گەل و ڕێبەر ئاپۆ بوونە یەک، هەر لەو کاتەوە ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد بوو بە هێڵی سوور

19 تشرینی یه‌كه‌م, 2021

روکەن وەژین ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کژار، میوانی ئەمجارەی بەرنامەی دەنگی شیلان بوو. بابەتی ئەمجارەی بەرنامەکەمان لەسەر ٩ی جۆت مانگە بوو، کە هەڤاڵ روکەن بەمجۆرە لەگەڵ ئێمە وتووێژی کرد و ئاماژەی بە هەڵسوکەوتەکانی رێبەرئاپۆ لە بەرامبەری ژن کرد. ئیمە ئێستا بەردەوامی قسەکانی دەبیسین.

وەک دەزانین لە ٩ی جوتمەهی ساڵی ١٩٩٨ دا پلانگێڕییەکی ناونەتەوەیی لە لایەن دەوڵەتە زلەهێزەکانەوە لە سەر ڕێبەر ئاپۆ پێک هات، ڕێبەر ئاپۆ ساڵانی دوور و درێژ لە رۆژئاوای کوردستان تێکۆشانی کرد ئێوە تێکۆشانی ڕێبەرتی و ئەو پلانگێڕییە چۆن هەڵئەسەنگێنن؟

” سەرەتا سڵاو و حورمەتی خۆم پێشکەش دەکەم و ڕۆژی ڕەش واتا ڕۆژی پلانگێڕی شەرمەزار دەکەین، ئەو ڕۆژە بۆ هەموو گەلی کورد ڕۆژێکی ڕەشە، هەر بۆیە ئەو پلانگێڕییە لە دژی گەلی کورد و هەموو گەلانی ئازایخواز پێشکەوت. ئامانج ئەوە بوو کە بە گرتنی ڕێبەر ئاپۆ گەلێک یاخود نەتەوەیەک ئەسیر بگرن، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە خۆڕاگریی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی سڵاو دەکەین، هاوکات کە ئێمە سەیری ڕۆژئاوای کوردستانیش بکەین دەبینین کە ڕەنجی بێ هاوتای ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو گۆڕەپانەکان دا بەربەچاوە کە بە شۆڕشێک مسۆگەر بوو، ئەو ڕەنجەی ڕێبەر ئاپۆ لە رۆژئاوای دا ڕەنجێکی ٢٤ کاتژمێری بوو نە تەنها بۆ گەل بەڵکو بۆ هەڤاڵان و بۆ هەموو بەشەکانی تری کوردستان بوو، لەو ئاستە بەرزە دا خاوەن دەرکەوتن لە ڕێبەر ئاپۆ سەرچاوە لەوە دەگرێت کە خۆشەویستی ڕێبەر ئاپۆ لە دڵی هەر تاکێکی کورد دا خاوەن جێگەیەکی تایبەتە. ڕێبەر ئاپۆ لە رۆژئاوای کوردستان بێ وچان کاری دەکرد واتا هەم بە ڕێگای گەل کادری پەروەردە دەکرد، لە لایەکیشەوە بە ڕێگای کادر گەلی پەروەردە دەکرد بەم شێوەیە گەل باوەڕییەکی بێ هاوتای لە ڕێبەر ئاپۆ دەگرت. سیستەم لە لایەکەوە کۆمەڵگای پارچە دەکرد بەڵام ڕێبەر ئاپۆ یەک یەک تاکەکانی کۆمەڵگای کۆدەکردەوە پەروەردەی دەکردن و دەیکردنە خاوەن هێز و ئەرکی شۆڕشی دەخستە سەر شانیان.ڕۆژی ئەمڕۆش دەبینین کە لە نەتەوەی جیا هەرکەس پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بۆخۆی بە بنەما دەگرێت و خاوەن لە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ دەردەکەوێت واتا دەتوانین بڵێین کە نەتەنها گەلی کورد بەڵکو هەموو گەلانی بن دەست و ئازادیخواز ئەو ڕامانە قبوڵ دەکەن.”

ڕێبەر ئاپۆ چۆن تێپەڕی ڕۆژئاوای کوردستان بوو؟ سیستەمی بەحس چۆن پێشوازی لێکرد و لە هەمان کات دا گەلی رۆژئاوای کوردستان چۆن ڕێبەر ئاپۆیان لە باوەش گرت؟

“ڕێبەر ئاپۆ ساڵی ١٩٧٩ تێپەڕی رۆژئاوای کوردستان بوو، ڕێبەرتی سەرەتا دەچێتە کۆبانی و لەوێ دا دەست بە تێکۆشان دەکات جێگای باسە کە ئەوکات تەنانەت شوێنێکی مانەوەش دەست ناکەوێت، ڕێبەر ئاپۆ لە ناو ئەو شەرت و مەرجانە دا تێکۆشان دەکات، دوای ئەوە لە لوبنان لە بەقا کەمپێک دەکەنەوە بۆ خەبات کردن و لەوێ دا ڕێبەر ئاپۆ تێدەکۆشێت، لێرە دا ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ کە ئەمڕۆ جیهانی گرتۆتەوە بە ئاسانی پێشنەکەوت، بەڵکو تاک بەتاک، ڕۆژ بە ڕۆژ بە فیداکاریەکی گەورەوە ڕێبەرتی ڕەنجی بۆدا و بەوجۆرە خەباتی گەورە و فراوان کرد. دەبینین کە لە کوردستان دا گەلێک سەرۆک و گەلێک سەرهەڵدان ڕویانداوە بەڵام هەموکات بەشێکیان بە ئەساس وەرگرتووە، تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو شۆڕشەی کە پێشەنگی بۆ دەکات لە شەخسی گەلی کورد دا هەموو مرۆڤایەتی گرتە نێو خۆی. گەلی رۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان گەرماییەوە ڕێبەر ئاپۆی لە باوەش گرت، تاک بە تاکی ئەو گەلە دەیانهەویست کە ڕێبەر ئاپۆ ببینن و لە گەڵی دا بدوێن، دەمەوێ ئەوە بڵێم کە گەل و ڕێبەر ئاپۆ بوونە یەک، هەر لەو کاتەوە ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد بوو بە هێڵی سوور.”

ڕێبەرئاپۆ لە رۆژئاوای کوردستان سیستەمێکی پەروەردەی بۆ گەل دانابوو ئەو سیستەمە تا چەندە کاریگەری هەبوو؟ ئەو کاریگەرییە لە سەر ژنان چۆن بوو؟

“سەرەتاش ئاماژەم پێکرد کە ڕێبەر ئاپۆ تاک بە تاک گەلی پەروەردە دەکرد لە لایەکیشەوە بە ڕێگای کادر گەلی پەروەردە دەکرد هاوکات سیستەمێکیشی دانا کە گەل بۆخۆی بتوانێت خۆی پەروەردە بکات، لە هەستان دانیشتنێکەوە بگرە هەتا هەڵسوکەوت لە ناو بنەماڵە دا، لە بەرامبەری ژن بە تایبەت چۆن هەڵسوکەوت بکرێت هەمووی بابەتی سەرەکەی پەروەردە بوون، ئەو هێزەی کە ڕیبەر ئاپۆ لە ژن دا بینی و جەوهەری ڕاستەقینەی ژنی دەرخستە دەرەوە ئەوەشی بە ڕێگای پەروەردە کرد و لە ناو گەل دا وای کرد کە هەڤاڵانی ژن کاریکەرییەکی ئێجگار زۆر دانێن. کاتێک کە ژن زانا دەبوو کۆمەڵگاش هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێشەوە دەڕۆشت.”

دەتوانن هەندێک نمونەمان بۆ بهێننەوە لە سەر کاریگەری ژنان کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوام بیت؟

” ئێستاش دەبینین کە شۆڕشی رۆژئاوا وەکوو شۆڕشی ژن بە ناو دەکرێت واتا بناغەی خۆی لەو کاتەوە دەگرێت، ئەو شۆڕشەش کاریگەرییەکی زۆری لە هەموو ژنانی جیهان کرد، چونکە شتێکی ئاسان نیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دا و لە کوردستان دا بە تایبەتیش بە پێشەنگایەتی ژن شۆڕشێکی وا دروست ببێت، ئێستاش ئەو شۆڕشە هەر لەسەر ئەم بنەمایە فراوان دەبێت و بۆ هەموو دونیا دەبێتە نمونە، ئێستا ژن لە هەموو گۆڕەپانەکان دا پێشەنگە لە رۆژئاوای کوردستان دا و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەنجامی گەورە بەدەست دەخات.”

دەرکەوتنی ڕیبەر ئاپۆ لە سووریا و دەستپێکردنی ئەو پلانگێڕییە چ کاریگەرییەکی لەسە گەل و بەتایبەت گەلی کورد دا دانا؟

“ئەگر باس لەو رۆژە بکەین، لە راستی دا ئەو ڕۆژە زۆر تایبەتانە و بە شێوازێکی نە مرۆڤانە پلانی بۆ داڕێژرابوو، واتا یەک لایەنە نەبوو بەڵکو پلانێکی ناودەوڵەتی بوو، هەموو دەوڵەتە زلەهێزەکان بوونە یەک بۆ ئەوەی کە ڕێبەرتی ئەسیر بگرن، سەرەرای ئەوەی کە لە بەرامبەر یەکتر ناکۆکیش بوون بەڵام بۆ ئەوەی ئەو پلانە پێشبخەن هەمویان بوونە یەک. بۆ ئەوەی کە بتوانن موداخەلەیەک لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن سەرەتا ڕێبەر ئاپۆیان بە هەدەف گرت. ئەو پلانگێڕیە بە ئێش بوو نە تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکوو بۆ هەمو گەلانی ئازادیخواز رۆژێکی ڕەش بوو. دوای ئەو پلانگێرییە بە سەدان مرۆڤ بە درووشمی ئەوەی کە کەس ناتوانێت ڕۆژی ئێمە تاریک بکات گیانی خۆیان فیدا کرد چونکە ڕێبەر ئاپۆ هەبوونی گەلی کورد تەمسیل دەکات.”

ئەو دەوڵەتە زلەهێزانە چۆن بوو کە بۆ ئەوەی ڕیبەری گەلان بگرن هەمویان بوونە یەک؟

” بەر لە هەموو شتێک بۆ مەنفعتی خۆیان بوو، هاوکات لە بەرامبەری پارادایم و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ ترسێکی زۆریان هەبوو. ڕێبەر ئاپۆ هیوایە بۆ هەمو گەلان هەروەها تێکۆشان بۆ ئەوە دەکات کە گەلان لە کۆیلایەتی ڕزگار ببن و بە شێوازێکی ئازاد بژین، بۆیە ئەو تێکۆشانە مەترسییەکە بۆ هەموو دەوڵەتە زلەهێزەکان، چونکە ڕێبەرتی گەل دەردەخاتە پێش و دەوڵەتەکانیش لە هێزی گەل دەترسن، لە تاکی ئازاد دەترسن و بەو جۆرە بۆ لەناوبردنی ئەو پلانگێرییەیان پێک هێنا.  ئەو دەوڵەتانە کۆمەڵگای کۆیلەیان دەویت و پارادایمی ڕێبەرتیش کۆمەڵگای ئازاد درووست دەکات بۆیە ئەوەندە بە مەترسی دەیبینن بۆ خۆیان، بەتایبەتیش ترسیان لە ژنی ئازادە چونکە ژن لە هەموو لایەکەوە کۆیلە کراوە بەڵام ڕێبەرتی ژنی ئازادی ئافراند و ئەو کۆیلایەتیەی لە ناو برد، بەوجۆرەش کۆمەلگاش هەنگاو هەنگاو ئازاد دەبێت. بەڵام دیارە کە ئەو پلانگێڕییە سەرنەکەوتووە چونکە ڕۆژی ئەمڕۆ بە دەیان کەس و هەموو گەلانی بندەست ئەو پارادایمە قبوڵ دەکەن.”

ماوەی ٢٣ ساڵە کە ڕێبەر ئاپۆ ئەسیر گیراوە و لە مافی حقوقی بێبەشە هاوکات گۆشەگیری لە سەر ڕێبەر ئاپۆ هەر دەچێت قوورستر دەبێت، هەر بەو بۆنەیەوە kck.kjk هەڵمەتی کات کاتی ئازادییەیان دەست پیکرد، ئەو هەڵمەتە ساڵێکی لەدوای خۆی هێشت، بۆ ئەوەی کە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر ببێت پێویستە هەمو گەلان هەڵوێستێکی چۆنیان هەبێت؟

“دەستپیکردنی ئەو هەڵمەتانە لە هەمو بەشەکانی کوردستان و هاوکات لە دەرەوەی وڵات گرنگن و ڕۆڵی ئەساسییان هەیە بۆ ئەو ئامانجە، ڕێبەر ئاپۆ ٢٣ ساڵە کە لەنێو شەرت و مەرجی گۆشەگیری دا ژیان دەکات، بێگومان ئەو شەرت و مەرجانەی کە ئێمە باسیان لێدەکەین مرۆڤێک ناتوانێت یەک کاتژمێریش تێیدا ژیان بکات بەڵام ڕێبەر ئاپۆ ٢٣ ساڵە خۆڕاگرییەکی بێوێنە بەڕێوە دەبات، سەرەرای هەموو بێ دەرفەتیەکیش ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری و ئازادی بێ وچان خەبات دەکات بۆیە هەمومان دەینداری ڕێبەر ئاپۆین. ئەو هەڵمەتانە دەبێت کە زیاتر بە هێز ببن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانج ئەوەش بە جالاکی جۆراوجۆر و سەفەربەربوونەوە دەبێت، دەبێت گەلی ئێمە بەهێزتر لە هەموکات خاوەن لە ڕێبەر ئاپۆ دەرکەوێت.”

ئێوە بۆخۆشتان لە گەڵ ڕێبەرئاپۆ دا مانەوە، هەڵسوکەوتی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ هەڤاڵانی ژن چۆن بوو؟

“دان و ستاندنی ڕێبەرئاپۆ لە گەڵ ژن زۆر جیاواز بوو، ئەو پێشکەوتنانەی کە ئەمڕۆ لە ژنان دا دەردەکەوێ بێگومان سەرچاوە لەو کاتەوە دەگریت، ڕێبەر ئاپۆ لە جەستەی ژنەوە بگرە هەتا فکر واتا زۆر بە وردی تێکۆشانی لەگەڵ ژن دا دەکرد بۆ ئەوەی کە جەوهەری ڕاستەقینەی ژن دەرخات.لە بواری پەروەردە دا ڕێبەر ئاپۆ تاک بە تاک لەسەر هەڤاڵانی ژن کاری دەکرد لە قسەکردنێکەوە بگرە هەتا بە ڕێگا ڕۆشتنێکیش رێبەرتی دەیهەویست کە ژن بە هێزی خۆی باوەڕ بکات. لەگەڵ ڕێبەرتی پێناسەی ئەخلاق جیاواز بوو، واتا ئەوەی کە بە نرخ بوو ئازادی بوو و هێزی جەوهەری مرۆڤ بوو. بۆیە ڕێبەرئاپۆ کەدێکی زۆر گەورەی لەبەرامبەر ئێمە دا و ئێمە دەینداری ڕێبەر ئاپۆین. ڕێبەرتی ژنی گەیاندە ئاستێک کە کارێک نەما کە ژن نەتوانبێ بیکات لە گۆرەپانی سیاسەتەوە بگرە هەتا لەشکەری لە هەموو خەبات و کارێک دا وای کرد کە ژن بە هێزی خۆی پێشەنگایەتی بکات. بە تایبەت لەو هەڵمەتانە دا دەبێت ژن پێشەنگایەتییەکی بەهێزتر بکات و خاوەن لە ڕیبەرتی دەرکەون هاوکات دەبێت خۆیان زانا بکەن و لە ناو کۆمەڵگاش دا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. هاوکات ئەوە ئەرکی سەر شانی ژنانە کە فکری ڕێبەر ئاپۆ بڵاو بکەنەوە کە ئەویش بەسەری خۆی شۆڕشێکە.”

پێوەندی‌دار