوتاوە، تەنانەت تاکو ئێستاش کاریگەرییەکانی لەزیهن و رەفتارە سەرەکییەکانی مرۆڤدا ماوە. کەلتووری دایکساڵاری بۆ ماوەیەکی درێژخایەن تێیدا ژیاوە. کشتوکاڵ و ماڵیکردنی ئاژەڵ بەشێوەکی بنەڕەتی لەدەوروبەری ژندا پێشکەوت. هەروەها ژیانی جێنشین هەرە زێدە بۆ ژن پێویستە. بەخێوکردنی منداڵ، کەلتووری کێڵگە و پەرژین، نیشتەجێبوون زیاتر دەکاتە پێویستی، ئەم هەلومەرجانەش رۆڵی ژن گەورەتر دەکات، کەلتووری خوداوەندە ژن دەڕەخسێت. هێما (وێنە) یەکەمینەکانی خوداوەند پیاوانە نەبووە، بەڵکو ژنانەبووە. زمانی گفتوگۆ مێیینە بووە. یەکەمین ژنە خوداوەند ئەستێرەیان بۆ کردۆتە هێما. گووتەی ” ستار” بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. ووشەی ستار لە ئەستێرەوە وەرگیراوە. یەکەمین پەرستگای ئەم خوداوەندانەش لە گوندەکاندا ئاواکراوە. پاشماوەی ئەم پەرستگایانە لەشوێنە ئاسەوارییەکاندا بەرچاودەکەوێت.

          ناوچەی ئورفا یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی ئەم شۆڕشە. شوێنگەی نموونەیی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، لەساڵانی (10)هەزار پێش زایین بەمڵاوە کردوویەتییە ئەو شوێنەی کە بەدرێژایی ئەم چەرخە مێژووییانە رۆڵ و پێگەی ڵانکەی هەبێت. بەسەدان تەپۆلکە و ئەشکەوتی کەنار ئاو، بەهێزی و لەباربوونی بۆ نیشتەجێبوون نیشاندەدات. سیستەمێکی بەمجۆرەی نیشتەجێبوون، لەهیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نادۆزرێتەوە. دەتوانرێت بگوترێت ئورفا و ناوچەکانی دەوروبەری ناوەندی چاخی بەردینی نوێ (نیوَلیتک)ن کە (10)هەزار ساڵ بەردەوامبووە. هەروەکو چۆن ئەوروپا ناوەندی سەردەمی سەرمایەدارییە، کە ئەویش ئینجا پێنج سەد ساڵێک بەردەوامبکات. بەسەربردنی درێژترین ماوەی سەردەمی جێنشینی مرۆڤایەتی لەم ناوچەیە وایکردووە کە لەمێژووی دواتردا ئاساوارەکانی دیاربێت و نەسڕدرێتەوە. مێژووی سۆمەر و میسر بەردەوامییەکی سروشتیانەی مێژووی ئەم ناوچەیەن. دوای ئەوەی مرۆڤ لەم ناوچانە نیشتەجێبوو، هێزی کشتوکاڵا، ئاژەڵداری، تەکنیک (ئامراز)، زانست، ئایدیوَلۆژی و بەڕێوەبەرایەتی تاقیکردەوە، ئینجا بەرەو خوارتر بۆ زەوییە لیتاویی و بەپیتەکان و کەناری ئاوەکان شۆڕبوونەتەوە. شوێنەوارە مێژووییەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەو کەلتوورەی بۆ سۆمەر و میسر چووە لەم ناوچانەوە سەرچاوەی گرتووە. بەهەرحاڵ شۆڕشی کشتوکاڵ نابێت لە بیابانەکانی ئەفریقیا و عەرەبستان سەرهەڵبدات. هەروەها بۆ دەستپێکردنی یەکەمین شوێنەکانی نیشتەجێبوون لەکەناری رووبار و هۆرەکاندا کەلتووری دانەوێڵە و رووەک و ئاژەڵداری جێگای باس نەبوو. ئەم راستینەیەش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە بۆچی سەردەمی دەسپێکردنی مێژوو لە حەوزی دیجلە ـ فورات، بەتایبەتیش لەناوچەکانی ئورفا و دەوروبەری بووە.

      دیسان پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە، ئەم چاخە؛ چاخی کشتوکاڵا، ماڵیکردنی ئأژەڵ، رواندنی درەخت، ئاواکردنی گوند، دروستکردنی پەرستگا و جێگیرکردنی یەکەمین هێمای خوداوەندی ئاسمان بووە. ئەو چاخە بووە گەواهی کۆمەڵگای دایکساڵاری دەوروبەری ژن و لەدایکبوونی هێزی کەلتووری ژن. کاریگەری ئەم چاخە لەسەر مرۆڤایەتی تاوەکو رۆژگاری ئەمرۆمان ماوە. کەلتووری دایکایەتی، ئاژەڵداری و کشتوکاڵ لەکوێ و چەندە بەکاریگەری بێ، مۆری رەسەنی شوێنی سەرهەڵدانی ئەو چاخە لەخۆوە دەگرێت. ئەم یەکەمین شۆڕشەی مێژوو شەپۆل بەشەپۆل لەهەموو شوێنێک بڵاوبووەوە و شوێنپەنجەی خۆی لەسەر بەجێهێشت.

    ئۆرفا وەکو ناوچە ناوەندی ئەو سەردەمە بوو، پێویست دەکات هەندێک زاراوەی وەکو مێژوو، پیرۆزی و نەفرەت بەقووڵی روونبکرێنەوە و بناسرێن و شیبکرێنەوە، لەدەرئەنجامی ئەوەشدا دەگەینە ئەو رۆشنگەرییە زیهنییەی کە پێویستە ببێتە بناخەی رێنسانسی رۆژهەڵاتی ناوین. هەروەکو ئاماژەمان پێکرد مێژوو بەسۆمەر و میسر دەستپێدەکات، بەڵام میسر و سۆمەریش دوای شۆڕشی کشتوکاڵی ئەم جوگرافیایە دەستپێدەکەن. تەنانەت دوای ئاوابوونی ناوەندەکانی شارستانیش، وەکو یەکەمین هێماکانی شارستانی رێگا و کاروانەکان لەنێوان ئەم ناوچەیە و ناوەندەکانی شار دەکەوێتە کار. تەواوی ئەو تەکنیک (ئامراز) و هزرانەی کە رێگایان لەپێش شارستانی کردەوە، لەسەر ئەم رێگایانەوە بەرەو سۆمەر و میسر، دواتریش هەنگاو بەهەنگاو بەرەو باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا رۆیشتووە و بڵاوبوَتەوە. تەواوی بەڵگە مێژووییەکان نیشانیدەدەن ئەگەر نزیکەی (10)هەزار ساڵ پێش زایین بەبنەما بگرین، ئەوا ماوەی نێوان هەزار ـ دوو هەزار ساڵ لەم ناوچەیەوە بۆ هەرچوارڵا بڵاوکردنەوە و نیشتەجێبوونێکی راست جێگای باسە. لە شەش هەزار ساڵ پێش زایینەوە دەستپێدەکات، چاخی کشتوکاڵ بەباشترین شێوە پێگەیشت و بەدەزگا بوو، بەکەلتووری (تەل خەلەف) ناوبرا. نزیکەی دوو هەزار ساڵ دوای ئەم قۆناخە یەکەمین سەرەداوەکانی شارستانی سۆمەر و میسر بەدەرکەوتن. لەساڵانی (3ـ 4)هەزاری پێش زایین سۆمەر، دواتریش میسر لەدایک بوون. سەرجەم کەلتوور و بەهاکانی شارستانی لەکەوانەی ناوەوەی سیستەمی زنجیرە چیای (زاگرۆس ـ تۆرۆس)ی میسۆپۆتامیای سەروو بۆ ئەوێ دەگوازرێتەوە.

          نزیکەی ماوەی (1000) ساڵ دوای بڵندبوونی شۆڕشی شار و شارستانی سۆمەر، یەکەمین کۆلۆنییەکانی خۆیان لە میسۆپۆتامیای خواروەوە بەرەو “مەملەکەتی بەرزاییەکان” بڵاوکردەوە. {ئورفا، هەڕان (حەڕان)، کارگامێش و سامسات} بەیەکەمین ناوەندە گرنگەکانی کۆلۆنی مێژوویی ناسراون. خودی ئورفا جوگرافیاکەی پڕە لە تەپۆلکە و لە کەناری ئاویشدایە. دەریاچەی (خەلیل رەحمان) لەم سەرچاوەیەوە دێت. ئاو و رەحمەت بەهەمان واتا دێن، هاوواتابوونی نێوانیان جێگای باسە. بەمجۆرە دەربازبوون لەچاخی گوندەوە بۆ چاخی شار دەستپێدەکات. هەربۆیە سەردەمی مێژووی نووسراوی ئورفا و دەوروبەری، لەساڵانی (2000)ی پێش زایینەوە دەستپێدەکات. لەمەبەدواوە بەسانایی دەتوانرێت میژوو ریزبەند و پۆلێن بکرێت؛ واتە بەگوێرەی بەشەکانی (کات = زەمان) دەستیشانبکرێت. ئیتر بەشێوەیەکی ساناتر دەتوانرێت روونبکرێتەوە کەهەر سەردەمێک گوزارشت لەچیدەکات.

          مێژوو لەسەرەتایی خۆیدا شاراوەیە. ئەوانەی سەرەتاکەی شیکارینەکەن، لەهۆکاری گشت کارەساتەکاندا جەهالەت جێگیر دەبێت. بۆ مرۆڤایەتی رەوشێکی وەها سانایی نییە کە ڵانکەکەی پشتگوێ بخرێت. کام مرۆڤ دەتوانێت بڵێت من لەڵانکەدا گەورە نەبوومە؟ ئەگەر بڵێن نەخێر، ئەو کاتە تاکو رۆڵی ڵانک (بێشک)ە دەرکی پێنەکرێت و مافی خۆی پێنەدرێت، ئەوا بەها و راستی مرۆڤایەتیش دەرکی پێناکرێت. دایکێک بەهەزارن ساڵ تۆ لە بێشکەکەی خۆیدا مەزن بکات، دوایی توَ بڵێی ” ئەوە رابردووی من نییە، من بەهایەکی کۆمەڵگای چینایەتی شارەکانم، تەنیا ئەمە من پەیوەندیدار دەکات”! ئەو کات ئەوەیان مێژووی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکو دەبێتە مێژووی چینایەتی. سەردەمی بێشکە تەنیا قۆناخی گریان و داواکردنی شیر (مەمە) نییە، قۆناخی سەرەتای ئاشنابوونە لەگەڵ زمان، هزر، رۆیشتن، ناسینی سروشت و کوَمەڵگا. قۆناخێکە بەهەموو بێگەردی خۆیەوە، بەبێ سەرکوتکردن و چەوسانەوە، بەبێ پەنابردنە بەردزی، ژیان تەنیا لەمیانەی پشتبەستن بەڕەنجەوە ناسراوە و گەشەیکردووە. لە جوگرافیاکەماندا مێژوو بەمجۆرە دەستی پێکردووە و مسۆگەر ئەمەش ناوەڕۆکەکەیەتی.

          کەواتە لە بێشکەی خوَمانەوە دەستپێکردنی بارکردنی مرۆڤایەتی بەبەها سەرەکییەکانەوە راستە و لەجێگای خۆیدایە. “مسۆگەر پێویستە هیچ گومانێکمان لەوەدا نەبێت کە بناخەکانی مرۆڤایەتی ڵای ئێمەیە، لەم ڵایەنەوە دەبێت بڕوامان پتەوبێت”. مێژووی چینەکان دواتر نووسراوە: ئەم مێژووەش بەناوی، کەس، خانەدان(بنەماڵە) و ناسنامە خودای (ئیڵاهی)یەکان نووسراون. ئەم مێژووە لەجیاتی راستییەکان، کەوتووەتە نێو درۆ و مێژوویەکە زۆر رووبەر و پانتایی داپۆشیوە. بڕوا نەکردن پێی رێزگرتنە، لەبەرامبەر مێژووی راستەقینە. کاتێک ئورفا و مێژوو لەگەڵ یەکتردا بەراورد بکرێن، ئەم راستی و ناکۆکییە بەزەقی دەبینرێت و ئاگادارمان دەکاتەوە، کە تاوەکو ئێستا لەدوروبەری ئورفا بەم دوو شێوازە مێژوو دەخوڵقێت (دەنووسرێت): ئەو مێژووەی مرۆڤە راستین(رەسەن)ەکان بەڕەنجی خۆیان خوڵقاندویانە، لەگەڵ ئەو مێژووەی کە کەسانێک دێن لەرێگای فشار، هەزارویەک فرت و فێڵ، درۆ و تەڵەکەبازییەوە دەستی بەسەردادەگرن. لەبەرئەوەشە ئەم ناوچەیە هەرەزێدە بەهۆی ئەم مێژووەوە نەیتوانیوە مێشک و هزری خۆی بکاتەوە. چونکە لەگەڵ کۆمەڵگای چینایەتیدا مێشک کوَیلە کراوە و بووە بەخۆڵەمێش و گەچ کراوە. کەواتە تاوەکو ئەمە بەشێوەیەکی راست شیکاری نەکرێت، ناتوانین کردەی بیرۆکەیەکی راست پەیڕەو بکەین.

          کاتێک باسی ئورفا دەکرێت بیرۆکەیەکی دیکەی سەرەکی کە پێویستی بەشیکاریکردن هەیە، “پیرۆزی”یە. پیرۆزی چییە؟ پەیوەندی لەگەڵ ئەم ناوچەیە چۆن سەریهەڵداوە؟ دیسان سەرچاوەکەمان سۆمەرە. ئەم ووشەیە لە زمانی سۆمەریدا ” کاوتا” ی پێدەڵێن، کە بە واتای “خۆراک” دێت. خۆراک (خواردەمەنی) هەموو شتێکی سوودمەندە کەلە رێگای ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە بەدەستدێت. خۆراک لەژیانی سەرەتایی مرۆڤدا وەکو ئەفسون (جادوو) پێشوازی لێکراوە. چونکە مرۆڤایەتی لەڕێگای خواردنەوە درێژەی بەژیان داوە. بەگوێرەی ئەوەی هیچ شتێک وەکو ژیان بەهادار نییە، ئەوا هیچ شتێکیش وەکو خۆراک بەهادار نییە، کە درێژە پێدەری ژیانە. هەر شتێک بەواتای بەهایەکی مەزن بێت بۆ تەواوی مرۆڤایەتی شکۆدار دەکرێت، دەکرێتە تابۆ و ئیڵاهی و پیرۆز دەکرێت. پیرۆزی ئەو ناسنامەیەیە کە شایستەی شتە گرنگەکانی درێژە پێدەری ژیانی مرۆڤایەتی دەبینرێت. بەگوێرەی ئەوەی لەدرێژەدان و بەردەوامکردنی ژیانی مرۆڤایەتی خۆراک بەهادارترین شتە، ئەوا بوونی بەشتێکی پیرۆز مەسەلەیەکە دەرکی پێدەکرێت. لێرەشدا پێشەنگەکانی سۆمەر زۆر بەچاکی بوویەرەکەیان دەستنیشان کردووە و ناویان لێناوە.



    کژار