• تاگەکان: ,

    ئەوەی کە بتوانێت کۆمەڵگا بە ڕێوە ببات و بیپارێزێت ژنان و جەوانانن

    5 تشرینی یه‌كه‌م, 2021

    نوژین بێریتان ئەندامی مەجلیسی پەژاک، لە بەرنامەیەک لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی شیلان دا سەبارەت بە بابەتەکانی هەڵمەتی کات کاتی ئازادییە کە لە لایەن KCK KJK دا دەستپێکرابوو هاوکات ئەو هەڵمەتە ساڵێکی تێپەڕاند و ئەمساڵیش بەردەوامە، بارودۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو کەمپینەی کە کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کەژار لە ٢٥ی تیرمانگ دا دەستی پێکردبوو، زەواج لە تەمەنی بچووک دا قڕکردنی ژنانە قسەی کرد و ئاماژەی بەم بابەتانە کرد.

    ئەم هەڵمەتەی کات کاتی ئازادییە کە کەجەکە و کەژەکە لە ساڵی پار دا دەستیان پێکردبوو، بە چالاکیەکی زۆر پشتیوانی لێکراوە، ئێوە لە سەرەتا دا ئەم هەڵمەتە چۆن دەنرخێنن؟ هەروەها بینیمان کە هەر بۆ ئەو هەڵمەتە کە دەستپێکرابوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان وئێرانیش کەمپینێک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە، ئێوە ئەو هەڵوێستەی کە خەڵک دایناوە چۆن دەبینن؟

    “بە گشتی ئەو هەڵمەتانەی کە لە ئاستی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لە کوردستان دا پێشکەوتووە کاریگەرییەکی زۆری لە ئاستی ناونەتەوەیی دا لەسەر گەل و بە تایبەتیش ژناندا لە سەر بابەتی بەڕێخستنی کۆمەڵگا دا هەبووە. بۆ ئەوەی کە خاوەنداری لە نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگا بکرێت، لە کەسەیەتی ڕێبەر ئاپۆ دا نەتەنیا لە ناو گەلی کورد و گەلانی دیکەی هەرێم بەڵکو تەواوی گەلانی ئازادیخواز و دێموکراسی خواز و هاوسانی خواز لە جیهاندا شەپۆلێکی نوێ لە خاوەنداریەتی کردن لە بیر و ڕامان و پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئاستی ناونەتەوەیی و جیهانیدا پێشکەوت. ئەو هەڵمەتە هێشتی کە ئەم ڕاوبۆچونانە ببنە یەک و ئەو شەپۆلە وای لێهات کە لە هەرچوار بەشی کوردستان دا بگاتە ئاستی هەری بەرز  و ئاستی هەری جیهانی بە پێشەنگایەتی ژنی کورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان پێکهات، ئەو هەڵمەت و کەمپینانەی کە هەرجار بە بابەتێکەوە وەکوو ڕەگەز پەرەستی، دین پەرەستی و ئەو فاشیزمەی کە کۆمەڵگا لە هەمو لایەنێکەوە لەبن دەست دەگرێت هێشتی کە لە گەشکردنەوەی کۆمەڵگاکاندا لە چوارچێوەی ڕێخستن بون دا هەوڵدانێکی بەهێز و بە کاریگەر دەست پێبکات. هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش پەژاک و کۆدار بە ناوی “نا بۆ سێدارە و بەڵێ بۆ دێموکراسی، هەروەها کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەژار دژ بە قڕکردن و سێدارەدانی ژنان کات کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە لە هەمان کات دا دەستیان پێکرد. ئەم هەڵمەتانە بناغەی ئەقڵیەتی پیاوی ڕەگەزپەرەست و دەسهەڵاتداری دەوڵەتی ناوەندگەرا بە ئامانج دەگرێت و لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشان بە ڕێخستن دەکرێت. لە ئاستی کۆمەڵناسی، روانکاویدا ئەوانە شرۆڤە دەکرێن و لە ئاستی کۆبونەوە، سەمینەر، کۆنفەڕانس، لە ئاستی دونیای مەجازیدا و هاوکات لە دونیای ڕاستیش دا چونکو ئێمە وەکوو ئۆپۆزێسیونێک کە لە ڕۆژهەڵات و ئێران دا چ لە ئاستی ژن دا  و چ لە ئاستی گشتی کۆمەڵگا وەکو گەلی کورد ئۆپۆزێسیونێکین کە خاوەن هێزی ڕاستەوخۆی پاراستن، رێخستن، تەشکیلاتی، فکر و ڕامانی، ئایدیۆلۆژیکی، کەلتووری، پەروەردەیی و هەروەها لە گشتی ئەو گۆڕەپانانە دا  خاوەن هێزێکی ڕاستەوخۆین لە ناو گەل دا.هەر ئەو بابەتانەش ڕێمان پێدەدات کە ئەو هەڵمەتانە بە شێوازی جۆراوجۆر بخەینە بەرباسەوە و گەلی پێ پەروەردە بکەین. لەوانەیە کە  تێکۆشانمان تێرکەر نەبوبێت بۆ ئەو هەڵمەتانە بەڵام هەر ئەو هەڵمەتانە بونەتە هۆکاری ئەوەی کە هەنگاوهایەکی زۆر باش و قورس لە نێو کۆمەڵگا دا هەڵێندرێ، هەروەها پێشەنگایەتی بۆ هەموو گەلانیشی هەبێت.”

    پێویستە هەڵوێستی گەل بۆ ئەو هەڵمەتانە چۆن بێت؟

    ” ئێستا کە ئەو هەموو ڕاپەڕین و سەرهەڵدانانەی کە لە بەرامبەر ئەو هەڵمەت و هێرشانەی کە بناغەی سەرەتای کۆمەڵگا واتا ژنان و جەوانان، منداڵان، کەلتوور و ئەخلاقی کۆمەڵگا بە ئارمانج دەگرێت و دەیهەوێت بیڕزێنێت بە کاریگەری ئەو ڕێخستنانە دەکرێت. بۆ نمونە ئێمە ناتوانین ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە سەردەشت، ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە هۆکاری بێ ناسنامە بوونی ژنانەوە دەکرێت دوور لە هەڵمەتەکانی کۆدار، پەژاک و کەژار ببینین. هەروەها ئەو هێرشانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران  بەڕیوەیان دەبات دابڕاو لەو هەڵمەتانەی ئێمە نیە.  بۆ نمونە هەر ئەو ژنەی کە نوێ بۆتە بەرپرسی ناوەندی ژنان و ئەمووری بنەماڵە لە لایەن حکومەتی رەئیسیەوە، هەر ووتەی رەئیسی دەکات کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری بۆ سەرۆک کۆماری ئێران دا دەڵێت کە ” تەمەنی جەستەیی لە زەواج دا بۆ ژنان نابێت بە بنەما چونکە منیش کچەکەی خۆم لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەشوداوە” لێرە دا بینیمان کە ئەو ژنە چۆن ئەو قسەیانەی رەئیسی ئەرێکرد و ئەمە لە هەمان کات دا دژایەتی بەرامبەری ئەو هەڵمەتەیە کە ئێمە لە ئاستی ئایدیۆلۆژیکی، فەلسەفی و هزر و ڕامانی دا ئەقڵییەتی ڕەگەزپەرەستی و ئەقڵییەتێک کە پیاو و ژن لە شانی مرۆڤایەتی دا دادەخاتە ئاستێک کە هەموو فکری ئەو تاکانە ببێت بە چوارچێوەیەک کە لە تەمەنێکی بچوک دا هیچ لێگەڕینێکی نەبێت بۆ ژیانێکی ئازاد و نوێ. ئێمە ئەو هەڵمەتەمان لە ئاستی ژیانێکی ئازاد دا دەست پێکرد و ئەمە وڵامێک بوو بۆ ئەو هەڵمەتە وە لە هەمان کات دا دەتوانین ئەو سیلسیلەیانە وەکوو ئۆپەڕاسیۆنێک بە ناو بکەین کە لەپاڵ ئەو ئۆپەڕاسیۆنە سیاسیانەیە کە لە دژی گەریلاکان، دژ بە خەباتکاران، چالاکوانانی مەدەنی، مافی ژنان، مافی منداڵان، ژینگە پارێزان جێگە دەگرێت هاوکات ڕاستەقخۆ ڕیشەی ئەخلاقی کۆمەڵگا بە بنەما دەگرێت و دەیهەوێ تووشی ڕزینی بکات. بێگومان کۆمەڵگا لەبەرامبەر ئەو سیاسەتانە بی هەڵوێست نین بەڵکوو خاوەن هەڵوێستن و ڕەنگدانەوەیان هەیە کە ئەوە کەرامەت و شەرافەتی ئەو کۆمەڵگایە دیار دەکات.”

    دەبینین کە جەوانان وەک جاران هەڵوێستیان نەماوە و بە پێچەوانەوە داگیرکاری ئێران وای کردووە کە لە کۆمەلگای کوردی دا موحتاد زۆربووە، کارتۆن خەوی زۆر بووە، یان گەنجەکان بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕۆن، لە هەموشی زیاتر خۆکوشتن هەم لە ژنان دا و هەم لە پیاوان دا زۆر بووە بە ڕای ئێوە ئێران بۆچی سیاسەتێکی بەمجۆرە بەرامبەر گەنجان کە پێشەڕۆژی کۆمەڵگان بەکار دێنێ؟

    “ئەوەی کە بتوانێت کۆمەڵگا بە ڕێوە ببات و بیپارێزێت ژنان و جەوانانن، من ئەو سیلسیلە ڕێبازانەی کە ئاماژەم پێکردن زۆر بە زانابوون و ئاگاهانە بەکار دەبردرێن بۆ ئەوەیە کە هەڵوێستی کۆمەڵگا لە شەخسی ژنان و جەوانان دا بتەزێنن. یەکەم هەنگاوەکانی هاتنە سەر حکومەتی دەسهەڵات لە ئێران دا بۆ کوردستان ئامانجیان ئەوە بوو کە گەنجانی کوورد لە باتی ئەوەی کە چەک هەڵگرن و ئازادانە بژین، سەریان لە ناو مەوادی هۆشبەر دابێت و سڕ ببن. لە کۆمەڵگای کوردی دا ڕێگا نەدەدرا کە کەسێکی غەریب زوو بتوانێت بکەوێتە کۆڵانێک چ بگات بەوەی کە پێی لە ئەخلاقی کۆمەڵگا بکات یاخود دەبینین کە ئەمڕۆ زۆر رەحەت ماڵ ئاوا دەکرێن بۆ دروست کردنی مادەی هۆشبەر و لەناو بردنی ئیرادەی تاکەکان. ئەگەر بەمجۆرە ئەو سیاسەتانە برۆنە پێش لەوەیە لە داهاتوو دا لە مزگەوتەکانیش دا دەستدرێژی لەسەر منداڵان و ژنان بکەن چونکە هەر لە منداڵیەوە ڕادەستکردنی تاک، شکاندنی ئیرادە، بڕینی هەڵوێست، ڕوخاندنی دەرونە ئەو تاکە دەستپێدەکات، ئەوانە ئەگەر لە منداڵیەوە دەست پێبکات ئیتر ئەو تاکە نابێتە مرۆڤێکی سەرهەڵدێر، ئازادیخواز و ئازاد، ئەمە دەهێڵێت کە کۆمەڵگا بنبڕ ببێت. ئەو هەڵمەتانەی کە گەریلای ئازادی کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە شێوازێکی گیانبازانە پێشەنگی بۆ دەکات و بەڕێوەی دەبات، لە کەسایەتی هەڤاڵ ڕێناسەوە هەتا هەڤاڵ هەورام بە هەزاران هەڤاڵانمان لە هەموبەشەکانی کوردستان بەوجۆرە گیان فیداییانە ئەو هەڵمەتە بەڕێوە دەبەن، پێویستە کە گەلەکەشمان لە ماڵەکەی خۆیەوە، کۆڵانەکان و هەتا شارەکان هەستێت و پشتگیری بداتە ئەو هەڵمەتانە، دەبێ گەنجان دەرفەت بۆ ئەوە نەهێڵنەوە کە دوژمن ئاوا ئەخلاقی ئازادی کۆمەڵگا لە ناو ببات، هاوکات دەبێت ژنانی گەنج خۆیان بە ڕێخستن بکەن و ڕێگا نەدەن بەوجۆرە ئیرادەیان بشکێت، بەوجۆرەش سنوورێک بۆ ئەو دەستە درێژانە دادەنرێت کە دەیانهەوی تاکەکان لە ناو ببەن. گەنجان دەبێت نەهێڵن کە ئەو سیاسەتانە لە ئاستی کوڵتووری دا لە سەر کۆمەڵگا بەڕێوەببردرێ، ئەوە دەتوانێت ببێتە یەکەم هەنگاوی سەرەکە لە ئەو هەلمەتە بێت.”

    دەبینین کە ئێستا لەرۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێران دا رۆژەڤی سەرەکە بارودۆخی تەندروستی و ئابورییە هەم لەبواری کۆرۆنا دا و هەم لەبواری واکسەنناسیۆن دا. لە ئێران دا ڕێژەیەکی زۆر خەڵک گیانی لەدەست دەدات، ئێوە بارودۆخێکی وەها دا کە خەڵک لە تەنگانە دایە دۆخی مەکتەبەکان چۆن دەبینن؟

    ” ساڵی پار بینیمان کە بە دەیان منداڵ بەمجۆرە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا،سەرەرای ئەو دۆخەی کە هەیە ئەو بڕیارەی کە داگیرکەری ئێران دای بۆ کرانەوەی مەکتەبەکان، بێ ئەوەی کە هیچ پڕۆسەیەکی تەندروستی لە بەرچاو بگرێت، بێ ئەوەی کە دۆخی ئابووری بنەماڵەکان لەبەر چاو بگرێت ئەوهەڵوێستەی دانا، کۆمەڵگای ئێمە پێویستە قەناعەت بەوە بکات کە لەو مەکتەبانەی ئەو داگیرکاریە دەیکاتەوە بێجگە لە داگیرکردنی مرۆڤەکان هیچ نادات بە منداڵەکانیان و بێجگە لە تواندنەوەی چاندی ڕەسەنی خۆیان هیچیان ناداتێ. بۆیە لێرە دا دەبێت کۆمەڵگا خاوەن هەڵوێست بێت، پێش لە هەموو شتێک پشتگری کردن لە یەکتر زۆر گرنگە، لە کۆڵانەکان دا، لە شارەکاندا دەبێت پشتگری لە یەکتر بکەن. لە قۆناغێکی وا قەیراناوی دا ڕادیکاڵ ترین هەڵوێست ئەوەیە کە کۆمەڵگا پشتبەستوو بە هێزی خۆی بێت. لە کۆمەڵگایەکی وەها دا بابەت چونی مەکتەب یان نەچونی نیە بەڵکو بابەتی سەرەکی بابەتی مان و نەمانی ئاسنامەی ئەو کۆمەڵگایەیە، لێرە دا بەتەواوەتی سیاسەتێکی بەمجۆرە هەیە یان دەبێت ڕادەستی من بیت یان بە تەواوەتی لە ناوت دەبەم.”

    ئیا بە ڕاستی ئەو پەروەردەیە هیچ جێگای خۆی دەگرێت لە ناو ژیانی ئەو  منداڵە دا لە کاتێک دا کە ئەو منداڵە بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو شەوە برسی دەمێنێتەوە یان نا؟ ئایا ئەو پەروەردەیە چی دێڵێتەوە بێجگە لە سوکایەتی و نەفرەت؟

    “بێ گومان هیچ ناهێڵێتەوە بێجگە لەوانە، لێرە دا ئەو دۆخەی کە داگیرکاری ئێران بۆخۆی وەکوو قەیران بەناوی نابات و تەواوی دونیا دەستی بۆ ڕادەکێشن و کۆمەڵگای خستۆتە تەنگانەوە هاوکات وایکردووە کە مامۆستایانیش ناڕەزایەتییەکی زۆر نیشان بدەن، بێگومان تەنها کۆمەڵگایەک هەڵوێستی خۆپاراستن نیشان دەدات کە قەناعەتی بەوە کردبێت هێرشی لەناوبردنی لەسەرە، کە کۆمەڵگا گێشتە ئەم ئاستە دەتوانرێت بووترێت کە ئەو کۆمەڵگایە بەرەو ژیانێکی ئازا دەڕوات و مێژووی خۆی دەناسێت، دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات.”

    دەتوانن هەندێک لەسەر بابەتی پاراستنی جەوهەریمان بۆ شرۆڤە بکەن؟

    “کۆمەڵگایەک کە بتوانێت لە هەموو گۆڕەپانەکان دا بۆ نمونە لە بواری تەندروستی، ئابووری، پەروەردەیی، چاندی و تەنانەت زمانەوە هەرێم بە هەرێم ئەوەی کە وەک کەلتوور و ئەخلاق خۆی پێوە دەگرێت بپارێزێت ئەوە دەتوانێت خۆی بپارێزێت، دەبینین کە کۆمەڵگا ئەگەر توانیویەتی هەتا ئێستا سەرەرای ئەو هەموو هێرش و داگیرکاریانە خۆی تا ئەمڕۆ بێنێت کەواتە دەتوانێت لەسەر بنەمای ژیانێکی ئازاد خۆی بەڕێوە ببات. کەسێک کە مێژوو و کەلتووری ڕاستەقینەی خۆی نەزانێت، نەزانێت داگیرکەر کێیە، داگیرکراوبوون چیە و تاکی چۆن دەئافرێنێ ئەو کەسە ناتوانێت ببێتە خاوەن هێزی پاراستنی جەوهەری، چونکە جەوهەری بۆ نەماوەتەوە.”

    وەک دەبینین کەژار بەناوی ئەو هەڵمەتەی کە ساڵی پار دەستی پێکردبوو، کەمپەینێکی بە ناوی “زەواج لە تەمەنی بچوک دا قڕکردنی ” دەستپێکرد، ئێوە ئەو کەمپەینە چۆن هەڵئەسەنگێنن و هاوکات زەواج لەتەمەنی بچووک دا چ کارەساتێک لەگەڵ خۆی دێنێت؟

    “ئەو کەمپەینەی کە لە لایەن کەژارەوە دەستی پێکرد، ئەو کەمپەینە مەرحەلەیەکە لە قۆناغی ئەو هەڵمەتەی کە لە دژی قڕکردنی ژنان دەستیپێکردووە،  ئێستا بابەت تەنیا زەواجی تەمەنی بچوک نیە بەڵکوو وایلێهاتووە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کچ بەزۆری لە تەمەنێکی زۆر کەم دا داوای هاوسەرگیری دەکەت لە بنەماڵەکەی، لێرە دا ئایا دەتوانین ئەو مەسەلەیە چۆن بخەینە بەرباسەوە. ئەو سیستەمەی کە دەوڵەتێکی دینگەرا، پیاوسالار، ناوەندگەرا بەڕێوەی دەبات زۆر بەوردی پلانی ئەو سیاسەتە لە ناو کۆمەڵگا دا  دادەڕێژێت، بیری کۆمەڵگا تاریک دەکاتەوە، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە کە بە گوێرەی ئەخلاقی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا ئەو کردارانە بە وردی شرۆڤە بکرێن، ڕەخنە بکرێن و پێشیان لێبگیردرێت، هەرچەند ئێران ئەو شتە بەناو ناکات بەڵام لە کۆمەڵگا دا کێشەی ئازادی هەیە کێشەی هاوسانی لە بواری ژیانێکی ئازاد دا هەیە، هەم بۆ ژن و هەم بۆ پیاو کێشەی ژیانێکی دێموکراتیک هەیە، ئەمڕۆ دەبینی کە ڕێژەی خۆکوشتنی پیاوان زیاترە لە ژنان، ئەوەش بێگومان ڕاستی ڕووی سیاسەتی چەپەڵی داگیرکاری ئێران نیشان دەدات. هەر بۆیە دەبینین کە ئەنجامی ئەو سیاسەتە وایکردووە کە دوو ماڵبات لە یەک ماڵ دا ژیان بکەن بۆ ئەوەی کە بتوانن کرێی ماڵەکە بدەن هاوکات هەر ئەو بنەماڵەیەش حازرە کە منداڵەکەی لە تەمەنێکی بچوک دا بزەوجێنێ.پەیوەندی ژن و پیاو شتێکی سروشتییە بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕوو دەدات دەبینین کە ٦ مانگ ناخاێنێت یان دەست لەیەکتر بەردەدەن یاخود بە خۆکوشتن بە ئەنجام دەبێت. بۆیە لەجێگەی خۆی دایە کە کۆمەڵگا جارێکی تر سەرلەنوێی پیگەی زەواج و ژیانێکی هاوبەش لەبەر چاو بگرێت و بنەماکەنی بە ئەساس بگرێت چونکە لەم پەیوەندیانە دا نە خۆشەویستی، حورمەت یاخود ڕێز گرتن و ژیانێکی ئازاد بوونی نیە، چونکە لە ڕاستی دا ئەو بنەماڵە بنەماڵەیەکی دێموکڕاتیک نیە بۆیە ژیانێکی یەکسانیش، ژیانێکی بەحورمەتیش تێیدا بەسەرنابردرێت. کۆمەڵگا دەبێت ئەو پەیامە لەو هەڵمەتانە بگرێت کە ئەو کردارانە هێرشێکی گەورەن لە بەرامبەری نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگا، نرخ و بەهاکانی ماڵبات، گەلی کورد و مالباتی کورد کە چاندی خۆیان ڕادەستی دوژمنان نەکردووە نمونەی هەموو گەلانی هەرێمن، ئەوەش تەنها بەوەوە پێکانە کە کۆمەڵگا جەوهەری خۆی بپارێزێت ئەوکات ژن و پیاو دەتوانن ژیانێکی ئازاد پێکەوە بژین. ئەو هەڵمەتە تەنیا هەنگاوێکە بەڵام زۆر بەکاریگەرە و پشتگیری زۆری لیکراوە و بە دڵنیاییەوە بەهێزتر بەرەو پێشەوە دەڕوات.”



    کژار