رێبەر ئاپۆ نوێنەری دەنگی دیموکراسی کۆمەڵگایە
1 حوزهیران, 2019دیلان جودی ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کەژار بەشداری یەکێک لە بەرنامە تایبەتەکانی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوو و سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و کۆتایی هاتنی چالاکیەکانی مانگرتن لە خواردن و رۆژی مردن؛ هەڵسەنگاندنی کرد.
ئامریکا وەکو ئەوە کە کلتوور لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا نییە، خوازیارە کلتوور، ئەخلاق و سیاسەت پێش بخات.
دیلان جودی سەرەتا سڵاو و رێزی خۆی ئاراستەی چالاکوانان و دایکانی لێچکە سپی کرد و سەرکەوتنەکیانی پیرۆز کرد. دیلان جودی سەبارەت بە سیاسەتە هەییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵسەنگاندنی کرد و وتی:" هێزە هەژموونییەکانی سیستەمی دەسەڵاتدارن خوازیاری ئەوەن کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا کائوس و خوێن رێژی زۆرتر ببێت و هەمیشە شەڕ لە ئارا دابێت، ئامانج لە هێنانە ئارای ئەم شەڕانە بەرژەوەندی خۆیانە. وێڕای هێزە جیهانییەکان وەکو ئامریکا و روسیە، دەوڵەتەکانی ناوچەش وەکو: ئێران، ئێراق، تورکیە و سوریە؛ کە حاکەمییەتی خۆیان لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە بەڕێوەدەبەن و هەمیشە خوازیار بوون کە لەبن ستاتۆیەک کە گەل بخەنە ناو قەیران و هاوارەوە، خۆیان وەکو دەوڵەت بهێڵنەوە. ئەم دەوڵەتانە لە دوو بوارەوە کۆمەڵگا تاڵان دەکەن: یەک تاڵانێک کە بەرێگەی شەڕی عەسکەری(سەربازی) بەڕێوەی دەبەن ئەوەی تریش تاڵانی کلتوورییە. ئامریکا وەکو ئەوە کە کلتوور لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا نییە، خوازیارە کلتوور، ئەخلاق و سیاسەت پێش بخات، ئەگەر سەرنج بدەین ئەوەی کە خوازیارە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا بێ کلتووری، بێ ئەخلاقی پێشکەوێت، سیاسەتێک کە لە مرۆڤ وەکو هیچ دەڕوانن هەم ئامەریکا و هەم روسیە بەڕێوەی دەبەن."
دیلان جودی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئامریکا کە هێزەکانی خۆی بۆ وڵاتانی تر دەنێرێت شیکاری پێش خست و وتی:" کاتێک وڵاتێک لە بواری عەسکەرییەوە داگیر دەکرێت بە واتای ئەوە دێت کە دەیانهەوێت ئەم وڵاتە زۆرتر بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، سیاسەتی ئەم وڵاتە موحتاجی خۆیان بکەن. ئامریکا سیاسەتێکی بەم رەنگە بەڕیوە دەبات و بەم سیاسەتە خوازیارە روبەری دەسەڵاتی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرفراوان تر بکات."
ئەم چالاکییانە، بەردەوانی چالاکی ١٤ی تیرمانگ بوون.
دیلان جودی سەبارەت بە چالاکیەکانی مانگرتن و رۆژی مردنی، وتی:" ئەم چالاکییانە،هەروەک چۆن هەڤاڵ کەماڵ پیر، هەڤاڵ محەمەد خەیری دوورموش و هاوڕێیانیان لە ١٤ی تیرمانگ دا لە زیندانی ئامەد دەستیان پێکرد، بەردەوامی ئەو بوو. دروشمی هەڤاڵ مەزلووم دۆغان"بەرخۆدان ژیانە" بوو بە دروشمێک کە پێویستە لە زیندانەکان دا خۆڕاگر بین و تێکۆشان بکەین، خۆڕاگرییەکی بەم شێوەیە گەلی کوردی وریا کردەوە و بوو بە هۆی ئەوەی کە پەکەکە لەسەر پێ بمێنێتەوە. دەوڵەتی تورک ویستی ئێمە فێری بێ سەرۆکایەتی بکات و گوشەگیری لەسەر سەرۆکایەتی رەوا بکات، لە دژی ئەوە جارێکی تر لە زیندانی ئامەد بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ لەیلا گۆڤەن خۆڕاگرییەکی بەهێز دەستی پێکرد، لە مێژووی ئێمەدا یەکەمین جار بوو کە خۆڕاگرییەکی ئەوەندە درێژخایەن کرا. ئەم هاوڕێیانەمان خۆیان وەکو مۆمێک تواندەوە تاوەکو ئەم گۆشەگیرییە بشکێنن.
بە پێشەنگایەتی ژنی کورد خۆڕاگری و قارەمانێتی زۆر بەڕێوە چوون.
دیلان جودی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر تێکۆشان و پێشەنگایەتی ژنی کورد کرد و وتی:"بە پێشەنگایەتی ژنی کورد خۆڕاگری و قارەمانێتی زۆر بەڕێوە چوون.هەڤاڵ زیلان لە دژی پیلانگێری سەر سەرۆکایەتی لە ساڵی ١٩٩٦چالاکی فەداییانەی کرد و بوو بە هێڵێک بۆ گەریلا و ژنانی کورد، لە کاتی گرتنی سەرۆک ئاپۆ دا ئەڵقەیەک لە ئاگر دروست بوو کە بە پێشەنگایەتی ژنی کورد بوو و تەنانەت ژنانێک کە کورد نەبوو بۆ سەرۆکایەتی خۆیان فەدا کرد. بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ لەیلا گۆڤەن ئەم چالاکییانە دەستیان پێکرد و سەرکەوتوو بوون ئەمە سەرکەوتنی هاوڕێیانێک بوون کە گیانی خۆیان فەدا کرد و سەرکەوتنی دایکانێک بوو کە لە دژی داگیرکاری لەسەر پێیان بوون. ئەم چالاکییانە ریسکێکی زۆری هەبوو بەڵام هاوڕێیانمان بۆ شکاندنی گۆشەگیری هەموو ئەم ریسکانەیان رەچاو کرد و توانییان گۆشەگیری بشکێنن و دەوڵەتی تورک چوو بەر دەستی سەرۆکایەتی و چالاکییەکان سەرکەوتوو بوون. لە هەمان کاتدا بەڵێنیان دا تێکۆشانیان بەهێز تر بکەن. "
ئەم چالاکییانە بۆ ئەو هێزانەی کە لە لەناو بردنی گەلی کورد دا پێداگرن، زلەیەک بوو.
دیلان جودی سەبارەت بە پەیامی ئەم چالاکییانە بۆ هێزە هەژموونییەکان وتی:"ئەم چالاکییانە بۆ ئەو هێزانەی کە لە لەناو بردنی گەلی کورد دا پێداگرن، زلەیەک بوو. ئەوان دەڵێن ئێوە ناتوانن ژیان بکەن و پێویستە خۆتان رادەستی ئێمە بکەن، ئەم خۆڕاگرییە ئەمەی نیشان دا کە بەرخۆدان ژیانە و ئەوەی خۆڕاگر بێت دەتوانێت ژیان بکات، خۆڕاگرییەکی بەم رەنگە تێکۆشانی ئێمەی گەیاندە لوتکە، هێزی گەلی کوردی گەیاندە لوتکە. ماوەیەکی دریژ بوو کە لەگەڵ سەرۆک ئاپۆ دیدار نەکرابوو ئەم چالاکییە پەیامێک بوو کە ئێمە بە خۆڕاگری سەردەکەوین و لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئازاد ژیان دەکەین."
رێبەر ئاپۆ ئەم چالاکییەی وەکو شۆڕشی کۆمەڵایەتی پێناسە کرد.
دیلان جودی ئاماژەی بە پەیامی بەرێز ئۆجەلان کرد و وتی:"سەرۆک ئاپۆ وێڕای سپاس دەڵێن:'' کە ئێوە خۆڕاگرییەکی درێژتان بەڕێوە برد و لە ئاکامدا ئامانجەکەتان بەدی هات و ئێستا دەتوانن چالاکییەکەتان کۆتایی پێبێنن و تێکۆشانی خۆتان بەشێوەگەلێکی تر پەرەپێبدەن.'' تەنانەت رێبەر ئاپۆ ئەم چالاکییەی وەکو شۆڕشی کۆمەڵایەتی پێناسە کرد. رێبەر ئاپۆ بە تایبەت بۆ دایکان پەیامی هەبوو، وێڕای ئاراستە کردنی سڵاوی خۆی جەختی لەسەر رۆڵی دایکان لە تێکۆشان دا کردبۆوە و وتبوویان کە ژن دەتوانێت زۆر شت بکات.
رێبەر ئاپۆ نوێنەری دەنگی دیموکراسی کۆمەڵگایە.
دیلان جودی سەبارەت بە چارەسەری کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە هەبوونی بەرێز ئۆجەلان،وتی:" دەوڵەتەکان چەندە بیان هەوێت دەنگی ئیمڕاڵی کپ بکەن ئەوەندە دەیانهەوێت لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتی خۆیان بەڕێوە ببەن. سەبارەت بە هەر یەکە لە کێشە و قەیران گەلێک کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا بوونیان هەیە، رێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندن و رێنمایی بۆیان هەیە، کلیلی چارەسەری هەموو ئەم قەیرانانەش سەرۆک ئاپۆیە. هەر بەم هۆیەوە بوو کە رێبەر ئاپۆیان خستە ناو دوورگەی ئیمڕاڵی تاوەکو دەنگی سەرۆکایەتی کپ بکەن. بە هەڵسەنگاندن و رێنماییەکانی سەرۆک ئاپۆ ئەو کێشانەی کە دەڵێن چارەسەرییان نییە، دەتوانن چارەسەر ببن. رێبەر ئاپۆ نوێنەری دەنگی ویژدانی کۆمەڵگا و دەنگی دیموکراسی کۆمەڵگایە.
ئێمە وەکو کەژار بەڵێنی بەردەوام کردنی ئەم تێکۆشانە دەدەین.
دیلان جودی لە کۆتایی دا پەیام و بانگەوازی کەژاری راگەیاند:"ئێمە وەکو کەژار بەڵێنی بەردەوام کردنی ئەم تێکۆشانە دەدەین. وەکو کەژار پێویستە دەرفەتی زۆرتر بۆ ئازادی سەرۆکایەتی بڕەخسێنین و تێکۆشان و چالاکیەکانمان پەرەپێبدەین و هەروەها ئەو ئاستەنگی و کێشانەی کە سیستەمی سەرمایەدار دەیهەوێت ئێمەی تێدا بخنکێنێت تێپەڕ بکەین. گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو نەتەوەکانی ئێران پێویستە خاوەندارێتی لەم تێکۆشانە بکەن و تەنیا بە ئازادی رێبەر ئاپۆ و بەرز کردنی تێکۆشان، ئازادی مسۆگەر دەبێت.