• تاگەکان: ,

    تا عەقڵیەتی نێرسالار لە سەر کۆمەڵگە زاڵ بێت، مافەکانی ژنان یەک بە دوای یەک پێشێل دەکرێت

    20 ئه‌یلول, 2022

    رۆژی دووشەممە ١٩/٩/٢٠٢٢ بە دەسپێشخەری ئەندامانی کژار لە سلێمانی چالاکیەک بەڕیوە چوو و ژنانی رۆژهەلات و هەروەها رێکخراو و چالاکوانانی ژنی باشووری کوردستان بە ڕێگەی لێدوانێکی هاوبەشەوە پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی سەرهەڵدێر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاند.

    لە لێدوانەکە دا هاتووە:

    رۆژ بە دوای رۆژ هەواڵی کوشتنی دڵتەزێنی ژنان بە شێوازی جۆراوجۆر دەبیسینەوە و هەر یەک لەو قەتڵانە کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان تووشی شۆکێکی تر دەکات. عەقڵیەتی ژنکوژ گەیشتووە بە ئاستێک کە بێ‌ پەروایانە ژنان لە ماڵ و لە شەقام دەکوژێت، لەبەر ئەوەی دەزانێت کە هەم عەقڵیەت و هەم یاسا پشتیوانێتی. بۆیەش ژنان هەم لە بواری جەستەیی و هەم لە بواری ڕۆحی، نە لە ماڵ و نە لە شەقام پارێزراونین. لە ماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژ لە مەریوان و تاران بینیمان چۆن ژنان دەبن بە ئامانجی عەقڵیەتی نێرسالار و ژنکوژ. لەم ماوەیەدا زەخت و گوشارەکانی ئێران لە سەر ژنان گەیشتووە بەو ئاستە کە ژنان بۆ گرتنی مافە سەرەتاییەکانی ژیانیان بەهایەک دەدەن بە ناوی «گیان». هەر یەک لەو ژنانەی کە داوای مافی خۆی کردبێت، یان دەکەوێتە گرتووخانە یان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکوژرێت.
    شلێر و ژینا لە بنەمادا وەڵامێکی ” نا ” بوون بۆ هەموو ئەو هێرشانەی کە سیستەمی داگیرکەری ئێران ئەیەوێت بە سەر ژنان دا بسەپینێت. بێگومان بۆ عەقڵیەتی ژنکوژ جوگرافیا گرینگ نیە هەر وەک لە باشوری کوردستانیش هەموو رۆژێک ژنان بە پاساوی جیاوازەوە دەبنە قوربانی هەمان عەقڵیەت و بە شیوازی جۆراوجۆر دەکوژرێن و زۆر جاریش بە هۆی داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەوە بیدەنگ دەکرێن.
    لە راستیدا ئەوەی ڕوو دەدات لەناو بردنی ناسنامە، ئیرادە و هێزی ژنانە کە هەموو کاتێک وەک یەکەم دژبەری ئەو عەقڵیەتە ناسراوە. بێگومان بێدەنگی بەرامبەر بەم کارەساتە دەبێتە هۆی زیادبوون و دووبارە بوونەوەی. دوێنی شلێر بە ئامانج گیرا، ئەمڕۆ ژینا و لە ئەگەری بێدەنگیدا، سبەینێ ژنێکی تر بە ئامانج دەگیرێت. دوێنی گۆران بکوژ بوو، ئەمڕۆ پۆلیسی ئێران و سبەینێ هەر کەس و بنکەیەکی سەر بەحکومەت ئەنجامی دەدات.
    بە دڵخۆشیەوە، وەکوو ئەوەی بینیمان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر ئەم کارەساتە نە تەنیا بێدەنگ نەبوون بەڵکو خاوەندارییەکی یەکجار زۆریان لە هەر دوو ژنانی وڵاتەکەیان کرد. هەر یەک لەو ژنانە کە هاواریان کرد ” ژن، ژیان، ئازادی “، بوون بە دەنگی ژینا و شلێر.
    ئێمەش وەک ژنانی رۆژهەڵات و رێکخراو و چالاکوانانی باشووری کوردستان وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕیزیان و تەواوی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوانەی رژیمی داگیرکەر و ژنکوژی ئێران دەکەین و پاڵپشتی خۆمان بۆ هەموو هەڵوێستەکان و خۆپێشاندانانەی رۆژهەڵات دەکەین و دەڵێین ئێوە بە تەنیا نین و ئێمەش دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگتان تا ئەو کاتەی کە کۆتایی بە عەقڵیەتی ژنکوژ بێنین و کۆمەڵگایەکی یەکسان بخوڵقێنین.

    کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان (کژار)

    رێکخراوی ژنانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
    نوينەرى كونگرەى ستار له هەرێمی کوردستان
    ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەتانی کوردستان
    ڕێکخراوی پەیوەندیەکانی ئافرەتانی کورد REPAK
    رێكخراوى گەڵای کوردستان
    دایکانی ئاشتی «دایکانی لەچك سپی»
    سکرتارێتی خانمانی پارتی سەوزی کوردستان
    رێکخراوی ژنانی ئازدای کوردستان (ڕەژاک)
    ڕێکخراوی زەردەشتیان
    کەمپینی یەکڕیزی ژنان
    دەستپێشخەری ژنان لە دژی داگیرکاری کوردستان دەپارێزین
    نوێنەرایەتی پەیەدە لە هەرێمی کوردستان
    ڕێکخراوی میزۆپۆتامیا
    تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
    نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان

    فوزیه عبدالکریم / مامۆستا و چالاکوانی ژینگەی
    کەژال عبدالقادر // پرۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە



    کژار