پرسی شۆڕش لە کۆمەڵگهی خۆرهەڵاتی ناویندا
9 ئهیلول, 2023رێبەر ئاپۆ
ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی هەوڵی خستنهڕووی هێلکارکەیانمان دا، هەڵبەتە چڕبوونەوە و تەرکیزکردنیان لەسەر چەقی پرسی شۆڕش مایەی تێگەیشتنە. هەوڵ دەدەم پێناسەیەکی جیاوازتر بۆ شۆڕش بکەم. چونکە لە لایەنێکەوە دەتوانین مێژووی خۆرهەڵاتی ناوین وەک دیرۆکی دژەشۆڕش ڕاڤە بکەین. دژەشۆڕش بەرامبەر بە کێ؟ دژەشۆڕشێک دژی سەرجەم ئەو توێژو فاکتەرە کۆمەڵایەتییانەی لە سیستەمی شارستانیەت بەدەر نراون. بەڵێ دژەشۆڕش بەرامبەر بە ژن، لاوان، کۆمەڵگهی گوند–کشتوکاڵ، تیرە و خێڵە نیمچەکۆچەرەکان، خاوەن باوەڕ و مەزهەبە نهێنییەکان و بەکۆیلەکراوەکان. لە کاتێکدا شارستانییەت بۆ هێزە بەرژەوەندیخوازەکانی خۆی سیستەمێکی نوێ یاخود شۆڕشێکە، بەڵام بۆ هێزە بەرهەڵستکارەکان وێرانکاریی و دژەشۆڕشە. بەڵام بە بڕوای من، شۆڕش ئەوەیە کە کۆمەڵگهی ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتی سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی پێشکەوتوانەتر ئەو ماهیەت و خەسڵەتانەی خۆی بە دەست بێنێتەوە کە بەردەوام سیستەمی شارستانییەت بوارەکەی بەرتەسک کردۆتەوە و ڕێگری لە جێبەجێ کردنی کردووە.
بەگوێرەی مارکسی–سۆسیالسیتێک، شۆڕش “کۆمەڵگهی سۆسیالیستی”یە. بۆ شۆڕشگێڕێکی موسڵمانیش “کۆمەڵگهی ئیسلامی”یە. بۆ بۆرژوازیش “کۆمەڵگهی لیبراڵ”ـە.
لە ڕاستیدا کۆمەڵگهی لەم چەشنە بوونیان نییە. هەر وەک لە سەردەمی ناوینیشدا بینراوە، ئەمانە تەنها ناولێنانن. چونکە کۆمەڵگهکان تەنها لەمیانەی پێوەهەڵواسینی لافیتەیەکی ئایدیۆلۆژیەوە، خەسڵەت و چۆنایەتییەکەی ناگۆڕێت. بۆ نموونە، دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤێت، ئاشکرا بوو کە جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان مرۆڤی سۆڤێتی سۆسیالیست و مرۆڤی لیبراڵی ئەوروپادا نییە. هەروەها جیاوازییهكانی نێوان کریستیان و موسڵمانێک کە سەرچاوەکەی بۆ ئایین دەگەڕێتەوە، کاریگەرییەکانی بۆ سەر ژیان زۆر ڕێژەییە. ئەگەر جیاوازییەکی نەوعی و چۆنایەتی لە نێوان کۆمەڵگهکاندا بکرێت، ئەمە تەنها لەسەر بنەمای وەسفکردنی کۆمەڵگهی ئەخلاقی، سیاسی و دیموکراتی دەکرێت کە هەوڵی پێناسەکردنیمان دا. چونکە تەنیا لەمیانەی ئەم دەستەواژە و دیاردەکانەوە دەکرێ بە شێوەیەکی واقیعییانە جیاوازیی بنەڕەتی دەستنیشان بکرێت. بێگومان ئەو کۆمەڵگهیانەی ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتین، زیاتر دەرفەتی ژیانێکی یەکسان و ئازادتریان هەیە. ئەوەی بخوازێت، دەتوانێت بە کۆمەڵگهی سۆسیالیستی ناوی ببات.
ئەگەر ڕاڤەیەکی واقیعیی سەبارەت بە کۆمەڵگهی خۆرهەڵاتی ناوین پێشبخرێت، ئەوا لە دەستنیشانکردنی خەسڵەتەکانی ئەخلاقی، سیاسی و دیموکراتیی شۆڕشی چاوەڕوانکراودا زەحمەتی نابینرێت. چونکە لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئێستادا دەرک بهوه دەکرێت کە سەرجەم ئایدیۆلۆژیا نەریتی و مۆدێرنیستەکان ڕەوشەکەیان ئاڵۆز و بەکێشەتر کردووە. ئەو دەرەنجامەش ڕاستینەی مەحاڵبوونی دەستبەردان لە دیموکراسیی سیاسی و ئەخلاقی دەسەلمێنن. کێشەی سەرەکیی شۆڕشی ئەو کۆمەڵگەیانەیە کە لە سیاسەتی دیموکراتییانە بێبەرین، واتە لە ئەخلاق بێبەشن، کێشەکەیان بەدەستهێنانی ئەم ماهیەت و خەسڵەتانەیە. کاتێک پرسی شۆڕش لەسەر ئەم بنەمایە دیاری بکرێت، ئەوا ئەوکاتە دەکرێ بەرنامەی سیاسی، ستراتیژی و سەنگەرگرتنی تەکتیکی و هەنگاوی کرداریی ڕاستیش بەگوێرەی ئەمە دەستنیشان بکرێن. چەمکی شۆڕشێکی لەم جۆرە زۆر لە هەڵوێستەکانی شۆڕشی ئیسلامی، سۆسیالیستی و ناسیۆنالیستی (مییللیگەرایی) جیاوازترە. چونکە لەناو مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، لە دواشیکاریدا ئەو تێڕوانین و هەڵوێستانە بە تایبەتییش لە ئەنجامگیربوون بە دەوڵەت–نەتەوە درەنگ ناکەون. هەرچی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، ئامرازی چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکو ئامرازی گەورەکردنی کێشەکان و بڵاوکردنەوەیەتی لە ناو تەواوی کۆمەڵگهدا.
چەندە شۆڕش لە هەنگاوەکانی بواری ئەخلاقی، سیاسی و دیموکراسیدا مەودا ببڕێ، ئەوا لە مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی دوور دەکەوێتەوە و مۆدێرنیتەی (تازەگەریی) دیموکراتی بەرجەستە دەکات و پەرە دەسەنێت. هەروەها دەستنیشانکردنی جیاوازییەکی دیکەی پرسی شۆڕش لە شێوازی ژیان و چالاکیدا گرنگ و بایەخدارە. چونکە خزان بۆ ناو هەڵوێستی پەرەسەندنی ڕاستەهێڵیی چەندە هەڵە بێ، ئەوا گەورەکردن و زیادکردنی جیاوازییەکانی نێوان تیۆری–کرداریش بەرەو چالاکیی چەوتت دەبات. پێویستە زۆر بە باشی بزانرێت کە شێوەی ژیانی جیاوازی بەر لە شۆڕش و دوای شۆڕش بوونی نییە. بە تایبەتییش بۆ شۆڕشگێڕێک بەم جۆرەیە. چونکە بوون بە مرۆڤی کرداریی و چالاکی، لەگەڵ خۆتەیارکردنی تیۆریدا بەدی دێت. هەر کەسێک لە ژیانی ڕۆژانەدا خەسڵەتەکانی دیموکراسی و سیاسی و ئەخلاقی لە گوتە و کرداردا پیشان نەدات بە شۆڕشگێڕ ناو نابرێت. ئەو جۆرە کەسانە نابنە خاوەنی ژیانێکی شۆڕشگێڕی و میللیتانی. هەروەها تەنها لەمیانەی مەیلی بەرخودان و پاراستنی کۆمەڵگه لە ڕێی بەرگریی خۆیی، نابێت بە مرۆڤێکی کرداریی و چالاکوان. ئەگەر شەڕی بەرگریکردن لە خود و هەر جۆرە بەرخودانکارییەک لەگەڵ بونیادنانی کۆمەڵگهی ئەخلاقی، سیاسی و دیموکراتی نەکرێن بەیەک، ئەوا دەرفەتی سەرکەوتنی هەمیشەیی نابێت. وەک چۆن کێشەکانی کۆمەڵگه یەکپارچهن، پێویستە شۆڕش و شۆڕشگێڕیش لە تەواوی گوتە و کردارەکانیدا بەرنامەی سیاسی، ستراتیژ و پلاننامەی تەکتیکی بەشێوەیەکی تێکهەڵکێش جێبەجێ بکات؛ چونکە ڕهوتی ژیان هەمووێتییەکی هەمەگیرە. ناکرێ و نابێت مەزەندەی ئەوە بکەین کە لەمیانەی قۆناغگەلێکی لەیەکدابڕاو بژین. ئەگەر بمانەوێ وانە لە هەندێک نموونەی مێژوویی وەربگرین، ئەوا نموونەکانی حەزرەتی محەمەد، عیسا، مووسا و زەردەشت لەم بارەیەوە تا دواڕادە فێرکەر و سوودبەخشن. ئەو کەسایەتییە مێژووییانە بەر لە هەزاران ساڵ ئاگادارمان دەکەنەوە کە پێویستە شۆڕش و شۆڕشگێڕانی کۆمەڵگهی خۆرهەڵاتی ناوین چۆن بەرکەماڵ بن، خاوەن تامپۆیەکی خێرا، بەپرەنسیپ و کرداریی بن. پێویستە شۆڕشەکانی خۆرهەڵاتی ناوین بەگوێرەی قاڵبەکانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی نەبن، بەڵکو بەگوێرەی بەها مێژووییەکانی خۆیان بێت، بەڵام تەنها لەمیانەی یەکبوونیان لەگەڵ زانستی هاوچەرخدا سەرکەوتوو دەبن.
بە پوختی دەکرێ تەنگژە و قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی ناوین لە چوارچێوەی سێ قۆناغدا کورت بکەینەوە. قۆناغی یەکەم هەڵکشانی سیستەمی شارستانییەتی ناوەندییە کە لە ساڵانی 3500 پ.ز سەری هەڵدا و لە تەوەرەی دیاردەکانی سولالە، هیرارکی، شار، دەسەڵات، دەوڵەت و چیندا پەرەی سەند. ئەم سیستەمە سەرچاوەی کێشەکانی کۆمەڵگهیە. لە دەرەوە لەمیانەی سیستەمی تیرەکانەوە، لە ناوەوەش لە ڕێگهی سیستەمی ئایینی زەردەشتی و ئیبراهیمییەوە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو قۆناغە دراوە.
قۆناغی دووەم، سیستەمی شارستانییەتی ناوەندی لەمیانەی شارستانییەتی ئیسلامەوە دوایین قەڵەمبازی خۆی ئەنجام دا، بەڵام بە هۆی سەرنەکەوتنی تەواوی لەو ڕێنیسانسەی بەرامبەر بە کێشە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی 1200 زایینی هەوڵی بۆ داوە، پێشەنگایەتییەکەی کەوتە دەست قەڵەمبازەکانی شارستانییەتی شارەکانی نیمچەدوورگەی ئیتاڵیا و تەنگژە و کێشەکانی قووڵتر بوویەوە.
قۆناغی سێیەم کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لەژێر ناوی “کێشەی خۆرهەڵات”دا لە ئارادایە، لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی هەژموونی شارستانییەتی ناوەندی لە لایەن ئەوروپاوە و هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە لە ساڵانی 1800 دەستی پێکردووە. هەرچی هەوڵەکانی چارەسەرییە کە بە پشتبەستن بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هەوڵی بۆ دراوە، بە قورسترکردنی کێشەکان ئەنجامگیر بووە؛ ڕێگهی لە پێش خراپەکارییەکی وەها کردووهتەوە کە بە ئاستی قەیران، جینۆساید و خۆکوژیی گەیشتووە.