• نە دەکوژرێن و نە لە سێدارە دەدرێن

    14 ئاب, 2024

    دەنیز دەریا – ئەندامی کۆردیناسیۆنی کژار

    لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتێک لە سەر کارە هەناسەی لە گەلان بڕیوە. ئەم هێرشانە کە سەرەتا لە سەر ژنان و گەلانی ئازادیخواز بە ڕێوە دەچێت، بە تێپەڕ بوونی هەر رۆژێک، زیاتر و زیاتر دەبێت. پۆلیتیکای رژیمی ئێران کە لە سەرتاسەری  ئێران بە ڕێوەی دەبات، پۆلیتیکای قڕکردنی ژنان و قڕکردنی کۆمەڵگایە. بەڵام لە بەرامبەردا هەر رۆژ ئەو راستییە زیاتر ئاشکرا دەبێت کە هێزی سەرەکەی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژنانی ئازادیخۆازن. هەر وەکوو لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا، ئه‌وانه‌ی که پێشەنگایەتیان بۆ چالاکی و خۆپشاندانەکان دەکرد ژنان بوون. ژنان دەبێت بۆ لە ناو بردنی فاشیزم، نا دادی، کۆمەڵکوژی و نایەکسانییەک کە هەزاران ساڵە بە عەقڵییەتی پیاوی سەردەست بە سەر کۆمەڵگە دا دەسەپێنرێت و هەر رۆژ کە تێپەڕ ئەبێت زیاتر پەرەی پێ دەدەن، ڕاپەڕن و دەست لە  ناو دەستی یەک بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک تێکۆشان بکەن.

    نا بۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد

    رژیمی ئێران بە گرتن، ئەشکەنجە و سێدارە لە وڵام بە داخوازی کۆمەڵگە بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، دەیەوێت هێزی دیموکراسی سەرکوت و لاواز بکات. دەستبەسەرکراوان لە دادگەیەکی فۆرمالیتە دا، سزایەکی نا مرۆڤانە کە لە هیچ شوێنێکی جیهان نابینرێت، وەکوو سزای سێدارە، حوکم دەدرێن. رژیمی ئێران بۆ سەپاندن و درێژە دان بە دەسەڵاتە فاشیست، ئۆتۆکرات و ئایین پەرستەکەی، هەموو نرخەکانی کۆمەڵگە وەک دادپەروەری، دیموکراسی، و یەکسانی بن پێ دەکات. بۆ لە ناوبردنی ناڕازییانی دیموکراسی خواز هەموو جۆرە رێبازێکی نامرۆڤانە بە کار دێنێت. لەم سۆنگەیەوە؛ ئێمە دەڵێین لە ئێران لە دژی فاشیزم، نادادی، رەگەزگەرایی، ئۆتۆکراسی، ئایین گەرایی و سێدارە، کاتی پاراستنی دادپەروەری، دیموکراسی، یەکسانی و ژیانی ئازاد هاتووە. لەم سۆنگەیەوە، بە دروشمی نا بۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیانی ئازادئاستی تێکۆشانمان بەرزتر دەکەینەوە. پێویستە بە بەناوەند گرتنی ئەو دروشمە، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە پێشەنگایەتی ژنانی شۆڕشگێڕ و دیموکراسی خواز، هەموو کۆمەڵگە لە یەک بەرەی هاوبەش دا درێژە بە تێکۆشانیان بدەن و ئاستی تێکۆشانیان بەرزتر بکەنەوە. چونکە وێڕای داخوازی ئازادی، پێشەنگایەتی کردنی ژنان بۆ داخوازەکانی کۆمەڵگە زۆر گرینگە. بێگومان تا ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ ئازادی ژن کەد و رەنجێکی بێ وێنەی داوە و پارادایمی ” نەتەوی دیموکراتیک، ئێکۆلۆژی و ئازادی ژنان” دامەزراندووە؛ پێک نەیە، مەحاڵە ئازادی ژنانیش پێک بێت. هەموو ئەو گۆڕەپانانە کە عاشقانی ئازادی تیایدا دەژین لە ژێر هێرش و پەلامارەکانی فاشیزم و داگیرکەری دان. هەمان کردار لە سەر هەموو گەلان و بە تایبەتی ژنان بە ڕێوە دەچێت. کاتێک سەیری هۆکاری بەرفراوان بوونی ئەو هێرشانە دەکەین دەبینین کە لە بنەمادا بە گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سەر ڕێبەر ئاپۆوە گرێدراوە. لەم سۆنگەیەوە؛ دروشمی هەڵمەتەکەی ئێمە وەک کژار – نا بۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد – لە ناوەرۆکیدا یەک بوونێک دروست دەکات. ئەوەندەی سەبارەت بە ژنانە ، هەر ئەوەندەش پەیوەندی بە هەموو کەسانی ئازادیخواز، گەلانی هەرێم و ناوچەکە و هەموو لایەنگرانی دیموکراسی هەیە.

     فەلسەفەی ژیان و سیستەمی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆیە

    هەموومان دەزانین کە بنەمای پۆلیتیکایەک کە لە سەر ڕێبەری کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک – ڕێبەر ئاپۆ ، بەڕێوە دەچێت، واتا ئەو پیلانگێڕ‌ی کە ٢٥ ساڵە لە لایەن زل‌هێزە ناونەتەوەییەکان بە ڕێوە دەچێت، سەرەکی ترین ئامانجی ئەوە کە لە لێگەڕینی ئازادی دا ژنان، گەلان و هەموو بندەستان بێ هیوا بکات. تەنیا ڕێگەی دەرچوون لە قەیران و کائوسی شەڕی جیهانی سێیەمین کە بە ناوەندێتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێوە دەچێت، فەلسەفەی ژیان و سیستەمی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆیە. هەر چەندە ئەمە تەنیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نا، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی جیهانیش بە هەمان شێوەیە. هەر بۆیە هێزی داگیرکەر-فاشیست لە فکر و هێزی هزری ڕێبەر ئاپۆ بۆ کاریگەرییەکانی و هاندانی گەلان بۆ تێکۆشان دەترسێت. هەر بەم هۆکارەیە وەها دڕندانە پەلاماری ژنانیش دەدەن. هۆکاری سەرەکی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالیش کە لەم جیهانە وێنەی تری نییە، هەر ئەم ترسەیە. سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمرالی دەرئەنجامی یەکگرتوویی هێزە ئیمپریالیستەکانە. لە بەر ئەوەی گەلان ، ژنان و هەموو بندەستان هەموو هیوای ئازادییان لە ڕێبەر ئاپۆ و هزری ڕێبەر ئاپۆدا دەبینن. هەر رۆژێک کە تێپەڕ دەبێت ئاستی ئەم تێکۆشانە بەرزتر دەبێتەوە و بەم شێوەیە ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە میوانی هەموو ماڵێک. هزری رێبەر ئاپۆ تەنیا لە کوردستان نا، بەڵکوو لە ئێستایا بووە بە هێزی پێشەنگی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوینیش. بۆ گەلان، ژنان و باوەڕییەکان هیوای ئازادییە و ڕێ و ڕێبازی ژیانی ئازاد و هاوبەش پێشکەشی هەموو رەنگەکانی کۆمەڵگە دەکات. هەر بەم هۆیەوە ئێمەی ژن ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئازادی خۆمان دەبینین. هەر بۆیە بۆ ئازادی، تەندروستی و  ئەولەهی ڕێبەر ئاپۆ ، بەرز و گەش کردنی تێکۆشانمان رۆژەڤی سەرەکی ئێمەی ژنە. هەر بۆیە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر ببێت ئێمە دەڵێێن کات کاتی ئازادییە. لە سەرچاوەی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەک کە لە سەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت، پارادایمی ئازادی کە بۆ ژنان و گەلانی پێش خستووە، شاراوەیە. ئەم ئەشکەنجە و گۆشەگیرییە تەنیا بە فیزیکی نییە بەڵکوو ئامانجییان ئەوەیە کە هزری رێبەر ئاپۆ بە کۆمەڵگە نەگات.

     گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سیستەمی ئیمرالی

    رژیمی ئێرانیش بۆ ئەوەی فکر و فەلسەفەی ڕێبە ئاپۆ لە ناو ئێران دا بڵاو نەبێتەوە و پەرە نەسێنێت بە ڕێبازی زۆر توند قەدغەی فکری پێک دێنێت. دیارە هەموو ئەمانە لە ترسی هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی پێک دێننێت. لە هەموو لایەکەوە هێرش دەباتە سەر کۆمەڵگە و دیلیان دەگرێت و بە سێدارە و ئەشکەنجە دەیەوێت لە ڕێگەی ترسەوە کۆمەڵگە بێ دەنگ بکات. بە تێپەڕ بوونی هەر ساڵێک ڕێژەی سێدارە لە ئێران زیاتر دەبێت. ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە رژیمی ئێران چەندە لە کەسانی ئازادیخواز دەترسێت. هەر بۆیە دەبێت جارێکی تر ئاماژەی پێ بکەم کە ” گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سیستەمی ئیمرالی” لە دژی هیوای ئازادی گەل، ژنان و هەموو بندەستانە. لەم سۆنگەیەوە، کۆتایی هێنان بە ئەم ئەشکەنجەیە ڕێگە بۆ لێگەڕینی ئازادی دەکاتەوە. بەم هۆیەوە ئەرکێکی زۆر قورس لە سەر شانی کەسانێکە کە بە دوای ئازایدا دەگەڕێن، ئەوانە کە لە  بەرامبەر بە سیستەمی داگیرکەر ڕادەپەڕن تا لە دژی داگیرکەری بە شێوازێکی هاوبەش تێکۆشان بکەن. کەسانی وەک پەخشان عەزیزی، شەریفە موحەممەدی، زێنەب جەلالیان و بە سەدان ژنە تێکۆشەری تر کە ئەمڕۆ لە زیندانە تاریکەکانی ئێران دا خۆڕاگرییەکی بێ وێنە دەنوێنن و دەبن بە هێمایەک بۆ وەچەی ئێستامان. ئەرکە کە هەموومان لە دژی سزای سێدارە کە رژیمی ئێران بە دڕندانەترین شێوە دەیەوێت پێکی بێنێت، یەک بگرین و لە دژی ئەو بڕیارە تێکۆشان بکەین. کەسانی وەک پەخشان، شەریفە و زێنەب تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادین، لێگەڕوانانی حەقیقی ئازادین. هەر بۆیە رژیمی ئێران گەورەترین ترسی لە بەرامبەر بەوان هەیە. هەر بۆیە بە داسەپاندنی حوکمی قورسی سێدارە دەیەوێت لە بەرامبەر بە گەورەترین ترسی خۆی واتا ژنانی پێشەنگ، خۆ بپارێزێت، چونکە دەزانێت هێزێکە کە دەتوانێت گەورەترین خەساری لێ بدات. هەموو ئەو حوکمە سێدارانە سەلمێنەری لاوازی رژیمی ئێرانن، سەلمێنەری هێزی ژنانن، سەلمێنەری ترسی رژیمی ئێران لە پێشەنگایەتی ژنانن. رژیمی ئێران لە کاتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا جارێکی تر بۆی دەرکەوت کاتێک کە ژن پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشان بکات، دۆخەکە دەگۆڕێت و هیچ سێدارە و ئەشکەنجەیەک ناتوانێت پێش بە کۆمەڵگە بگڕێت. هەر بۆیە هەوڵی دەستبەسەردا گرتنی پێشەنگانی ئەو شۆڕشەی دا. تا لە ڕێگەی گرتنی پێشەنگانی خۆپیشاندانەکان بتوانێت کۆتایی بە تەڤگەرەکە بێنێت. بەڵام رژیمی خوێن مژی ئێران ئەو راستییە هەر لە بیر دەکات کە تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی نە دەکوژرێن و نە لە سێدارە دەدرێن. هەر وەک چۆن سزای سێدارەی بە شەهید شیرین عەلەم هولی و هەڤاڵانی دا سەپاند، بەڵام نەیتوانی شیرین بکوژێت، نەیتوانی شیرین لە سێدارە بدات . چونکە بە سەدان و هەزاران شیرین لە دایک بوونەوە و  بوون بە هێمای گەلەکەیان و رێگەیەکی تازەیان بۆ گەل کردەوە، کە ئەویش ڕێگەی بەرخۆدانە لە دژی رژیم، ڕێبازی تێکۆشانە تا دوا هەناسە، ڕێبازی بە سەربەرزی و شانازی شەهید بوونە.

    زەمینی رەوای بەرفراوان کردنی تێکۆشانی ئازادی زۆرە

    پێویستە ژنان، کوردان و هەموو گەلانی ناوچەکە و ئازادیخوازانی دەوروبەریان دژایەتی فاشیزم، گۆشەگیری، ئەشکەنجە و داگیرکاری بکەن. لە شەرت و مەرجی قورسی ئێستادا زەمینی رەوای بەرفراوان کردنی تێکۆشانی ئازادی زۆرە. ئێمەش بانگەوازی دەکەین بۆ هەموو ژنان و گەلان تا لە بەرامبەر  کرداری فاشیستانە و داگیرکاری و دەست درێژیکەری دەوڵەت-پیاو ڕاپەڕن. بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو ئەو بێدادی و زۆرداری بەشداری هەڵمەتی ” نا بۆسێدارە و بەڵی بۆ ژیانی ئازاد” ببن. هەر چەندی  تێکۆشان لە ژێر سیوانی ئەم هەڵمەتانە زیاتر بێت ئەوەندەش رۆحی نەتەوی و یەکێتی کۆمەڵایەتی و ئازادیش پێش دەکەوێت. چونکە تاکە رێگەی وە چۆک هێنانی رژیمی سێدارە و سەرکوت یەکگرتن و تێکۆشانی بێ وچانە.



    کژار