کاتی ئەوە هاتووە شۆڕشی ژنان بپارێزین
30 ئهیلول, 2022ژنان بە تێکۆشانیان لە سەدەی بیست و یەکدا ئازادی ژنان و مرۆڤایەتی مسۆگەر دەکەن. ژنان ئێستا مێژووی ئازادی خۆیان دەنووسنەوە و لە ڕێگەی تێکۆشانیانەوهەموو ئەو دیوارانەی عەقڵییەتی رەگەزپەرست کە بۆیانی دروست کردووە دەڕوخێن و شۆڕشی ژنان و ئازادیی گەل مسۆگەر دەکەن. تووڕەیی و ڕق و کینەی دەیان ساڵی ژنان لە دژی ڕژێمی داگیرکەر، ئەمڕۆ بۆتە دەنگی هاواری ئازادی. بۆتە دەنگی شۆڕشی گەلان. ڕاپەڕینی گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوە، کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزم، رەگەزپەرەست و ئایین پەرەست دامەزراوە. ساڵانێکە گەل و باوەڕی بوونەتە قوربانی عەقڵیەتی فاشیست و قۆرخکاری ڕژێمی داگیرکەری ئێران. ئەو کارە بوێرانەی شلێر رەسولی، ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتی دەستدرێژیکار بوو. بانگەوازیەک بۆ خاوەندارێتی بەهاکانی کۆمەڵگا بوو. کوشتنی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی دڕندانە لە ناوچوونی ڕژێمی هەژموونی دەست پێ کرد. ئەو ژنەی بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بوو بە هێمای یەکگرتنی گەلان و هۆکاری بەرزکردنەوەی خەبات بۆ ئازادی لە دژی هەموو جۆرە دەستدرێژی و زوڵمێکی داگیرکەرانە. ژنان بە تێکۆشانیان نیشانیان دا کە ژیان بەبێ ژن و بەبێ ئازادی نابێت. خاوەن دەرکەوتن لە ژینا ئەمینی، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، تێپەڕبوونی پرۆسەیەکی نوێی گۆڕانکاری و وەرچەرخان بوو.
ڕژیمی ئیسلامی هەر لەو ڕۆژەوەی هاتە سەر دەسەڵات دەستی بە کوشتن و دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانی خەڵک کرد. بوو بە ماشێنی سێدارە بۆ خەڵک و زیاتر لە دیکتاتۆرەکانی پێشوو، خەڵک و بە تایبەتی ژنانی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا میلیتاریزە کرد و پێی وابوو بە برسیکردنی کۆمەڵگا و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی سەردەکەوێت. بەڵام ئەمە تەنها خۆ هەڵخەڵەتاندنێک بوو. سیستەمێک کە نەتوانێت چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکات، لە ناخەوە دەڕزێت و بە تێپەڕبوونی کات بە ڕیگایەک جگە لە بڵاوبوونەوە و داڕمانی بۆ نامێنێتەوە. لەو شوێنەی کە ژن و گەنجی تێدا بێت وە توانای بنەڕەتی کۆمەڵگا زیندووە، زۆر زوو دەستبەرداری ئازادی نابن. ئازادی لە ناخی مرۆڤەکان دایە و هیچ هێزێک ناتوانێت لە ناخی مرۆڤی دەرخات چونکە کەس ناچار نییە وەک کۆیلە بژی. رژێمی داگیرکەر بۆ ماوەی ٤٣ ساڵە دەیهەوێت بە هەموو شێوەیەک کۆیلایەتی بەسەر ژنان و گەلاندا بسەپێنێت، بە شێوەیەکی سیستماتیک هەبوونی ژنانی کردە ئامانج و دەیویست کۆمەڵگا لە کەسایەتی ژندا ژێردەست بکات. بەڵام ژنان و گەلی ئازادیخواز بە هەموو شێوەیەک تێکۆشانیان کرد، بەدیلی زۆریان دا و ملکەچی سیستەمی ستەمکار نەبوون. ئەوان ڕۆحی ئازادییان پاراست و ئەمڕۆش ئەم ڕۆحەیە کە بۆتە هەوێنی شۆڕشی گەل کە عەقڵیەتی داگیرکاری لەناو دەبات. ئامانجی سەرەکەی رژیم، ئەوەیە کە ژنان بێ پاراستن بهێڵێتەوە و لە کەسایەتی ژن دا کۆمەڵگەش بێ پەرچەکردار بێت؛ کۆمەڵگا لە ئەخلاق و سروشتی خۆی دوور بخاتەوە. بەڵام دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی پاوانخواز لە سیاسەتی زوڵم و توانەوەیدا شکستی هێناوە. کۆمەڵگا زیندووە و بە پەرەپێدانی شەپۆلەکانی شۆڕش سروشتی خۆی دەپارێزێت. دەستدرێژی لە سەر خۆی قبوڵ ناکات، بەها ئەخلاقییەکانی خۆی دەپارێزێت و کۆمەڵگەیان بە ڕێوە بەرن. شۆڕشی گەل بە پێشەنگایەتی ژنان دەیسەلمێنێت کە خەڵک هۆشیارە، خاوەن ئیرادەیە و ئیتر لە مەیدانەکان خەبات بۆ ئازادی دەکات. هەبوونی خۆی دەپارێزێت و ئازادی خۆی مسۆگەر دەکات. ڕاپەڕینە ڕادیکاڵەکان لە ڕۆژهەڵات و ئێراندا دەیسەلمێنن کە کۆمەڵگا چیتر دەستدرێژیکردنە سەر بەهاکانی قبوڵ ناکات و داوای مافە دیموکراتییەکانی خۆی دەکات. کۆمەڵگای دیموکراتیک کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسییە. ئەخلاقیش بیر و هزری ئازادی و دادپەروەریە لە کۆمەڵگادا و ویژدانی کۆمەڵگەیە. لەسەر بنەمایەک کە هەموو خوەسەریەک، هەموو جیاوازییەک بپارێزێت، پێکەوە ژیانی گەلان مسۆگەر ەکات. ئەوە هێزی بنەڕەتی بڕیار و پراکتیکە کە سیستمی کۆمەڵگا پێک دێنێت و سیاسەتیش خەباتە بۆ ئازادی و عەقڵی هاوبەشی کۆمەڵگایە. دەتوانین بڵێین ئەوە ئەخلاق و ویژدانی گەلانە کە شۆڕشی ئازادی پێش دەخات.
بەدرێژایی مێژوو هەمیشە ژن سەرچاوەی ژیان بووە، بەڵام لە سیاسەت و سیستەمی رێژیمی ئێراندا. لەبەرئەوەی هیچ حیسابیک بۆ ژنان نەدەکرا، نەیاندەتوانی لە گۆڕەپانەکانی مرۆیی، سیاسی، ئابووری، یاسایی و گشتیدا خۆیان دەرببڕن. دەسەڵاتی سەرکوتکەر و هەژموونخواز لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەدا هەوڵی داوە وزەی بەرخۆدانی کۆمەڵگا سەرکوت بکات. هەروەک چۆن هەموو هێزێکی داگیرکەر لە سەرەتادا هێرش دەکاتە سەر بوونی ژن، ڕژێمی هەژموونی ئێرانیش بە هەمان شێوە داگیرکاریی خۆی لەسەر بیر و جەستەی ژنان ئەنجامدا. لە ڕێگەی یاسا و شەریعەتەوە عەقڵیەتی ڕەگەز پەرستی رەوا کرد و دایبەزاندە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان. ژیانی بۆ ژنان کردە زیندان. لە بەرامبەر هەموو ژنانی کورد و فارس و بەلووچ و ئازەری و عەرەبدا، لە ژێر ناوی حیجاب و گوناهدا، هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی بە ڕەوا دەبینی. لە بنەڕەتدا تەنها سەری ژن داناپۆشێتێت، بەڵکو دەیەوێت مێشکی ژنان داپۆشێت. بهم شێوهیه ئامانجی ئهوه بوو كۆمهڵگایهك بونیاد بنێت بهبێ بیركردنهوه و لێ پرسین کردنەوە. ژنان لە هەموو مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کران و ڕۆژانە لە ژێر ناوی حیجاب هێرشیان کرا سەر. عەقڵیەتی سێکس پەرست و ئایین پەرستی وەک چەکێکی ئەساسی لە دژی بوونی ژنان بەکاردەهێنا. ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت دوورخرانەوە و لە هەموو مافێک بێبەش کران و ڕووبەڕووی هێرشی پیاوسالاری بوونەتەوە. بەڵام ژنان لە زیندانەکاندا، لە گۆڕەپانەکاندا، تەنانەت لە ماڵەکانیشیاندا بەرخۆدانیان کرد و تەسلیمی دەسەڵاتی داگیرکەر نەبوون.
هەر بەو هۆیەشەوە شۆڕشی گەل لە کەسایەتی ژناندا بە ئەزموون دەکرێت. خەباتی ژنان لە جاران بەهێزتر بووە و خەریکە ئایدۆلۆژیای رژیمی ئیسلامی لەناو دەبات. ژنان بە خەبات و تێکۆشانیان دیوارەکانی زیندان بێمانا دەکەن و دەنگی خۆڕاگری بەرز دەکەنەوە. ژنان هێز دەبەخشن و ورەی پێشەنگایەی بەرز دەکەنەوە و پەرە بە ئیرادەی ئازاد دەبەخشن. ئازادی خەڵک بەندە بە ئازادی ژنانەوە. ئازادی ژنان کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە. هاوکاری گەلان و بەتایبەت هاتنی پیاوان بۆ مەیدان، زانست و لێگەڕینی بە دوای ئازادی لە کۆمەڵگادا پێناسە دەکات. ئەم شۆڕشە کە لە هەموو شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا سەری هەڵداوە، شۆڕشێکی زیهنی و کۆمەڵایەتییە. بنیاتنانی پارادایمێکی نوێیە کە هەموو و چین و ئایین و نەتەوەکان لە دەوری یەک ئامانج کۆدەکاتەوە کە ئەویش پەسەندکردنی سیستەمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتییە. لە کەسایەتی و شۆڕشی ژنان دا، خەیاڵی گەلان دەگات بە حەقیقەت.
ئەم قۆناخە ناچارمان دەکات درک بەوە بکەین کە وەک ژن ڕێکخستن و یەکگرتن و پاراستن چەندە گرینگە. ئەو ڕاپەڕینانەی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی شار لە دوای شار بە یەک دروشم دەستی پی کرد، ئەوەی سەلماند کە گەلەکەمان توانای ڕێکخستن و یەکگرتنیان هەیە. ژنان و گەنجان گیانی خۆیان دەکەن بە قەڵخان و دەبنە شەهیدی شۆڕش بۆ ئازادی ژن و ژیان. پێویستە بە زانستێکی قووڵ کە لە فەلسەفەی ئازادیخوازی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ەوە سەرچاوەی گرتووە، دەستکەوتەکانمان بپارێزین. لە ئێران ژنان ئەزموونی مێژووییان هەیە، باش دەزانن دەسەڵات و هێزی نێرسالار چۆن هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی ژنان. نموونەی ئەمەش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ە کە لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی بۆ کرا، ئەم شۆڕشە بۆ ژنان و خەڵکی ئازادیخواز وەرچەرخا بۆ دژە شۆڕش و دیکتاتۆریەت و لەم پێناوەش دا ژنان زۆرترین قوربانییان دا. بەڵام ئێستا ئێمە وەک ژن خاوەن هێز و بیرۆکە و ڕیگەی چارەسەرین، خاوەن هێزی پێشەنگین، لەبەرئەوەش هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان دەکەین بە گۆڕەپانی تێکۆشان و شۆڕش. پارادایمی ئازادیخوازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد ئیلهامبەخش بوو بۆ ژنان لە هەموو جیهاندا. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش ئیلهامیان لەم پارادایمە وەرگرتووە و لە کەسایەتی ژینا ئەمینیدا پریشکی ئاگری ئازادی لە هەموو وڵاتەکانمان گەشەی کرد، کە ئێمە پێی دەڵێین شۆڕشی ژنان. هەر بۆیە دەڵێین ‘کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنانە’، کاتی پاراستنی هەبوون و شوناس و ئازادی ژنانە. با لە هەموو گۆڕەپانەکاندا خۆمان بەهێز بکەین و تێکۆشان زیاتر کەین و خاوەنداری لە شۆڕشەکەمان بکەین. هەموو ژنێک، هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە پێویستی بەوەیە خۆی بەشێک لەم شۆڕشە ببینێت و خەبات بۆ ئازادییەکەی بکات.
لەسەر ئەم بنەمایە کە هەموو ئێمەی ژنان ئازارەکانمان هاوبەشن، پێویستە خەباتمان بۆ ئازادیش هاوبەش بێت. دەتوانین لە دەوری دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ کە هەموو ئازادیخوازێک خۆی تێدا دەبینێتەوە، کۆ ببینەوە. با یەک دەنگ بین و یەکگرتوو بین. خەبات و ئارەزووی ژنان هەموو سنوورێک دەشکێنێت. کوردستان هاواری ئازادی لە دژی ستەمی ستەمکاران بەرزکردەوە. ئەهواز، بەلوچستان، لوڕستان، ئازەربایجان و هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەڵامیان دایەوە و بوون بە یەک دەنگ. پێویستە هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان سیستەمی داگیرکەر ڕەت بکاتەوە و بچێتە ناو هێڵی بەرخۆدانی خەڵکەوە.
با هەموو ژنان بە هێزەوە خۆمان ڕێکبخەین و لە ژێر یەک چەتردا تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە و بە ئازادیی هەموو ژنان داخوازییەکانی ژینا مسۆگەر بکەین. هیچ هێزێک بەبێ ڕێکخستن ناتوانێت سەربکەوێت، بۆیە تا زیاتر ڕێکخراو بین، بەهێزترین.
لەم کاتەدا دەتوانین سیستەمێکی هاوبەش بۆ پاراستنی ژنان بونیاد بنێین. نابێت هیچ ژنێک بەبێ پاراستن بمێنێتەوە. پاراستنی جەوهەری، پاراستنی رەوا، مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە. دەسەڵاتی پاراستنی ژنان دەسکەوتەکانی شۆڕش لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەپارێزێت. ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو ژنێک بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی بەرگری هاوبەش خەبات بکات.
ڕێبەر ئاپۆ لە خەباتی ٥٠ ساڵەی خۆیدا هەمیشە گرنگی بە خەبات و ڕێکخستن و پاراستنی ژنان دەدا. ئازادی ژنانی کرد بە بناغەی هەموو ئازادیەکان. بەهۆی ئەوەوە ئەمڕۆ ژنان بە ڕێکخستنی خۆیان و بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بوونەتە بازنەیەک لە دەوری ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ. جارێكی تریش ژنانی كوردستان و دهرهوهش تێکرا به دهنگی بهرز دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’یان وت و سەلماندیان كه سیستهمی ئیمرالی به بیری رزگاریخوازی ژنان لهناو دهچێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی ڕێکخستن کراوی ژنان – کەژار، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە ڕێکخستن و یەکگرتن و پاراستنی ژنان. بە بنیاتنانی سیستمی کۆنفیدڕاڵی دیموکراسی، بەرخۆدان و خەباتی ژنان لە ئامێز دەگرین. لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا، لەسەر بنەمای یەکگرتنی ژنان، ڕێکخراوەکە فراوانتر دەکەین و هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان دەکەینە جێی تێکۆشان. هەر بۆیە ئێمە وەک کژارهەڵمەتێک بە ناوی ‘کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنانە’ ڕادەگەیەنین. ژنان بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ شۆڕشی ئازادییان ڕاگەیاند و بە گیانی خۆیان بەدیلیان بۆ ئەو شۆڕشەیان دا. ئێمە وەک کژار بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین کە هەڵمەتی پاراستنی شۆڕشی ژنان بەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ڕابگەیەنین. لەسەر ئەم بنەمایە خەبات بهێنە ناو هەموو ماڵ و کۆڵان و گۆڕەپانەکان. ههروهها داوا له ههموو ژنانی ئازادیخوازی رۆژههڵاتی ناوهڕاست و جیهان دهكهین كه بێن و تێکۆشانمان زیاتر بکەین و شۆڕشی ژنان و گەلان بپارێزین.
کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کژار
30.09.2022