• تاگەکان: , ,

    بۆ یادەوەری رۆحی شەهیدان سارا، لەیلا و فیدان

    7 نیسان, 2021

    لە قەڵەمی گریلا

    فرانسوا ڤۆلتێر دەڵێت:” بۆ ئەوەی بە باشی بنووسی دەبێت لە وڵاتێکی ئازاددا بژیت.”

    بەڵام خۆ ئەو نازانێت جەنگاوەرانی وڵاتەکەم بە خوێنی خۆیان چیرۆکی ئازادیان نووسی و بە نەغمەی دڵنشینیان سروودی ئاشتییان بۆ وڵاتەکەیان چڕی. بە چەخماخەی نیگایان هەزاران لاشیان لە ژیانێکی ئازاددا تواندەوە. بە دەیان ئیلاهەی بەهێز وەکوو سارا و لەیلا و فیدانی لێ دەرکەوت. شەهید سارا بە نیگا و بزەی سەر لێوی چیرۆکی فرمێسکاوی سەدان دایکی دەرسیمی لە چەمی مونزووردا شوستەوە و کردی بە ئەفسانەی ژنانی شەڕکەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

    هەڤاڵ سارا، کچە قژ سوورەکەی دەرسیم چرکە بە چرکەی ژیانی بوو بە ئیلاهەیەک. بە هەر هەنگاوەی کە رووەو ئازادی هەڵیدێنا، تیشکی نیگای بەسەر هەموو ژنان‌دا بڵاو دەکردەوە و وەکوو پێشەنگی ژنان رۆشنایی بە لووتکەی هەرچوارپارچەی کوردستانەکەی بەخشی. ئەوەی کە دەهێڵێت ژنانی وڵاتەکەمان بە بیر و رایەکی بە هێزەوە هەنگاو بە هەنگاو رووەو ئیلاهە بوونەوە بڕۆن، بیر و رامانی رێبەر ئاپۆیە. تێگەیشتن لە بیری ئاپۆیی تێگەیشتن لە ئازادی و بڕوای ژنانە بوونە. هەڤاڵ ساراش یەکێک لەو ژنانە بوو کە سەریهەڵدابوو و وەکوو چرۆیەکی سەر لە لێوی بەهاری و تیشکی خۆرەتاوی بەربەیان ئامێزی کردەوە و بە سەدان ژنی جەنگاوەر وەکوو لەیلا، فیدان، شیرین عەلەمهولی و فەریناز خوسرەوانی بە عیشقێکەوە دیاری هەستی بە سۆزی تاڤگەکانی کرد. سارا بەردەوامکەری رێی رۆزا بوو و لەیلا و فیدانیش بارهەڵگری هەڤاڵ سارا و ئێمەی ژنانی گەنج بە سەرهەڵدان و خۆڕاگری تەواوکەر و بە ئەنجام گەیاندنی ئەو رێیەین کە فەڕزە لەسەرمان بۆ بەدیهێنانی نەتەوەیەکی دیموکراتیک.

    هەڤاڵ سارا لە گۆڕەپانی رێبەر ئاپۆ بوو بە رێبەری ئیلاهەکانی زاگرۆس، لە زیندانی ئامەد بوو بە خۆڕاگری سەدان ساڵە، لە چیاکانی کوردستان بوو بە چریکەی قەقنەس و شاخ و هەرد و ئاسمان و لە پاریس بوو بە ژنێکی نەمر بۆ گەلانی بێ ناو نیشان. سارا بە رۆیشتنی گوتی:” هەبووم، هەمە و هەر دەبم.” و بەسەدان سارا لە هەر چوار لای جیهان قۆڵ بە قۆڵ رێگای هەڤاڵ سارایان بەردەوام کرد و ئێستا بوونە یەکێک لەو سەدان مۆمە تواوەی کە گەیشتوونە حەقیقەتێکی جاویدان. هەڤاڵ سارا کاتێک لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتانی فاشیزم سەریهەڵدا و بوو بە پێشەنگ و سەرهەڵدێر، خۆڕاگری و شەکاوەبوونی ژنانی سەلماند و گشت جیهانی تێگەیاند کە ژنانی کورد فاشیزم دەڕوخێنن و رێبەر ئاپۆ رزگار دەکەن و سەرکوتنی هەموو نەتەوەکان مسۆگەر دەکەن. کاتێک باس لە خۆڕاگری گەلان دەکەین بە بێ پێشەنگایەتی ژنان نابێت؛ ژنان خوڵقێنەری ژیانن و پێشەنگی گەلانن. ژنانێک وەکوو هەڤاڵ لەیلا و هەڤاڵ فیدان.

    هەڤاڵ لەیلا پێشەنگی گەنجانی دینامیک بوو.. گەنجان دینامیکی ژیانن. هەستیار و زیرەک کە بۆ هەر پێشکەوتنێک کراوەن و لەگەڵ خەیاڵە ئازادەکانیان گەورە دەبن. چون رێبەر ئاپۆ دەڵێت:” بە گەنجی دەستمان پێکرد و بە گەنجیش سەردەکەوین.” ئەوەش دروشمی هەڤاڵ لەیلا بوو بۆ سەرکەوتن و گەنجانی بەدوای خۆیدا تا لوتکەی ئازادی دەبرد.

    هەڤاڵ فیدان بە گەنجێتی خۆی و هاوڕێیەتی لەگەڵ گەنجان، وەکوو خەباتکارێکی دیپلۆماسی، پێشەنگایەتی کرد، سەریهەڵدا و وەکوو تەقەمەنییەک لە نێو جیهان‌دا تەقییەوە و بیر و رامانی رێبەر ئاپۆی بڵاوکردەوە. دوژمنی داگیرکەر ئەوەی وەکوو مەترسییەک دیت. لەبەر ئەوەش بە پلانی قیزەون هەر سێ هەڤاڵی پارتی، هەڤاڵ سارا، هەڤاڵ لەیلا و هەڤاڵ فیدان‌ شەهید بوون و پەیوەستی کاروانی گریلاکانی نەمر بوون.

    ئێمە وەکوو ژنانی ئاپۆیی بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە تا ژنانی ئاپۆیی هەبن و شاگردانی رێبەر ئاپۆ هەبن، هیچ یەک لە هێرشەکانی دوژمن بێ وڵام نامێننەوە.



    کژار